26 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

راپۆرتی دووەم: کوردستان دەنگی بە داگیرکەر نەدا (وردەکاری)

راپۆرتی دووەم: کوردستان دەنگی بە داگیرکەر نەدا (وردەکاری)
10 . پووشپەڕ . 2724

هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆککۆماری ئێران لەکاتێکدا بەرێوەچوو، کە دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی هەڵسوکەوتی سیاسی جەماوەری رۆژهەڵاتی کوردستان و پەیوەندیان بە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و حاکمییەتی ئێران لەرێگەی ئەو ئامارەی خودی رژێم بڵاویکردووەتەوە، هەڵسەنگێنین.



هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، ئەمجارە بەهۆی کوژرانی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بە ناچاری زووتر لە کاتی خۆی بەرێوەچوو، ئەمجارە بەپێچەوانەی پێشوو هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لەگەڵ هەڵبژاردنی شۆراکان هاوکات نەبوو. ئەوەش روونتر پەیوەندی کوردستان بە حاکمییەتی ئێرانی نیشان دەدات، چوونکە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هۆکارە ناوخۆییە کوردستانییەکان لەو هەڵبژاردنەدا نەبوو، کوردستانیان دەبووا دەنگ بە سەرۆککۆمارێک بدەن کە جێبەجێکاری یاسایی بنەڕەتییەکە کە شووناسی کورد و هەبوونی بە فەرمی ناناسێت.



بەپێی ئەو ئامارەی کە رژێم لە رێژەی دەنگدانی پارێزگاکان بڵاویکردووەتەوە، پارێزگای سنە بە ٢٣ لەسەد لەئاستی هەموو ئێران کەمترین دەنگی داوە، دوای ئەو پارێزگای کرماشان ٣٢ لەسەد دەنگی داوە، بەڵام پارێزگاکانی ورمێ و ئیلام سەروو ٤٠ لەسەد دەنگیان داوە. 




لەگەڵ ئەوەش رۆژهەڵات نیوز لە دوو رۆژی رابردوودا بەدواداچوونی بۆ دەنگی شارەکان و ژمارەی رێژەیی ئەو غەیرە کوردانە کردووە ، کە لەسەر خاکی کوردستان دەنگیان داوە. بەپێی بەدواداچوونەکان زۆربەی رەهای شارەکانی چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان رێژەی دەنگدان ژێر ٢٠ لەسەد بووەو ئەکتێکی سیاسی هاوبەشیان بە نیسبەت هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری هەبووە، هاوکات کەمتری رێژەی دەنگدان لەو شارانە بووە کە زۆرترین خۆپێشاندانی شۆرشی ژینای لێکراوەو پەیوەندییەکی پتەوتری تەشکیلاتی حیزبە سیاسییەکان لەو شاروناوچانە هەبووەو هەیە.



پارێزگای ورمێ لەو پارێزگایانە بووە، کە رێژەی دەنگدان ٤٠ پۆینت یەک بووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز، دەردەکەوێت لەو پارێزگایەش کوردەکان ئەکتی هاوبەشیان هەبووەو کەمتر لە ٢٠ لەسەد دەنگیان داوە. بۆ نموونە لە شاری مەهاباد ١٧١ هەزار کەس مافی دەنگدانی هەبووە، تەنیا ٣٣ هەزارو ٦٩ کەس دەنگی داوە، کە رێژەی دەنگدانەکە دەکاتە ١٩ لەسەد. یان لە شاری بۆکان ١٧٩ هەزار کەس مافی دەنگدانی هەبووەو تەنیا ٣٥ هەزارو ٨٨٣ کەس دەنگی داوەو رێژەکەش دەکاتە ٢٠ لەسەد. 



بەڵام بۆچی رێژەی دەنگدان لە پارێزگای ورمێ گەیشتووەتە سەرو ٤٠ لەسەد؟ هۆکارەکە سەنتەری شاری ورمێ و ئەو شارانەن کە زۆرینەی تورکی ئازەرین. بۆ نموونە لە سەنتەری شاری ورمێ ٨١١ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبووەو ٣٨٦ هەزارو ٣ کەس دەنگیان داوە، کە دەکاتە سەروو ٤٧ لەسەد. یان لە شاری خۆی ٢٩١ هەزارو ٤٧ کەس مافی دەنگدانی هەبووە و، ١٢٧ هەزارو ٤٩٩ کەس دەنگیان داوە، کە رێژەکە دەکاتە سەروو ٤٤ لەسەد. رێژەی شارەکانی دیکەی تورکی ئازەری نشینیش هەر وابووە. 





