26 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

تاوانی مرۆڤایەتی بەرامبەر کەمینە ئەتنیکییەکانی ئێران کراوە

تاوانی مرۆڤایەتی بەرامبەر کەمینە ئەتنیکییەکانی ئێران کراوە
19 . گەلاوێژ . 2724


نوێنەری دۆزینەوەی راستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە، ئیتنیکەکان لەئێران بەردەوام سەرکوت دەکرێن و، ئەوەش‌دوای بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی زیادیشی کردووە.


ژنێڤ: لەدوای خۆپێشاندانەکانی بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی، کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە ئێران  و بەتایبەت کەمایەتییە کورد و بەلووچەکان کەوتوونەتە ژێر گووشار و، ئەو هەڵاواردنانەش دەبێ‌ دەستبەجێ کۆتایی پێبێت.


ئەم توێژینەوەیە کۆمەڵێک پێشێلکاریی گەورەی مافی مرۆڤ بەڵگە دەکات کە هێزە ئەمنییەکان لە ئێران دژی ئەندامانی کەمینەکان (نەتەوەکانی دیکە)ئەنجامیان داوە، لەوانە مردنی نایاسایی، لەسێدارەدانی دەرەوەی دادگا، بەکارهێنانی هێزی کوشندە، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی سێکسی، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و گۆشەگیری جێندەری – کە زۆربەیان دەگەنە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی. منداڵانی سەر بە کەمینە ئەتنیکی و ئایینییەکان لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکاندا تووشی پێشێلکارییەکی گەورە بوون، لەوانە کوشتن و کەمئەندامکردن، دەستگیرکردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دەستبەسەرکردن، هەروەها ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردنە سەر و جۆرەکانی تری توندوتیژی سێکسی، کە لە ئەنجامدا زیانێکی درێژخایەنی لێکەوتووەتەوە.

ژنانی سەر بە کەمینە ئەتنیکیی و ئاینییەکان بەشێوەی جیاواز زیانیان بەرکەوتووە، چوونکە هەڵاواردن و توندوتیژی پێشوەختە لە دژی ئەوان وەکوو ژن، هەروەها وەکوو کەمینە ئەتنیکیی و ئاینییەکان زیادیکردووە. هاوکات کاریگەرییەکانی سەر منداڵان بەشێوەیەکیترە، کە رەنگە بۆ دەیان ساڵی داهاتوو زیانە هەمەلایەنەکانی بمێنێتەوە.

نارەزاییەکان بەهۆی کوژرانی نایاسایی ژینا مەهسا ئەمینی لە مانگی سێپتامبەری ٢٠٢٢ بوو، ژینا کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی ئێرانی-کوردی بوو، کەدوای دەستبەسەرکردن لەلایەن پۆلیسی ئەخلاق بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە حیجابی زۆرەمڵێ بەهۆی تووندوتیژی پۆلیس گیان لەدەست دەدات.

 کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان درێژترین و کاریگەرترین بەشداریان لە بزوتنەوەکەدا هەتا ٢٠٢٣ هەبووە، ئەوان ئێستا رووبەرووی هێرشێکی بەرفراوان بوونەتەوەو پێشتریش‌دەیان ساڵە جیاکاری و هەژاری بەسەریاندا سەپاوەو نادادپەروەریان بەرامبەر کراوە. بەردەوام دۆخێکی سەربازی لە پارێزگاکانی سەر سنوور کە کەمینە ئەتنیکییەکانی تێدایە، هەبووە. هەر ئەوەش وایکردووە لە درێژەی بزوتنەوەکەدا زۆرترین کوژران و بڕیندار هی ئەو ناوچانە بێت.

ئەتنیکەکانی کورد، بەلووچ، هەروەها تورکە ئازەرییەکان، عەرەبەکانی ئەهواز کە زۆربەیان سوننە مەزهەبن، زۆرترین تووندوتیژیان بەرامبەردا دەکرێت. ئەویش لە سیستەمێکدا کە زۆرینەیان شیعە مەزهەبن.

نوێنەرایەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە وتارەکەیدا ڕایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان بە چڕرو پڕی دەستیان کردووە  بە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی ئەندامانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان کردووە یان هاوسۆزییان لەگەڵ بزووتنەوەکە دەربڕیوە. لەھەمان کاتدا لە

ژێر بارودۆخێکی نامرۆڤانە، کەوتوونەتە ژێر ئەشکەنجەدان، مامەڵەی خراپ، دەستدرێژی و جۆرەکانی تری توندوتیژی سێکسی و جێندەری.

هەر بەو هۆکارانە ئەو ئەتنیکانە لەبەردەم دادگاییکردنی نادادپەروەرانەدا بوونە، زۆرکات چالاکییەکانی کەمینە ئەتنیکییەکان وەکوو چالاکییەک لەدژی ئاسایشی نیشتمانی سەیر دەکرێت. لەدوای خۆپێشاندانەکانی ٢٠٢٢ وە، ژمارەیەکی زۆر لەوان لەسێدارە دران، ئەوەش‌ کاریگەری لەسەر ساردبوونەوەی خۆپێشاندانەکان هەبووە.

لەو شەپۆڵەدا چالاکوانەکانی مافی کەمینەکان، ژنان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، چالاکانی کرێکاران و کەسایەتییە ئاینییەکان کراونەتە ئامانج. راپۆرتەکەی کۆمیتەی دۆزینەوەی راستییەکان پێیوایە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای جێندەری، ئەتنیکی و  ئایینی لەئێران کراوە.

نزیکەی نیوەی چاوپێکەوتنەکانی کۆمیتەی دۆزینەوەی راستییەکان لەگەڵ قوربانی و شایەتحاڵەکانی کەمینەکان بووە، بەشێکی زۆر لەو رووداوانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، هی پارێزگاکانی کەمینە ئەتنیکییەکان بووە. بەپێی راپۆرتەکە زۆربەی ئەو کەس و لایەنانەی بەرپرسن لەو کردەوە نامرۆڤانانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکراوە. کۆمیتەکە داوای قەرەبووی قوربانییەکان و لێپرسینەوە لە بکەڕەکانی لە ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا بکرێت، بەتایبەت دەبێ‌مافی قوربانییەکان و لەنێویاندا مافی ژنان و منداڵانی کەمینە ئەتنیکییەکان بگەرێندرێتەوە.