17 . ڕەزبەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

فەتانە وەلیدی لەتەمەنی ٧١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

فەتانە وەلیدی لەتەمەنی ٧١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
4 . ڕەزبەر . 2724

ئێوارەی دوێنێ، ژنە هونەرمەندی کورد، فەتانە وەلیدی لە تەمەنی ۷۱ ساڵیدا لە شاری سنە پاش ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشییدا، کۆچی دوایی کرد.

هونەرمەند “فەتانە وەلیدی”، کچی هونەرمەند “شەریف وەلیدی”، ١٩٥٣ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، لە تەمەنی ٦ و ٧ ساڵاندا بە هاندانی مامۆستا حەسەن کامکار، باوکی کامکارەکان نێردراوەتە ڕادیۆی سنە و لەوێوە سەرەتای گۆرانی وتن و کاری هونەریی دەست پێ کردووە.

دواتر بۆ ماوەیەک لە خوێندنگەی باڵای هونەری مۆسیقا لە شاری تاران وانەی خوێندووە، لەو سەردەمەدا لەگەڵ گۆرانیبێژانی وەکوو ساڵح پیرزەهیری، بەهائەدین نەورۆزی، هوشەنگ شگێرف، بێهرووز تەوەکولی و چەند هونەرمەندێکی تری کورد لە ڕادیۆی سنە چالاکیی هونەریی هەبووە.

هەرچەندە بەهۆی ناسەقامگیری گوزەران و تووشبوونی بە نەخۆشی “ئەلزەهایمەر” زۆر زوو کۆتایی بە کاروانی هونەری فەتانە هات و لە گۆرانی و میوزیک دوورکەوتەوە، بەڵام لەو تەمەنە کورتەشدا توانی ڕۆڵێکی مێژوویی و بەرچاوی لە هونەری مۆسیقای کوردیدا ببینێت و بەو دەنگ و چریکە تایبەتەیەوە لە کۆمەڵگەی ئەو کاتی کوردستاندا دەرکەوتنی وەک ژنە پێشەنگێکی هونەرمەند ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت.

ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە؛ دەنگ و ڕێچکەی هونەریی هونەرمەند “فەتانە وەلیدی”یە، کە وەک ژنە گۆرانیبێژێکی ڕچە شکێن جیا لەوەی گۆرانییەکانی لەو سەردەمەدا بەردەوام لەناو خەڵک و کۆمەڵگەدا دەوترایە و باس دەکرا، کاریگەریی لەسەر نەوەکانی دوای خۆشی هەبووە و چەندین گۆرانیی ئەو لەلایەن هونەرمەندانی دوای خۆی وتراونەتەوە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دەنگی فەتانە، ڕەسەنایەتی، خەم و ئازاری جیایی، نەرمونیانی، ئەڤینداری و سۆزدارییەکی پەتییە کە ژنیەتیی مرۆڤی کورد تێیدا قوڵپ دەدات و نەوە بە نەوەش ئەم هونەرە دەگوازرێتەوە.

بەشێک لە گۆرانییەکانی هونەرمەند فەتانە بریتین لە: “ئەی دڵی غەمینم بۆچ بێقەراری”، “لە ژین بێزارم”، “لای لای دڵم لای لە باغی سینەم”، “ئای لە دەس یارم ماڵی وێرانم”، “لە سەر ڕووی قامەتی یار”، “کەومل کەومل کەوملکە”، “هاتەوە یارم یاری وەفادارم”، “بێ تۆ بیمارم، بێ دۆست و یارم”، “ئاوا بێمێهر و مەرحەمەت، حەکیمی دەردەدار ئەبی”، “بەهارە فەسڵێکی خۆشە بەهارە” و چەندین گۆرانیی دیکە.