27 . خاکەلێوە . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

‌‌‌ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بۆ پشتگیری لە دامەزراندنی "ناوەندی دیالۆگی نەتەوەیی"

‌‌‌ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بۆ پشتگیری لە دامەزراندنی "ناوەندی دیالۆگی نەتەوەیی"
5 . خاکەلێوە . 2726


زیاتر لە ۲۰۰ کەس لە چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک، جەختیان لەسەر پێویستیی دەستپێکردنی دیالۆگ و دروستکردنی هەماهەنگی سیاسی لەنێوان خەباتی خەڵکی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان کردووەتەوە.

کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران) بەردەوام پێداگری لەسەر ئەو ڕاستییە کردووەتەوە کە خەباتی خەڵکی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، سەرەڕای جیاوازیی بارودۆخ و ستراتیژییە سیاسییەکان، خاوەن پەیوەندییەکی بابەتی و کاریگەریی هاوبەشن لەسەر یەکتر. گۆڕانکارییەکانی ئێستەی ناوچەکەش جارێکی تر ئەم ڕاستییەیان بە زەقی نیشان داوەتەوە.

لە ڕوانگەی ئێمەوە، هەر دەسپێشخەرییەک کە بتوانێت زەمینەی گفتوگۆ، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و هەماهەنگی لەنێوان هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە بەشەکانی کوردستاندا بڕەخسێنێت، خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی پێویست و ئەرێنییە. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە پێشوازی دەکەین لە پێشنیاری دامەزراندنی "ناوەندی دیالۆگی نەتەوەیی" وەک بەستێنێک بۆ گفتوگۆی هێز و لایەنە جیاوازەکان و ئامادەییی خۆمان بۆ بەشدارییەکی چالاکانە لەم پڕۆسەیەدا ڕادەگەیەنین.

لە هەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە کە بەشداریی کۆمەڵە لە پڕۆسەیەکی لەو شێوەیەدا، لەسەر بنەمای سیاسەتی سەربەخۆ و ستراتیژی سۆسیالیستیی ئێمە دەبێت. ئێمە لەو باوەڕەداین کە پێشڕەویی ڕاستەقینە لە پرسی کورددا، بەبێ پشتبەستن بە هێزی چینی کرێکار، زەحمەتکێشان و بزووتنەوە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان مەحاڵە.

هەروەها جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکەینەوە کە ئەم جۆرە دەسپێشخەرییانە تەنیا کاتێک دەگەنە ئەنجامێکی ڕوون و پێشکەوتنخواز، کە لە ئاستی گفتوگۆی گشتی تێپەڕن و بکەوێتە خزمەت بەهێزکردنی خەباتی ڕاستەقینەی جەماوەر، بەتایبەت کرێکاران، زەحمەتکێشان، توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە و ژنان و گەنجان.

ئێمە وێڕای پشتگیریکردن لە دەستپێکردنی ئەم پڕۆسەیە، لەسەر پێویستیی شەفافیەتی سیاسی، پاراستنی سەربەخۆییی هێزە بەشداربووەکان و بەرژەوەندیی زۆرینەی خەڵکی کوردستان پێداگری دەکەینەوە و لەپێناو بینینی ڕۆڵێکی چالاک و بەرپرسانە لەم ڕێگەیەدا هەوڵ دەدەین.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٢٥ی مارسی ٢٠٢٦