ئەگەرچی دکتور کەماڵ سولەیمانی لەمێژساڵە رەخنەی تووند لە حزبە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان دەگرێت و هەوڵ دەدات پێرەوپرۆگرام و ستراتیژی ئەو حزبانە شیتەڵ بکات، بەڵام ناکۆکی و وەڵام و وەڵامدانەوەکانی کەماڵ سولەیمانی و عەدنان حەسەنپوور دوای ئەوە دەستی پێکرد کە دکتور کەماڵ بەتووندی رەخنەی لەدوا بڕیاری یەرەکە گرت، کە داوای لە هاووڵاتیان کردبوو سەردانی کوێستانەکانی کوردستان نەکەن و هەڕەشەی ئەوەشی لێکردبوون کە وەکوو سیخوور سەیریان دەکات. دوای ئەوە ئەو دوو کەسایەتییە کە یەکیان ئاکادیمییەکی کوردپەروەرو ئەویتریشیان رۆژنامەنووسێکی نیشتمانی و قوربانیدەرە یەکیان لەسۆنگەی رەخنە لە پەکەکەو ئەویتر لە سەنگەری بەرگریکردن لەو پارتەی باکووری کوردستان کەوتنە وەڵام و وەڵامدانەوەی یەکتر لە پانتای سوشیال میدیادا. وەکوو RNA بڕیارماندا کە کۆی وەڵام وەڵامدانەوەکانی هەردوولا وەکوو خۆی لەو دۆسییەیەدا بڵاوبکەینەوەو لەداهاتووشدا گفتوگۆیەکی نوخبەی رۆژهەڵاتی لەسەر ئەو پرسە بکەین.. یەکەم وەڵامی عەدنان حەسەنپوور بۆ دکتور کەماڵ سولەیمانی بەرپرسیارێتیی سیاسی، حەقیقەتدۆستی و ڕەخن! هاوڕێیەکی مارکسیستم هەبوو کە هەموو جار تا ئاستی جنێودان بە دوکتور قاسملوو دەچوو، کە گوایە ڕاستڕەو و تەنها ناسیۆنالیستێکی کوردپەرستی دواکەوتوو بووە و لە بنەڕەتدا هەڵگری هیچ ماکێکی پێشکەوتنخوازانە نەبووە. وەک بەڵگەیش ئاماژەی بە هەندێ ئاخافتن و ڕیتۆریکی سیاسیی پچڕپچڕی دوکتور قاسملوو دەدا. جارێک هەردوو کتێبی «کوردستان و کورد» و «کورتەباس»م خستە بەردەستی، وتم تەنها سەیری پێرستەکان بکە بزانم دیسان هەمان بۆچوونت دەبێت؟! ئەو کەسێکی ڕەسەن و ڕزگاریخواز و حەقیقەتدۆست بوو، هەر بۆیە بۆچوونەکەی گۆڕدرا. لەم ڕۆژانەدا هەندێ دەربڕینی هاوشێوەی ئەو هاوڕێیەم لە ئاست ئۆجەلان دا دەبینم، جا لە زمانی کەسانێکەوە کە دەڵێن «ئەکادیمیسیەن»ن و دەربڕینەکانیان بە «ڕەخنەی ئەکادیمیک»یش بە بەردەنگەکانیان دەقەبڵێنن؛ بەڵام ئەستەمە خۆشیان نەزانن کە لە میتۆدۆلۆژیای زانستیدا دابڕاندنی زنجیرەیەک ڕستەی لێڵوپێڵ لە کۆنتێکستی باسێکی فیکری یان سیاسی و لە هەموویشی سەیرتر، دابڕاندنیان لە مێژووی جووڵانەوەیەکی چەنددەساڵە، ناوی هەرچی بێ ناوی «ڕەخنە» نییە، ئەویش لە جۆرە ئەکادیمیکەکەی! گرتنەبەری شێوە ئاژیتاسیۆنێکی ڕووکەش و سۆشیاڵ میدیایی بە میتۆدۆلۆژیای گووگڵ ترانسلەیت! دەبوو لە خاوەن بەڵگەنامەی ئەکادیمیک و مامۆستای زانکۆ نەوەشێتەوە، بەڵام دیارە ڕقەکەیان لە ئۆجەلان هێندە ئەستوورە کە ئامادەن ئاوا ڕیسکێکی ماڵوێرانکەریش بکەن! چونکوو هەر ئەو نووسینانە، بە کتێبەکەیشەوە، ئەگەر بکرێتە ئینگلیزی و بخرێتە بەردەستی هاوکارە ئەورووپایی و ئامریکاییەکانیان، ڕەنگە چیدی بۆ هیچ کۆڕ و کۆنفرانسێکی ئەکادیمیک بانگهێشت نەکرێن. بەڵام مەترسیی جیدیتری ئەم ڕقبەخشینەوەیە لە شوێنێکی تردایە: لە ژەهراویکردنی فەزای سیاسی و بەشەیتانکردنی لایەنێکی سیاسیی کوردستاندا، ئەویش ڕێک لە کاتێکدا کە خواستی چەندەها ساڵەی خەڵکی کوردستان بۆ لێکنزیککردنەوەی حیزبەکان سووکەجووڵەیەکی کردووە و بۆ یەکەم جار خەریکن بیر لە هاوکاری دەکەنەوە. ئەم نابەرپرسیارێتییە سیاسی-نیشتمانییە لە حاڵێکدایە کە نا-ڕەخنەکانی خۆیان لێوانلێوە لە تۆمەتبارکردنی ئەویدی بە نابەرپرسیارێتی. ئەگەر ئەکاونتێکی بێناونیشان ئاوای کردبا دەمانتوانی بە ئاسانی لە کەناریەوە تێپەڕین، بەڵام ئەم ڕقە ناکۆتایە لە مامۆستایانی زانکۆ (تەنانەت ئەگەر زانکۆکە ئیسلامی و لەسەر ڕێبازی سەعید نەورەسییش بێت!) بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. دوژمنایەتیی خوێنینی هەندێ قەڵەمبەدەست لەگەڵ فڵان سەرکردە و فیسار حیزبدا بە هیچ مەعریفە و تیۆرییەک قابیلی تێگەیشتن نییە، مەگەر ئەوەی بە پێچەوانەی باوەڕی هەمیشەیی خۆت و بە ناچاری پەنا بۆ «نیەتخوێندنەوە» ببەیت؛ ڕقێکی کەسی یان ئایدیۆلۆژیک، بەرژەوەندییەکی نادیار، پرۆژەیەکی شاراوە یان هەر شتێکی هاوشێوە، بەتایبەت ئەگەر ئەو گریمانانە لەگەڵ ئاخێزگەی فیکری و ڕابردووی سیاسیی ئەو هێرشبەرەشدا تەبا بێتەوە! مخابن فەزای ڕۆژهەڵاتیان هێندە ژەهراوی کردووە کە باسکردن لە ئۆجەلان وەک سەرکردە، خەباتگێڕ یان تەنانەت زیندانییەکی سیاسییش بووەتە کوفر و بە لوتفی تیۆریسیەنەکانی شەڕی ناوخۆ یەکسەر بارانی جنێو بەسەر هەر بەرگریکارێکدا دەبارێت. ئەمە ڕێک بەئێرانیکردنی فەزای کوردستانە: شەیتانسازی، داماڵین لە مرۆڤێتی، تەکفیرگەری، فتوادەرکردن و دواجار سڕینەوەی فیزیکی. ئەم ڕەوتە ئەگەر بەری پێ نەگیرێت لە داهاتوودا تا دواقۆناغیش پەل دەهاوێت کە هەمان هەوڵدانە بۆ سڕینەوەی ئەویتر؛ ئەمڕۆ ئۆجەلان و پەکەکە کراونەتە سیبل، دووسبەی نۆبەی دوکتور قاسملوو و دیمۆکراتە و چوار ڕۆژی تریش کاک فواد و کۆمەڵە. ئایینپەرستیی سیاسی هیچکامیان و هیچکاممانی خۆش ناوێت. تکایە چەپڵە بۆ هیچ کەسێک بە هیچ ناونیشانێکی قەبە یان گچکەوە لێ مەدەن کە ڕقی خوێنینی لە سەرکردە و حیزبێکی کوردستانی هەیە و دەیانکاتە شەیتان، لە ئاست هەر حیزب و سەرکردەیەکدا بێت و لەژێر ناوی هەر لایەن یان بەهایەکدا... یەکەم وەڵامی کەماڵ سولەیمانی بۆ عەدنان حەسەنپوور بەشی یەکەم بڕای بەڕێزم کاک عەدنان یەک) بە پێچەوانەی جەنابت، من ناوت دێنم لە بەر ئەوەی کە دژی ئەو نەریتە قیزونەی مەلایانە و فاشیستییەم کە پێیوایە بەنێو نەهێنانی کەسی دژبەر، خۆی گەورە دەبێت و ئەوی تریش دەبێت بە پێرسۆنا نانگڕاتا و کەسی نەبوو. لە هەمان کاتیشدا، لە ڕەوشتەدا، نا ڕاستییەکیش دەبینم: کە تۆ چۆن کەسێک بە کەمترە لەوە دەبینی کە نێوی بێنی، بەڵام، باسیشی دەکەی؟ دوو) کاک عەدنان، دەرکەوتنی نووسینەکەت ڕێک لە دوایی ئەو هەڕەشەیی پەکەکە، کە دەڵێت 'ئەو سەردەمە گوزەشت تۆ بە مەیلومەرامی خۆت بنووسیت و لێپرسینەوەت لێنەکرێت. بێگومان ڕۆژێک، گەل و ویژدانی بێداری گەنجان بە باشی لێپرسینەوەتان لێئەکەن'، نەشیاو و چاوەڕوان نەکراو بوو. چاوەڕوان دەکرا کە ئەمڕۆ بە مەحکووم کردنی بەبێ مەرجی وەها هەڕەشەیەک نووسینەکەت دەرکەوتبا. مومکینە خوێنەر بپرسێ کە هەڵوێستێکی ئاوا کەی لە لایەنگرێکی پەکەکە چاوەڕوان کراوە؟ من پێموا بوو کە عەدنان حەسەنپووری پەکەکەیشی دەکرێ، دژی هەڕەشە لە ئازادی ڕادەڕبڕین بێت. بەڵام، وادیارە چاوەڕوانییەکەم هەڵە بووە. بەداخەوە، ئێستا ئەگەر بە هەڵکەوتیش بووبێت، هاتنەدەری ئێستای ئەو نووسینەی جەنابت، ڕێک لە دوای ئەو هەڕەشەیە، وەکوو پاساوی قازی شەرع بۆ حوکمی قەتڵی ڕادەبڕین دەچێت. باشە بەڕاستی ئەو سەردەمە چییە کە لە ڕوانگەی پەکەکەوە 'گوزەشت'، دێتە هەژمار؟ یانی سەردەمی ئێزنی پەکەکەیە بە کەیفی خۆی لە سەرمای زستان و لە بەرچاوی درۆن و موشەکەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوێستانەکان بێت و بچێت؟ یان ئازوقە و بارو و ئەسلەحە سەدان کەس لەم کوێستان بۆ ئەو کوێستان بەرێت وئاگری دووکەڵی بچێت بۆ ئاسمان و حکومەتی نیزامی لە چیاکانی کوردستان دژ بە خەڵکی هەژار ڕابگەیەنێ و کوێستانەکان لە ئاژەڵدار و ڕاوچی و گشتیاری کورد قاچاق بکات؟ ئەوەیە سەردەمی نوێی پەکەکە؟ جا لەو سەردەمە تازەدا پەکەکە هەر کەس مەیلی بوو بە سیخۆر پێناسە بکات و سزای بدات؟ جا ئێمەش دەبێ باوەڕ بکەین و قبووڵمان بێت کە دەبێ کۆماری ئیسلامی نەوێرێت درۆن بۆ سەر هێزەکانی بنێرێت؟ یانی هەر ئەو کۆماری ئیسلامییەی کە ٣ پێشمەرگەی موهتەدی لە زەرگوێر تەحەموول ناکات. بەڵام، ئەو کۆماری ئیسلامی لە سەرمای زستاندا، لە ڕێگەی شوان و گاوانی کوردەوە دەیەوێت جاسوسی لە سەر پەکەکە بکات؟ یان مەبەست ئەو سەردەمەیە کە چوونکە حیزبەکانی دیکە ڕێگای تێکۆشانیان نەماوە، پەکەکەش خۆی بە تاکە کەڵەگای سەر کوردی ڕۆژهەڵاتیش دەزانێ؟ هەر کەس کە پەکەکە مەیلی بێت بە پێی لوژیکی ئاتەش بەئیختیار، لەگەڵی دەجۆڵێتەوە و زنار سۆزدارەکانی وەک مەسعودی نەمکی هەڵی دەکوتنە سەر و بەنێوی 'گەل' لێی دەپێچنەوە. خۆ پێشتریش قەت پەکەکە ئێزنی بیروڕای ئازادی نەداوە. با نەچمە سەر لیستی دوورودرێژی کانی یڵمازەکان و کێ و کێ. کاک عەدنان وەکوو ڕۆژنامەنووس (من لە گیومەت ناوێم و نانووسم 'ڕۆژنامەنووس'). بەلام، تۆ دەبوو یەکەم کارت مەحکووم کردنی بەبێ ئەملاوئەولای هەڕەشە ڕادەبڕینی ئازادی من بێت؛ ئەگەرچی من بە ڕەکەبەری بیری سیاسیشت بزانی. لانیکەم ئەوە تێگەیشتنێکی جیهانییە لە ئازادی. ئازادی لە ڕا دەربڕین و بوونی بیروڕای جیاوازدایە. بۆ تۆ کە گوایە گرنگییەکی زۆر بە میتۆدی ڕۆژئاوایی دەدەی، با قسەکەم بە گوتەی پیاوێکی سپی یانی فەیلەسووفی فەرەنسی ک. لەفۆرت دڕێژە بدەم کە دەڵێ 'تەنیا مەرجی شەرعییەتی دیموکراسی و بەردەوامبوونەکەی لە باس و دیبەیتە بێ بڕاونە سەبارەت بە خودی بنەمای شەرعییەت.' یانی دێموکراسی لە هێنانی ژێرپرسیار تیۆریکی خود شەرعییەت هەرچی بنەمای یاسا و دەسەڵات و ئۆتۆریتەیە دەست پێ دەکات و درێژەی دەبێت. ڕێک بەپێچەوانەی، "مودێرنیتەی دێموکراتیکی' ئۆجەلان، هیچ کەس لە دێموکراسیدا وەکوو ڕێبەری پەکەکە، 'دواین مەرجەعی بڕیار' و شەرعییەت نییە (بڕاونە پەیماننامەی کەجەکە). لە سیستەمێکی دێموکراتیک و ئازاددا، هیچ کەسیش بە هێنانە ژێرپرسیاری گوتەی ڕێبەرێک یان خودی ڕێبەر یان پەیغەمبەرێک، ناکرێت بە خاین و مورتەد. بۆیە، ئازارم دەبینم کە ئەمڕۆ دەبێ دەرس گرنگی ئازادی و مافی ڕا دەربڕین بە کوردێکی وەکوو تۆ بدەم کە خۆی لە زیندانی ویلایەتی فەقیهی دابووە. لە وەش تاڵتر، ئەوەیە کە دەبینم ڕێک ڕۆژێک دوای ئەو هەڕەشە گەوجانەی پەکەکە، بە جێگای ڕاوەستانت لە پشتی ئازادی ڕادەبڕینی کوردێک، کەوتوویە لایەنگری لە بەرەیەک کە هەڕەشە لە دەربڕینی بیروڕا بە ئاساییترین بابەت دەزانێت. لایەنگری بەڕەیەکی کە بە پێی ئاتەش بەئیخیتاری گرووپی فشاری ئاپۆڵڵاهی، ڕاست وەکوو موحسینی ئەڵڵاکەرەم و مەسعوودی نەمکی دەیەوێت بێدەنگم بکات. خۆت کە کۆنە قوربانی ئاتەش بەئیختیاری کۆماری ئیسلامی، ئیستا دەنگی ئاتەش بەئیختیاری گرووپی تولیتاری پەکەکەی. ئێستا لە بەر ئیمانت بە ئاپۆچیگەری کەوتوویە بەرەی ئەوان. سێ) کە دەفەرمووی'لەم ڕۆژانەدا هەندێ دەربڕینی هاوشێوەی ئەو هاوڕێیەم لە ئاست ئۆجەلان دا دەبینم، جا لە زمانی کەسانێکەوە کە دەڵێن «ئەکادیمیسیەن»ن و دەربڕینەکانیان بە «ڕەخنەی ئەکادیمیک»یش بە بەردەنگەکانیان دەقەبڵێنن.' خۆشحاڵم کە جەنابت شتی وا ئاوا دەبینی. بەڵام زۆر لە بڵندەوە و لە ئاستێکی کەسێکەوە کە خاوەنی حوکمی نەهاییە و لوتکەی ئۆتوریتەیە، شتەکان دەیبینی. دیارە سەیر نییە کە دەنگی تولیتاریزم لە هەر دەمێکەوە یان لایەکەوە کە دەرکەوت هەر یەک شتە. ١) ئەو شتانە چین کە تۆ دەیان بینی؟ ٢) ئەو شتانەت لە کوێ دیتوون؟ ٣) ئەو کەسانە کێن؟ ٤) بۆ پێتوایە کە کەسێک باسی ئۆجەلانی کرد بەو شێوەیە کە تۆ بەدڵت نییە ئەوە تازە ئاکادیمیسیەن نییە و دەچێتە نێو دوو کەوانەی چوکەڵەی عەدنانی حەسەنپوور؟ ٥) دەزانی کە هەر ئەو شێوە هەڵسوکەوتە، خۆی جۆرێک لە ئانتی ئینتلەکچوالیزم (دژایەتی ڕۆشنبیری)، یان ترسی مرۆڤی حیزبی وەک تۆ لە ئاکادیمیسیەن دەرناخات؟ ٦) ئەو کەسانە چییان کووتووە کە جەنابت مەدەڕەکی ئاکادیمیکیان لێدەستێنیەوە؟ دیارە حەتمەن بەو گریمانەوە کە بۆ خۆت خاوەنی شەهادەیەکی سەرووتری لەوان. ٧) کێهە لەوانە کە دەنگیان هەڵبڕیوە و پرسیاریان لە قودسیەتی سیاسەتی و ئاسمانی بوونی ئەحکام و ئەوامیری پەکەکە کردووە، بۆ خۆی ڕاگەیاندووە کە کووفربێژییەی دژ بە پەکەکە، ئەکادیمیکە؟ بە چ پێوەرێک جەنابت دەڵێی کە بۆ خۆیان وای 'دەقەبڵێنن'؟ ئەو هەمووە باسی میتۆدۆلۆژی و چی و چی دەکەی، نە ڕیفرێنسێک، نە نێوێک، نە نێوی وتارێکیش دێنێ، گوایە هاتووی شتیش ڕۆژئاوایانە ڕوون بکەیەوە و دەرسی میتۆدۆلۆژیش دەدەی. دیارە جەنابت بە وەندەش ڕاناوەستی و بە جۆرێک لە دووروویی ئەکادیمیی تۆمەتباریشیان دەکەی. بۆیە، دەفەرمووی 'بەڵام ئەستەمە خۆشیان نەزانن کە لە میتۆدۆلۆژیای زانستیدا دابڕاندنی زنجیرەیەک ڕستەی لێڵوپێڵ لە کۆنتێکستی باسێکی فیکری یان سیاسی.' هەر وەها، دەفەرمووی کە 'چونکوو هەر ئەو نووسینانە، بە کتێبەکەیشەوە، ئەگەر بکرێتە ئینگلیزی و بخرێتە بەردەستی هاوکارە ئەورووپایی و ئامریکاییەکانیان، ڕەنگە چیدی بۆ هیچ کۆڕ و کۆنفرانسێکی ئەکادیمیک بانگهێشت نەکرێن. ' یەکەم، باشە، چۆن لە چەند کەس ڕا، ئەو ئاکادیمیسیەنانە لەنەکاو بوون بە یەک تاکە کەس و دەڵێی بە 'کتێبەکەیشەوە'؟ کتێبەکەی کێ؟ باسی چی دەکەی؟ هەمووی بێ ناونیشان و نادیارە. باشە جەنابت کە باسی میتۆدۆلۆژی ئوورووپایی دەکەی، ئەو جۆرە ئیرجاع و ئاماژە کردنە لە کێهە زانکۆیە فێربوویی؟ نە سەرچاوەت دیارە، نە نووسەری جێگای ڕەخنەت دیارە. دووهەم، دەفەرموویت کە چەند ڕستەیان لە کانتکێست و بەستێن دەرهێناون بۆ ڵێڵوپێل کردنی مانای ڕستەکان. ئەو زانکۆیەی کۆڵۆمبیا کە من لەوێ خوێندوومە، وێدەچی بە ستانداردی ئەو زانکۆیانەی ئێران کە جەنابت لێت خوێندووە، زۆر گرفتی زانستی هەبێت. بەڵام، لەو زانکۆیەی کە من خوێندوومە ئەگەر کەسێک بە ڕەش بڵێت 'نیگر'، بەبێ لە بەرچاو گرتنی کانتێکست و کۆدەق، ئەو کەسە ڕاسیست دێتە هەژمار. ئەگەر پیاوێک بە ژنێک بڵێت 'زەعیفە'، بەبێ لە بەر چاوگرتنی کانتێکست و کۆدەق، ئەو پیاوە وەکوو خاوەن زەینێکی مەساژێنیست و نێرپەرەست چاوی لێدەکرێت. ئەگەر کەسێک بەبێ کۆدەقیش بە کورد بڵێ 'تورکی کێوی'، ڕاسیست و فاشیست دێتە ئەژمار. سیهەم، جەنابت بە زەینێکی ئۆریەنتالیستییەو، بە ڕۆژهەڵاتی و شەرقی نواندنی ئەو ئەکادیمیسیەنانەی کە بەدڵت نین، دەتەوێ کە تیرۆری کەسایەتییان بکەیت: ١) کێهە 'ئەکادیمیسیەنی ئەورووپایی و ئەمریکایی' ئەو حوکمانەی داوە و پێوەرەکەت چییە؟ ٢) جەنابت لە کێهە ئاکادیمیای ڕۆژئاوای فێربوویی ئەوە بووی کە ئەو شتانەی ئێمە دەیان نووسین بەبێ بایەخ چوونکە بە کوردی و بۆ بەردەنگی کورد نووسراون؟. ٣) ئەگەر وایە بۆ جەنابت و هەموو لایەنگرانی پەکەکە ئێستا وەخۆ کەوتوون و هێندە گرنگی بە شتێکی ئاوا دواکەوتوو دەدەن. بۆ وتاری لەسەر دەنووسی؟ بۆ زەحمەت بە خۆت دەدەی باسیان لەسەر بکەی؟ ٤) ئەو جۆرە باسانەم پێ جوان نین، بەڵام کاتێک کەسێک لەبەر غەرزی سیاسی دەیەوێت لە رێگەی باسی چۆنیەتی کاری ئاکادیمیم بکات، پێمخۆشە ئاگاداری بکەمەوە کە لە فەوقی دیپڵۆم ڕا تا دکتۆرا لە ئەمریکام خوێندوە و لانیکەم بە ڕادەی جەنابت ئاگاداری ستانداردی خوێندن لە دنیای ڕۆژئاواش هەم. لە کۆڵۆمبیا یونیڤێرسیتی دکتۆرام وەرگرتووە کە لە زیاتر لە ١٥ تا ٢٠ ڕشتە یەکەمە لە هەموو جیهاندا. پێمخۆشە ئاگادار بی کە جگە لە کتێب، لانیکەم ١٦ گوتاری زانستیم لە باشترین ژۆرنالەکانی زانستی جیهاندا بڵاو بووەتەوە کە زۆر ئاکادیمیسیەنی ڕۆژئاوایش مومکینە نەتوانن لە هەموو تەمەنیان وتارێک لە ژورناڵانە بڵاو بکەنەوە (بڕوانە ئێرەhttps://colmex.academia.edu/KamalSoleimani). ٥) کە بێینە سەر ڕستەی بە قەوڵی جەنابت ڵێلو پێڵ، من چەند ڕستە لەو ڕستانە کە دەفەموویی ڵێل و ناروونن، بۆ تۆ لێرە دادەنێم. تۆ خۆت ڕاڤەیان بکە و با باقی قەزاوەتیش بە خوێنەرانی بێ ئیمانی غەیرە پەکەکەیی بسپێرین. ئ) ئۆجەلان دەڵێ: کەجەکە 'دامەزراوەکانی کۆماری تورکیا و سنوورەکانی بەمەشرووع قبوڵ دەکات و پرسەکانی فۆرمی یونیتەری، کۆنفیدراڵ یان فیدراڵ ناهێنێتە باس کردن.' (تورکیەدە دێموکراتیکلەشمە. ٢٠١١: ٧٨). ئەوە چە مانایەکی جگە لەوە بڵێت کە هەموو سیستەمی تورکیمان قبوولە، بەبێ ئەوەی ئێمەی هیچ داخوازیەکمان بێت. ب) ڵە ئێستا [٢٠٠٥] بەدواوە ٣ یاسا لە کوردستان حوکم دەکات: یاسای دەوڵەتی یونیتەر [کۆماری ئیسلامی، تورکیا، عێراق و سووریا]، یاسایی یەکیەتی ئەورووپا و یاسایی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی (پەیماننامەی کەجەکە، لاپەڕەی ٦). ج) ئۆجەلان: «ئێمە دەمانەوێت ببین بە عونسوری دێموکراتیکی ئەساسی ئەو دەوڵەتە…ئاکەپەش ببێت بە بەشی موحافزەکارەکەی. ڕێگا چارەی دێموکراتیکمان دەوێت، پێش لە دێموکراتیزاسیۆن مەگرن. ئێمە لە کاتی [موستەشاری میت] ئێمرە [تانەر]دا هەر بەو مەرجە کەجەکەمان دامەزراند (دێموکراتیک کورتولوش. لاپەرەی ٢٣٩). د) ئۆجەلان: 'ئێمە سەر بە (عایدی) دەوڵەتی تورکین(دێموکراتیک کورتولوش. لاپەرەی. ٢٢). ه) ئۆجەلان “دەمەوێت ڕابگەیەنم کە ڕێگای چارەسەری دێمۆکراتیک، ڕزگاریی و سەربەخۆیی تەواو لە دەوڵەت-نەتەوە نییە، بەڵکوو وەکوو دوو دەسەڵات، [فیدرالیزمی] دێمۆکراسی و دەوڵەت-نەتەوە دەتوانن پێکەوە لەبن یەک بان (سەقف)دا دابن و چوارچێوەی کاریگەریی هەردووکیان دەتوانێ یاسای بنەڕەتیی دێمۆکراتیک بێت”(Demortakİtk Ulus 2016: 19). . مەگەر قەرار نەبوو دەوڵەت-نەتەوە نەمێنی و کەجەکە و کۆنفیدرالیزمی دێموکراتی جێگای بگرێتەوە و) سەبارەت بە شێخ سەعید، ئوجەلان: ' موستەفا کەماڵ [ئاتاتورک] لە یاخیگەری خەلافەتدا، تێکۆشانی هاوبەش ئینگلیستان و هێزە ئوممەتچییەکان وەکوو هەوڵ بۆ لەناو بردنی جومهوریەت تێدگات. هۆی ئاوا تووند هەڵسوکەوت لەگەڵ کردنی ئەوە بوو، زۆر لە کێشەی کورد وەکوو هەوڵی لە ناوبردنی جمهوریەت و هەوڵی هاوبەشی ئیمپریالیزم و بەکرێگیراوەکانی بۆ هێنانەوەی سەڵتەنەت دەبینێت. لەودەم بەداوە، هەموو یاخیگەرییەکانی [کورد] لە ژێر کاریکەری ئەو هەڕەشەیەدا هەڵدەسەنگێنێ. کە تەنانەت وەکوو فۆبیەک تا ئەمڕۆی ئێمە درێژەی هەبووە' (بیر هەڵکن ساونماسێ، لاپەرەی ٢٤٨. ( س) سەبارە بە ژنۆسایدی ئەرمەنی، ئۆجەلان 'كاریگەری ئینگلیس، لە تەحریک کردنی هەر دوو لا، ڕۆڵێکی زۆر خەرابکارانەی هەبووە. هەر بە هەمان ڕادە لە کاریگەری [وەکوو ئەوەی کورد]، دەوڵەتە گەورەکانی دیکەی ڕۆژئاوایی لە تەسفییەی خەڵکی ئەرمەنی و ئاسوری ڕۆڵێکی دیاریکەر [فارسی تعیین کنندە] یان هەبووە. ئەگەر ئەوان [ڕۆژئاواییەکان] لێیان گەڕابان، تەسەوور ناکرێ ئەو خەڵکانە تووشی ئەو کارەساتانە ببان' (بیر هەڵکن ساونماسێ، لاپەرەی ٢٤٩. ( ڕێبەرێکی دیکە جگە لە هیلتر، نێو بێنە کە تورکیای لەسەر ژنۆسایدی ئەرمەنی بە تاوانباری سەرەکی نەناسی بێت؟ د. کەمال سولەیمانی بەشی دووهەم ترس لە سڕینەوەی ئەویتر یان هەوڵی بێدەنگ کردن؟ کاک عەدنان، ڕادەی دەیبەتەکەتان تا ئاستێک هێناوەتە خوار کە واهەیە بە خۆم دەڵێم: سەر سوورهێنەرە. بەڵام کە وەبیرم دێتەوە نووسینەکەت ئی کەسێکە سەر بە فیرقەی ئاپۆچییە، دەڵێم نا زۆریش سروشتییە. بۆ نموونە، دەنووسی کە ''ئەویش لە جۆرە ئەکادیمیکەکەی! گرتنەبەری شێوە ئاژیتاسیۆنێکی ڕووکەش و سۆشیاڵ میدیایی بە میتۆدۆلۆژیای گووگڵ ترانسلەیت.'' من كاتێک ئەوە دەبینم تەنانەت کە توانایی زمانی من دێنیتە ئاستی کەڵک وەرگرتن لە گوگڵ ترانسلەیت، لە حاڵێکدا قەت منت نەدیتوە؛ دەڵێم بڵێی ئەو برادەرە بیر نەکاتەوە کە نەکات ڕۆژێک تووشی کەسانێک بێت کە ئاگارداری توانای زمانزانی منن. من پێمخۆشە تەوازوع وەلا بنێم و پێت بڵێم کە سەرەڕای ئەوەی کە تورکی مودێرن زۆر باش دەزانم، کەم کەس لە تورکیا هەیە کە زمانی عوسمانی وەکوو من بزانێت. کاتێک سکالەرشیپی بە پرستیژی فوڵبرایتم وەرگرت و چووم بۆ ئیستەنبوڵ بۆ ڵێکوڵێنەوە، تەنیا بۆ گەران بە دوای چەند وشەدا، لە ماوەیەکی کەمدا، نیزیک یەک سەدە بەڵگەکانی ئارشیوی عوسمانیم هەڵگێڕ وەرگێر کرد (بڕوانە فەسلی ٥، کتێبی ئیسلام و ناسیۆنالیزمە ڕەکابەرەکان). لە ساڵی ،٢٠١٤ دوای وەرگرتنی دوکتۆرا بە پێشنیاری دوکتۆر عەبباسی وەلی و مەرحوم دوکتور قادری یڵدریم کە دواتر بوو بە پارلەمەنتەری هەدەپە– لە زانکۆی ماردین وانەکانی مرۆڤناسیم بە زمانی تورکی دەکووتوە. تەنانەت بە شانازییەوە دەڵێم کە بەڕادەیەک بەتواناوە ئەو دەرسانەم بەو زمانە دەکووتەوە کە من تەنیا مامۆستایەک بووم کە هێندێک خەڵکی دەرەوەی زانکۆش دەهاتن بۆ سەر کلاسەکانم. هەر ئەوەش بوو کە لە دوایی ٧ حوزەیرانی ٢٠١٥ و دەست پێکردنەوەی شەری ئەردۆغان دژ بە شارەکانی باکوور، من و دوکتۆر سەلاحەددین ئەحمەد کە تا ڕادەیەک لایەنگری پەکەکەش بوو، وەکوو یەکەم گرووپ لە سەر کار دەرکراین. تەنانەت بە شێوەیەک دەرکرانەکەی من گەورە بووە کە ئەنجوومەنی لێکۆڵێنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MESA)، کە نیزیک ١٠٠٠٠ ئاکادیمیسیەن ئەندامییەتی، لە نامەیەکدا کە بۆ بینالی یڵدریمی سەرۆک وەزیرانی ئەو کات، ئەو هەڵسوکەوتەی دەوڵەتی تورکی لەگەڵ من و ٣ ئاکادیمیسیەنی دیکەی باکووری، مەحکووم کرد . بە باوەڕی من، خۆتان لەو ئاستە نزمە لە دەیبەت بپارێزن، با یارمەتیدان بدات کە لانیکەم ڕەخنە بە جێیەکانت، لە لای خوێنەر گرنگی پێ بدەرێت. کاک عەدنان، لێرەدا زۆرتر هەوڵم ئەوەیە کە وەڵامی ئەو ڕەوتە بدەمەوە کە ئێستا لە زمانی تۆوە و لە ڕوالەتی پیاو ماقووڵێکدا نوێنەرایەتی دەکرێت. ڕەوتێک لە ڕێی کەسانی وەکوو تۆ و بەدانی مافی نەسیحەتی خەڵک بە تۆ، دەیەوێت ڕەخنە وەکوو دیاردەیەکی نەشیاو و تەنانەت هەڕەشە لە بەرژەوەندی نیشتمانی کورد بناسێنێ. من تێگەیشنێکی جیاوازی خۆم لە کوردایەتی هەیە و دەرسی کوردایەتیش لە هێزێک و بە ڕواڵەت نوێنەری هێزێک وەرناگرم کە ساڵانێکە خەریکە کوردایەتی دەکات بە نەنگ بۆ کورد. ساڵیانێکە کە ئێوە کوردایەتیان کردووە بە شەرم بۆ لایەنگرانی خۆتان و بە ئیلکەل میللیەتچیلیک (ناسیۆنالیزمی دواکەتوو) دەیناسێن و تەنانەت فەرماندەی پەکەکەش لە بەرچاوی مراد قەڕەییڵان و دوران کاڵکان دەڵێ کە ئێستری بابی بە کوردی جووتەی داویشت (برواننە ئەم ڤیدیۆیە: https://t.me/ksoleima/186). کوردایەتی من نە دژە ڕەخنەیە، نە دژی ئازادی ڕادەبرین و نە دژی دوای یەکسانیەکانی جۆراجۆری جێندەری، زمانی، دینییە. بۆیە من هێنانە گۆری باسی یەکگرتوویی کورد–وەکوو ئەوەی ئێستا تۆ بە نوێنەرایەتی پەکەکە دەیکەی– و لە بەرانبەر پرسی ئازادیی بیروڕا و ڕەخنە دادەنێی، زۆر دوور نابینم لە تاکتیکی ''مەسڵحەتی نیزام و شەرایەتی حەساسی کنوونی کۆماری ئیسلامی.'' کۆماری ئیسلامی ٤٤ ساڵە بەو پاساوانەوە مافی خەڵک و ئیرادەی خەڵک لە ژیر پێ دەنێت و بیری جیاواز دەکوژێت. هەر بۆیە باوەڕم بەو هەموو سۆزەشت نییە کە بۆ یەکگرتووی کورد، یان بۆ کاک فوئاد و دوکتۆر قاسملوو و تەنانەت کۆمەڵەش نیشانی دەدەی. من ئەگەر ئەو کەسایەتییانەی کە ئێستا بوونە بە سەمبوولی نەتەوەیی کورد لە ژیاندابایەن، بە مافی خۆم و تەنانەت بە مافی ڕێرەوانی ئەوانیشم دەزانی کە ڕەخنە لە هەڵوێستی هەڵەی ئیحتیمالی سیاسیی ئەوانیش بگرن. ئێستاش پێموایە کە حیزبەکانی کوردی ئەگەر ئیزن نەدەن کە تەنانەت ئەندامەکانیان لە کاک مستەفای هیجری و کاک برایمی عەلیزادە و کاک ڕەزا و کاک حوسێن و باقی ڕێبەرەکانیان ڕەخنەی زۆر تووند بگرن، ئەو حیزبانە فڕییان بە ئازادی و دێموکراسییەوە نامێنێت. من ڕێزێک کە بۆ هەموو سەمبولەکانی ڕابردوویی نەتەوەیی