دوو هاووڵاتیی کوردستان بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنگەلێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕۆژهەڵات نیوز، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی کوردستان بە ناوی "میلاد موزەفەری" و خەڵکی شاری قوروە لە پارێزگای سنە، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و مۆڵەتی دادوەری، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسراوەتەوە.
هەروەها لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥، هاووڵاتییەکی تر بە ناوی "محەممەد سەنگوانەیی"، خەڵکی گوندی "سەنگوانە"ی سەر بە شاری قوروە، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران و لە شاری تاران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵەی محەممەد سەنگوانەیی چەند جارێک هەوڵی دانانی بارمتەی گرانبەهایان بۆ ئازادکردنی کوڕەکەیان داوە، بەڵام ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران ڕەتیان کردووەتەوە و ئەو داواکارییەیان قەبووڵ نەکردووە.
شایانی باسە کە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی پێوەندیدار لەسەر هۆکار و چۆنیەتیی دەسبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان، شوێنی ڕاگیران و دۆخی تەندروستیی ئەو هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.