ئەژانسی رۆیتێرز رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی پووشپەر، لەسەر زارێ سێ سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایکردووە، ئێران داوای لە حوسییەکانی یەمەن کردووە، بۆ داخستنی گەڕوی بابوڵمەندەب ئامادە بن،
بەپێی زانیارییەکانی رۆیتێرز، ئێران هەڕەشەی کردووە، ئەگەر ئەمریکا ژێرخانی کارەبا (برق)ی ئەو وڵاتە بکاتە ئامانج، ئەوانیش لە رێگەی حوسییەکان گەڕوی بابوڵمەندەب دادەخەن. دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئەگەر هەتا هەفتەی داهاتوو ئێران لەگەڵ ئەمریکا نەگاتە رێککەوتن، سوپای ئەمریکا ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج.
ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فاکس نیوز بە تووندی هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایگەیاند:" ئەگەر تاران رێککەوتنەکە قبووڵ نەکات، هەفتەی داهاتوو دۆخیان زۆر زۆر خراپ دەبێت، چوونکە سەرەی وێستگەکانی کارەبا و پردەکان دێت."
سەبارەت بەو هەڕەشانە، رۆیتێرز بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر بڵاوبکاتەوە، ئاشکرایکردووە، حوسییەکانی یەمەن داواکەی ئێرانیان پێگەیشتووەو جارێ وەڵام و هەڵوێستی ئەوان دیار نیە.
گەڕوی بابوڵمەندەب لە باشووری دەریای سوور هەڵکەوتووە و کەنداوی عەدەن بە زەریای هیند دەبەستێتەوە. دوای شەڕی ئەمریکا و ئێران ئەو رێرەوە بووەتە رێگەیەکی چارەنووسساز بۆ گواستنەوەی نەوتی عەرەبستانی سعودیا لە بەندەری یەنبووڵ لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەیە. گەڕوی بابوڵمەندەب سەد کیلۆمەتر درێژی هەیەو سی کیلۆمەتریش پاناییەتییەتی، حوسییەکان دەتوانن لەرێگەی درۆن و موشەک گرفت بۆ هاتووچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرو بارهەڵگرەکان دروستبکات.
گەڕوی بابوڵمەندەب لە دۆخی ئاساییدا رێگەی یەک لەسەر پێنجی هەناردەی نەوت و گازی سروشتی جیهانە، لە ئێستاشدا عەرەبستان بە تەنیا رۆژانە ٤ میلیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی بابوڵمەندەب هەناردەی بازارەکانی جیهان دەکات.