تووندی زەمەنی ئاڵوگۆڕیەکانی بەستێنەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری چوارچێوەی داتاشراوی ئێران هێندە به خێراییه کە دەرفەتی لێکدانەوە و خەسارناسی نییە و زنجیرەی ڕووداوی سەیروسەمەر و مەترسیدار تەنیا ئاماژەیەکە لە بەرەو هەڵدێر چوون و داڕمانی یەکجاری دامودەزگای سیاسی و جوگرافیای ئێران.
لەوەها هەلومەرجێکدا بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ولایتی فقیەی داسەپاوی ئێرانیەکان لەو جوغرافیایەدا و ڕاوەستاوی قەوارەی هێرەمەکە وەک خۆی واتا مانەوەی هێز و وزەی دەسەڵات لە دەست خامنەیی و کۆی دەورووبەریەکانی، شانۆگەریەکی زۆر هاتۆتە ئاراوە کە لە هەژمار نایەن… سناریۆگەلی سڕینەوەکانی ناوخۆی دامودەزگای دەسەڵات، دەنگۆی مەترسی ڕوودانی شەڕێکی گەورە لە ناوچە و تێوەگلانی وڵاتی ئێران، پڕۆپاگەندەی مێدیایی بۆ تیوری پلانگێری ناوخۆیی و دەرەکی بۆ داڕماندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و پارچە پارچە بوونی ئێران، بەردەوامی ترسی بیروڕای گشتی لە گرانی و شێواوی ئابوری و …. لەم دوایەشدا لە دووی ڕووداوی پڕ گوماناوی کوژرانی رەئیسی سەرۆک کۆمار و بەپەلە ئامادەکاری بۆ شانۆی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆتە باسی ڕۆژ و گەرمی مێدیاکانیان و کۆمەڵێکی تایبەتی سەر بە ڕژیم.
بەشداری زۆرینەی جەماوەر لەو هەڵبژاردنە، ئامانجی ئەم سیناریۆ دووپاتەیەی ڕژیمە و خاڵی تایبەت بۆ پێکانی ئەم ئامانجە، دۆزینەوەی ڕێکارگەلێکن کە نەتەوەکانی کورد و بەلوچ و تورک بە زۆرینە بەشدار بن. دیارە خەڵکی بەلوچ بە هۆکاری زۆرینەی خەڵکانیان کە سوننین و دەستووری باڵایی ئێران ڕێگرە لە هەبوونی نوێنەری سوننە بۆ بەربژێری سەرۆککۆماری ئێران و ئەگەرچی کوردیش بە زۆرینە سوننەیە بەڵام، هەبوونی بەردەوامی خەبات و دژایەتی داگیرکەر لە کوردستان سەرەڕای هەموو کەمووکۆرێکانی زەمەنی، دۆخی کورد بەرامبەر بە دەسەڵات تایبەتمەندێکی گڕینگتری هەیە.
لە پاش شۆڕشی ژینا دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران جیاواز بووە و بە تایبەت لە کوردستان بە هۆی پێشەنگی شۆڕشەکە ئەم دۆخە جیاوازە زۆر بەرچاوترە. بە پێی ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی مەجلیس واتا خولی یازدەهەمی و ڕادەی یەکجار کەمی بەشداری خەڵک لە کوردستان، مەزەندە دەکرێ بۆ ئەم هەڵبژاردنەش ڕێژەی دەنگدەران کەمتریش ببێت.
ئاشکرایە کە لە ئەنجامدا بڵاوکراوە گشتێکانی سەر بە دەسەڵات وەک هەمیشە ڕێژەی بەشدار بووان زۆر زیاتر لە ڕاستیەکەی بڵاو دەکەنەوە بەڵام، دیارە ئەمڕۆکە بە هۆکارگەلی وەک بەربڵاوی مێدیایی بۆیان نالوێ زۆر دەستکاری ئامارەکان بکەن، واتا بەرنامە و پڕۆژەی تر دەگرنە پێش. یەک لەو پلانانە جۆرێک بەلارێدا بردنی هزری گشتی کۆمەڵگایە لە هەمبەر حەقیقەتی بێ سوودی هەڵبژاردنەکان و بێ دەسەڵاتی بەربژێری براوە و هاوکات بە ڕازاندنەوەی شانۆیەک بە ناوی مشتومڕی کاندیدەکان و جاربەجاریش دەرچوونی کەسێکی چاوەڕوان نەکراو لە فیلتەری شورای نگهبان(نموونەی ئەمجارە مەسعود پزشکیان)، کە سەرجەم ئامانج نیشاندانی ئازادی ڕا دەربرین و هەبوونی دیمۆکراسیە.
ڕژیم بە بەربژێری پزشکیانی بە ڕەچەڵەک تورک بە تەمایە لە چەند ڕۆوە خاڵی ئەرێنی بە تایبەت لە کوردستان و هاوکات لە ناوچە تورک نشینەکان لێ هەڵکڕێنێ. لە زۆرینەی دیبەتەکانی دواییدا باس لە مافی کەمینەکان دەکات و پێشێلکاری یا خود کەمکاری لە بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و… بەم جۆرە خۆی وەک ڕەخنەگڕێکی جیدی سیستەمی بەڕێوەبەری وێنا کردبێت و بەتایبەت کە خۆی وەک تاک سەر بە کەمینەیە! و هەر لێرەدا زۆر زەق کردنەوەی شوێنی لەدایک بوونی کە وەک دەڵێن مەهابادە و تا ڕادەیەک شارەزایی لە زمانی کوردی کە جاربەجار هەندێک ڤیدیۆی لە سۆشیاڵمێدیا واریراڵ دەکرێ، تا بەم شێوە دڵی بەردەنگی کورد لە هزری بەرهەڵستی بەرامبەر بە داگیرکەری ئێرانی و دەنگ نەدان تا ڕادەیەک نەرم کردبێت و بتوانرێ بیباتە سەر سەندوقی دەنگدان.
ئاماژە بە هەموو فڕوفێڵ و ئامانجەکانی کاتی دەنگدانی ئەم سیستەمە تاقەت پڕوکێنە و کاتێکی زۆر دەخایەنێ کە ڕەنگە زۆرینەشیان بە تایبەت بۆ کۆمەڵگای ژیر و وریای کوردستان بەرچاوە و پێویست بە دووپات کردنەوە نەبێت و کۆتا ئەنجام و گرینگترین ئەمە بێت کە بە هەر شێوەیەکە شەرعیەتێک لە سەندوقی دەنگدان دەرخەن کە ئەمەش تەنیا بە ژمارەی دەنگدەرانی بەشدارە.