هێرش پاڵانی چاودێری سیاسی و ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران میوانی ئەمجارەی بەرنامەی "بەڕاشکاوی" رۆژهەڵات نیوز بوو. هێرش پاڵانی ئەگەرچی کادیرێکی دیاری حدکایە، بەڵام بۆچوونەکانی سەبارەت بەکاری رێکخراوەیی و رووداوە سیاسییەکان هەتا رادەیەک جیاوازە. لەو چاوپێکەوتنەدا باس لەوە دەکات کە لەدوای شۆڕشی ژینا کەشێکی جیاواز لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە ئاراوە، هەربۆیە حدکا دەبێ خۆی لە گەڵ ئەو واقیعە بگونجێنێت.
بەرای هێرش پاڵانی ئەگەرچی پرسی نەتەوەیی، پرسێکی مێژووییەو هەنگاوی زۆریشی بۆ هاویشتراوەو کۆماری کوردستانیش یەکێک لەو دەرهاویشتانەیە، بەڵام ئەو پێی وایە ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان داخوازی سیاسی لەسەر بنەمای پرسی نەتەوەیی زۆر بەربڵاوتربووە، هەربۆیە حیزبی دیموکرات دەبێ پلان و بەرنامە و نەخشە رێگەی بۆ ئەو واقیعە هەبێت.
ئەندامی کۆمیتەی دەرەوەی حدکا سەبارەت بە هەبوونی جۆرێک لە رای جیاواز یان لێدوانی جیاواز لەسەر پرسەکان لەناو حیزبەکەیدا، پێیوایە کە ئەوە هەتا رادەیەک ئاساییە، بەڵام لەکۆتاییدا لادان لە گوتاری ناسیۆنالیستی، لێدان و دەرچوون لە فەڵسەفەی وجوودی ئەو حیزبەیە. هەر بۆیە ئەو پێیوایە سەرکردایەتی حیزب زۆر بێ جێ دەکات، کە بۆ پاساوهێنانەوەی سیاسەتی ئێستا، لە مێژووی ئەو حیزبە خەرج بکات.
کۆی چاوپێکەوتنەکە لە یوتیوبی رۆژهەڵات نیوزدا سەیر بکەن: