1 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

مێژووی حیزب لەئەمریکا..دیموکرات و کۆماری چۆن لەدایکبوون

مێژووی حیزب لەئەمریکا..دیموکرات و کۆماری چۆن لەدایکبوون
12 . خەزەڵوەر . 2724

حیزبە سیاسییەکانی ئەمریکا سەرەتا بۆ بەدەستەوە گرتنی هێزو دەسەڵات دانەمەزران، بەڵکوو جیاوازییە سیاسی و فەڵسەفییەکان هۆکاری سەرەکی پێکهاتنی ئەو حیزبانە بوو. بۆ نموونە لە ژمارەی دەی گۆڤاری فیدرالیست جەیمز مەدیسۆن یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەمریکا باسی لەو بیرۆکەو بۆچوونانە کردبوو کە دژی ئازادین. مەدیسۆن لە وتارەکەیدا رووی لە ئەلیکساندەر هەمیلتۆن وەزیری دارایی ئەوکات، جۆرج واشنتن یەکەم سەرۆککۆماری ئەمریکا و جان ئادامز یەکەم جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا و دووەم سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بوو. هەموو ئەو کەسانەی مەدیسۆن رەخنەی لێگرتبوون، دواتر حیزبی فیدراڵیست-یان دامەزراند.


لەلایەکی دیکەوە، دژبەرەکانی هەمیڵتۆن بەرێبەرایەتی مەدیسۆن (پێنجەم سەرۆککۆماری ئەمریکا) و تامس جێفرسۆن (سێیەم سەرۆککۆماری ئەمریکا) حیزبی دیموکرات-کۆماریخوازیان دامەزراند. ناکۆکییەکان هەمووی لەسەر یاسایی بنەڕەتی بوو. فیدرالیستەکان پێداگریان لەسەر حکوومەتێکی ناوەندی بەهێز لەرووی ئابووری و سەربازی دەکرد. لەکاتێکدا حیزبی دیموکرات-کۆماریخواز لایەنگری هێزی زیاتری ویلایەتەکان و دەوڵەتی ناوەندی بچووک و لاواز دەکرد.


