بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز کە لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان لە شایەتحالەکان پێی گەیشتووە، هیچ کات لە ٤٥ ساڵی رابردوودا بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەو رادەیە نەبووە.
بەێی زانیاریی شایەتحالەکان لە ١٨ شار و سێ سەنتەری پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان رێژەی بەشداری هەتا کاتژمێر ٤ی دوا نیوەرۆ پارێزگای سنە بە تێکرای نەگەیشتووەتە ١٥ لەسەد، لە مەهاباد، بۆکان، پیرانشار، سەردەشت و شنۆی پارێزگای ورمێش بەهەمان شێوە رێژەی بەشداری نەگەیشتووەتە ١٥ لەسەد. لەهەردوو پارێزگای ئیلام و کرماشان رێژەی بەشداری لەنێوان بیست بۆ ٢٤ لەسەد بووە، هۆکارەکەش سەنتەری شاری ئیلام و کرماشان بووە. لەو دوو پارێزگایەش شارو شارۆچکەکانی وەکوو پاوە، جوانرۆ، سراوڵە، مەلەکشاهی و ئابدانان و… بەشداری رێک وەکوو شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان نزیک ١٥ لەسەد بووە.
ئەگەرچی ئەو ئامارە بەشێوەی رێژەییە، بەڵام شێوازی دیاریکردنی لەسەر بنەمای زانیارییە مەیدانییەکانە، لە هەموو شارێک تاکە بنکەی دەنگدان کە هەتا رادەیەک دەنگدەر سەردانی کردووە، مزگەوتی جامیعەکان لەسەنتەری شارو بنکەی دەنگدانی ئەو گەروک و شەهرەکانەی یان هی خانەی سازمانین یانیش هی بنەماڵەی خۆفرۆشە کوردەکانی سەر بە سوپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەکانن. لەو دوو بنکانە هەتا رادەیەک جولە هەبووە، بەڵام لەسەرجەم بنکەکانی دەنگدان لەو ١٨ شارو ٣ ناوەندی پارێزگایە هەتا کاتژمێر ١٢ی نیوەرۆ سەردانیکەر تاک و توک بووە، رێژەی بەشداری بە رادەیەک کەم بووە، کە لەدوای کاتژمێر ٢ی دوانیوەرۆ هەتا کاتژمێر ٦ لانیکەم دوو جار کورتەنامە بۆ مۆبایلی هاووڵاتیان چووە، بۆ ئەوەی هانیان بدەن، دەنگ بدەن.
لەو شارانەی کە هاووڵاتیان زانیاریان بە رۆژهەڵات نیوز گەیاندووە، هاووڵاتیان بەشی زۆریان هەر لەشاریشدا نەماون و روویان لە شوێنە گەشتیارییەکان یان گوندی زێدی باو و باپیرانیان کردووە. هەربۆیە شارەکان بەگشتی چۆڵەوانیان پێوە دیار بووە. دوای ئەوە ئەو بایکۆتە سەراسەرییە دەکرێت و تەواو هەست پێکراو دەبێ، رژێم جارێکیتر پەنا بۆ ژمارەیەک ئیسلاح تەلەبی حکومی دەبات، بۆ ئەوەی خەڵک هان بدەن. بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز لە شاری سنە جەلال جەلالیزادە، کەیوان کەمانگەر نەسەب و ژمارەیەک ئەندامی رێکخراوی دەعوەت و ئیسلاح کۆڵان بە کۆڵان گەراون بۆ ئەوەی خەڵک هان بدەن، بەشداری لە دەنگدان بکەن و دەنگیش بە مەسعود پزشکیان بدەن.
لەشاری بۆکان قەسیم عوسمانی و ژمارەیەک دەستوپەیوەندی خۆی هەوڵیان چڕکردەوە کە جولەیەک لە بنکەکانی دەنگدان وەرێبخەن، لەشاری مەهابادیش جەلال مەحمودزادە پێشوەختە پشتیوانی لە پزیشکیان کردبوو، بەڵام لەرۆژی دەنگداندا پەیامی بڵاونەکردەوە، لەگەڵ ئەوەش لەوێش سەلاحەدین خەدیو هەوڵی ئەوەی دا کە خەڵک بەرەو سندووقەکان رابکێشێت. لە شنۆ نوێنەری ئێستایان عەبدوڵکەریم حوسێن زادە، لە سەقز و بانە موحسین بیگلەری نوێنەری پێشوو و لەسەنتەری شاری ورمێش مەسعود شەمسنژاد و ژمارەیەک پەیج و ئەکاونت هەوڵی هاندانی خەڵکیانداوە بۆ ئەوەی لانیکەم ئێوارەکەی بەشداری بکەن و دەنگ بە مەسعوود پزیشکیان بدەن. بەڵام سەرجەم ئەو هەوڵانە هەتا کاتژمێر شەشی ئێوارە سەری نەگرت و نەتوانرا کە خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان رابکێشن. هەربۆیە رژێم ناچار بوو سەرەتا دەنگدان بۆ کاتژمێر ٨ دواتر بۆ کاتژمێر ١٠ی شەو درێژ بکاتەوە.
بەپێی زانیاری شایەتحاڵەکان هەموو هەوڵی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیە لەو چوار کاتژمێرەی ٦ هەتا ١٠ رێژەی دەنگدان لە ٤٠ بۆ ٤٥ لەسەد نزیک بکاتەوە، بەڵام لەهیچ یەک لە بنکەکانی دەنگدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ جۆرە قەرەباڵغییەک بەدی ناکرێت و جیاوازییەکی ئەوتۆ لە بنکەکانی دەنگ بەراورد بە بەیانی بەدی ناکرێت. هەربۆیە لەهەر حالەتێکدا رێژەی دەنگدان لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەی نێوەنجی لەژێر ٢٠ لەسەد دەبێت.
لەو رێژە کەمە دەنگدانەیش بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، لە پارێزگاکانی ورمێ و سنە زۆرترین دەنگ بە مەسعود پزیشکیان دراوە، لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلامیش دەنگ بە محەمەدباقر قالیباف دراوە.