نووسین: پیێر هاکسی وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز هەواڵی سەرنجراکێشی ئاڵوگۆرکردنی ئەرێنی پەیام لەنێوان رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەو دەوڵەتی تورکیا، ئەویش لەکاتی داڕمانی رژێمی سوریا، خەریکە گۆرانکارییەکی گەورە بۆ کوردانی دابەشکراوی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست دروست دەکات. بەڵام ئاگاداری ناپاکی و خیانەت بن. کوردەکان دۆڕاوە هەمیشەییەکانی مێژووی هاوچەرخ لە رۆژهەڵاتی ناوەراستن، چەندینجار داوای رێککەوتنیان لێکراوە، بەڵام دواتر ناپاکیان بەرامبەر کراوە. ئەو پرسە بۆ سەدەیەک بەر لەئێستا دەگەرێتەوە، لەساڵی ١٩٢٠، پەیمانی سیڤەر کە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لەدوای شەڕی جیهانی یەکەم هەڵوەشاندەوە، مافی کوردەکانی بۆ خودموختاری بەفەرمی ناسی، کە دەیتوانی دواتر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانیشی لێبکەوێتەوە. بەڵام دوای تێپەربوونی سەد ساڵ، زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کورد کە بەسەر ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق دابەش کراون، هەر چاوەرێن. جارێکیتر لەگەڵ گۆرانکارییە چاوەروان نەکراوەکانی تورکیا و سوریا، کە لەدەرەوەی هیوا، بێ متمانەیی پێوەدیارە، چارەنووسی کوردەکانی بەهەڵپەسێدراوی هێشتووەتەوە. لەهەردوو بەشدا، رەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆککۆماری تورکیا هۆکاری ئەو دۆخەیە، ئەردوغان سەرکێشییەکی نیۆعوسمانی لەمێشکدایە. کەسایەتییە کاریگەرەکەی دیکە ئەو یارییە شەترەنجە ژیۆپۆلۆتیکییە، عەبدوڵڵا ئۆجالان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستانە، کە پشتیوانی لەدەوڵەتی کوردی دەکات. ئۆجالان ئێستا ٧٥ ساڵییەتی و ٢٥ ساڵی تەمەنیشی بەتۆمەتی تیرۆر لەزیندانی دەوڵەتی تورکیا دایە. رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە هەفتەکانی رابردوودا، گفتوگۆیەک لەنێوان ئۆجالان لەزیندان و دەوڵەتی تورکیا و تەنانەت حیزبێکی ناسیۆنالیستی تووندڕەو لەئارادایە. لەکاتێکدا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام لەراستیدا ئەو ئاڵوگۆرە جێگەی سەرنجدانە. ئامانجی راگەیاندراوە ئەوەیە کە پەکەکە واز لە بەرگری چەکدارانە بهێنێت، لەگەڵ ئەوەش، بۆ تێگەیشتنی تەواو لەو پێشڤەچوونە، دوورەدیمەنێکی بەرفراوانتر پێویستە. هەڵبەت رووخانی رژێمی سوریا، دوورەدیمەنی ستراتیژیی ناوچەی گۆریوە، یەکێک لە ناوچەکانی سوریا هێشتاش لەژێر دەسەڵاتی حاکمە نوێکاندا نیە: باکووری رۆژهەڵات لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە رێبەری کوردەکان دایە. ئەو شەڕڤانانە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ پەکەکەی ئۆجالان هەیە و بەشێوەی راستەوخۆش لەلایەن تورکیا دژایەتیان دەکرێت. هەر لەسەرەتاوە کوردەکان کەوتنە بەرامبەر چەکدارە سورییەکانی سەر بە تورکیا، بەڵام ئەوە تەنیا پێشەکی رووبەرووبوونەوەیەکی بەرفراوانترە، کە ئانکارا دەیەوێ بە پاساوی دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنی لەسنووری تورکیا و سوریا پەرەی پێبدات. مەترسی خیانەت دۆخێکی ئاڵۆزمان لەبەردەم دایە. ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئۆجالان واقیعی بن، دەتوانێ کاریگەری لەسەر گۆرانکارییەکانی سوریاش دابنێت. لەگەڵ ئەوەش، رێبەرانی کورد لە سوریا بەسەر دوو بەڕەدا دابەش بوونە، لایەک کە ئەو دۆخە بە دەرفەت دەزانێ و لایەکی دیکەش کە پێیانوایە شەڕی ناوخۆی لەسوریا قۆناغێکی رەشتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەروەها پێویستە ئەوەش بگوترێ کە کوردەکان لە سوریا دوای ئەوەی رۆڵێکی سەرەکیان لەساڵی ٢٠١٥ لەشەڕ لەدژی داعش گێرا، ١٥٠٠ سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکانیان جێگیر کران و پشتیوانییەکی کەمتریشیان لەلایەن فەرەنساوە هەیە. لەخولی یەکەمی سەرۆککۆماری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا دەیهەویست، هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە، بەڵام دوایی پاشگەز بوویەوە. ئەمجارەیان چی روودەدات؟ کوردەکان بەبێ پاراستن لەبەرامبەر تورکەکان لاواز دەبن و دەکەونە بەردەم مەترسییەکی گەورە. ئەو ئاڵۆزییە بەرهەمی چەندین دەیە شەڕ، کێبەرکێ و سەرەرۆییە کە ناوچەکەی ناسەقامگیر کردووە. کوردەکان لە گۆرینی کارتە ژیۆپۆلۆتیکییەکان دەترسن. ئەو کاتەی کە گۆرانکارییە نوێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، چاوەکان لەسەر کوردەکان لابدات و تەنانەت خیانەتێکی دیکەی ئەو کەسانەی لێبکەوێتەوە کە ئێستا بەڵێنی پشتیوانیان داوە. پیێر هاکسی رۆژنامەوانێکی دیاری فەرانسەیە، شارەزاییە لەبواری رۆژهەڵاتی ناوەراست و هاوکات دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی لیبراسیۆن بووە.