پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕای گەیاند کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢۵، ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بە هاژەک و دڕۆن پەلاماری بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبەی لەناو خاکی باشووری کوردستان داوە و پێشمەرگەیەک بە ناوی "موزەفەر محەممەدزادە"، ناسراو بە "نەبەز"، گیانی بەخت کردووە.
دەقی ڕاگەیەندراوە بەم شێوەیە:
راگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK
سەبارەت بە هێرشی هاژەکی و درۆنیی ئێران
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردیی، ٢١ی ژانویەی ٢٠٢٦ زاینیی، جارێکی دیکە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، بارەگایەکی سپای میللیی کوردستانی بۆ جاری چەندەم، بەر پەلاماری هاژەکیی و دڕۆنی دا.
بە داخی گرانەوە لەم پەلامارە ترسەنۆکانەیەدا، هەڤاڵ "مزەفەر محەممەدزادە"، ناسراو بە "نەبەز"، ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان و ئەندامی یەکەی لۆجستیکی سپای میللیی کوردستان، گیانی بەخت کرد و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی ڕاپەڕینی بەفرانباری کوردستانەوە.
ئەگەرچی شەهیدبوونی خەڵک و هەڤاڵانمان لەسەر شەقامەکانی نیشتمان و لەسەنگەری پڕشکۆی پێشمەرگەدا، دڵتەزێن و کەسەرهێنە، بەڵام دوژمنی داگیرکەر دڵنیا دەکەین ڕۆڵەکانی کوردستان هەرگیز بە پەلامار و زەبروزەنگی ئەوان بەچۆکدا نایەن و ڕێگەی ڕاماڵینی ئەوان و ئەستاندنی سەربەخۆیی پڕڕێبوارتر دەبێت.
پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)
١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ ک.
٢١ ی ژانویەی ٢٠٢٦ ز.