سەرچاوە: تەلەگراف
وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز
گۆڤاری تەلەگراف لە راپۆرتێکدا کە لەلایەن جووتام کۆنفینوو ئامادە کراوە، باس لە ئەگەر و بژاردەکانی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دەکات و هاوکات روونیشی دەکاتەوە لە چ حاڵەتێکدا شەڕەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت و دەبێتە شەڕێکی گەورەی نێوان دوو وڵات.
لە راپۆرتەکەدا، ئەوە روونکراوەتەوە کە ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشێکی گەورە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و پێیوایە کە ئەو دۆخەی ئێستا تەنانەت لەو کاتەشەوە هەستیارترە کە کونسوڵگەری ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج یان تەنانەت لە حەوتی ئۆکتۆبەریش ئاڵۆزترە. هەر لەبەر ئەو هەستیارییەوە ئەمریکا دەیان فرۆکەی شەڕکەرو کەشتی فڕۆکەهەڵگری رەوانەی ناوچە کردووە، تەنانەت بەریتانیاش کەشتی فڕۆکەهەڵگری سەڵتەنەتی رەوانەی کەنداو کردووە، بۆ ئەوەی بۆ پاراستنی ئیسرائیل ئامادەیی تەواوی هەبێت.
ئەو رۆژنامەنووسەی گۆڤاری تەلەگراف ئەو پرسیارە دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێران چۆن دەتوانێ وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە؟ سەرجەم شێوازەکانیشی ڕوونکردووەتەوە.
هێڕش بە مووشەک و درۆن
ئێران خاوەنی سێهەزار مووشەکی باڵستییە، هەربۆیە دەتوانێ زیانێکی زۆر لە ئیسرائیل بدات. راپۆرتەکە هێرشەکەی مانگی ئاڤریل وەبیردەهێنێتەوە، کە ئێران بە چەندین درۆن، مووشەکی کروز و مووشەکی باڵستیک ئیسرائیلی کردە ئامانج. هاوکات حوسییەکانی یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنانیشدەتوانن بەهەمان شێوە پەلاماری سنوورەکانی ئیسرائیل بدەن.
بەپێی راپۆرتەکەی تەلەگراف، لەگەڵئەوەی ٩٩ لەسەدی مووشەک و درۆنەکان لە ئاسمان کرانەوە ئامانج و خرانەخوار و نەیانتوانی هیچ زیانێکی جیدی لە ئیسرائیل بدەن. لەگەڵ ئەوەشئەمجارە ئێران دەتوانێ لە رێگەی درۆنە پێشکەوتووەکانی کە توانای هەڵگرتنی مووشەکی زیرەکیان هەیە، زیان بە ئیسرائیل بگەیەنن. درۆنی شاهیدی ١٣٦ یەکێک لەو بژاردانەیە، کە توانای هەڵگرتنی ٢٠ بۆ ٤٠ کیلۆگرام تەقەمەنی هەیە.
هێڕشی سایبری
ئیسرائیل چاوەروانی ئەوە دەکات کە هێرشی سایبری بۆ سەر ژێرخانەکانی بکرێت. راپۆرتەکەی تەلەگراف، راپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢٠ی فایننشال تایمز وەبیردەهێنێتەوە، کە تێیدا هاتبوو کە ئێران ویستوویەتی لەرێگەی هێرشی سایبری رێژەی کولێری ئاوی بەنداوەکانی ئەو وڵاتە زیاد بکات.
لە ساڵانی رابردوودا ئێران چەندین هێرشی سایبری بۆ سەر ئیسرائیل کردووە، بۆ نموونە هێرش بۆ سەر فرۆکەخانەی بن گۆریۆن، ماڵپەرە حکومەتییەکان و پاڵاوگە نەوتییەکان. هەربۆیە پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە جارێکیتر ئێران لە شێوازی تۆڵەکردنەوەکەیدا بیر لە هێرشی سایبریش بکاتەوە.
بەئامانجگرتنی بالیۆزخانەکان (سەفارەتخانە)
بەپێی راپۆرتەکەی تەلەگراف، هاووڵاتییەکانی ئیسرائیل، جووەکان و بالیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە وڵاتانی جیهانیش ئامانجێکی دیکەن کە ئێران دەتوانێ پەلاماریان بدات. پێی ئەو رووداوانەش چەندین جار ئیسرائیل چەندین هەوڵی ئێران و دارودەستەکانی لە ئوروپا و ئەمریکای باشوور لەدژی هاووڵاتیانی پووچەڵکردووەتەوە.