کورد هەمە، لەو دایە کە پێموایە ئەوان هەم بۆ ڕزگاری نەتەوەیی کورد لە ویدیکەی کورد و هەم بۆ ئازادی تاک و بە کۆمەڵی کوردیشیان هەوڵیان دەدا. من سمکۆی مەزنم پێ یەکێک لە ڕێبەرە گرنگەکانی کوردە، بەڵام سەرەڕای هەوڵ بۆ ناساندنی ئەو بە جیهانی ئەکادیمیای ئینگلیسی زمان، لە وتارەکەمدا سەبارەت بە سمکۆ، بە تووندی ڕەخنەم لە هەڵسوکەوتی ئەو سەبارەت بە ئاسۆری و ئەرمن گرتووە. ئەو پاپلیولیزمەی کە پەکەکە لە زمانی کەسانی وەکوو جەنابت ئێستا دەستی پێکردووە، هەر وەکوو لە خوارەوە نیشانی دەدەم، نە لەگەڵ مێژوویی ئەو ڕەوتە دەگونجێ و نە لەگەڵ بیروباوەڕیان. بەڕاستی لەگەڵ خودی هەڵسوکەوتی تاکەکەسی جەنابیشت زۆر گونجاو نییە. لە حالێکدا دەفەرموویی کە ''ئەم ڕەوتە ئەگەر بەری پێ نەگیرێت لە داهاتوودا تا دواقۆناغیش پەل دەهاوێت کە هەمان هەوڵدانە بۆ سڕینەوەی ئەویتر؛ ئەمڕۆ ئۆجەلان و پەکەکە کراونەتە سیبل، دووسبەی نۆبەی … کۆمەڵە.'' بەڵام، بەلاتەوە زۆر ئاساییە کە بۆ خۆت بە موهتەدی بڵێی کۆیلە، و کە هاتەسەر موقەددەساتی فیرقەیی خۆشت، نەتەنیا دەرسی ئەخلاق بە غەیر بدەی، بەڵکوو دەڵێی دەبێ ئەو شێوە لە ڕەخنە گرتنەش بەرێ پێ بگیرێت. بەڵام بۆ جەنابت حەڵالە. بۆ نموونە، سەبارەت بە موهتەدی دەنووسی کە ''هێشتا کوردی پێ ئۆبژە و بندەستە کە ناوەند ئەگەر هەر تەنها دڵی خۆش بکات، کافییە و بەسمانە، وەک بڵێی خەریکن خێرمان پێ دەکەن! ئاشکرایە ئەم نەفەس و هەوایە بە تەواوی هیی مرۆڤی خۆبەکۆیلەزانی بندەستی پەراوێزکەوتەیە کە خۆیشی لە ناهۆشیار و بگرە لە هۆشیاریدا قبووڵی کردووە کە قەدەری ئەو بندەستبوون و ئۆبژەبوونە و دەشێت گەورەکان لە ڕێی خودادا خێرێکی پێ بکەن یان نەیکەن!'' (بڕوانە:https://archive.fo/988gL). تازە لە حالێکدا، من کتێبێکی تەواوم لە سەر کەجەکە نووسیوە، دەڵێی کە '' دابڕاندنی زنجیرەیەک ڕستەی لێڵوپێڵ لە کۆنتێکستی باسێکی فیکری یان سیاسی و لە هەموویشی سەیرتر، دابڕاندنیان لە مێژووی جووڵانەوەیەکی چەنددەساڵە، ناوی هەرچی بێ ناوی «ڕەخنە» نییە''. بەڵام، بۆ خۆت وتارێکی دوور و درێژێت لەسەر یەک توینی موهتەدی نووسیوە و سەڕەرای ناوزد کردنی ناوبراو بە کۆیلە، دەڵێی ''موهتەدی کە ماوەی چەند ساڵێکە بەم نەفەسە ئێرانییەی خۆیەوە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ نزیکبوونەوە لە ناسیاسەتوان و سێلێبێریتییە بێناوەرۆکەکانی ئێران کە بەشی هەرەزۆریان لە بەرەی ڕاستی کۆنەپارێز، پان و نادیمۆکراتدان، ئەمەیش لەژێر ناوی «دیپلۆماسی و سیاسەت»دا بە خەڵکی کوردستان دەفرۆشرێتەوە'' (بڕوانە:https://archive.fo/988gL). باشە نووسینی کتێب و دانانی سکرینشاتی لە نووسراوەکانی ئۆجەلان بۆ دوورە لە ڕوحی ڕەخنەگری و ناڕەوایە، بەڵام ئەو شتانە کە تۆلە سەر یەک تویت بە موهتەدی دەڵێی تەنیا ڕەخنەیە، نەک بە شەیتان کردن؟ بەڕاستی ئەوە یەک ستانداردییە؟ دیسانیش بەلای تۆوە ئاسایی کە ئیزن نەدەی کەس لە ئۆجەلان ڕەخنە بگرێت. فەرقی جەنابت لەگەڵ مەزهەبییەکی فەناتێک کە ڕۆژێ ١٧ جار دەڵێ ''خوایە نەمکەی بە مەسیحی ڕێ لێونبوو، خوایە نەمکەی بە یەهوودی گومراە،''چییە؟ ئەویش وەکوو تۆئیزن نادات کە نووسەرێک تەنانەت لە ئینگلیستانیش باسی پەیغمبەرەکەی بکات. تازە من تۆزیکیش دوورترم. من ڕەخنەکان و سکرینشاتەکانم لە نووسینەکانی ڕێبەری پەکەکە گرتووە کە دەڵێ موژدەی نەمانی دەوڵەت-نەتەوە پێیە. من لە کتێبێکدا زۆربەی بەشی پەیماننامەی کەجەکەم شیکردۆتەوە کە پێشتر ئێوەی پەکەکەیش نەتان دیبوو. دەتانکوت ئۆجەلان ڕێبەرێکی سەمبولێکە. من سکرینشاتم گرتووە کە بەپێی پەیماننامەی کەجەکە، ئێستا ئۆجەڵان دواین مەرجەعی بڕیارە. دەتانگوت کەجەکە هێمای باوەڕی ئێمە بە نەمانی دەوڵەت-نەتەوەیە؛ منیش سکرینشاتم گرتووە کە ئۆجەلان دەڵێ کەجەکەم لە مامڵە لەگەڵ موستەشاری میتی تورک و بە مەرجی دێموکراتیزاسیۆن لە تورکیادا دامەزراندووە. هەروەها سکرینشاتم لە نووسین ناوبراو داناوە کە دەڵێ کەجەکە ''هەموو سنوور و یاساکانی تورکیای قبوڵە، ئامادەی باسکردن لە [گۆڕینی دەوڵەتی] یەک-پێکهاتە [نییە و داوای] کونفیدرالیزم یان فیدرالیزم ناکات'' (بڕوانە: سولەیمانی، پەکەکە و پرسی کوردستان، بەتایبەت بەشی یەکەم : https://t.me/ksoleima/140... ) ئی بۆ جەنابت مافت هەیە کە لەسەر تویتێک وتارێک بنووسی و تەنانەت پێش جورجتاون موهتەدی بە کۆیلە بناسێنی؟ بەڵام، من مافم نییە ئەو سکرینشاتان لە نووسینەکانی ئۆجەلان دابنێم. برای بەڕێز ئەو شتانەی کە ئۆجەلان کووتیەتی زۆر لە ئی موهتەدی خراپترە. بۆ ڕەخنە لە موهتەدی بە ڕەوا دەزانی و لە پەیغمبەرەکەت بە کووفر؟ تازە، زمانەکەشت سەرەڕایی سووکایەتی بە ڕەخنەگران، زمانی ئەمر و نەهی و هەڕەشەیە. بۆیە، بەڕاستی هەم جەنابت و هەم پەکەکە کە ئێستا تۆ وەکوو پیاوماقووڵیک بۆ بەرگری لە پەکەکە، خەریکی نەسیحەتی خەڵکی بۆ دەکەی، ئاخرین لایەنن کە بتوانن بابەتی یەکگرتوویی نەتەوەیی بۆ فریو و هاندانی خەڵک، دژی تاکی ڕەخنەگر بەکار بێنن. هەر وەکوو ئاماژەم کرد دیارە نیگەرانیەکی زۆرت سەبارەت بە ئیحتمالی بێ ڕێزی ئەویش لە داهاتوودا بە کاک فوئاد و دوکتۆر قاسلموو و کۆمەڵە دەربڕیوە. بەڵام، ئەو خەنەیە زۆر بێ ڕەنگە. هیچ کەسایەتیەک، سەمبولێک، یان بیرێکی نەتەوەیی نەماوە کە هەر کات ویستان، نەیکەن بە خاین و هەر کات کە ویستان کەڵکی ئامرازی لێوەر نەگرن. هەر ئەو شێخ سەعیدەی کە ئاپۆ لە ساڵی ٢٠١١، بە مورتەجیع و بەکریگیراو و بەهۆی دوژمنایەتی سەد ساڵەی دەوڵەتی تورک لەگەڵ کوردی دەناسێنێ، ڕاست دوایی گیرانی ئاپۆ، شێخ سەعیدی وەکوو سەمبوولی زۆلم لە کورد دەناساند و دەیکوت دەوڵەتی تورک منیش تووشی چارەنووسی شێخ سەعید دەکات. بۆیە لێم قبوڵە بکە ئەو نیگەرانییەت زۆر لە دڵەوە دیارە ناکات کە دەڵێی سپەی ئەو شتە بەسەر دوکتور قاسملوو و کاک فوئادیش و کۆمەڵەش دێت. ١) دوایی چۆن بەری ئەو ڕەوتە دەگری؟ مەبەستت ئەوەیە چی دیکەی کە نابێ ڕەخنە لە پەکەکە بگرێت؟ ئەگەر ڕەخنەگران بێدەنگ نەبوون و ڕەخنەکانیان–کە بەدڵی ئێوە نییە–درێژەیان هەبوو، ئێوە پلانتان هەیە کە چییان لێبکەن؟ سزایان دەدەن؟ ٢) ئایا ئەو حیزبە کە جەنابت دەڵێی بە دانانی هێندێک سکرینشات لە کتێبەکانی ڕێبەرەکەی، وێدەچی تووشی سڕینەوە بێت، قەت ڕەخنەی لەوانی دیکە نەگرتووە؟ ڕەخنە قوربانی چاوت، ئێمە هەموو بەیانان بەو ترسەوە کە کەی پەکەکە و حیزبی دیکە هەڵدەکوتنە سەر یەک لە خەو هەڵدەستین. ئەو ڕەوتەی کە تۆ پاساو بۆ تووندوتیژییەکەی دێنییەوە و نیگەرانی کە بسرێتەوە؛ ئامادەی سرینەوەی هەموو شتێکی کوردە ئەگەر لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەو گونجاو نەبێ: سرینەوەی هێما، مێژوو، زمان، نووسەر، بیر و بیرمەند. ئێستا چەند نموونەت بۆ دێنمەوە بۆ ئەوەی کە وەکوو تۆم نەکرد و بەڵگەم بۆ بانگەشەکانم هێنابێتەوە. بۆ نموونە سەبارەت بە دوکتور قاسملوو و کاک فوئاد و هەموو ڕێبەر و حیزبێکی کوردی کە جەنابت ئێستا دەترسی سبەی بکەونە بەر هێرشی ڕەخنە؛ ئۆجەلان ٢٧ ساڵ پێش، هەمووی ئەوانەی بە وابەستەی بێگانە دەناسێنێ و لە ساڵی ١٩٩٦ دا نووسیویەتی کە: ''حیزبەکانی کوردی ئەمرۆ کە لە بەنێو بزاڤەکانی کوردیدا تێدەکۆشن، میللی (نەتەوەیی) و دێموکرات نین و نوێنەرایەتی هزرەکانی دێموکراتیک ناکەن، شێوەی کاری ئەو حیزبانە عەشیرەیی و ناوچەیییە و لە باری کەسایەتیشەوە نەیانتوانیوە لە کەسایەتی کلاسیک و فیۆداڵی ڕزگاریان بێت و بە هێزی دەرکی و بێگانە وابەستەن (ئۆجەلان، رهبریت و خلق، ١٩٩٦: ٤٩). ئەو بە کلاسیک و خێلەکی و سەر بە