26 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

حەماس لە ماڵی خۆی کوژرا! خانەخوێ‌ تۆڵەی پێدەکرێتەوە؟

حەماس لە ماڵی خۆی کوژرا! خانەخوێ‌ تۆڵەی پێدەکرێتەوە؟
11 . گەلاوێژ . 2724


بەرپرسی دەفتەری سیاسی حەماس و کەسی یەکەمی سیاسی ئەو رێکخراوەیە لە شوێنی مانەوەی لە تاران کوژرا، خامنەییش‌ دەڵێ ناهێلین خوێنی بەفیرۆ بروات و تۆڵە دەکەینەوە.


سەر لەبەیانی رۆژی سێشەممە ٣١ی ژوئیە سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیاندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی دەفتەری سیاسی و کەسی یەکەمی سیاسی حەماسی لە تاران راگەیاند، هەواڵەکە بەمشێوەیە دارێژرابوو، کە شوێنی مانەوەی هەنیە لەلایەن ئیسرائیل کراوەتە ئامانج و ئیسماعیل هەنیەو پارێزەرێکی کوژراون.

ئەو هەواڵە زوو ئێران و ناوچە و بگرە جیهانیشی هەژاند. ئیسماعیل هەنیە بۆ رێورەسمی سوێندی یاسایی خواردنی مەسعوود پزیشکیان لە تاران بوو، رۆژی پێشتری لەگەڵ عەلی خامنەیی رێبەر و پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران کۆببوویەوەو بەشداری لە چەندین چالاکی و پێشانگای پەیوەندیدار بە فەڵەستین کردبوو. بەڵام هەمان شەو لە تاران دەکرێتە ئامانج و دەکوژرێت.

ئەگەرچی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەدوای کۆبوونەوەی کابینەکەی داوای لە بەرپرسانی کابینەکەی کردبوو، دوور و نزیک باس لە کوژرانی هەنیە لە تاران نەکەن. بەڵام بەشێک لەسەرچاوە هەواڵەکان و هەندێک سەرچاوەی سەربازی و سیاسی باڵای ئیسرائیل پشتراستیان کردەوە کە کەسی یەکەمی حەماس لەلایەن ئیسرائیل کراوەتە ئامانج و کوژراوە.

کاردانەوەکان هەر زوو دەستیپێکرد، عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند کە ناهێڵن خوێنی میوانەکەیان بەفیرۆ بروات، گوتیشی زەمینە بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دەرەخسێنن. دواتر سوپای پاسدارانیش لە پەیامەکەیدا هەر ناراستەوخۆ باسی لە تۆڵەکردنەوە کرد، لەراگەیاندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتبوو کە ئەوان لەرێگەی بەرەی موقاومەت تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە.

رۆژی دواتر نیۆیۆرک تایمز لەسەرزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند کە عەلی خامنەیی فەرمانیکردووە کە تۆڵە لە ئیسرائیل بکەنەوەو هەندێک شوێن لەناو خاکی ئیسرائیل بکەنە ئامانج. دواتر سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد کە لە ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا سوپای پاسداران بە مووشەک و درۆن هەندێک ناوەندی سەربازی لە نزیک تەلەڤیڤ و حەیفا دەکەنەوە ئامانج. لەگەڵ ئەوەش ئیسرائیل لەرێگەی لایەنی سێیەم بە ئێران و لوبنانی راگەیاندووە، کە ئەوان ئامادەن شەڕێکی بەرفراوان و گەورە بکەن. بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند کە بەتووندی وەڵامی هەر هەڕەشەیەک دەدەنەوەو لەگەڵ هەموو لایەنە ئیسرائیلییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی شەڕێکی گەورە بەرێوەببەن.