بەپێی نووسینەکەی تەلەگراف، ئەگەر ئێران یەکێک لە بالیۆزخانەکانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج، بالیۆز یان بەرپرسێکی ئیسرائیل بکوژێت. لەبەرامبەریشدا تەلەڤیڤ هێڕش بۆ بالیۆزخانەیەکی ئێران دەکات، یان فەرماندەیەکی باڵای دەکوژێت و بەمشێوەیە تۆڵە دەکاتەوە.
یارمەتی وەرگرتن لە حیزبوڵڵای لوبنان
لە نووسینەکەی تەلەگرافدا هاتووە، لەدوای حەوتی ئۆکتۆبەر حیزبوڵڵای لوبنان حەوت هەزار موشەکی دژە تانک و درۆنی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووەو تاکوو ئێستا ٤٠ هاووڵاتی ئیسرائیلی کوشتووە. ئێستاش دوای کوژرانی فواد شۆکر فەرماندە باڵاکەی حیزبوڵڵا، ئەو گروپەش بەدوای تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دایە.
بەپێی بەراوردەکان حیزبوڵڵا ١٥٠ هەزار مووشەکی هەیە، کە ٤ هەزارو ٥٠٠ یان دەتوانن بگەنە ناوەندی ئیسرائیل. بەشێک لەو مووشەکانە زیرەکن و دەتوانن ئامانجی خۆیان بپێکن، ئەوەش گرفتێکە بۆ ئیسرائیل. کەواتا ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە دەتوانێ کەڵک لە حیزبوڵڵاش وەربگرێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەش تاکوو ئێستا ئایرۆن دۆمی ئیسرائیل سەرجەم مووشەکەکانی حیزبوڵڵای پێکاوەو خستوونیەتە خوار، بەڵام بەپێی راپۆرتەکەی تەلەگراف، ئەگەر رێژەی مووشەکەکان لە یەک کاتی دیاریکراودا زۆر بن، رەنگە زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت.
پرۆکسییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران
تاکوو ئێستا دیار نیە کە تاران راستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل یان نا. تەلەگراف پێیوایە کە ئەو ئەگەرەش هەە کە ئێران جارێکیتر لە رێگەی پرۆکسییەکانی لە لوبنان، یەمەن، عێراق و تەنانەت سوریە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە بکاتەوە. جا ئەگەر ئەو کارە بکات، جارێکیتر تاران پەیامێک دەداتە تەلەڤیڤ کە نایەوێ شەڕی راستەوخۆ بکات.
ئەگەرەکانی دوایی؟
بەپێی راپۆرتەکەی تەلەگراف، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی ئیسرائیلییەکان و بەتایبەت وەزیرەکانی کابینە لەگەڵ ئەوەن شەڕێکی تەواو لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایش بۆ باکووری ئیسرائیل بگەرێتەوە. بەڵام نەتانیاهۆ نایەوێلەچەند بەڕەوە بچێتە شەڕەوە. لەگەڵ ئەوەش کارناسانی ئیسرائیل پێیانوایە کە ئەگەر ئێران هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل بکات و قوربانی لێبکەوێتەوە، هیچ چارەیەکی دیکە جگە لە شەڕێکی گەورەی رووبەروو نامێنێت.
بەپێی لێکدانەوەی گۆڤاری تەلەگراف، بڕیاری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ وازهێنان لە کێبەرکێی هەڵبژاردن، ئەو بوێرییەی بە بنیامین نەتانیاهۆ داوە کە سەربەخۆترو تووندتر کار بکات. هاوکات نەتانیاهۆ پێیوایە مادام جۆبایدن نایەوێ ببێتەوە سەرۆکی وڵات، کەوایا بۆ پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل لەهەموو ئەگەرەکان دەستی کراوەترە.
بەپێی راپۆرتەکە، لەهەر حاڵەتێکدا رێژەی قوربانییەکانی ئیسرائیل، دەتوانێ جۆری کاردانەوەی ئەو وڵاتە بەرامبەر ئێران دیاری بکات. ئەگەر هێڕشەکانی ئێران، زیان لە ژێرخانەکان و خەڵکی مەدەنی بدات، ئەوا ئیسرائیلیش وەڵامەکانی تووندترو کاریگەرتر دەبن. تەلەگراف لە کۆتاییدا دەنووسێ، بەهۆی زۆری مەودای نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئیمکانی شەڕی سەر زەوی و راستەوخۆ کەمتر دەکاتەوە، هەربۆیە شەڕەکە لە تووندترین ئاستیشیدا هەر ئاسمانی دەبێت و لێدان لە بنکە ئەتۆمییەکانیش یەکێک لە بژاردە هەرە بەردەستەکانە.