9 . گوڵان . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

هاوپەیمانی کوردستانی؛ هەنگاوێک بەرەو گوتاری هاوبەشی کوردی

هاوپەیمانی کوردستانی؛ هەنگاوێک بەرەو گوتاری هاوبەشی کوردی
21 . خاکەلێوە . 2726

نووسین: دکتور ئازاد محەمەدیانی

یەک لەو بابەتە گرینگانەی کە بە درێژی تەمەنی سیاسی کورد بە تایبەت خەباتی سەردەم وەک خەساری سیاسەتی ئەو گەلە باسی کراوە نەبوونی گوتاری هاوبەش بووە، گوتارێک کە دەبێتە هۆی لێکگرێدانەوەی هێز و پێکهاتە سیاسیەکانی کورد و ساز بوونی ڕۆحێکی گەشە کردووی گشتی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی. لە ڕاستیدا گەورەترین کێشەی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە ئێران تەنیا لێک بڵاو بوونی هێزەکان نیە، بەڵکو نەبوونی هاودەنگیەکه کە بتوانرێت بە ڕوونی پێی بگوترێت «گوتاری هاوبەشی کوردی». ئەمە واتە نەبوونی زمانێکی هاوبەش بۆ تێگەیشتن لە کێشەی کورد، نەبوونی چوارچێوەیەکی مانادار بۆ دیاریکردنی شوێنی کوردستان لە ئێران و لە داهاتوودا و نەبوونی ئەو توانایەیە کە هێزە جۆراوجۆرەکان وێڕای هەموو جیاوازییەکانیان بتوانن لە سەر یەک سفرەی هاوبەش و چەند خاڵی دیاریکراوی درێژماوەدا بە دوور لە خواستی حیزبی و تاکە کەسی کۆبننەوە بۆ دەستەبەرکەردنی بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان.

هاوپەیمانیی نوێی نێوان شەش حیزبی کوردستانی ئێران، یەک لەو هەواڵە خۆشانە بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بووە کە تا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی بابەتی نایەکگرتوویی کورد، قەرەبوو بکاتەوە و ئەو هومێدە بە کۆمەڵگا بدات کە ناهاوهەڵوێستی و ناهاودەنگی لایەنە کوردیەکان ئیتر ناتوانێ ببێتە هۆی خەسارەت لەم بزووتنەوەیەو داواکاریە نەتەوەییەکانی. ئەم هاوپەیمانەتیە لە ڕاستیدا یەک لەو هەنگاوە هەرە گرینگانەیە کە کوردی ڕۆژهەڵات توانیویەتی هەڵیبێنێتەوە بۆ گەیشتن بە دۆخێکی هەموار و ساز کردنی ئەو وێژمانەی کە دەتوانێ مۆرکی کوردایەتی و ڕۆژهەڵاتیبوونی پرسەکانی پێوە دیار بێ.

بەڵام دیارە خۆی ئەم هاوپەیمانەتیە ناتوانرێ وەک گەیشتن بە وێژمانی هاوباش باس و لێکدانەوەی بۆ بکرێ، چون هاوبەشی ئەو گوتارە تەنیا بە ساز کردنی هاوپەیمانەتیەک مومکین نابێ، بەڵکو راوەستان لە سەر هێندێک هێمای هاوبەش، خوێندنەوەی هاوچەشن لە مێژوو، ڕوانگەی هاوشێوە بە نیسبەت داواکاری گەلی کورد و سازان لە سەر دژبەری هاوچەشنی دەرەکی ئەو خاڵانەن کە لە ئێستادا دەتوانن ئەو چەمکە هاوبەشانە بن کە لە ڕەوتێکی زەمانیدا شکڵ دەگرن و قەوارەیەکی دیاریکراو دەدەن بە گوتاری گشتی کورد. بۆ ئەوەی لێکدانەوەیەکی دروستمان لە سەر ئەو دەرفەتە هەبێ کە هاوپەیمانەتی هێزە کوردستانیەکان بۆ شکڵ گرتنی ئەو گوتارە هاوبەشەی پێک هێناوە، دەتوانین ئاماژە بکەین بە دوو خاڵی گرینگی بەیانیە هاوبەشەکان و لۆگۆی هاوبەش.

