1 . خەزەڵوەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

پشکنین لە گۆرستانی قەڵایچی بۆکان دەستیپێکرد

پشکنین لە گۆرستانی قەڵایچی بۆکان دەستیپێکرد
4 . پووشپەڕ . 2724


قۆناغێکی دیکەی گەڕان و پشکنین لە گۆرستانی قەڵایچی بۆکان دەستیپێکردووەو ئاسەوارناسان بەدوای ئاسەواری دیکەدا دەگەرێن.


بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، چەند رۆژێکە ژمارەیەک ئاسەوارناس و توێژەر بە پشتیوانی شارەوانی بۆکان دەستیان بە پشکنین لە گۆرستانی قەڵایچی بۆکان کردووە. ئەگەرچی لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا لە ٩ قۆناغدا پشکنین لە گۆرەپانی قەڵایچی بە ئەشکەوت و تەپکەکەیەوە کراوە، بەڵام تاکوو ئێستا پشکنین لە گۆرستانی قەڵایچی نەکرابوو. 


قەڵایچی بۆ سەردەمی ماناکان واتە زیاتر لە ٢٨٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەرێتەوە، دوای ئەوەی جۆرە خشتێکی تایبەت نەخشێندراو لەو شوێنە دۆزرایەوە، ناوی قەڵایچی کەوتە سەر زاران. ئەو خشتە نەخشێندراوانە، کە هی ٧٠٠ ساڵ بەر لە دایکبوونی مەسیحن، لەلایەن قاچاغچییەکان دەرهێندرابوو، دواتر لە وڵاتی سوئیس دۆزرانەوەو گەرێندرایەوە بۆ ئێران و دواتر دەرکەوت کە ئەو خشتە هی قەڵایچی شاری بۆکان بووە. 


سەرجەم ئەو ٥١ خشتەی گەرێندرانەوە ئێران، سەرجەمیان هی قەڵایچی بۆکان بوون، ئەو خشتانە هەر یەکەیان ٣٠ سانتیمەتر بووەو نەخشی جیاوازیان لەسەرە، بۆ نموونە نەخشی شیرو مانگای باڵدار کە سەری مرۆڤیان لەسەرە، رووخساری مرۆڤی ئەفسانەیی و چەندین جۆرە باڵندە لەسەر خشتەکان هەن و دەرکەوت کە قەڵایچی پایتەختی ماناییەکان بووە. 

ئێستا ژمارەیەک ئاسەوارناس و پشکێنەری دیکەی تایبەتمەند بۆ یەکەمجار دەستیان بە پشکنین لە گۆرستانی قەڵایچی کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن ئاسەواری دیکە و ئێسکەپەیکەری ئەو سەردەم بدۆزنەوەو بەمشێوەیە شێوە ژیان، رووخسارو مرۆناسی ئەو سەردەمیش شی بکەنەوە.