بێگانە ناساندنی هەموو حیزبێک، جگە لە پەپەکە، لە ڕۆژی دامەزرانییەوە تاکوو ئێستا بەشێک لە کولتووری سیاسی ئەو حیزبە بووە. ئەو تۆمەتەی ئۆجەلان لە هەموو حیزبێکی کورد لە بەر ئەوە نییە کە گوایە ئۆجەلان لە ١٩٩٠کاندا سەربەخۆییخواز بووە ئەوانی دیکە، هەموو فیدراڵیخواز و ئۆتۆنۆمیخواز. ئۆجەلان تەنانەت هەر جۆرە سیاسەتێکی کوردی کە هەوڵی جوداییخوازانەشی ببێت، هەر لە ١٩٩٠کان ڕا بە جۆرێک لە ناسیۆنالیزمی دواکەوتوو (یان بە زمانی پەکەکە بە ئیلکەل) ناساندووە. بۆ نموونە، هەر لەو کتێبەدا کە باسی عێراق دەکرێت، دەڵێت کە سەددام دەبێتە هۆی تەجزیە و لێکهەڵوەشانی عێراق و بۆیە ڕادەگەیەنێت کە: ''لە هەلومەرجی ئێستادا سیاسەتێک کە یەکپارچەیی و یەکگرتوویی عێراق دەباتە ژێر هەڕەشە، لە لایەن خودی سەددامەوە لە پێش گیراوە. ناوبراو بە هارووژاندنی هەستی دواکەوتوانەی نەتەوایەتی لە نێوان کورد و عەرەب و هەوای عەشیرەگەری، یەکپارچەیی عێراقی خستووەتە مەترسی…ڕێگاچارە بۆ عێراق دەوڵەتێکی دێموکراتێکە (ئۆجەلان، رهبریت و خلق، ١٩٩٦: ٥١). بۆ گەیشتن بەو مافانەش، ئۆجەلان شتێکی وەکوو سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بە نموونە دێنێتەوە و دەڵێ لە کۆماری ئیسلامیدا جێگایەک بە ناوی کوردستان هەیە و ئێران بەرەو سیستەمی فیدرالیزم هەنگاوی هەڵێناوەتەوە (بڕوانە ئۆجەلان، رهبریت و خلق، ١٩٩٦: ٥١). کاکی بەڕێز، ئەو فەرمایشاتانە ئی تەنیا چەند ساڵێک پێش گیرانی جەنابتە بە دەستی کۆماری ئیسلامی. تەنانەت ئۆجەلان بە شەری خۆکۆژیش دەڵێ ئەوە شەری ناوخۆی کورد نییە و هەر کەسیش کە لەگەل ئۆجەلان نەبێت، هەر بە کوردیش نازانێ و بۆیە دەڵێت: ''وێدەچێ ئەو شەرە، وەکوو شەڕی نێۆخۆی کورد بێتە بەرچاو و شایەدیش ئەوە دواین شەر بێت، بەڵام فەسڵێکی نوێ لە نێو کورد و بۆ یەکگرتوویی کورد دەکاتەوە، ئەگەر لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بڕوانینە ئەو شەڕە، دەبینین کە ئەو شەڕە ناکرێ شەڕی نێۆخۆیی کورد بێتە ئەژمار. هێندێک [هەن] کە بە ڕواڵەت کوردن کە جلوبەرگی کوردییان لەبەر کردوون، بەڵام لە ڕاستیدا شەڕی ئێمە دژی ئەو جۆرە کوردانەیە. شەری ئێمە[دژی] (بارزانی) نییە، بەڵکوو دژی فاشیزمی تورک، ئیمپریالیزم و زایۆنیزمە'' (ئۆجەلان، رهبریت و خلق، ١٩٩٦: ٤٩). ئەوەیە لە حاڵێکدایە کە هەر لەو ساڵەشدا، ئۆجەلان نامەی بۆ ئەلگۆر، جێگر کلینتۆن، دەنێرێ و دەڵێ کە ئێمە تا ئێستا بە هەڵە لە ئیمپریالیزم تێگەیشتبوون. کە بێتە سەر بێ ڕێزی بە هێما مێژووییەکانی کورد، کەسێکی وەکوو قازی موحەممەد و تەنانەت کۆماری کوردستانیشی نەپاراستووە. تەنیا دەبێ سەرۆک بپارێزی لەبەر ئەوەیکە ''بێ سەرۆک ژیان نابێت.'' لە سەرۆک بەدەر، نە ئۆجەلان و نە حیزبەکەی کەسیان نەپاراستووە. کە هاتەسەر کەڵک ئامرازی وەرگرتنیش، تەنیا یەک سنوور هەیە، ئەویش سەرۆکە. ئێستا جەنابت ئاوا ترست لە ڕەخنە پەیدا بووە و بە قەولی خۆت دەترسی بگات بە ڕەخنە لە دوکتۆر قاسملوو کاک فۆئادیش، بێگومان هەم درەنگ وەخۆ کەوتوویی و هەم جێگای باوەڕ نی. ئەگەر بەڕاستی تەنانەت باوەڕت بەوەیە کە هێمای حیزبی یان نەتەوەیی دەبێ بپارێزێرن، پێش دەبڕینی ترس لە ڕەخنەی کەسانی وەکوو من، دەبوو گەڕابایەوە بۆ مێژوو، لە خۆدی هێمای قودسیەکانی خۆت ڕا دەستت پێکردبایە. دەبوو نامەیەکی سەرئاواڵەت بۆ ئۆجەلان و بۆ پەکەکە نووسیبا و کوتبات باس لە کۆماری کوردستان وەکوو جۆک و کومێدی شیاو نییە. تەنانەت دەبوو نامەیەکی سەرئاواڵەت بۆ سیامەندی موعینی و پژاک نووسیبا، پێش هەڵدانی ئاڵای کۆماری کوردستان بەدژی ئاڵای کوردستان، دەبوو ئەو دوژمنایەتی و بێ ڕێزیەی لایەنگرانی پەکەکەت بە ئاڵای کوردستان وەبیر هێنابانەوە. بە هێندێک لە دۆستانی خۆت لە نێو پژاک ئاماژەت کردبا و ڕەخنە لێگرتبان کە بۆ بە ئاڵای لانیکەم بەشێکی کوردستان دەڵێن "هێلکە و ڕۆن'' و دەبوو مەحکومت کردبا. تەنانەت، دەبوو ئەو هەموو بەرەبەرەکانییەی پەکەکەت بۆ پێشگرتن لە وەیکە ئاڵای کوردستان وەکوو ئاڵای هەموو نەتەوەی کورد بناسرێ، مەحکوم کردبا. دەبوو پێت کوتبان کە لانیکەم لە یەکێک هێمایەکانی یەکگرتوویی کورد، کەڵک ئامرازی وەرنەگرن و سنوورێک بۆ گاڵتە بە عەقڵی نەتەوەیی کورد دابنێن. کاتێک ئەو ڕاستیە دەڵێم، دەزانم زۆر کەس ئازار دەدات. بەڵێم ئێوە ناتوانن کە هەم ئاڵای کۆمار وەکوو ڕەمز و هێمای سیاسەتی خۆتان بەکار بێنن و هەم ئیدیعای لایەنگری لە یەکگرتوویی نەتەوەیی بکەن و هەم دوایین مەرجعی بریاڕی حیزبەکەتان، یانی ئۆجەلان بڵێت کە ''لە ڕۆداوی مەهاباددا دیالیتکی ڕەوتی گۆڕانکارییەکان لە کۆمیدی ڕا بەرەو تراژیدیا ڕۆیشت'' (ئۆجەلان، رهبریت و خلق،١٩٩٦: ٣٥). چاو لێبکە، ڕێبەرتەکان یەکێک لە گەورەترین بڕگەکانی مێژوویی کورد، کە تەنانەت لە مێژوونووسی بیانیشی وەکوو کۆماری کوردستان یان کۆماری مەهاباد دەناسرێت، پێی دەڵێ ''واقعە مهاباد''. لە حاڵێکدا نبیل الملحمی عەرەبی سوری دەپرسێ ''ئایا لە شانازیەکانی مەهاباد دەرسێک فێر بوویی؟'' (ئۆجەلان، رهبریت و خلق،١٩٩٦: ٣٥). خودی پرسیارەکە لەسەر سایکۆلۆژیی ئۆجەلان گرانایی دەکات. بۆیە نەتەنیا ناتوانی وەکوو کۆماریش نێوی بێنت، بەڵکوو دەیکات بە ''واقعە''ی تراژیک و کۆمیکی ''مهاباد''. بەڵام، ئێستا پژاک، تەنیا بۆ دژایەتی لەگەڵ ئاڵای یەکگرتووی کورد–جگە لە ڕەوتی ئاپۆجی–هەموو حیزب و گرووپێکی کورد بە ئاڵای کوردستانی دەزانێ، ئاڵای کۆماری هەڵداوە. تەنیا بۆ کەلەرەقی و سووکەیەتی بەو هێمایە، ئۆجەلان گوتەنی ئێستا ئاڵای ''واقعە مهاباد''یان هەڵداوە. بێگومان ئەو کارەی کردووە هەم بۆ کێشانە ژێر پرسیاری ڕەمزێکی نەتەوەیی و هەم بۆ کەڵک ئامرازی وەرگرن لە یەکێکی دی. لە حاڵێکدا، خودی هەڵدانی ئاڵاکەی دیکەش لە ژێر پێنانی دەقی پەیماننامەی کەجەکەیە. لەبەر ئەوەیکە بە پێی پەیماننەی کەجەکەدا، کە بڕیاری ئۆجەلانە، ئاڵاکەی وان ''ئاڵای باکگراوەند سەوز[ە] کە خۆرێکی زەردی تێدایە و ئەستێرەیەکی سووریش لە ناوەڕاستی خۆرەکە دایە…'' (پەیماننامەی کەجەکە، ل. ٩-١٠). دژ بە خێری گشتی ئێگۆییزم، شانتاژ، چەواشەکردن و شەڕانگێزی وەڵامێک بۆ کاک کەمال سلێمانی عەدنان حەسەنپوور پێشەکی هەرجۆرە هەوڵێکی بەئەنقەست بۆ بە دروست لەقەڵەمدانی شتێکی نادروست، یان لەوەش خراپتر، تێکەڵکردنی ڕاست و درۆ بە چەشنێک کە ڕاستی بکرێتە ڕێگایەک بۆ باوەڕاندنی درۆ بە بەردەنگ، بێگومان کارێکی نائەخلاقییە. لە ئاوا دۆخێکدا مرۆڤ یان بەردەنگ یەکسەر دەتوانێت بەدوای هۆکار(ەکان)ی ئەم بەلاڕێبردنەدا بگەڕێت. کۆی ڕەخنەیەک کە من ئاڕاستەی فەزایەکی گشتیی بانگەشەکارانەم کردبوو و ناڕاستەوخۆ ئاماژەم بە هەرای سۆشیاڵ میدیایی ئەم دواییانەی کاک کەمال سلێمانی کردبوو، تەنهاوتەنها ئەوە بوو کە ئەو بەشەیتانکردنەی بەڕێز ئۆجەلان و پەکەکە دوورە لە چەند پرەنسیبێکی گرنگ: ڕاستگۆیی سیاسی، میتۆدی زانستی و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، کە ئەمانەش دواجار دەبنە هۆی لەخشتەبردنی گرنگترین ئامانجێک کە هەر بکەرێکی کۆمەڵایەتی دەبێ هەوڵی بۆ بدات کە ئەویش دەستەبەرکردنی «خێری گشتی»یە. مخابن بەڕێزیان نەتەنها هەوڵی نەدا لەم ڕەخنەیە تێ بگات، بەڵکوو بەئەنقەست هەناوی ڕەخنەکەی خستە پەراوێزی یارییەکی نزم و بێبەهای میدیاییەوە و هەموو هەوڵی بەو ئاقارەدا گەڕا کە من بە پەکەکەوە بلکێنێت و هەڵوێستی سیاسیم لەگەڵ هەڵوێستی گشتیی ئەندامانی پەکەکەدا بە یەکسان لە قەڵەم بدات. وەک بڵێی لە دەرەوەی لایەنگر و ئەندامانی پەکەکە هیچ تاکێکی کورد ناشێ و ناکرێ دەستێوەردانی