پەیامە هاوبەشەکان؛
دەرچوونی بەیانیەو پەیامە هاوبەشەکان لە سەر بابەتە جۆراوجۆرەکان دەتوانێ ڕێخۆشکەر بێت بۆ دروستبوونی وێژمانێکی هاوبەش. ڕاستە کە بەیانیەکان دەقێکی سیاسیین بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێست. بەڵام لە ڕاستیدا، هەر پەیامێکی هاوبەش پێش ئەوەی بڵاوبکرێتەوە، دەرئەنجامی پڕۆسەیەکە لە نێوان ئەو هێزانەدا کە بریتیە لە جیاوازیی ڕا، ڕاوەرگرتن، گفتوگۆ، هەڵبژاردنی وشەکان و دواجار گەیشتن بە جۆرێک لە هاودەنگی. ئەو دەقەی لە کۆتاییدا بڵاودەبێتەوە، بەرهەمی ئەم پرۆسەیە لە ڕاگۆڕینەوەو لە ئاکامدا سازانە.

لە ڕاستیدا گرینگیی سەرەکیی بەیانیەکان لەوەدایە کە هێزەکان ناچار دەکات لەسەر مانا و زمان ڕێک بکەون. کاتێک شەش حیزب لە پەیامێکی هاوبەشدا باس لە نەورۆز دەکەن، یا لە ڕووداوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی یا لە شەڕ و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان دەدوێن، یا پەیامێک ئاراستەی نەتەوەکانی تری ئێران دەکەن، ئەوانە تەنیا هەڵوێست نیشان دان نیە؛ بەڵکوو پێش هەموو شتێک حەولە بۆ تێگەیشتن لەم بابەتانە. کە بە درێژایی ڕەوتی رووداوەکان و کاری گشتی، دەبێتە هۆی دروستبوونی زمانێکی هاوبەش.

ئەو زمانە لە چکۆلەترین شتەکانەوە دەست پێدەکات: لە وشەیەکدا، لە دەستنیشانکردنی مانایەک، لە هەڵبژاردنی ئەوەی چی بخرێتە ناو دەق و چی تێدانەبێ. کاتێک ئەم هەڵبژاردنانە بەردەوام دەبن، هێواش هێواش دەبنە بەشێک لە شێوازی بیرکردنەوەی هاوبەش. گوتار لەو کاتەدا دەست پێدەکات کە هێزەکان تەنیا لەسەر هەڵوێست ڕێک نەبن، بەڵکو لەسەر زمانیش ڕێک بکەون.

لە هەمان کاتدا، بەیانیە هاوبەشەکان شتێکی دیکەش دروست دەکەن کە کەمتر دێتە بەرچاو، ئەویش؛ دروستکردنی کات و شوێنی سیاسیی هاوبەشە. هەر جارێک ئەم هێزانە لەسەر ڕووداوێک بە هاوبەشی دەدوێن، ئەوان دیاری دەکەن کە چی گرینگە، چی نابێت لەبیر بکرێت، و چۆن دەبێت لەم ڕووداوانە تێبگەن. بەردەوامیی ئەم کارە دەتوانێت ببێتە بنچینەی بیرەوەرییەکی هاوبەش، کە بێ هەبوونی ئەو بیرەوەریە هیچ گوتارێکی سیاسی ناتوانێت خۆی جێگیر بکات.

لە لایەکی ترەوە، ئەم بەیانیانە سنووری «ئێمە» دروست دەکەن. کاتێک پەیام ئاراستەی نەتەوەکانی تری ئێران دەکرێت، بە تایبەتی تورکەکان، ئەمە تەنها گفتوگۆ نییە؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ دیاریکردنی شوێنی کورد لە ناو پێوەندییە نەتەوەییەکاندا. ئەمە گرنگە، چون گوتاری هاوبەش ئەگەر بخوازێت بگاتە ئاستێکی بەهێز، پێویستە بتوانێت پێوەندی خۆی لەگەڵ ئەوانی تر بە ڕوونی بنیات بنێت. کە دیاری کردنی ئەو کات و شوێنە هاوبەشە ڕێک ئەو خاڵەیە کە گوتاری هاوبەشی تێدا بنچ دادەکوتێ.

