14 . ڕەشەمە . 2725
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

بەیاننامەی کۆمەڵەی سینەماکارانی سەربەخۆی کورد لەسەر بایکۆتی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر

بەیاننامەی کۆمەڵەی سینەماکارانی سەربەخۆی کورد لەسەر بایکۆتی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر
12 . ڕێبەندان . 2725



کۆمەڵەی سینەماکارانی سەربەخۆی کورد لەسەر بایکۆتکردنی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر لە ئێران، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر، خیانەتێکە بە سەرمایە مرۆیی و بەها ئەخلاقییەکان. ئەرکی سینەماکار ئەوەیە لە تەنیشت میللەتەکەی بوەستێت، نەک لەسەر فەرشی سووری دەسەڵات دابنیشێت؛ بەتایبەت ئەو سینەماکارە کوردانەی کە خۆیان لە دڵی چەوساندنەوە و وەدەرنان و جیاکاری و کوشتن دەرکەوتوون".

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیە:

لە هەلومەرجێکدا کە خوێنی گەنجانی ئەم خاکە لەسەر زەوی دەڕژێت بۆ گەیشتن بە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ، هەر ئاساییکردنەوە و بێدەنگی و بەشداریکردنێک لە پرۆژە فەرمییەکانی دەسەڵاتدا بێلایەنی نییە، بەڵکوو هاوبەشیی ئەخلاقییە لەگەڵ زوڵم و چەوساندنەوە.
فێستیڤاڵی فیلمی فەجر، لە هەلومەرجێکدا کە میللەت لە ماتەمینی و تووڕەیی و بریندایە، بۆنەیەکی کولتووریی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو پێشانگایەکە بۆ پاککردنەوەی توندوتیژی و نەهێشتنی حەقیقەت و دەستبەسەرداگرتنی ئازارەکانی خەڵک. لە ساتێکی وادا ئەرکی سینەماکار ئەوەیە لە تەنیشت میللەتەکەی بوەستێت، نەک لەسەر فەرشی سووری دەسەڵات دابنیشێت.
ئێمە بەڕوونی ڕای دەگەیەنین:
ئەگەر پێش ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" بەشێک لە ئامادەبوونی سینەماکاران لە فێستیڤاڵەکان و گۆڕەپانە فەرمییەکان بە بیانووی بەرهەمهێنانی بەرهەمێکی هونەری و لە پێناوی بژێویی ڕەوا بووبێت، لە چوارچێوەی سیاسەتە کولتوورییەکانی سیستەمدا، دوای ئەم ڕاپەڕینە مێژوویییە، ئیتر پاساوێکی لەو شێوەیە بوونی نەماوە. بەردەوامبوون لە بەشداری لەم پەیوەندییانەدا زۆرەملێ نییە، بەڵکوو خزمەتێکی ڕاستەوخۆیە بە ئامێری پڕوپاگەندەی حکوومەت و هاوکاری لەگەڵ ستەمکاران.
کۆمەڵەی سینەماکارانی سەربەخۆی کورد پێی وایە کە سەرمایەی ڕاستەقینەی سینەما لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە دابین ناکرێت، بەڵکوو بە خوێن و ئازار و بەرخۆدان و قوربانیدانی ئەو کەسانە دابین دەکرێت کە:
لەو لاشەی کە سەرکوت کرابوون.
لەو دەنگانەی کە بێدەنگ کرابوون.
لەو ڕاستییانەی کە سانسۆر کرابوون.
بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر، خیانەتێکە بە سەرمایە مرۆیی و  بەها ئەخلاقیەکان. ئێمە وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی سەربەخۆی سینەمای کوردی، بەڕاشکاوی بوونی هەر سینەماکارێک کە بەشداری ئەم فێستیڤاڵە بکات، ئیدانەی دەکەین. لەم پێگەیەدا جیاوازی لەنێوان کەسایەتیی هۆشیار و نائاگادا نییە. هەر جۆرە ئامادەبوونێک واتە یارمەتیدانی ئامێری پڕوپاگەندەی حکوومەت کە لەسەر سەرکوتکردن و کوشتن و ئینکاریی ڕاستییەکان بنیات نراوە.
ئەم ئیدانەکردنە بەتایبەتی ئاراستەی ئەو سینەماکارە کوردانە دەکرێت کە خۆیان لە دڵی چەوساندنەوە و وەدەرنان و جیاکاری و کوشتن دەرکەوتوون.
سینەمایەک کە لە مەینەتییەکانی گەلی کورددا مانا دەدۆزێتەوە، ناکرێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت لە پاڵ دەسەڵاتێکدا بوەستێت کە هەمان ئەو ئازارە لە هاوکاتە مێژوویییەکاندا بەرهەم دەهێنێتەوە.