یەکیەتیی ئورووپا ڕای گەیاندووە، دەبێت سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ئێران بخرێتە نێو لیستی گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەرپرسانی فەرانسەش پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە دەربڕیوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢۵، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لەم بارەیەوە ڕای گەیاند: دەبێت پاش ئەوەی کە سوپای پاسدارانی ئێران خرایە نێو لیستی گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپا، ڕێگەیەک بۆ پێوەندییە دیپلۆماسییەکان بمێنێتەوە، بەڵام سنووردار بێت.
هەواڵدەریی فەرانسەش ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢۵، ڕای گەیاند: دەوڵەتی فەرانسە پشتگیری لە هەر بڕیارێک دەکات کە سپای پاسدارانی ئێران بخرێتە نێو لیستی گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپا.
هەر لەم پێوەندییەدا ژان نۆئێل بارو، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، لە لاپەڕەی ئیکسی خۆی بە زمانی فارسی نووسیویەتی: "سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی ئاشتیخوازانەی خەڵکی ئێران قەبووڵکراو نییە و نابێت بێ وەڵام بمێنێتەوە؛ نابێت بێهەڵوێست بین لەسەر بوێری و ئازایەتیی بێوێنەی ئەو خەڵکە لە بەرانبەر توندوتیژیی کوێرکوێرانەی ڕێژیم لەسەر خۆپیشاندران".
هەروەها لە نووسراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی ڕێبەندان، وێڕای ئەوەی لە بروکسێل، فەرانسە و هاوپەیمانەکانی، لەسەر ئەو تاوانانەی ڕێژیمی ئێران، کۆمەڵێک له گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمە کارا دەکەن، سەردان و هاتنی ئەو تاوانبارانەش بۆ ئورووپا قەدەغە دەکرێت و دەست بەسەر دارایی و سامانەکانیاندا دەگیردرێت.
لە کۆتاییشدا ڕای گەیاندووە کە، فەرانسە پاڵپشتی لە هەر بڕیارێک دەکات کە سپای پاسدارانی ئێران بخرێتە نێو لیستی گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپا.
شایانی باسە کە جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش پێشوازی لە بڕیارەکەی فەرانسە کرد و ڕای گەیاند: "من دەستخۆشی لە وەزیری دەرەوەی فەرانسە دەکەم بۆ ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارە گرنگەی وڵاتەکەی کە پاڵپشتی لەوە دەکەن سوپای تیرۆریستیی پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، بخرێتە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپا".
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جارێکی تر داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە سوپای تیرۆریستیی پاسداران بخاتە لیستی گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.