26 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئێران رەنگە پێداچوونەوە بە تۆڵەکردنەوەی لە ئیسرائیل بکات

ئێران رەنگە پێداچوونەوە بە تۆڵەکردنەوەی لە ئیسرائیل بکات
19 . گەلاوێژ . 2724

سەرچاوە: گاردیەن

وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز


رەنگە ئێران خەریکی پێداچوونەوە بە شێوازو ئاستی تۆڵەکردنەوەکەی لە ئێسرائیل بێت، چوونکە وڵاتانی ئیسلامی هیچ‌ پشتیوانییەکیان لە ئێران بۆ هێرشکردن بۆ سەر ئیسرائیل نەکردووەو هەر بۆیە پێدەچێ تۆڵەکردنەوەکە نەکرێت یان دوا بکەوێت.


لەگەڵ ئەوەش بەپێی راپۆرتەکان، بەرپرسانی ئیسرائیل بەو ئەنجامە گەیشتوون کە لە چەند رۆژی داهاتوودا حیزبوڵڵای لوبنان بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی فواد شوکر فەرماندە باڵاکەیان، هەندێک هێڕش بۆ سەر خاکی ئیسرائیل بکات. 

سەرچاوە ئەمریکایی و ئیسرائیلییەکان لە رۆژانی رابردوو رایانگەیاندووە کە ئێران لەژێر گووشارێکی زۆری دیپلۆماسی دایە، لەهەموو لایەکەوە داوای لێدەکرێت کە نابێ هێرشەکەی زیانی مەدەنی لێبکەوێتەوە، هەربۆیە ئێران خەریکی بەرنامەرێژییە بۆ ئەوەی بەرێوەبەرانی کوشتنی ئیسمائیل هەنیە لە تاران بکاتە ئامانج، بەتایبەت ژمارەیەک بەرپرسی موساد و هەواڵگرییەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.

لە کۆبوونەوەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە جەدە، ئەگەرچی کوشتنی هەنیە مەحکووم کراوەو ئەندامان ئەو کارەیان بە پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشێڵکردنی سەروەری و ئاسایشی ئێران لێکدراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش‌ هیچ پشتیوانییەکی فەرمی لەئێران لەبەرامبەر ئیسرائیل نەکراوە. 

رۆژی چوارشەممە، نەتانیاهۆ لەکاتی سەردانیکردن بۆ بنکەیەکی سەربازی لە تەل هاشوومەر بە سەربازەکانی گوتووە:" وڵاتەکەی بۆ بەرگری و تەنانەت هێرشکردنیش‌ ئامادەیە و ئێمە پێداگرین لەسەر بەڕگریکردن لەخۆمان." بۆ ئەو ماوەیە تەنانەت نەخۆشخانەکانی باکووری ئیسرائیل و لوبنان بۆ ئەگەری هێرشی ئێران یان حیزبوڵڵا لە ئامادەباشیدان. هاوکات لە زۆربەی شارەکانی باکووری ئیسرائیل کۆبوونەوەو رێورەسمەکان قەدەغە کراون.

لەهەوڵەکان بۆ زیادکردنی گوشاری دیپلۆماتیک بۆ سەر ئیسرائیل، مالیزی لە کۆبوونەوەی جەدە پێشنیاری کردووەکە پرسەکە بۆ دادگای نێودەوڵەتی رەوانە بکرێت، بۆ ئەوەی لەسەر دروستکردنی شەهرەکەکانیش‌ گوشارێکی دیکەی دیپلۆماسی بۆ سەر ئیسرائیل بهێندرێت. 

لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی ئیسلامی بەجۆرێک دەیانەوێ‌ گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی بۆ سەر ئیسرائیل بهێنن، کە هەمووی پەیوەندی بە پرسی غەزە هەیە، بەڵام بە کردار بە نیسبەت کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران هیچ پشتیوانی کرداری لە ئێران ناکەن، بۆ نموونە لەدوا پەیوەندی ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئۆردن و عەلی باقری کەنی سەرپرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، نوێنەری ئۆردن رایگەیاندووە کە ئەوان بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن مووشەک یان درۆنی ئێرانی بەسەر ئاسمانی ئەواندا تێپەرێت. زۆربەی وڵاتانی دیکەی عەرەبیش هەمان هەڵوێستیان هەبووە.

