26 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

کێ لەیلا و شەکیبای کوشتووە، ئەوان بۆ کوژران؟

کێ لەیلا و شەکیبای کوشتووە، ئەوان بۆ کوژران؟
31 . گەلاوێژ . 2724

سەر لەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە ٣١ی گەلاوێژ، هەوالێک رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای کرماشانی هەژاند، تەرمی دوو کچ لەدەورووبەری گوندی وانیسەری سەلاسی باوەجانی دۆزرایەوەو ئەوەش خەڵکی ناوچەکەی تووشی شۆک کرد.

رۆژهەڵات نیوز، بەدواداچوونی بۆ ناسنامەی ئەو دوو کچە و هۆکاری گیان لەدەستدانیانی کرد. کچان کیمیا شەکیبا خەڵکی سەلاسی باوەجانی پارێزگای کرماشان و لەیلا زەندی خەڵکی کامیارانی پارێزگای سنەیە. 

بەپێی زانیارییەکانی شایەتحاڵەکان لە شوێنی رووداوەکە، سەبارەت بە رووداوەکە باس لەدوو زانیاری جیاواز دەکرێت، بەڵام هەموو سەرچاوەو شایەتحاڵەکانی رۆژهەڵات نیوز باس لەوە دەکەن، کە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو دوو کچەن.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، کیمیا و لەیلا پێشمەرگەی یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوونە، هەردووکیان بۆ ماوەیەک لە هەولێر نیشتەجێ دەبن و دواتر بڕیار دەدەن بگەرێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و، بەیەکەوە لە شاری سەلاسی باوەجانی ژیاون. هەر لەرۆژی گەرانەوەیان دەکەونە ژێر گوشاری ناوەندەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران. چەند جارێکیش لەیلا زەندی دەستبەسەر دەکرێت و دوای هەڕەشەو ئەشکەنجە ئازاد دەکرێت. یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە ئەمرۆ لەکاتی گواستنەوەی تەرمەکان لەوێ‌بووە، بە رۆژهەڵات نیوزی گوت کە ئەگەری ئەوە هەیە کە لەیلا و کیمیا بەهۆی گووشارەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بەیەکەوە خۆکوژیان کردبێت، باسیش لەوە دەکرێت کە ئەو کارەیان بە قورسی برینج کردبێت.

بەڵام سەرچاوەیەکی دیکە لە گوندی وانیسەر بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، ئەگەری ئەوەی کوژرابن زۆر زیاترە لەوەی کە خۆیان کوشت بێت. بەگوتەی ئەو ئەو دوو کچە رۆژی رابردوو بە تەکسییەک چوونەتە نزیکی ئەو شوێنەو بە شۆفێر تەکسییەکەیان گوتووە کە ئێوارە بێتەوە دوایان، هەربۆیە ئەوان ویستوویانە بگەرێنەوە ماڵ.

هاوکات هەمان سەرچاوە بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە دایکی لەیلا لەکاتی دۆزینەوەی تەرمەکان، سەرەتا رایگەیاندووە کە ئەوە کچی من نیەو نەیناسیوەتەوە، چوونکە رووخساری تەواو تێکچووەو شێواوە. ئەوەش دەریدەخات کە خۆیان نەکوشتووەو کەس یان کەسانێک ئەوانیان بەو شێوە دڕندانەیە کوشتووە. 

تاکوو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچیان لەسەر ئەو رووداوە باس نەکردووە، ناوەندە ئەمنییەکانی ناوچەش، بنەماڵەی هەردوو لا و کەسانی نزیکیانی ئاگادار کردووەتەوە، کە نابێ‌هەتا تەواوبوونی لێکۆلینەوەکان هیچ لێدوانێک بدەن.