ئەمساڵ بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی جیهادی کشاورزی (بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵ)-ی پارێزگای ورمێ نزیکەی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تۆن سێو بەرهەم دێت. بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو بەرهەمی سێو لە ورمێ دە لەسەد زیادیکردووە. ئەوەش وادەکات ورمێ وەکوو ناوەندی سێوی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و تەنانەت ناوچەش بناسرێت. گرفتی باخدارەکان باخدارێکی ناوچەی سیلڤانای پارێزگای ورمێ بە RNA-ی گوت کە بەرهەمی ئەمساڵیان لەرووی زۆری و چۆنییەتی لە ساڵانی رابردوو باشترە، هۆکارەکەش بۆ گونجاوی کەشوهەواو هاوکات نەبوونی تەزرەبارانە لەو کاتە دەگەرێنێتەوە کە دارەکان گوڵیان کردبوو. لەگەڵ ئەوەش ئەو باخدارە دەلێ ئەوان دەیان گرفتیان هەیەو لەئێستاوە نیگەرانن کە چۆن سێوەکانیان لەبازار بفرۆشن. هەر کیلۆ سێوێک هەتا دەگاتە پێگەیشتن، بە ئاودان، کود، بنکۆڵکردن، سیپەو پووشال و کرێکار زیاتر لە پانزدە هەزاری تێدەچێت. کودی شیمیایی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ٢٥٪ نرخەکەی زیادیکردووە، هاوکات هەر کڕێکارێکیش بۆ ڕنینەوەی سێوەکان رۆژانە هەتا ٦٠٠ هەزار تومەنیش وەردەگرێت، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو ٣٥٠ هەزار بووە. شایەتحالێکی دیکەش دەلێ ئەوان ناچارن سێوەکانیان لەسەر بەباخ کیلۆی بە سەروو سی هەزار تومەن بدەن، ئەوەش رێگەی دەڵاڵ و تەرەبارو میوەفرۆشیش دەبڕێت و هەتا دەگاتە دەستی کڕیاران نرخەکەی زیاتر لە دوو هێندەی دیکەی دەکەوێتەسەر. هەر بۆیە ئەو یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆنە بە کڕیاری ناوخۆی خورد ناکرێتەوە، چوونکە هەم بەرهەمەکە زۆرەو هەمیش نرخەکان هێندە بەرزن کە زۆرکەس توانای کڕینی سێویشی نەماوە. لەو دۆخەدا باخدارەکان تەنیا دوو رێگەیان لەبەردەستدایە، یەکەم بە نرخێکی زۆر کەمتر بە دەڵاڵەکانی بفرۆشن، بۆ ئەوەی لەسەر دەستیان نەمێنێتەوە، یان رێگەی دووەم ئەوەیە بەشی زۆری سێوەکانیان لە ساردخانەکان دابنێن، بۆ ئەوەی لەکاتی گونجاودا و بەتایبەت لەکۆتایی زستان و سەرەتای بەهار رەوانەی بازاری بکەن. ئەو دوو رێگەیەش چەندین کێشەی دیکەی لەپشتە، باخدارەکەی سیڵڤانا دەڵێ بەقسەی دەڵاڵەکان بکەین هەموویان لێ دەبێتە زەرەر و، بەشێکی زۆر لەباخدارەکانیش توانای ئەوەیان نیە کە سێوەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ساردخانەکان دابنێن، چوونکە دەبێ کرێی ئەو شوێنەش بدەن. جا ئەگەر ئەو کارەش بکەن، دیار نیە لەزستان و سەرەتای بەهار نرخی ئێستا دەکاتەوە یان نا. ئێستا باخدارەکان زۆربەیان داوای ئاسانکاری دەکەن، بۆ ئەوەی سێوەکانیان هەناردە بکەن. ئێستا بەشێکی بۆ وڵاتانی ناوچەو بگرە هەتا رووسیاش دەگات، بەڵام چەند ساڵێکە بە پاساوی کۆنترۆڵی نرخەکان هەناردەکردنی میوەکان و لەناویشیاندا سێویان سەخت کردووە. جگە لەوەش بەشێک لە کارگەکانی بەکارهێنانەوەی سێو (شەربەت، کۆمپوت و...) بەهۆی قەیرانی ئابووری مایەپووچ بوونەتەوەو وەکوو جاران پێشوازی لەسێوی دەرەجە یەک ناکەن. ئەوان زۆرتر سێوە باوەڕێنەکان دەکرێن، چوونکە نرخیان کەمترەو لەقەراغ جادەکان کەوتوون. ئەمساڵ تەنیا لە ورمێ نزیکەی ٣٥٠ هەزار تۆن سێوی باوەڕێن هەیە. لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەش، ئێستا سێوی پارێزگای ورمێ زۆرترین چاوی لەئاستی کوردستان و ئێران لەسەرە، چوونکە ٣٠ لەسەدی سێوی هەموو ئێران لەورمێ بەرهەم دێت و ئەگەر رۆژێک سێوی ورمێ نەگاتە تەرەبارەکانی ئێران، لەو وڵاتە قەیرانی کەمی و گرانی سێو روودەدات.