27 . خاکەلێوە . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

رومەن گۆفمەن وەکوو سەرۆکی نوێی موساد دیاریکرا

رومەن گۆفمەن وەکوو سەرۆکی نوێی موساد دیاریکرا
23 . خاکەلێوە . 2726


ئەمرۆ یەکشەممە ٢٣ی خاکەلێوە، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ژەنراڵ رومەن گۆفمەن-ی لەجێگەی دەیڤید باڕنیا وەکوو سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل - موساد دیاریکرد. بەڵام گۆفمەن کێیە و دیاریکردنی وەکوو سەرۆکی موساد چ پەیامێک هەڵدەگرێت.

رومەن گافمەن ساڵی ١٩٧٦ لە بیلاروس لەدایک بووە، لە تەمەنی ١٤ ساڵی بنەماڵەکەی دەگەرێنەوە بۆ ئیسرائیل. گافمەن ساڵی ١٩٩٥ دەچێتە ناو سوپای وڵاتەکەی و ئەزموونێکی دوورودرێژی لە فەرماندەیی مەیدانی و بەرپرسیارییەتی سەربازی هەبووە. بەر لە دیاریکردنی وەکوو سەرۆکی موسادیش، سکرتێر و راوێژکاری سەرۆکوەزیران بووە.

بۆچی دیاریکردنی بۆ ئەو پۆستە گرنگە؟
گۆفمەن بەپێچەوانەی سەرۆکەکانی پێشووی موساد، لە بەشی هەواڵگری و زانیارییەکانی مووسادەوە نەهاتووە، بەڵکوو پێشینەیەکی سەربازی و مەیدانی هەیە. ئەوەش بەو مانەیە دێت، نەتانیاهۆ دەیهەوێ مووساد هەماهەنگی زۆرتری لەگەڵ سوپای ئیسرائیل بۆ بڕیارە سەربازییەکان هەبێت.
هەڵبژاردنی گۆفمەن دەتوانێ بە مانای گرنگیدانی زۆرتر بە ئۆپەراسیۆنی تێکەڵی زانیاریی - سەربازی بێت، لەکاتێکدا پێشتر موساد زۆرتر کاری لەسەر کۆکردنەوەی زانیارییەکان دەکرد. ئێستا موساد بە سەرۆکایەتی گۆفمەن دەتوانێ زۆرتر کار لەسەر ئۆپەراسیۆنەکان لەدەرەوەی سنوور، تیرۆری کەسانی تایبەت و تایبەتمەند، شەڕی سایبری و هەماهەنگی راستەوخۆ بۆ هێرشە ئاسمانییەکان بکات. هەموو ئەو خاڵانەش کە دەتوانرێ ئەرکی سەرەکی گۆفمەن بێت، راستەوخۆ پەیوەندیان بە ئێران و پلانەکانی داهاتووی ئیسرائیل بە نیسبەت تاران هەبێت.

پەیام بۆ ناوخۆی ئیسرائیل
هەڵبژاردنی گۆفمەن وەکوو سەرۆکی موساد دەتوانێ دەرخەری ئەوە بێت کە بنیامین نەتانیاهۆ دەیهەوێ کەسانی نزیک لەخۆی لە شوێنە هەستیارە ئەمنییەکان دابنێت. سەرۆکوەزیران دەیهەوێ کۆنترۆڵی زۆرتری لەسەر بڕیارە ئەمنییەکان هەبێت، هەماهەنگی زیاتر لە کابینەی شەڕدا هەبێ و دەسەڵاتی بەدەنەی کۆنی موساد لە ناو ئەو رێکخراوەیەدا کەم بکاتەوە.

گۆفمەن، لە شەڕ و ئاگربەستەکەی ئێستا
دیاریکردنی گۆفمەن وەکوو سەرۆکی موساد دەتوانێ پەیوەندییەکی راستەوخۆشی بە دۆخی ئێستا هەبێت. ئێستا ئیسرائیل و ئێران لە دۆخی شەڕ - ئاگربەست - دەستپێکردنەوەی شەڕ دان. هەربۆیە نەتانیاهۆ دەیهەوێ لەرێگەی گۆفمەن وەکوو کەسێکی سەربازی و مەیدانی لانیکەم خۆی بۆ سێ ئەگەر ئامادە بکات. ئیسرائیل دەیهەوێ توانای خۆراگری بپارێزێت، بۆ ئەگەری شکستی گفتوگۆکان، ئامادەیی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەپەلەی هەبێت و هاوکات بژاردەی گوشاری شاراوی چاوەرواننەکراوی سەربازیشی هەبێت. هەمووی ئەوانە پێمان دەڵێن موسادی نوێ کەمتر دیپلۆماتیک و زۆرتر ئامادە بۆ ئۆپەراسیۆنی مەیدانی دەبێت.