سەرجەم رێبەران و دامەزرێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی ئەمریکا، خۆیان فەیلسوف و تیۆریدارێژ و هاوکات دامەزرێنەری خودی ئەمریکاش بوون. ئەوان ناکۆکیی بۆچوون و تیۆریان بۆ داهاتووی ئەمریکا هەبوو. لەواقیعدا دامەزرێنەرانی ئەمریکا، هەرخۆیان دامەزرێنەرانی حیزبە سیاسییەکانیش بوون.
تەمەنی حیزبی فیدرالیست کورت بوون، دوای ئەوەی بەرامبەر حیزبی دیموکرات-کۆماریخواز لەساڵی ١٨٠٠ تووشی شکست بوو، پێگەی جارانی نەما. نابێ ئەوەشمان لەبیربچێت کە ٢٢٠ ساڵ لەمەوپێش وەکوو ئێستا نەبوو، رەوایی و پێگەی حیزبەکان بە سەرۆک و رێبەرەکانیان بەند بوو، ئەو کاتەی رێبەرانی حیزبی فیدرالیست خانەنشین بوون و لەگۆرەپانی سیاسی نەمان، حیزبەکەش لەناوچوو. لەگەڵ نەمانی حیزبی فیدرالیست، حیزبی دیموکرات-کۆماریخواز رکابەری نەماو لەئاستی هەموو ئەمریکا بە تەنیا مایەوە.
ئەو تەنیاییە زۆری نەخایاند، هەر لەناوخۆی حیزبی دیموکرات-کۆماریخواز ناکۆکی دروستبوو. لەهەڵبژاردنی ساڵی ١٨٢٤ حیزبەکە کاندیدێکی دیاریکراوی نەبوو، جان کوئینسی ئادامز، ئاندرۆ جەکسۆن، ڤیلیام کرافۆرد و هێنری کلی هەموویان ئەندامی حەو حیزبە بوون و خۆیان کاندید کرد و چوونە ناو کێبەرکێی هەڵبژاردن.
ئاندرۆ جاکسۆن زۆرترین دەنگی گشتی بەدەستهێنا، بەڵام زۆرترین دەنگی ئەلیکتراڵی نەبردەوە. یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکان بە ئەنجوومەنی نوێنەران سپێردرا، لەوێ هێنری کلی کەسی چوارەمی دەنگی ئەلیکتراڵ پشتیوانی لە جان ئادامز کرد و ئەویش بەمشێوەیە بووە شەشەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا.
لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ساڵی ١٨٢٨، ئاندرۆ جاکسۆن وەکوو کاندیدی دیموکرات-کۆماریخوازەکان بەسەر ئادامز کاندیدی کۆماریخوازە نەتەوەییەکان (حیزبی کۆماری ئێستا نیە) سەرکەوت. هەر لەو کاتەوە تاکوو ئێستا حیزبی ئاندرۆ جاکسۆن وەکوو حیزبی دیموکرات ناسراوەو لەهەڵبژاردنی ٢٠٢٤ کاندیدەکەی کامڵا هەریسە.
ناکۆکییەکانی رێبەرە سیاسییەکان، رۆژ لەگەڵ رۆژ قووڵتر دەبوو. سەرەکیترین بابەتیش پرسی بەردەو کارکەرەکان بوون، تەنانەت ئەو پرسە شەڕی ناوخۆییشی لێکەوتەوە. حیزبی ویگ لە نێوان ساڵەکانی ١٨٣٦ هەتا ١٨٥٢ جێگەی حیزبی کۆماریخوازانی نەتەوەیی گرتەوە. تەنانەت هەر زوو لە ساڵی ١٨٤١ ڤیلیام هێنری هەریسۆن لە حیزبی ویگ بووە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا، بەڵام هەریسۆن تەنیا ٣٢ رۆژ لەو پۆستەدا مایەوە، چوونکە وەکوو یەکەم سەرۆککۆماری ئەمریکا لەکاتی سەرۆککۆماریدا کۆچی دوایی کرد. دوای ئەو جان تەیلۆری جێگری بووە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.
دوای تەیلۆر، میلارد فیلمۆرد لە حیزبی ویگ وەکوو سێزدەیەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا هەڵبژێدرا. بەڵام لە هەڵبژاردنی دواتر کاتێک فیلمۆرد لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٨٥٦ تەنیا حەوت دەنگی ئەڵیکتراڵی بەدەستهێنا و کێبەرکێکەی بە جەیمز بوکانان و جەیمز فێرمونت یەکەم کاندیدی حیزبی کۆماری ( هەمان حیزبی کۆماری ئێستا کە کاندیدەکەی دۆناڵد ترەمپە) کۆتایی بە حیزبی ویگ-یش هات. هەر ئەوکات دوو حیزبی دیکەش بەناوی "خاکی ئازاد" و حیزبی "ئازادی' لە ئەمریکا هەبوون، بەڵام هیچکات لەهەڵبژاردنەکاندا سەرنەکەوتن.
لەساڵی ١٨٥٤، ئەندامانی پێشووی حیزبی ویگ و خاکی ئازاد و هەندێک چالاکوانی دژە بەردەداری کە هەموویان لە ویلایەتەکانی باکوورەوە هاتبو، حیزبی کۆماری-یان دامەزراند، ئەو حیزبە بووە کێبەرکێکارێکی سەرەکی حیزبی دیموکرات کە ئەوکات لایەنگری لە بەردەداری دەکرد. لە ساڵی ١٨٥٠ ئابراهام لینکۆڵن وەکوو یەکەم سەرۆککۆماری کۆماریخواز و شانزدەیەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا هەڵبژێدرا. لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هەردوو حیزبی دیموکرات و کۆماری دوو حیزبی سەرەکی و بەهێزی ئەمریکان. هیچ حیزبێکی دیکە نەیتوانیوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا سەربکەوێت یان تەنانەت زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی ناو کۆنگرێس بەدەستبهێنێت.