تاکوو ئێستا لانیکەم ١٠ چالاکی مەدەنی لە کامێران و دەورووبەری بەهۆی رێورەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی نوێترین شەهیدی ژینگە دەستبەسەرکراون.
ئیسماعیل کەریمی چالاکوانی ژینگە رۆژی دووشەممە یەکی گەلاوێژ لەکاتی گوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی دەورووبەری کامێران سووتا و دواتر بەهۆی قورسی بڕینەکەی رۆژی چوارشەممە کۆچی دوایی کرد و بووە نوێترین شەهیدی ژینگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
هەر لەو رۆژەدا تەرمی شەهید ئیسماعیل لە رێورەسمێکی بە شکۆدا کە هەزاران کەس بەشداری بوون، لە گوندی نەجەف ئاوای کامێران بە خاک سپێردرا. بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لەکاتی گەرانەوەی بەشداربووان بۆ شارو گوندەکانیان بەشێک لە چالاکوانەکان لە چێشتخانەی کوهستان لەجادەی نێوان سنە بۆ کامێران لادەدەن، هەر لەوێ هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران هەڵدەکوتنە سەر ئەو چێشتخانەیە و هەر لەوێ لانیکەم ١٠ چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێز دەستبەسەر دەکەن.
ناسنامەی هەشت کەس لە دەستبەسەرکراوان دەست ماڵپەری مافی مرۆڤی هەنگاو کەوتووە، کە بریتین لە خەلیل پەرەندەک، یاسر نووری، فەریدە وەیسی، حەمیدە سەبزە، فەرزین موەفەقی، ئەمیر نەدیمی، حیسام مەهدی و ئامانج قوربانین. دەستبەسەرکراوان هی شارەکانی پاوە، جوانرۆ، روانسەر و کامێرانن. هێزەکانی سوپای پاسداران بە هەڕەشەو تووندوتیژی ئەو چالاکوانانەیان دەستبەسەرکردووەو تەنانەت چەکیشیان لێ راکێشاون.
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، جگە لەو کەسانەی ناویان هاتووە، ژمارەیەک چالاکوانی دیکەش بەهۆی ئەو رێورەسمە دەستبەسەرکراون و ئاگاداری و هۆشداریش بە ژمارەیەکی دیکە لە چالاکوانانی ژینگەپارێزی دراوە.