پێچەوانەی بۆچوونی جەنابیان لە باسوخواسی پێوەندیدار بەو حیزبە کوردستانییەدا بکات. ئەمەش ئاوێتەی جۆرێک لە خۆمەزڵوومکردن دەکات تاکوو لە پێگەی ڕووناکبیرێکی سەربەخۆی دڵسۆزی هەڕەشەلێکراوی کۆمەڵگاوە خۆی لە کاکڵەی ڕەخنەکان بدزێتەوە. ئەرکی من نە لێرە و نە لەو تویتە بچووکەی پێشوودا بەرگریکردن لە کەجەکە و پەکەکە نەبووە و نییە، بەڵکوو خستنەڕووی هەوڵێکی ناشیرین و دژ بە خێری گشتییە بۆ بەشەیتانکردنی لایەنێکی سیاسی کە چەنددە ساڵە لە مەیدانی خەباتی کوردستاندا چالاکە و بمانەوێ یان نا، ئەکتەرێکی ئێستە و داهاتووی ئەم سەرزەمینەیە. ئەمەش لە پێناو ڕێگەگرتن لە ژەهراویکردنی هەرچی زیاتری فەزاکە هەم لە ئاستی گشتی و جەماوەریدا و هەم لە ئاستی بەستێنی نووسین و ڕەخنەکاریدا. ئەگینا خۆ پێش بەڕێزیان لانیکەم لە ناو مامۆستا و ئاکادیمیسیەنەکانی ڕۆژهەڵاتدا کاک عەباس وەلی و کاک کامران مەتین ڕەخنەی زۆر جیدیتریان لە پەکەکە و بەڕێز ئۆجەلان گرتووە و بڵاویان کردووەتەوە و بۆ خۆم لەگەڵ بەشی هەرەزۆری ڕەخنەکانیاندا هاودڵم. ئاخۆ ئەگەر کێشەی من نەفسی ڕەخنەگرتنەکە بوایەت، پێشتر هەوڵم نەدەدا وەڵامی ئەو دوو مامۆستایە بدەمەوە؟! خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی زانستی بۆ کتێب و مانیفێستەکانی ئۆجەلان و پەکەکە نەتەنها هەڵگری هیچ کێشە یان مەترسییەک نییە، بەڵکوو زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگریشە، تەنانەت یارمەتیدەرێکە بۆ خودی ئەو لایەن یان وەک خۆیان دەڵێن «تەڤگەر»ـەیش تاکوو لە پارادۆکس و گرفتە تیۆریک و کردارییەکانی خۆیان تێبگەن و ئیمکانێک بۆ پیاچوونەوە لە بەردەمیاندا بکرێتەوە. من نامەوێ وەکوو کاک کەمال دەست بکەم بە گێڕانەوەی کارنامەی خۆم، چونکوو لە ئاوا باسوخواسێکی سیاسیدا دزێوترین کار ئەوەیە کە لە ڕۆچنەی کەسییەوە لە بابەتێکی گشتی بڕوانیت و بتەوێت خۆت وەک تاکەکەس بسەلمێنیت. مخابن کە بەڕێزیان ئاستەکەی هێندە دابەزاندووە کە ناچاریت پێشوەختە کۆمەڵێک قسەی ناپێویست لە ڕوانگەی تاکەکەسییەوە بکەیت. بەڵام هەر ئەوەندە بڵێم کە بەشێکی گەورە لە چالاکانی بەستێنی گشتیی ڕۆژهەڵات بە درێژایی ئەم ساڵانەی ڕابردوو، بە شێوەی ئاشکرا یان شاراوە، ڕەخنەی قورسیان ئاڕاستەی هەموو حیزبەکان کردووە بە پەکەکە و پەژاکیشەوە. بەڵام چونکوو مەبەستیان کاریگەریدانان لەسەر خەباتی کۆمەڵگا بووە نەک خۆقەبەکردن و ناودەرکردن یان هەر مەبەستێکی تاکەکەسی و گرووپیی دیکە، نەیانکردووەتە هەڵڵای میدیایی. هاوکات نەیانویستووە ڕەخنەکانیان بە ئاڕاستەی لێکدوورخستنەوەی زیاتری حیزبەکاندا بڕوات و لەوێشەوە زەمینەخۆشکەر بێت بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ لە داهاتوودا. جیاوازیی نێوان شێوازە جیاوازەکانی دەستێوەردان لە بەستێنی گشتیدا، ڕێک لە میتۆدی دەستێوەردانەکەدا خۆی دەنوێنێتەوە؛ مرۆڤی خاوەن کەڵکەڵە و حەقیقەتدۆست ڕادیکاڵترین هەنگاو و ڕەخنەکانیش بە ئاڕاستەی خێری گشتیدا دەورووژێنێت، بەڵام مرۆڤی بێکەڵکەڵە و خۆپەرست هەنگاو و ڕەخنە دروستەکانیشی بە ئاڕاستەی شڵەژاندنی فەزا و لێکدوورکردنەوەی خەڵک و لێکهەڵپژاندنی هەرچی زیاتری کۆمەڵگادا دەجووڵێنێت. هەر لە پێشترەوە و بەو هەراوهوریا سەیرەی بەڕێزیانەوە لە ناو سۆشیاڵ میدیادا، پێشبینی دەکرا کە هەرچەشنە وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەم ئاستە نزمە دابەزێنێت. هەروەها هەندێ لە هاوڕێیانی ئەکادیمیسیەنیش کە کاک کەمالیان لە نزیکەوە دەناسی، دەیانگوت کە بەدەر لە هەموو باکگراوندە ئیسلامییەکەی کە مێنتاڵیتییەکی ڕەهابیری پێ بەخشیوە، لە ڕووی دەروونیشەوە حەزێکی نەبڕاوەی بۆ شەڕی پۆلیمیکی نزم هەیە. هەر بۆیە پێشنیاریان پێ کردم خۆم لەو باسە و لە فەزاسازیی دواتری بەڕێزیانەوە نەگلێنم، چونکوو کۆی توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆ تۆخترکردنەوەی بانگەشە ناڕاستەکانی و یەکسەر ئەتیکێتی گرێدراویی حیزبیم لێ دەدات. بەڵام پێم وایە مرۆڤ کاتێک کە بە هەوڵێکی دژ بە خێری گشتی دەزانێت کە دەشێت لە درێژماوە و تەنانەت کورتماوەیشدا کاریگەریی نیگەتیڤ لەسەر بەستێنی گشتی دابنێت، ئەرکی چەندڕەهەندییەتی بێدەنگیی لێ نەکات. هەروەها بە پێچەوانەی کاک کەمال کە وا دیارە هەموو ئەم شەڕانگێزییانەی بۆ شاردنەوەی ڕابردووی سیاسیی خۆی و پاشخانی ئیسلامییانەی ئێستایەتی، هەروەتر دیسان بە پێچەوانەی بەڕێزی کە ئامادە نییە بە ڕستەیەکیش چییە تۆمەتی ئیسلامیبوون ڕەت بکاتەوە، بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنم کە ئەندام یان تەنانەت لایەنگری پەکەکە نیم. بەڵام بەمەشەوە لایەنگربوون و ئەندامبوون لە هیچ حیزبێکی کوردستانیدا، لە نەفسی خۆیدا بە عەیبە و مایەی سەرشۆڕی نازانم. ئەوەی مایەی سەرشۆڕییە ئەندامبوونە لە ڕێکخراوەی ئیسلامی سیاسیدا و موریدبوونی کەسانێکی وەک بێن لادەن و گوڵبەدین حیکمەتیار و فەتحوڵڵا گولەن کە بەڕێزیان بە ڕاست یان درۆ تۆمەتبارە پێی، نەک لایەنگریکردن لە پەکەکە و ئۆجەلان کە بێگومان خاوەنی گەلێ دەسکەوتی دیارن لە خەباتی کوردستاندا. دواجاریش خۆ ئەمە شەڕی خۆسەلماندنی دوو کەس نییە، لانیکەم لای من شەڕێکە لە پێناو خێری گشتیدا و ئەمە هێندە بەهادارە کە دەشێت مرۆڤ تێچووی زۆر گەورەیشی بۆ بدات، چ بگا بە گەلەکۆمە و جنێو و ئەتیکێت لێدانی میدیایی کە گاڵتەئامێزترە لەوەی مرۆڤ بترسێنێت و بێدەنگی بکات. ئەتیکێت و شانتاژ؛ هەڵاتن لە وەڵامدانەوە بەڵام کاک کەمال بۆ پەنا دەباتە بەر میتۆدی ئەتیکێت لێدان لە کاتێکدا کە خۆی زۆر بێتاقەتە لەوەی کە ئەتیکێتی ئیسلامیبوون و جیهادیبوونی لێ دراوە؟! بە گەڕانەوە بۆ دەروونشیکاری دەشێت بڵێین ڕێک یەکێک لە هۆکارەکانی کەڵکوەرگرتن لەم میتۆدە، هەڵاتنە لە وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی خۆی کراوە؛ ئەویدی تۆمەتبار بکە با تۆمەتی خۆت لە بیر بچێتەوە، فارسەکان بەمە دەڵێن «فرار بە جلو». هەر بۆیە بەڕێزیان هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ تاکوو لایەنی بەرانبەر ئاوێتەی هەمان ئەو یارییە بکات کە پێشتر خۆی بە هۆی کەسانی ترەوە تێوەی گلاوە. ئێستەیش بە پەنابردن بۆ ئەم میتۆدە و ناوزەدکردنی ڕەخنەگرانی بە پەکەکەبوون، لە ڕاستیدا خۆی لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەدزێتەوە کە لە لایەن خەڵکانێکی ترەوە ئاڕاستەی کراوە. پێشوەختە پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە روناکبیر یان ئەکادیمیسەن کاتێک دێتە ناو پانتای گشتی، چیتر ژیانی تاکەکەسیی خۆیشی ناچێتە ناو بەشی پرایڤێتەوە و ئەوەش وەک بەشێک لە پانتای گشتی سەیر دەکرێت، وەک چۆن لە وڵاتانی ڕۆژائاوایشدا هەر ئاوایە. با بزانین ئەو گومانە ورووژێنراوانە چین کە کاک کەمالی بەم ئاستە بێتاقەت کردووە و هەموو کاتی پڕبەهای توێژینەوەی ئەکادیمیکی خۆی تەرخان کردووە بۆ شەڕی سۆشیاڵ میدیایی و تەنانەت نامەناردن بۆ ناوەندی ئەکادیمیکی MESA و گرووپی ئەکادیمیسیەنەکانی کورد و لەوەش سەیرتر، تۆمارکردنی سکاڵا لای ناوەندە ئەمنییەکانی ئامریکا؟! دەوترێت کاک کەمال ڕابردوو و باکگراوندێکی ئیسلامییانە لە جۆری جیهادیی هەبووە و تۆمەتبار کراوە بەوەی کە لە ڕابردوودا هەندێ کرداری توندئاژۆیانەی نواندووە کە ئەگەر ڕاست بێت بێگومان هیچ ڕێگایەکی بۆ بەرگریکردن پێ نییە. بۆ وێنە دەڵێن لە ئەفغانستان و پاکستان ئەندامی ڕێکخراوەی «موحدین آزادیخواە ایران» بووە، لەگەڵ تەیارە ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەک ئەلقاعیدە هاوکاریی کردووە و کەسێکی نزیکیشی لەم ڕێگایەدا لە دەست داوە. هەرچەند شتی زۆر قورستریشی لەسەر دەوترێت و دەنگۆی کۆمەڵە گومانێکی ئابووریشی هاتووەتە سەر کە بابەتی باسی من نین. لانیکەمی شتێک کە قابیلی سەلماندن بێت ئەوەیە کە بەڕێزی لە ئێستەدا بەرپرسی بەشێکی سەرەکیی ناوەندێکی خوێندنە بە ناوی «ئەنستیتۆی زەهرا» کە ناوەندێکی ئیسلامییە، لە سەر ڕێبازی «سەعید نەورەسی» دامەزراوە و پێشتر لەگەڵ گۆلەنیستەکان و ئاکەپەی ئەردۆغان لە یەک بەرەدا بوون و ئێستە درزی سیاسی، نەک مەعریفی، کەوتووەتە نێوانیان. ئەو پرسیارانەی کە کاک کەمال بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبووە وەڵامیان بداتەوە و بەردەوام بازی بە سەردا داون، ئەمانەن: ئایا ئەو پێشینە سیاسییە ڕاستە و بەڕێزیان جیهادیست و لە ئەفغانستان و پاکستان بوون؟ ئەگەر درۆیە کە هیچ، بەڵام ئەگەر ڕاستە ئایا هێشتا باوەڕی بەو ڕێباز و تێڕوانینە ماوە یان نە؟ هەروەها ئەو ناوەندەی کە پلەی بەرپرسایەتیی ئەکادیمیکی تێیدا هەیە، تا چەند باوەڕی بە (اسلام هوالحل) هەیە و ئایا بەشێکە لە تەیاری ئیسلامی سیاسی یاخود ناوەندێکی توێژینەوەیی پەتییە بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی لە ئایین و بەتایبەت لە ئیسلام؟ ئایا ڕاستە کە ناوەندی زەهرا بەشێکە لە پلانی ئۆریەنتاڵیستیی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ چەسپاندنی مۆدێلێک لە ئیسلامی میانەڕەو لە وڵاتانی ئیسلامیدا لە ڕێگای کەسانێکەوە کە پێشینەی ئیسلامیزمی ڕادیکاڵیان هەیە و ئێستە بە نیمچە پارادایم-شیفتێک نەرمونیانتر بوونەتەوە؟ گریمان ئەم تۆمەتانە ڕاست بێت، لە ئاوا دۆخێکی شیمانەکراودا کەسی تۆمەتبار دەشێت دوو کار بکات: قبووڵکردنی ڕابردوو بە ڕوانگەیەکی خودڕەخنەگرانەوە و باسکردن لەوەی کە چیدی باوەڕی بەو ڕێباز و تێڕوانینە نەماوە، یاخود حاشاکردن لە هەرهەمووی. لە حاڵەتی یەکەمدا کە ڕێگا دروستەکەیە، ئەگەر تاوانێک ڕووی نەدابێت و زەبری ڕاستەوخۆ بەر مرۆڤێک نەکەوتبێت، کەس بۆی نییە لەبەر ڕابردووی فیکری یان سیاسی، هەوڵی سزادان یان ناوزڕاندنی کەسێکی تر بدات. بەڵام لە حاڵەتی دووهەمدا پەرچەکرداری کەسی تۆمەتبار تەنها بە حاشاکردنەوە ناوەستێت و بەردەوام تووشی هەڵە و هەڵەشەی سەیرسەیر دەبێت. ئەمەش لێکەوتەی ئاسایی هەرجۆرە حاشاکردنێکە لە ڕاستییەک کە دەشێت مرۆڤ لە ئاستیدا شەرمەندە و پەشیمان بێت یاخود بە هەر هۆکارێک بیەوێ بیشارێتەوە، کە بێگومان لەم نموونە تایبەتەی کاک کەمالدا زۆر گرنگە بەردەنگی بزانێت لە بەر چی ئەیەوێ بیشارێتەوە. چونکوو لە پێگەی ئەکادیمیسیەن و ڕۆشنبیرەوە دەستێوەردانی بەستێنی گشتی دەکات و بەردەنگ کۆ دەکاتەوە نەک لە پێگەی باوەڕدار یان تەنانەت ڕووناکبیرێکی ئایینییەوە. ئەگەر ئەو پێشینەیە ڕاستە و شەرمەندەیە لە ئاست ئەو ڕابردووەدا و لێی پەشیمانە، ئەرکی ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و زانستییەتی لەوپەڕی بوێریدا و بە گەڕانەوە بۆ ئەقڵی ڕەخنەگرانە، هەر ئەو جۆرەی خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، بیدرکێنێت، کە لە دڵەوە هیوادارم ئاوا بێت و چیدی پێوەندیی بەو تەیارە توندڕەوە ئیسلامییانەوە نەمابێت. لە ئاوا ئەگەرێکدا و بە مەرجی ڕوونەدانی تاوان، یەکەم کەس دەبم بەرگریی لێ بکەم. ئەگەریش پێچەوانەیە و بەڕێزی هێشتا باوەڕی بە «اسلام هوالحل» ماوە و لە ئێستەدا بە گەڕانەوە بۆ پرەنسیبی «تەقیە/توقیە»ی ئیسلامییانە خەریکی شاردنەوەی باوەڕە حەقیقییەکانیەتی بەپێی پرەنسیبی «مەسڵەحەتی ئوممەتی ئیسلامی»، ئەوا مافی هەر بەردەنگێکە لێی دڕدۆنگ بێت و لێپێچینەوەی لێ بکات. ئێستە گومانی دووهەم ورووژێنراوە و پێویستی بە وەڵامدانەوەی بەڕێزیانە؛ ئەگەر ئەو گومانە لەسەر ڕابردووی سیاسی و فیکریی خۆی بە درۆ دەخاتەوە و حاشا لە هەرچەشنە پێوەندییەک لەگەڵ تەیارە ئیسلامییە جیهادیستەکاندا دەکات، ئەوا کەسانێک کە گومانیان خستووەتە سەری یان دەبێ بیسەلمێنن یاخود داوای لێبوردنی لێ بکەن. ئەمەش کارێکی دژوار نییە: تەنها لە یەک ڕستەدا بنووسێت قەت پێوەندیم بە جیهادیزمی ئیسلامی سیاسییەوە نەبووە و هەموو ئەو قسانەی دەکرێ، درۆیە. خۆ بەڕێزیان دەستێکی توانا و وزەیەکی ناکۆتایان بۆ وەڵامدانەوە هەیە، ئەی بۆ تا ئێستە بە یەک ڕستەیش چییە ئاوا راشکاوانە گومانەکانی بە درۆ نەخستووەتەوە؟! هەر خودی ئەم خۆدزینەوەیە لە وەڵامدانەوەی کورت و سادەی گومانەکان زیاتر وامان لێ دەکات حاڵەتی دووهەم بە دروست بزانین کە بەڕێزیان خەریکی تەقیەکردنە و باوەڕی ڕاستەقینەی خۆی بەپێی مەسڵەحەتێکی سیاسی دەشارێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەیش هەرایەکی گەورە بەڵام سواو و منداڵانەی میدیایی ساز کردووە تاکوو دارودەستە کۆ بکاتەوە و بیکاتە شەڕی ئەم حیزب و ئەو حیزب! ئەم چەشنە شۆوئافانە قەت لە مامۆستایەکی ئەکادیمیسیەن کە بە شانازییەوە دەڵێت لە زانکۆی کۆلۆمبیای ئامریکا خوێندوویەتی، چاوەڕوانکراو نییە، مەگەر ئەوەی تاکەڕێگای ڕزگاربوون لەو گێچەڵەی تووشی بووە، لە تێکدانی مەیدانەکە و شڵەژاندنی باسەکەدا ببینێتەوە. بەڕێزیان چاک دەزانێت کە لە فەزای کوردستاندا هێرش بکەیتە سەر هەر حیزبێک، کۆمەڵێک خەڵکی سەر بە حیزبەکانی تر پشتگیریت لێ دەکەن، کە وایە باشترین تاکتیک ئەوەیە کە ڕەخنەگرانت بلکێنی بە حیزبی ژێرهێرشتەوە تاکوو لە پۆتانسیەلی هێرشبەرانەی لایەنگرانی ئەوانی تر بەهرەمەند بیت. بەم شێوەیە هەم هاوڕێی پشتیوان و هێرشبەرت بۆ زیاد دەبێت و هەم بە ئاسانی دەتوانی خۆت لە خودی ڕەخنەکە بدزیتەوە و دیالۆگە شیمانەکراوەکە بگۆڕیت بۆ یارییەکی میدیایی، کە ئەگەر لە تەکنیکی شانتاژ و ئاژیتاسیۆندا شارەزا بیت، ئەوا یارییەکەت بردووەتەوە! ئەگەرچی ئەم تاکتیکە گەلێ کۆن و سواوە، هێشتا لە کورتماوەدا دەتوانێ خزمەت بە کەسێکی وەک کاک کەمال بکات. بەڵام هەوڵدان بۆ سەلماندن یان باشترە بڵێین شاردنەوە/سەپاندنی گۆشەنیگا و مەبەستی خۆت لە ڕێگای یاری و شانتاژی میدیاییەوە، تەنانەت ئەگەر تێیدا سەرکەوتوویش بیت، تەنهاوتەنها ئەوە دەسەلمێنێت کە خاوەنی کەڵکەڵەی راستەقینەی زانستی-کۆمەڵایەتی نیت و لەگەڵ بنەماکانی حەقیقەتدۆستیدا بە تەواوی نامۆیت. ڕەخنە و زانست؛ دەمەتەقێی فەیسبوکی یان توێژینەوەی ئەکادیمیک؟ بە پێچەوانەی ئەو هەموو بانگەشە ناڕاستەی کاک کەمال و کۆمەڵێک کەسی دیکەی نزیک لە بەڕێزیان، ڕەخنە و تێبینیی من تەنها ڕووبەڕووی یەک شت کراوەتەوە: بەشەیتانکردنی بەڕێز ئۆجەلان و پەکەکە و قەبڵاندنی ئەو دوژمنایەتییە خوێنینە وەک ڕەخنەی زانستی، نەک ڕەخنەگرتن لەو تەیارەی ئێستە بەشێکە لە واقیعی سیاسیی هەموو کوردستان و لەوانە ڕۆژهەڵات. کاک کەمال سلێمانی دەمێک ساڵە بە خەستی لەسەر پەکەکە چڕ بووەتەوە، ئەمەش مافی بێئەملاولای هەر هاووڵاتییەکی کوردستان و دەرەوەی کوردستانیشە. پێشتر نامیلکەیەکی فەیسبوکیی لەسەر کەجەکە نووسیوە کە دواتر وێڕای چەند وتووێژێک لە دووتوێی کتێبێکدا بە ناوی «پەکەکە و پرسی کوردستان، خوێندنەوەیەکی پەیماننامەی کەجەکە، وەشانخانەی کۆمەڵگەی زارا، ساڵی ٢٠٢٢» بڵاوی کردووەتەوە. خوێندنەوەی ئەم کتێبە ئێجگار ئەستەمە، چونکوو زمانە کوردییەکەی پڕە لە هەڵەی ڕێزمان، ڕێنووس، داڕشتن و تایپ کە زۆرجار دەبێ تەنها بە پشتبەستن بە ئەقڵی خۆت هەوڵی تێگەیشتنی واتای ڕستەکان بدەیت! ئەگەرچی لە پێشەکییەکەدا سوپاسی چەندین کەس کراوە بۆ پێداچوونەوەی کتێبەکە تاکوو بەبێ هەڵە بکەوێتە بەردەستی خوێنەر، بەڵام بە دەگمەن دەتوانی ڕستەیەکی