15 . خەزەڵوەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techهەڵبژادرنی ئامریکا

وردەکاری ئەو شوێنانەی ئیسرائیل لەئێران وێرانی کردوون

وردەکاری ئەو شوێنانەی ئیسرائیل لەئێران وێرانی کردوون
6 . خەزەڵوەر . 2724

سەرچاوە: reuters-AP-wall street journal
دوو رۆژ دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، خەریکە وردە وردە قەبارەو ئاستی هێڕشەکەو ئەو زیانانەی بەر ئێران کەوتوون دەردەکەوێت.
هەواڵدەرییەکانی رۆیتێرز، ئاسۆشیتێدپرێس و رۆژنامەی وال ستریت ژورنال لە راپۆرتی جیاوازدا باسیان لەو پێگە سەربازی و توێژینەوە سەربازیانە کردووە، کە ئیسرائیل کردووینەتە ئامانج. رۆیتێرز دەڵێ زیان بە ناوەندی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ مووشەکی باڵستیک کەوتووە، وال ستریت ژورناڵیش رایگەیاندووە کە پێگەی سیستەمی دژە مووشەکی ئێس ٣٠٠ لەناو بڕدراوە.


ئاسۆشیتێدپرێس: مووشەکەکان لە پارچین خۆنجیر کەوتوون
رۆژنامەی ئاسۆشیتێدپرێس رۆژی یەکشەممە لەراپۆرتێکدا لە گەڵ شارەزایان لێکدانەوەی بۆ وێنەکانی سەتەڵایت کردووە، کە لەو شوێنانە ئامادەکراون کە ئیسرائیل کردووینەتە ئامانج. بەپێی وێنەکان زیانێکی زۆر لە دوو پێگەی سەربازی پارچین و خۆنجیر لە دەورووبەری تاران کەوتووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، پارچین لە باشووری رۆژهەڵاتی تارانەو ساڵانی پێشوو ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و ناوەندە هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا رایانگەیاندبوو کە هەتا ساڵی ٢٠٠٣ لەو شوێنە چاڵاکی ئەتۆمی ئەنجام دراوە.
بەپێی راپۆرتەکەی ئاسۆشیتێدپرێس ناوەندی خۆنجیریش لە دەورووبەری تاران زیانی بەرکەوتووە، بەگوتەی شرۆڤەکانی ئەو هەواڵدەرییە خۆنجیر توونێل و کۆگای مووشەکی لێبووە، هاوکات بەشێک لە پرۆژە ئەتۆمییە سەربازییەکانی ئێران لەوێ بووەو پێدەچێ شوێنی تاقیکردنەوە کوڵاوەی ئەتۆمیش بووبێت.
ئاسۆشیتێدپرێس وێنە سەتەڵایتییەکان بە سەرچاوەیەکی باوەرپێکراو ناو دەبات و دەڵێ زۆر بە ڕوونی زیانەکان دەردەخات. بەپێی وێنەکانی ئەو هەواڵدەرییە بینایەک لە نزیک بەنداوی مامڵۆ تەواو وێران بووەو زیانی جیدیش لە دوو بینای گەورەی دیکە دراوە. هاوکات لەسەر بنەمای هەندێک بەڵگەی پڵێنت لێبز باس لەوە دەکات کە سووتان و داڕمان لە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە پارێزگای ئیلامیش هەبووە. بەڵام تاکوو ئێستا دیار نیە هۆکارەکەی هێرەشەکەی ئیسرائیل بووە یان نا.
تاکوو ئێستا رادەی زیانەکانی ئێران بەروونی دیار نیە، بەڵام راپۆرتەکەی ئاسۆشیتێدپرێس پێیوایە ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل لەهی ئێران گەورەترو بەهێزتر بووە.


رۆیتێرز: لێدان لەناوەندی سووتەمەنی بۆ باڵستیک
دوو کارناس بە هەواڵدەری رۆیتێرزیان راگەیاندووە بەپێی وێنەکانی سەتەڵایت ئیسرائیل لەهێرشەکانی سەر لەبەیانی رۆژی شەممە دامەزراوەکانی پارچین و خۆنجیری کردووەتە ئامانج و بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتێرز لەو شوێنانە سووتەمەنی بۆ مووشەکی باڵستیک بەرهەم دەهات.
دێکر ئەیوڵس و دەیڤید ئاڵبێرت دوو چاودێری پێشووی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە کاریان لەسەر وێنەکانی سەتەڵایت کردووە، ئەوەیان بۆ رۆیتێرز پشتراست کردووەتەوە. ئەو دوو کارناسە دەڵێن لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا دوو بینا و کۆگایەک لە پارچین لەناو چوونە.
ئەو دوو چاودێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش‌ راپۆرتەکەی ئاسۆشیتێدپرێس پشتراست دەکەنەوە دەڵێن چەند ساڵ لەمەوپێش لە رێکخراوەکەیان و لە ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم گومانێک زۆر لەسەر پارچین هەبووە. هاوکای لەگەڵ ئەوەش‌ بەرای ئەوان هەندێک ئامێری وەکوو میکسێر بۆ بەرهەمێنانی سووتەمەنی بۆ مووشەک لە پارچین لەناوچوونە کە دابینکردنەوەیان بۆ ئێران کارێکی وا ئاسان نابێت.


واڵ ستریت ژورناڵ: ئێس ٣٠٠ی ئێران لەناو چووە
رۆژنامەی واڵ ستریت ژورناڵی ئەمریکا لەسەر زاری هەندێک بەرپرسی ئەمریکا و ئیسرائیل هەندێک وردەکاری دیکەی بڵاوکردووەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە نزیکەی ١٠٠ فرۆکە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەشدار بوونەو ٢٣ ناوەندی گرنگیان کردووەتە ئامانج.
واڵ ستریت ژورناڵ ئاشکرایکردووە، ئێران چوار سیستەمی دژە مووشەکی ئێس ٣٠٠ی هەبووە، کە
گرنگترینیان لە نزیک تاران جێگیر کراون، کە سەرجەمیان لەناو چوونە. رۆژنامەکەش وەکوو رۆیتێرز و ئاسۆشیتێدپرێس پشتراستی کردووەتە کە ئیسرائیل زیانی جیدیشی لە هەندێک پێگەی مووشەکی و ناوەندی توێژینەوەی سەربازی ئێران داوە.
تاکوو ئێستا بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە زیانەکانیان لە پێگە سەربازییەکانی هیچیان بڵاونەکردووەتەوە، تەنیا ناوی چوار کەسیان بڵاوکردووەتەوە کە لە سەر سیستەمە دژە مووشەکییەکان کە لەئێران کۆی سیستەمەکە بە پەدافەند دەناسن، کوژراون.
پێشتریش هەندێک سەرچاوەی دیکە وەکوو نیۆیۆرک تایمز و ئەکسیۆسیش رایانگەیاندبوو کە هێرشەکان بە وردی خاڵەکانیان پێکاوەو ناوەندە سەربازی و سیستەمە دژە مووشەکییەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.