شاندێکی پایەبەرزی پەرلەمانی بریتانیا سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەسەر دۆخی ئێستەی کوردستان، ئێران و ناوچەکە کۆ بوونەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، شاندێکی پایەبەرزی پارلەمانی بریتانیا بە سەرۆکایەتیی بەڕێز جیم شانۆن، ئەندامی پارلەمانی بریتانیا و سەرۆکی گرووپی پارلەمانی هەموو پارتەکان (APPG) بۆ ئازادیی نێودەوڵەتیی ئایین و باوەڕ، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرشتی کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە، پێشوازی لەو شاندە کرا.
لەم دیدارەدا، بەڕێز هیجری وردەکاریی فراوانی سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ئێستەی ئێران، کوردستان، ناوچەکە و بەتایبەت شیکردنەوەیەکی قووڵ بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو لە کوردستان و ئێران خستە ڕوو؛ هەروەها ئاماژەی بە بزووتنەوەی ژینا و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی لەسەر ژیانی سیاسیی کوردستان و ئێران کرد.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە، ڕوونکردنەوەی بەڕێز مستەفا هیجری سەبارەت بە پێکهێنانی "ناوەندی دیالۆگ" لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە هەنگاوێکی مێژوویی لە ڕاستای یەکگرتنەوەی هێزە کوردستانییەکاندایە و ئامانجی ئەوەیە کە لە دژی کۆماری ئیسلامی و لەپێناو دەستەبەربوونی مافە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی گەلی کوردستان کارێکی هاوبەشتر و کاریگەرتر بکات.
هەروەها بەڕێز جیم شانۆن، وێڕای پێزانین و ستایشکردنی خەبات و بەرگریی نەتەوەی کورد بۆ ئازادی، دێموکراسی و مافی مرۆڤ، جەختی لەسەر گرنگیی یەکگرتنەوەی حیزبە کوردستانییەکان کردەوە و ئەمەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان ناساند.
بەڕێزیان پشتیوانیی خۆی و پارلەمانی بریتانیای بۆ نەتەوەی کورد دەربڕی و بەڵێنی دا کە لە هاوکاری و لایەنگری بۆ داهاتووی خەباتی کوردستانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەردەوام بێت.
لە کۆتاییی دیدارەکەشدا، هەردوو لایەن بۆ پەرەپێدانی هاوکاری لەنێوان نوێنەرایەتیی کوردستانی و دامەزراوە پارلەمانی و مەدەنییەکانی بریتانیا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە دیدارانە کردەوە.