لۆگۆی هاوبەش
هەوڵی دروستکردنی لوگۆیەکی هاوبەش، بە تایبەتی کاتێک ئاماژەیەکی مێژوویی لەخۆدەگرێت، لە هەمان چوارچێوەدا دەبێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت. لۆگۆ تەنیا نیشانەو وێنە نییە؛ هەوڵێکە بۆ پەیوەستکردنی هەموو بەشداربوانی هاوپەیمانەتیەک بە یەکتر و ئەگەر ئاماژەی مێژوویی لەو لۆگۆیەدا هەبێ حەولیشە بۆ لێکگرێدانەوەی ئێستا بە ڕابردووەوە لە پێناو دروستکردنی هەستێک کە مێژووی کەونارا بە هەنووکەوە گرێ دەداتەوە و مێژووی هاوبەش و جۆری خوێندنەوەی هاوبەش بۆ ئەم دیرۆکە ساز دەکات. لە سیاسەتدا، هێز زۆرجار لەو شوێنە دروست دەبێت کە مانا و بیرەوەری یەکدەگرن، بیرەوەریەکی کۆن و درێژەی مێژوویی یەک نەتەوە و ڕەنگدانەاوەی چەمکەکانی وەک خۆر بەرهەمهێنی هێزە لە ئێستادا هێزێک کە ئەو هاوبەشیە پێکی دێنێ. کەواتە لۆگۆی هاوپەیمانەتی بەرهەمی تێڕوانینێکی هاوبەشە لە هێما و چەمکە مێژوویەکانی کورد و خاڵێکی گرینگی دیکەی ساز بوونی ئەو وێژمانە هاوبەشە کوردیەیە.

هەرچەندە هەموو ئەمانە گرینگن، بەڵام پێویستە بگوترێت کە ئەم پڕۆسەیە لە سەرەتاکانی بڕینی ئەو ڕێگەیە دایە. گوتاری هاوبەش تەنها ئەو کاتە دروست دەبێت کە ئەم زمانە لەناو بەیانیەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەی سیاسی: بۆ ناو حیزبەکان، بۆ ناو میدیای کوردی، بۆ ناو گفتوگۆی ڕووناکبیران، و بۆ ناو کۆمەڵگا. ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، ئەم هەموو هەوڵانە دەتوانن لە ئاستی ڕێککەوتنێکی حیزبیدا چەق ببەستن.

بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەم قۆناغە خۆی گرنگییەکی تایبەتی هەیە. چونکە یەکەمجارە هێزەکان لە جیاوازییەکانەوە دەچنە ناو پڕۆسەیەکی هاوبەش بۆ دروستکردنی مانایەکی تایبەت. گوتاری هاوبەش ئەگەر دروست بێت، لە دەرەوەی ئەم پڕۆسەیەدا ناوەستێت؛ لە ناو ئەم پڕۆسەیەدا دەستپێدەکات ڕۆدەچێتە دەمارەکانی کۆمەڵگاوە.
دەتوانین بڵێین: هاوپەیمانی و بەیانیە هاوبەشەکان، ئەگەرچی خۆیان گوتاری هاوبەش دروست ناکەن، بەڵام ڕێگای گەیشتن بەو گوتارە دەکەنەوە. گرینگی ئەوە لەوەدایە کە هێزەکان لە جیاوازییەکانەوە دەگوازرێنەوە ناو زمانێکی هاوبەش. ئەگەر ئەم زمانە بەردەوام بێت، دەتوانێت ببێتە بنچینەی یەک لە چەمکە هەرە گرینگەکانی وێژمانی هاوبەش واتە زمانی هاوبەش، چون گوتار لە ڕەهەندێکەوە لە چەمکی زمان کەڵک وەەدەگرێ بۆ بەرهەمهاتن، جا ئەگەر ئەو زمانە هاوبەش بێ، ئەو گوتارەی کە پێک دێ گوتاری هاوبەشە.

وەک کوترا، گوتاری هاوبەش هێشتا شکڵی نەگرتووە، بەڵام هەنگاوی یەکەم بۆ دروستکردنی زمانێکی هاوبەش هەڵهێندراوەتەوە. لە ڕاستیدا وێڕای ئەو مێژووە دوور و درێژە لە ناهاوهەڵوێستی و نایەکگرتوویی ئەوە هەنگاوێکی بە بایەخە، بە چەشنێک کە درێژەی ئەم هاوپەیمانەتیە، کارکردن لەو چواەچێوەیەدا و سەرکەوتنەکەی، دەستپێکی گۆڕانکاریەکی قووڵە لە سیاسەتی کوردیدا و دەتوانێ بەرهەمهێنی دوا قۆناغی یەکگرتوویی یانی گوتاری هاوبەشی نەتەویی کورد بێت.