4 . جۆزەردان . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

لەرۆژهەڵاتی کوردستان، هەزاران هەکتار زەوی کراوەتە گوڵی خەشخاش

لەرۆژهەڵاتی کوردستان، هەزاران هەکتار زەوی کراوەتە گوڵی خەشخاش
19 . گوڵان . 2726

بەشێکی زۆر لە جوتیاران لە هەندێک ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان گوڵی خەشخاش دەچێنن، ئەوان لەهەر هەزار مەتر زەوی ٣ بۆ ٤ کیلۆ تریاک بەرهەم دەهێنن و، ئەو داهاتە زۆرەش وایکردووە، خەڵکێکی زۆر روو لە چاندنی خەشخاش بکەن.

ماوەی چەند ساڵێکە چاندنی گوڵی خەشخاش لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئازاد کراوە، رژێمی ئێران هیچ رێگرییەک لە چاندنی خەشخاش ناکات. بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز، خەڵکی هەندێک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش روویان لە چاندنی خەشخاش کردووە.
چاندنی گوڵی خەشخاش سەرەتا لە ناوچە لەک نشینەکانی پارێزگای لورستان بوو، ئێستا پارێزگای کرماشان و هەندێک ناوچەی ئیلام و بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگای سنەشی گرتووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بەدواداچوونی مەیدانی کردووە، بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، لە هەزار مەتر زەویدا ٢ و نیو بۆ ٤ کیلۆ تریاک بەرهەم دێت، یەک کیلۆ تریاکیش بە ٣٠٠ ملیۆن تومەن دەفرۆشن. بەو پێیە لەهەر هەزار مەتر زەویدا چێنەرانی گوڵی خەشخاش یەک میلیاردو دووسەد ملیۆن تمەن پارەیان دەست دەکەوێت. جا ئەوە بۆ هەزار مەترە، حیساب بکە، بۆ هەکتارێک کە ١٠ هەزار مەترە، چەند دەکات.

داهاتی زۆری بەرهەم هێنانی تریاک لە رێگەی چاندنی گوڵی خەشخاش وایکردووە، هەزاران هەکتار زەوی لە هەندێک ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە بە خەشخاش و جۆرە تریاکێکی لێ بەرهەم دێت، کە لە ئێران بە «تریاکی کرماشانی» و «تریاکی کوردی» بەناوبانگە. ئەو شایەتحاڵە بە رۆژهەڵات نیوزی گوت، ئەو زەویانەی پێشتر دەکران بە گەنم، جۆ یان نۆک ئێستا خەریکە دەکرێتە خەشخاش.

لە لورستان زۆرتر لە ئەلیگودەرز و کۆیدەشت بەو لاوە، لە کرماشانیش لە بێستوونی پشتی قوروەوە دەستپێدەکات هەتا هەرسین، ناوچەکانی جەڵالوەند، ناوچەی سەحنە، کەنگەوەر و گشتیان خەریکی چاندنی گوڵی خەشخاشن. بەپێی بەدواداچوونەکانی ئەو شایەتحاڵە ئێستا بەشێک لە جوتیارانی سنە، سەقز، قوروە، دێوەڵان و کامیارانیش فێری چاندنی گوڵی خەشخاش بوونە.

چیرۆکی چاندنی خەشخاش هەر بەدەستهێنانی داهاتێکی زۆر نیە، بەڵکوو خەریکە کارەساتێکی گەورەی کۆمەڵایەتیشی لێدەکەوێتەوە. ئەو جۆرە تریاکە کاریگەریی زۆری لەسەر بەرزبوونی ژمارەی تووشبووان بە مادەی هۆشبەر (معتاد) داناوە. ئەو کەسانەی لەو ناوچەیە پێشتر تەنیا بە مانگێک یان دوو مانگ جارێک لە بۆنەی دیاریکراودا تریاکیان دەکێشا، ئێستا سەرجەمیان موعتاد بوونە. هۆیەکەش بۆ تازەو خاڵسبوونی ئەو تریاکەو هاوکات بەردەستبوونی دەگەرێتەوە.

رووکردن لە بەرهەمهێنانی «تریاکی کوردی» لەرێگەی چاندنی خەشخاش گەیشتووەتە ئاستێک کە بەوتەی سەرچاوەکەی رۆژهەڵات نیوز، لەهەندێک ناوچە خەڵک خەریکی بڕینی داڕی دارستانەکانن بۆ ئەوەی هەزار مەتر زەویان دەستبکەوێ، بۆ ئەوەی گوڵی خەشخاشی لێ بچێنن. هاوکات کۆمەڵناسێک کە ناوەکەی لای رۆژهەڵات نیوز پارێزراوە، باس لەوە دەکات کە کۆچێکی پێچەوانە لە تاران و کەرەج بۆ پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام دەستیپێکردووە، چوونکە داهاتی چاندنی گوڵی خەشخاش لە کارکردن لە تاران و شارە گەورەکان زیاترە.

ساڵانە دوو جاریش دەتوانن خەشخاش بچێنن، هەربۆیە داهاتەکەی دووقاتیش دەبێ، ئەوەش وایکردووە ئێستا هەزاران هەکتار لە پارێزگاکانی لورستان، ئیلام، کرماشان و بەرێژەی کەمتریش سنە، کراونەتە خەشخاش. ئەوەش سەرەتای کارەساتێکی دیکەی کۆمەڵایەتیی و بگرە مرۆییە. بەوتەی ئەو کۆمەڵناسە کە بەدواداچوونی مەیدانی کردووە، حکومەتی ئێران بە ئاشکرا چاندنی خەشخاشی ئازاد کردووە، هاوکات خەریکە چاندنی خەشخاش دەبێتە بەشێک لە کاروباری جوتیاری و لەو رێگەیەشەوە بەردەستبوونی تریاکیش دەبێتە کەڵتووری رۆژانەی خەڵک. ئەوەش دەتوانێ لەداهاتوودا سەدان هەزار کەس موعتاد بکات، جگە لەوەی زیانێکی گەورە لەژینگەی کوردستانیش دەدات.