9 . گوڵان . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

بزاڤێکی بێ‌هیوا یان سەرنەکەوتوو؟

بزاڤێکی بێ‌هیوا یان سەرنەکەوتوو؟
20 . خاکەلێوە . 2726

نووسین: ژیوار رەسووڵی

ئەو شەڕە هیچ دەستکەوتێکی نەبووبێت، یەک دەستکەوتی هەبووە، وەڵامی پرسیارێکی لەمێژینەی داوەتەوە. کەی لێی دەدا؟ ئاخ ئەگەر لێی بدات؟ ئیتر هەم لە شەڕی ١٢ رۆژەو هەمیش لەو نزیک ٤٠ رۆژەدا بە ڕوونی وەڵامی ئەو پرسیارە درایەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێرانیان دا. بەڵام چەندە دڵمان بەو پرسیارە خۆش کردبوو، رێک بەو رادەیەش وەڵامەکە دۆخەکەی لێ ئاڵۆزتر کردین. وەکوو چۆن پرسیارەکە «کەی لێی دەدا؟» خۆی تەنیا هەستێکی لەلا دروستکردبووین نەک پرۆژەو خۆ ئامادەکردن بۆ کاتی روودانی، بەهەمان شێوە وەڵامەکەش کە «لێی دا»، تەنیا هەستێکی هیوا و ئۆمێدی لەلا درووست کردووین، نەک رۆڵێک بۆ بەشداری خۆمان.

هەربۆیە ئەو دۆخە کە نزیکەی ٤٠ ساڵە لە ناو نوخبەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، بەر لەوەی لێکدانەوەی سیاسیی، مەیدانی و کرداری بۆ بکرێت، پێویستە گێرانەوەیەکی دەروونناسی - سیاسیی بۆ بکەین. چوونکە رووداوەکان زۆرتر هیوا و بێ‌هیوایی زەق دەکەنەوە، نەک سەرکەوتن یان سەرنەکەوتن. چوونکە ئەنجامی بزاڤێکی چاودێر و چاوەروان تەنیا بە «هیوا‌داربوون» و «بێ هیوابوون» هەڵدەسەنگێندرێت. بەپێچەوانەی بزاڤێکی بەشدار کە ئەنجامەکەی بە «سەرکەوتن» و «سەرنەکەوتن» لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. هیوا و بێ هیوایی حاڵەتێکی رەوانییە، سەرکەوتن و سەرنەکەوتن ئەنجامی پرۆژەو کردارێکی مەیدانییە.

لەرووی دەروونناسی سیاسیی، گەورەترین بێهیوایی کاتێک روودەدات، پێشتر هیوایەکی گەورە دروست کرابێت. هەر وەکوو ئەوەی سەبارەت بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران روویداوە. لێکدانەوەی نوخبەی سیاسیی و بگرە خەڵکی ئاسایی کوردستانیش بەمشێوەیە بووە. زۆربەمان ئەو شەڕە وەکوو دەرفەتێکی مێژوویی سەیر دەکەین، چونکە پێمانوابوو هاوسەنگی هێز دەگۆرێ، رژێم لاواز دەکات، لەکۆتاییدا دەرفەت بۆ گەرانەوەی پێشمەرگە و رزگارکردنی کوردستان دەرەخسێت. هەمووی ئەوانە لەسەر کاغەز دەتوانن راست بن، بەڵام شێوازی مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەگەرانەمان ئەوەندەی رەوانی و سۆزداری بووە، ئەوەندە سیاسیی و مەیدانی نەبووە. هۆکارەکەش ئەو هیوا‌داربوون و بێ‌هیوابوونەکەیە.

