3 . خەزەڵوەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئۆجەڵان لە پەرلەمانی تورکیا…خەریکە چی روودەدات؟

ئۆجەڵان لە پەرلەمانی تورکیا…خەریکە چی روودەدات؟
1 . خەزەڵوەر . 2724

ئامادەکردن: رۆژهەڵات نیوز

لەو رۆژانەدا پەرلەمانتارێکی تورکیا گوتبووی ئیتر هەموومان دەبێ دەرمانی چارەسەری دڵمان پێ بێت، چوونکە شت گەڵێک دەبیستین کە هێندە شۆک و نوێن رەنگە ببنە هۆی راوەستانی دڵمان. ئەوە پێناسەی ئەو قسەوباسانەیە چەند رۆژێکە لە تورکیا و باکووری کوردستان دەبیسترێن.
یەکەم لێدوان لە چاوەرواننەکراوترین کەسی تورکیا بیسترا. دەوڵەت باخچەڵی سەرۆکی مەهەپە، یەکێک لە رەگەزپەرەسترین پارتەکانی تورکیا. دوای ئەو دەنگۆیانەی لەدوو هەفتەی رابردوو بڵاوکرانەوەو زۆر کەس تەنیا وەکوو دەنگۆ سەیری کرد، رۆژی سێشەممە دەوڵەت باخچەڵی بۆمبەکەی تەقاندەوەو گوتی ئیتر کاتی هاتووە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی تورکیا و قسە بکات. دەقی قسەکانی باخچەڵی بەمشێوەیە بوو:
''تەجرید یان تریکخراوی [ئۆجالان] هەڵبگیرێت و [ئەو] بێت لە مەجلیسی تورکیا لە کۆبۆنەوەی دەم پارتیدا قسە بکات و هاواری نەمانی تیرۆر [یانی پەکەکە] و هەڵوەشانەوەکەی ئەو ڕێکخراوە ڕابگەیەنێ و ئەو لێبڕاوییەی نیشان بدات. ئەگەر [ئەو] وەها تێگەیشتوویی و لێبڕاوییەک بنوێنێ، بە کارهێنانی [یاسای] مافی هیوا و ئیجرائات یاسایی و ئیمکانی کەڵک وەرگرتنی لەو [بە کارهێنانی یاسای هیوا]، با بەتەواوی ڕێگاکەی بکرێتەوە. [بەڵام] نە قەندیل و نە ئەدیرنە [یانی نە دەمیرتاش]، بەردەنگ [تەنیا] ئیمرالی و دەم بێت و ئەو نەنگ و کێشەی مێژوویی تێرور بەتەواوی لە ڕۆژەوەی وڵات بچێتەدەر.''
هەر زوو و لەهەمان ئەو هۆڵەی باخچەڵی قسەی تێداکردبوو، توڵای هاتیمئۆغڵوڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە وەڵامی سەرۆکی مەهەپەدا گوتی "دەبێت گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجەلان هەڵبگیردرێت. با بەڕێز ئۆجەلان بێتە دەرەوە، قسە بکات و هەموومان پێکەوە بزانین باسی چی دەکات. پێویستە هەنگاوی دەستبەجێ بۆ ئەم مەبەستە بنرێت. رێگەی چارەسەریی پرسی کورد دیارە. موخاتەبی ئاشتی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. رێگەی چارەسەریش پەرلەمانی تورکیایە."
بەلێدوانەکانی سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاک پارتییەوە دیاربوو، کە قسەکانی باخچەڵی لەخۆرا و بێ بەرنامە نەبووە، رەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆککۆماری تورکیاش رایگەیاند، ئەو پەنجەرەیەی لە لایەن تیفاقی جمهور کراوەتەوە، دەرفەتێکی مێژووییەو نابێ قوربانی حیساباتی شەخسی بکرێت.
جگە لە مەهەپەو ئاکپارتی، جەهەپەش نایەوێ لەو گۆرانکارییە خێرا و لێدوانە سەرسورهێنەرانە دوابکەوێت، ئۆزگور ئۆزەڵی سەرۆکی جەهەپە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی بەندکراوی پێشووی هەدەپەی کرد و تاووتوێی چەندین بابەتیان کردبوو. دواتر ئۆزەڵی رایگەیاند: "ئەگەر کەسانێک ئەم جۆرە بانگەوازانە بکەن، کە هەرگیز چاوەڕێمان نەدەکرد، ئەمە شتێک نییە رەتی بکەینەوە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت هەنگاوی دروستە لە بەرژەوەندیی تورکیا. جەهەپە لەم بابەتەدا نابێتە ئاستەنگ." سەرۆکی جەهەپە باسی لەوەش کردووە کە مەحالە باخچەڵی بەبێ ئەوەی داوای لێخۆشبوونی بۆ ئۆجالانی لە سەرۆککۆماری تورکیا کردبێت، ئەو بۆمبەی تەقاندبێتەوە.
دکتور کامران مەتین چاودێری سیاسیی لە کورتە نووسینێکدا سەبارەت بەو دەنگۆیانە باس لە چەند خاڵی سەرنجراکێش دەکات، بەگوتەی ئەو بەپێی دەستووری تورکیا ئەردوغان ناتوانێ‌ بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ سەرۆککۆماری کاندید بکاتەوە، هەربۆیە بۆ هەمووارکردنی دەستوور پێیوستی بە ٦٠%ی دەنگی پەرلەمان هەیەو بەمشێوەیە دەیەوێ دەم پارتی کە ٥٧ کورسی هەیە، بۆ لای خۆی رابکێشێت.
دکتور مەتین هۆکاری دووەمیش بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە کە تورکیا لە دەرهاویشتە ژیۆپۆلیتییەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەترسێت. بەرای ئەو تورکیا دەزانێ کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بروخێت، دەرفەتێکی کەم وێنە بۆ گەشەکردنی بزوتنەوەی کوردی دەرەخسێت و ئەوەش دەتوانێ‌ باکووری کوردستانیش‌ بگرێتەوەو ئەوەش‌دۆخێکی دژوار بۆ تورکیا دروست دەکات.
لەلایەکی دیکەشەوە محەمەد عیزدەین شارەزا لە کاروباری تورکیا خاڵێکی دیکەش دەخاتە سەر ئەو خاڵانە، ئەو پێیوایە مردنی فەتحوڵڵا گوڵەن سەرۆکی جەماعەتی خزمەتە. بەرای ئەو بەشێک لە تێکچوونی پێڤاژۆی ئاشتی پێشوو بەهۆی جەماعەتی خزمەت بووەو ئەوان گرفتیان بۆ دروستکرد، هەتا رادەیەک کە بڵاوکردنەوەی دەنگی کۆبوونەوەکانی ئۆسڵۆ لەنێوان میت و پەکەکەش هەر کاری جەماعەتی خزمەتی گوڵەن بووە.
وەستانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، بانگەشەی گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ خانوویەک لە گەڕەکێکی چانکایای ئەنقەرە و تەوقەکەی دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە دەستپێکردنەوەی وەرزی یاسادانان لە پەرلەمانی تورکیا و، دەستخۆشییەکەی ئەردۆغان لە باخچەلی بەهۆی پەیامەکەی ئەوەمان پێ دەڵێ کە لەرۆژانی داهاتوودا زۆر کەسی دیکە پێویستی بە چارەسەری دڵ دەبێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەواڵەکان لە نەخۆشی دڵ پارێزراو بێت.