4 . جۆزەردان . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

دوو کورد لە کێبەرکێدان بۆ شورای مەرکەزی کنگرە آزادی ایران

دوو کورد لە کێبەرکێدان بۆ شورای مەرکەزی کنگرە آزادی ایران
25 . گوڵان . 2726

راپۆرتی تایبەتی رۆژهەڵات نیوز

لەدوا هەڵبژاردنی مەجمەعی کۆنگرەی ئازادی ئێران، ناهید بەهمەنی و رێوار ئابدانان وەکوو کاندید بۆ بوون بە  ئەندامی شۆرای مەرکەزی کۆنگرەکە هەڵبژێردران.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٢٣ی مەی، گروپی سیاسیی کۆنگرەی ئازادی ئێران بە شێوەی ئانلاین هەڵبژاردنی بۆ دیاریکردنی کاندیدی حیزب و تەشەکولاتی سیاسی بۆ شۆرای مەرکەزی کۆنگرەکە بەرێوەبرد. 

لەو هەڵبژاردنەدا گروپی سیاسیی کۆنگرە کە لە ٣٠ ئەندام پێکهاتووە، بە دەنگی بەشداربووان ٩ کەسی وەکوو کاندیدی گروپەکە بۆ هەڵبژاردنی شۆرای مەرکەزی هەڵبژارد، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ١١ ئەندامی شۆرای مەرکەزی کۆنگرەی ئازادی ئێران بەرێوەبچێت.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەمشێوەیە بوو: ١- فەریبا بورهان زەهی - حزب مردم بلوچستان ایران، ٢- فەرزانە عەزیمی - ئازەری و بەڕەی چەپ، ٣- ناهید بەهمەنی - کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ٤- رێوان ئابدانان - پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، ٥- سیمین سەبری - حیزبی دیموکراتی ئازەربایجان، ٦- مەهدی عەرەبشاهی - تشکل جمهور خوازان، ٧- جەلیل شەرهانی - حیزبی تەزامونی ئەهواز، ٨- رەزا عەلیجانی - جەریانی میللی مەزهەبی، ٩- حوسێن رەزاق - گروپی ١٧ کەسی کە زۆرینەیان لەناوخۆی ئێرانن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، شەش کەسی یەکەم کە ناهید بەهمەنی و رێوار ئابدانانی تێدابووە، راستەوخۆ هەڵبژێردراون. هاوکات چوار کەسیش کەوتنە دەوری دووەم، کە لەنێویاندا د. ئاسۆ حەسەنزادە نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و رەزا عەلیجانی و حوسێن رەزاق کە دیار نیە، نوێنەرایەتی چ رەوتێکی سیاسی دەکەن، کەوتە دەوری دووەم. بەڵام دواتر حەسەنزادە لە خۆکاندید کردن کشایەوە.

سەبارەت بە هۆکاری کشانەوەی نوێنەری حیزبی دیموکرات، دوو نامەی د. ئاسۆ حەسەنزادە و فاتیمە حەقیقەت جو، یەکێک لە بەرێوەبەرانی هەڵبژاردنەکەی کەوتووەتە دەست، کە بۆ سەد ئەندامەکەی مەجمەعی گشتی کۆنگرەش نێردراون. لەو دوو نامەیەدا حەسەنزادە هۆکاری کشانەوەی خۆی باس دەکات و فاتیمە حەقیقەتجوش لە نامەکەیدا لەچەند خاڵدا وەڵامی دەداتەوە. 

تێبینییەکانی نوێنەری حدکا لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکە، هاوتاکردنی شەخسەکان لەگەڵ حیزبەکان، لەبەرچاونەگرتنی سەنگی نەتەوەکان لەژمارەی شورای مەرکەزی و هاوکات ناڕوونبوونی گونجاندنی تێبینییەکانیان لەسەر سەنەدی کۆنگرەی ئازادی ئێران بووە. هاوکات فاتیمە حەقیقەتجو لە ٨ خاڵدا وەڵامی تێبینییەکانی نوێنەری حدکای داوەتەوە. 

لەگەڵ ئەوەش بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، نوێنەری حدکا لە کۆنگرەکەدا دەمێنێتەوەو بەردەوامبوونیان مەرجدار کردووە بە گونجاندنی ئەو تێبینیانەی لەسەر سەندەی کۆنگرەکە لە سەر مافی نەتەوەکان. هاوکات گفتوگۆیەکی لەو بوارە کراوەو وەکوو رەشنووس تێبینییەکان قبووڵکراون، بەڵام دەبێ دوا بڕیار مەجمەعی گشتی کۆنگرەی ئازادی ئێران بیدات.
 
هاوکات د. بێهروز چەمەن ئارا یەکێک لەو کەسانە بووە، لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و لەبەرچاونەگرتنی پێگەی سیاسیی و نوێنەرایەتی سیاسیی رێکخراوەکان تێبینی هەبووە. لە نامەیەکی رەخنەییدا کە نوسخەیەکی دەست رۆژهەڵات نیوز گەیشتووە، د. چەمەن ئارا پێیوایە بەشی زۆری ئەندامانی گروپی سیاسی و تەشەکولاتی سیاسی ئەندامی هیچ حیزبێک نین، نوێنەرایەتی هیچ رێکخراوەیەکی سیاسی ناکەن و زۆرینەشیان سەر بە رەوتێکی دیاریکراون. بەڕای ئەو سنوورێک لەنێوان رێکخراوەیەکی سیاسی لەگەڵ کەسێک کە بۆچوونی سیاسیی هەیە، دانەنراوە. د. چەمەن ئارا لە نامەکەیدا نموونەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەهێنێتەوە و دەڵێ حدکا وەکوو کۆنترین حیزبی چاڵاکی ئێران، هاوتای ئەو کەسانە کراوە کە هیچ رێکخراوەو رێکخستنێکیان نیە.

بڕیارە رۆژی یەکشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ١١ ئەندامی شۆرای مەرکەزی کۆنگرەی ئازادی ئێران بەرێوەدەچێت. ٧ کەس وەکوو شەخس و کەسایەتی دەبن و ٤ کەسیش وەکوو نوێنەری حیزب و تەشەکولاتی سیاسی دەبن. بۆ ٤ کورسییەکەی حیزبەکان ٩ کەسی کاندیدن کە لەنێویاندا ناهید بەهمەنی و رێوار ئابدانان هەن، و بۆ ٧ کورسییەکەی کەسایەتییەکانیش نزیکەی ٢٠ کەس کاندیدن. 

بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، لە ٢٠ کاندیدەکەی کەسایەتییەکان دوو کەس بەناوەکانی کاوە کرماشانی و سۆران مەنسووری نیا کوردن. هاوکات هەڵبژاردنێکی دیکەش بۆ هەیئەتی نەزارەت دەکرێت کە لە ١٠ کەس کاندیدن و لەوێ دوو کەس بەناوەکانی دیاکۆ مورادی و سۆران لوتفی کوردن

 رۆژهەڵات نیوز زانیویەتی، کێبەرکێیەکی قورس لەنێوان ناهید بەهمەنی نوێنەری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و رێوار ئابدانان نوێنەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - پژاک هەیە، چوونکە تەنیا کورسییەک لەو ١١ کورسییەی شورای مەرکەزی بەر کوردەکان دەکەوێت و یەکێک لەو دوو کەسە بە ئەگەری زۆر سەرناکەوێ.