چوونکە کاتێک هەواڵی ئاگربەست بڵاودەکرێتەوە، «بێ‌هیواییەکی گەورە» جێگەی «هیوا گەورەکە»ی پێشوو دەگرێتەوە. هەستکردن بە لەدەستچوونی دەرفەتە مێژووییەکە، بێ‌هیوایی بۆ گۆرانکاری لەداهاتووشدا دروستدەکات. کاتێک بەردەام ماوەیەک هەواڵی دژبەیەک دەبیستیت، کاتێک رۆژانە لەسەر بنەمای هەواڵەکان هیوادار و بێ‌هیوا دەبیت، وردە وردە لەرووی دەروونیشەوە ماندوو و دوای دووپات‌بوونەوەی نائۆمێدیش دەبیت. چیتر باوەر بە هەواڵەکان ناکەیت، هەست دەکەین کەڵکمان نیە، پاساویشمان بۆ کارکردن نامێنێت و لەهەمووشی کارەساتبارتر گومان لە داهاتوو دەکەین. ئەو دۆخە لە تووڕەبوون خراپترە، چوونکە مرۆڤی تووڕە وزەی پێ دەمێنێت، بەڵام مرۆڤی بێ‌هیوا، وزەو ئەنگیزەیەکیشی نامێنێت.

بزاڤ یان مرۆڤی سەرنەکەوتوو، دۆخی دەروونی لە مرۆڤ یان بزاڤێکی بێ‌هیوا جیاوازترە. سەرنەکەوتووەکان بەر لەهەموو شتێک تووڕە دەبن، وەکوو یاریزانێکی تۆپی پێ کە زۆر باش یاریی کردووە، بەڵام تیمەکەی سەرنەکەوتووە. نموونەش یاری شەوی رابردووی بارسلۆنا بەرامبەر ئەتڵەتیکۆ مادرید. کاتالانەکان باشتر یاریان کرد، بەڵام ئەتڵەتیکۆ بردییەوە، هەربۆیە یاریزانەکانی بارسلۆنا تووڕەبوون، ئیتر ئەمجارە هەوڵ دەدەن، بۆ یاری گەرانەوە ئەمجارە سەربکەون. لێرەدا وزەو ئەنگیزە هەر ماوە.

سەرنەکەوتوویی بە پێچەوانەی بێ‌هیوایی، حاڵەتێکی عاتیفی و دەروونی نیە، بەڵکوو دۆخێکی سیاسیی و مەیدانییە. هەربۆیە بزاڤێکی سەرنەکەوتوو دەتوانێ زۆر زوو خۆی رێک‌بخاتەوەو تەنانەت رادیکاڵتر لەجارانیش بێتەوە مەیدان. چوونکە بزاڤی سەرنەکەوتوو، بزاڤێکی بکەره نەک، چاودێرو چاوەروان. ئەگەر بزاڤی چاوەروان بەردەوام سەرقاڵی هەواڵ و شرۆڤەی بکەرەکانەو لەکۆتاییشدا چوونکە خۆی بەشدار نیە، فریاد رەسەکەی هەرچییەک بڵێ و بکات کاریگەری لەسەر دەروونی ئەو دادەنێت. بەڵام کاتێک سەرناکەویت، چوونکە بکەر خۆتی یان خۆشت بەشداری، دوای تێپەراندنی حاڵەتی تووڕەییەکە، دەکەوییە خەسارناسی هۆکاری سەرنەکەوتنەکەت، ئیتر ئەمجارە رەنگە بیر لە گۆرینی یاریزان، پێداچوونەوە بە وێژمان و گۆرینی میکانیزم و ئامرازەکان بۆ بەردەوامی دەکەیتەوە. بزاڤێکی سەرنەکەوتوو بەپێچەوانەی بزاڤی بێ‌هیوا، لەدۆخی ئێستا تووڕەیە، بەڵام هێشتاش هیوای بە داهاتوو هەر ماوە.

چاودێرو چاوەروانەکان شکست دەخۆن، بەڵام بکەرەکان لەو پەڕی خراپیدا سەرناکەون. ئەوی سەرناکەوێ، هەوڵی سەرکەوتنی داوە و چاوەرێی سەرکەوتنی کردووە. ئەوەی شکست دەخوات، چاوەرێی شکستەکەی کردووە.