لەگەڵ هەموو ئەوانە لەناوخۆی ئێران رۆژنامەکانی ریفۆرمخوازەکان باس لەوە دەکەن کە ئەگەر ئێران لە هێرشکردن بۆ سەر ئیسرائیل پاشگەزبێتەوە، پێگەی خۆی لەناوچە بەهێز دەکات و ئیسرائیل دوورەپەرێز دەکات و پێگەی ئێران بۆ بەدیهێنانی ئاشتی دەردەخات.

ئەمریکا جارێکیتر هۆشداری بە ئێران داوە کە ئەگەر بیەوێ خاکی ئیسرائیل بکاتە ئامانج، هەر وەکوو هێرشەکەی پێشوو هاوپەیمانییەکی سەربازی ناوچەیی و جیهانی لەدژی تاران کۆدەکاتەوە. واشنتن ئەو هۆشدارەیشی بە ئێران داوە کە گفتوگۆکانی حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاڵوگۆری بەندکراوەکانی هەردوولا لە ئارادایەو نابێ دۆخێک برەخسێندرێت کە کێشە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی حەماس و ئیسرائیل لە دەوحە دروست بکات.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئیمانوئێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا بۆ دووەمجار داوای لە مەسعود پزشکیان هاوتا ئێرانییەکەی کرد، کە تاران دەبێ‌ خۆی لە پەرەپێدان بە تووندوتیژییەکان دوور بگرێت. لەگەڵ ئەوەی وەڵامی پزیشکیان ئەوە بووە:" تاران لەبەرامبەر دەسترێژی بۆ سەر ئاسایش و ئەمنیەتی وڵاتەکەی بێدەنگ نابێت."

ئێران لە بێدەنگی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا تووڕەیە، چوونکە ئەوان کوشتنی ئیسماعیل هەنیە لە تارانیان مەحکووم نەکردووە، لەگەڵ ئەوەش تاکوو ئێستا ئیسرائیل هیچ‌ ئاماژەیەکی نیشان نەداوە کە بیەوێت لە ئاگربەستی غەزەدا ئیمتیازێک بدات. ئێران هەروەها پێیوایە بێدەنگی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرامبەر کوژرانی هەنیە لەتاران، هیچ‌ رێگەیەکی بۆ نەهێشتوونەتەوە جگە لەوەی بەشێوەی تاک لایەنە تۆڵەیەکی سەربازی لەئیسرائیل بکاتەوە.

بەڵآم لەگەڵ ئەوەی خەریکە نزیک دەبینەوە لە تێپەربوونی دوو هەفتە لە کوژرانی هەنیە لەتاران، بەڵام هەست ناکرێت ئێران هەوڵی دروستکردنی شەڕێکی ناوچەیی بدات، کە زیانی زۆر لە ئیسرائیل بدات. رەنگە جگە لە گوشارە ناوچەیی و رۆژئاواییەکان بۆ سەر ئێران، دۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتەش هۆکارێکی دیکە بێت. لەناوخۆی ئێران مەسعوود پزیشکیان خەریکە کابینەی دەوڵەت پێکدەهێنێت و بڕیارە رۆژی یەکشەممە کابینەکەی بۆ مەجلیس بنێرێت. پزیشکیان دەیەوێ دەوڵەتی وەحدەتی میللی دروست بکات، کە تەنیا لەژێر کۆنترۆڵی ریفۆرمخوازەکان نەبێت. عەباس عێراقچیش‌ کاندیدی وەزیری دەرەوەی ئێرانە.

کابینەی نوێ، رووبەرووی تووڕەییەکی گشتی دیکە بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران تووندوتیژیی بەرامبەر دوو کچی تازەپێگەیشتوو کردووەو ڤیدیۆکەشی وایرال بووە. هاوکات شەپۆلێکی دیکەی لەسێدارەدان لە ئێران دەستی پێکردووە.