نزیکەی ٣٢٠ هەزار کەس لە شاری سنە و کامیاران مافی دەنگدانیان هەبووە، بەپێی بەدواداچوونەکان کەمتر لە ٣٥ هەزار کەس دەنگی داوە، کە نزیکەی ١١ لەسەد دەکات. بەهەمان شێوە لە شاری مەریوانی پارێزگای سنە ١٦١ هەزار کەس مافی دەنگدانی هەبووەو تەنیا ٢٥ هەزارو ٣٨٥ کەس دەنگی داوە، کە دەکاتە ١٥ لەسەد. لە سەروئاواش ٢٤ لەسەد خەڵک دەنگی داوە، بەڵام شارەکانی سەقز و بانەش بەشداری ژێر ١٥ لەسەد بووە. جگە لە دوو شار، سەرجەم شارو گوندەکانی پارێزگای ورمێ رێژەی دەنگدانیان لە ١٠ بۆ ١٥ لەسەد بووە، تەنیا دوو شاری قوروەو بیجار رێژەی دەنگدان سەروو چڵ لەسەد بووە، بۆ نموونە لە شاری بیجار نزیکەی ٧٠ هەزار کەس مافی دەنگدانی هەبووەو ٣٠ هەزارو ١٣٣ کەس دەنگی داوە، کە دەکاتە نزیکەی ٤٤ لەسەد. 



پارێزگای کرماشان لەو هەڵبژاردنەدا دیاردەیەکی نوێی سیاسیی و دژە ناوەندی داگیرکەر بوو، ئەگەرچی لەهەڵبژاردنەکانی پێشوو بەهۆی هاوکاتبوون لەگەڵ هەڵبژاردنی شۆرا و هەڵبژاردنی مەجلیس هەتا رادەیەک پەیوەندی نێوان کرماشان لەگەڵ ناوەند دەکەوتە پەراوێزی تایبەتمەندیی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام ئەمجارە چوونکە تەنیا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بوو، کرماشان بایکۆتێکی گشتگیری ئەو بەناو هەڵبژاردنەی کرد. 

بەپێی ئاماری فەرمی حکومەت، لەپارێزگای کرماشان ٣٢ لەسەد دەنگی داوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی رۆژهەڵات نیوز لە چەندین شاری سەر بەو پارێزگایە دەردەکەوێت، بەشداریکردنەکە لەو رێژەیەش کەمترەو ژمارەکان زۆر هاوتەریبی شارەکانی دیکەی پارێزگای سنەو ورمێن. بۆ نموونە لە روانسەر ٣٨ هەزار کەس مافی دەنگدانی هەبووە، بەڵام تەنیا ٧ هەزارو ٥٠٠ کەس دەنگی داوە، کە دەکاتە ١٩ لەسەد. جوانرۆ یەکێک لەوشارانەیە کە کەمتری دەنگی داوە، لە جوانرۆ ٥٤ هەزار کەس مافی دەنگدانی هەبووە، بەڵام تەنیا ٩ هەزارو ٥٠٠ کەس دەنگی داوە کە دەکاتە ١٧ لەسەد. پاوە ٢٥ لەسەد و سەلاسی باوەجانیش ٢١ لەسەد دەنگیان داوە. ئەوەی رێژەی دەنگدانەکەی لە کرماشان گەیاندووەتە ٣٠ لەسەد، سەنتەری شاری کرماشان بووە کە دەنگدەری خانەی سازمانی دەوڵەتی، غەیرە کوردەکان و هەندێک مەزهەبیش‌کاریگەری هەبووەو دەنگدان لەسەرنتەری شار نزیکەی ٤٠ لەسەد بووە، بەڵام لە شارەکانی پارێزگا لەزۆربەیان وەکوو باسکرا، رێژەی دەنگدان لەژێر بیست لەسەد بووە.



پارێزگای ئیلام زۆرترین دەنگی لەو هەڵبژاردنە داوە، رژێم رایگەیاندووە کە نزیکەی ٤٧ لەسەد دەنگ دراوە، بەڵام لە ئیلامیش بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز، شارەکان ئەکتی جیاوازی ماناداریان هەبووە. بۆ نموونە لەئابدانان کە ٣٣ هەزار کەس مافی دەنگدانی هەبووە، نزیکەی ١٥ هەزارو ٥٠٠ کەس دەنگی داوە، کە رێژەکە زۆرەو دەکاتە ٤٧ لەسەد. بەڵام لەهەمان پارێزگا لە دێلوران تەنیا ١٥ لەسەد دەنگی داوە. لەدێلوران ١٥٠ هەزار کەس مافی دەنگدانی هەبووە، بەڵام ٢٢ هەزارو ٧٠٠ کەس دەنگی داوە، کە دەکاتە نزیکەی ١٥ لەسەد.



لەسەنتەری شاری ئیلامیش بەهۆی رێژەی زۆری خانەی سازمانی، دەنگدەری غەیرە کورد، هەتا رادەیەک مەزهەب و هاوکات کارمەندی زۆری غەیرەکوردی دەروازەی سنوورو گومرکی مێهران و پێترۆشیمییەکان کە لە شاری ئیلام دەژین، رێژەی دەنگدان سەروو ٤٥ لەسەد بووە. لە پارێزگای ئیلامیش لە سەراوڵە، مەلەکشاهی، سیروان و ئەیوانیش رێژەی دەنگدان لەنێوان ١٥ بۆ ٢٥ لەسەد بووە.