لەدرێژەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، فرۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنانی بوردوومان کرد و سەدان کەس کوژراون و بڕینداربوونە.
ئەژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری چەند سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایکردووە، کە ئیسرائیل ئێوارەی رۆژی دووشەممە ناوچەی زاحیەی لە باشووری لوبنان بوردوومان کردووەو بەو هۆیەوە عەلی کرەکی فەرماندەی باڵای حیزبوڵڵای کوشتووە.
لەگەڵ ئەوەشحیزبوڵڵا لە راگەیاندراوێکدا کوژرانی ئەو فەرماندەیەی رەتکردووەتەوە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند کە بەهۆی بوردوومانەکانی ئەمرۆ ٣٦٥ کەس کوژراون و زیاتر لە هەزارو ٢٤٠ کەسیش بڕیندار بوونە. پێشتر فیراس ئەلبەیز وەزیری تەندروستی لوبنان رایگەیاندبوو کە لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا ٥ هەزار کەس بڕیندار بوونە، بڕیندارەکان هی تەقینەوەی پەیجەرو ئامێرەکانی پەیوەندیکردنیش دەگرێتەوە.
هەر رۆژی دووشەممە سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایانگەیاند کە لە هێرشەکانیان لەناو خاکی لوبنان بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا بەردەوام دەبێت.
لەلایەکی دیکە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخەکە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆن رایگەیاند کە بەهۆی هەستیاری دۆخەکە هێزی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکەن. لەئێستادا نزیکەی ٤٠ هەزار سەربازی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستن، بەڵام پێت رایدەر گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرایکردووە کە بەهۆی ئاڵۆزی دۆخەکە و بۆ پاراستنی ئیسرائیل هێزی دیکەش رەوانەی ناوچە دەکەن.