بێهەڵە و تەواو تەندروست بدۆزیتەوە کە کۆی ڕێساکانی نووسینی کوردیی تێدا ڕەچاو کرابێت. خودی ئەم کێشەی زمانە یەکەم فاکتەرە بۆ ئەوەی بڵێین ئەو کتێبە هەرچی بێ زانستی و ئەکادیمیک نییە و بە هەناسەسوارییەک نووسراوە. نەتەنها لە هیچ ئەکادیمیا و زانکۆیەکدا بەڵکوو لە هیچ دەزگایەکی چاپەمەنیی متمانەپێکراویشدا کتێبێک بەم هەموو هەڵە زمانەوانی و واتایی و تایپییەوە چاپ ناکرێت. بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە پێشنیار دەکەم کتێبەکە بدرێتە دەستی ئێدیتۆرێکی «دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم» لە سلێمانی یان «توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستان» لە سنە تاکوو تێبینییەکانی خۆیان لەسەر هەرچەند لاپەڕە کە نووسەر دیاریی دەکات، بنووسن. کورتهێنانی زمان لە لای کاک کەمال سلێمانی لەو وەڵامانەشدا کە بە منی داوەتەوە ئێجگار زەقە، بریا هێندەی کە خۆی گوتەنی زمانی جۆراوجۆری بیانی فێر بووە، لەسەر فێربوونی زمانی زگماکی خۆیشی هەستیار بایەت تاکوو نووسینە کوردییەکانی بەم ئاستە سەقەت و ناکوردی نەبوایەن. ئەڵبەت مرۆڤ دەتوانێت جۆرێکی تریش ئەم کەمتەرخەمی و بگرە بێتەرخەمییە بۆ زمانی کوردی شرۆڤە بکات: ڕەنگە هەر لە بنەڕەتدا نووسین بە کوردی بە کارێکی لاوەکی و ناپێویست بزانێت، یان ڕەنگە خوێنەری کورد بە بوونەوەرێکی کەمخوێنەوار و بەو پێیەش، بەستێنی خوێندنەوەی کوردی بە بەستێنێکی ڕووکەش و بێخاوەن لە قەڵەم بدات کە هەرشتێک بە هەر شێوەیەک بنووسیت لێت قبووڵ دەکرێت و بەرۆکت ناگیرێت. یاخود پێدەچێ بەئەنقەست ڕستەکان لێڵوپێڵ بکات تاکوو سەر لە خوێنەر بشێوێنێت کە ئەمە گریمانەیەکی دوورترە و ئەو دوانەی یەکەم قورساییەکی زیاتریان هەیە. بە گشتی دیاردەیەکی سەیر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە: بەشێک لەو کەسانەی خۆیان وەکوو ڕادیکاڵترین نوێنەرەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی پێناسە دەکەن، کۆڵەوارن لە زانینی زمانی کوردیدا، هاوشێوەی زمانە کوردییە سەقەتەکەی میدیای باشوور کە لێوانلێوە لە تێکدان و شێواندنی زمانی کوردی. دواجار بە هەر زەحمەتێک بوو هەوڵم دا کتێبەکە بخوێنمەوە. کاک کەمال لەو کتێبەدا زنجیرەیەک ڕەخنەی لە پێڕەو و مانیفێستی کەجەکە گرتووە کە بەشێک لە ڕەخنەکانی تا ڕادەیەک جێی سەرنجن و هەڵگری کۆمەڵێک خاڵی جیدین. بەڵام ڕۆحی گشتیی کتێبەکە بە ئاڕاستەی شەیتانسازی لە ئۆجەلاندا دەسووڕێت و ئەمەش کۆی کارەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە. یەک لەو شتانەی زەبری کوشندەی لە کتێبەکە داوە، سڕینەوەی پەنامەکی و هەستپێنەکراوی مێژووی جووڵانەوەی پەکەکەیە لە پێنج دەیەی ڕابردوودا، وەک ئەوەی بڵێی کۆی کرداری سیاسیی ئەو جووڵانەوەیە تەنهاوتەنها بەرئەنجامی تیۆری و ڕیتۆریکی سیاسیی ئۆجەلانە لە قۆناغە جیاوازەکانی پێش و پاش بەندکرانیدا و هیچ سەرچاوە و پارامێترێکی دیکە لە خولقاندنی ئەو کردار و ڕووداوانەدا دەوری نەگێڕاوە. هەروەها بچووکترین ئاوڕیش لە دەسکەوتەکان و پێشڤەچوونەکانی ئەو جووڵانەوەیە بە درێژایی ئەو پەنجا ساڵەی ڕابردوو نەدراوەتەوە. خوێنەری نائاشنا بە مێژووی باکوور وا تێدەگات کە کۆی خەباتی پەکەکە لە دامەزراندنی کەجەکە و ئەو «خەسار»انەدا کورت دەبێتەوە کە بە باوەڕی بەڕێزیان لە ئەنجامی وەرچەرخانەکەی ئۆجەلاندا لە بزاڤی کوردی دراوە. ئاشکرایە لە خوێندنەوەی زانستیی بزووتنەوەی سیاسی-کۆمەڵایەتیدا هیچ کات تەنها پشت بە دەق و مانیفێست و ڕیتۆریکی سیاسیی ڕێکخراوە و سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە نابەسرێت، بەڵکوو ئاوڕ لە کۆی ئەو مێژووە دەدرێتەوە کە بزاڤەکە تێیدا لە دایک بووە و پێیدا تێپەڕیوە. بزاڤی کۆمەڵایەتی بەرئەنجامی پێوەندی و کارلێکی زنجیرەیەک بگۆڕی وەک دۆخ، ڕووداو، هاوکێشە و هەوڵ و سووژایەتیی مرۆییە لە دووتوێی زەمەنێکدا کە دەشێت تا سەرەتای مێژووی تۆمارنەکراوی مرۆڤیش درێژ بێتەوە، واتە بەبێ تێگەیشتن لە پێوەندیی دیالێکتیکاڵی نێوان دەق و کۆنتێکست، یان کردە و تیۆر، هیچ ئیمکانێک بۆ پێناسەکردنی بزووتنەوە بوونی نییە. هەرچەشنە هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە یان وێناکەرانە، گرێدراوی ڕۆچوونە بە ناخی ڕەهەندە جیاوازەکانی مێژووی دوور و نزیک و پێوەندیی دیالێکتیکاڵی ئاماژەپێکراودا. هەر خوێندنەوەیەک کە ئیدیعای پێناسەکردنی گشتێتیی بزووتنەوە یان دۆخێک بکات و ئەم میتۆدە ڕەچاو نەکات، بێگومان کورت دەهێنێت و ناکرێ وەک خوێندنەوەیەکی ئەکادیمیک و زانستی ناوزەد بکرێت. کتێبەکەی کاک کەمال ئیدیعا دەکات کە پەکەکە (کەجەکە) چ وەک دیاردە و چ وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی، دەکاتە بابەتێکی فامکراو بۆ خوێنەر، بەڵام بۆ ئاوا ئامانجێکی گەورە تەنها پشت بە کۆمەڵێک لە قسە و نووسینەکانی ئەم بزووتنەوەیە، ئەویش بە شێوەیەکی گوڵبژێرکراو و بە دڵخوازی خۆی، دەبەستێت. بە دەگمەن نەبێ ناپەرژێتە سەر ڕەهەندەکانی تری بابەتی ڕەخنەلێگیراو، لە کاتێکدا کە وەک وترا بزاڤی کۆمەڵایەتی لە هەموو شوێنێکی جیهان و لە هەر زەمەن و کاتێکدا، بەرهەمی کارلێکی دیالێکتیکی و شێوازی دەرکەوتن و کاریگەریدانان و کاریگەریوەرگرتنی زنجیرەیەک پارامێترە لە کۆنتێکستێکی دیاریکراودا. هیچ دیاردەیەکی مرۆڤکرد تاکجەمسەر و تاکهۆکار نییە، بەڵام لەم کتێبەی کاک کەمالدا کۆی بزاڤی پەکەکە بەرهەمی یەک هۆکارە کە هەمان تیۆری و قسەکانی بەڕێز ئۆجەلانە، تاکە یەک لێکەوتەیشی لێ کەوتووەتەوە کە هەمان دامەزراندنی کەجەکەیە کە بە باوەڕی نووسەر خیانەتێکی گەورەیە و «وێدەچێ سەدەیەکی دیکەیش کورد لەو سەرلێشێواوییەی کە پەکەکە سازی کردووە، ڕزگاری نەبێ»!. کاک کەمال مانیفێستەکەی «کەجەکە»ی لە کۆی مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کوردانی باکوور و بەتایبەت «پەکەکە» دابڕیوە و خستوویەتە بەر ڕەخنەوە، ئەو دەیهەوێ لە ڕێگای ئەو بە ناو ڕەخنەیەوە نەتەنها کۆی مێژوویەک ڕەت بکاتەوە کە هیچ خوێندنەوەیەکی بۆ نەکردووە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا کۆی بزووتنەوەکەیش وەک دەستکردی وڵاتان و پیلانێکی دژەکوردی پێناسە بکات. واتە مێژووی بزاڤی کوردانی باکوور لە چوارچێوەی پەکەکەدا لە سروشتیبوون و دەرئەنجامی بزۆزییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستان دادەبڕێت و هەر لە بنەوە ڕەشی دەکات. خوێنەری نائاشنا بە دۆخی مێژوویی ژین-جیهانی کوردی باکوور بە درێژایی سەدەی بیستەم، کاتێک دەکەوێتە بەردەم نووسینەکانی بەڕێزیان، بەو ئەنجامە دەگات کە ئۆجەلان هەر لە بنەڕەتەوە سیخوڕێکی دژەکورد بووە کە لە لایەن دەوڵەتە جۆراوجۆرەکانی تورکیاوە ڕاسپێردراوە بۆ بەلاڕێدابردنی خەباتی کوردانی ئەو پارچەیە و پاشانیش هەموو پارچەکانی تر. دیارە کاک کەمال هێندە شارەزایی هەیە کە تەنها بە قسەی ڕووت لە هەمان یەکەم ڕستەدا ئاوا دەرئەنجامێک بە دەستەوە نەدات، هەر بۆیە وەک پێشتریش وترا، کۆمەڵێک ڕەخنەی دروستیش ئاوێتەی نووسینەکانی دەکات. بۆ وێنە ئاماژەدان بە پارادۆکسی دەوڵەت-نەتەوە یاخود ڕۆڵی خودی دەوڵەت لە واقیعی بابەتییانەی جیهانی ئەمڕۆدا کە بە ڕای منیش بەشێکن لە کەموکورتی و پارادۆکسەکانی تیۆریی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکی بەڕێز ئۆجەلان و پەکەکە. ئەم چەشنە ڕەخنانە و چەندانی تریش کە کەسانی دیکە بە زمانێکی زانستییانەتر و خوێندنەوەیەکی قووڵتر لە بەڕێزیان بڵاویان کردووەتەوە، بچووکترین تێبینی لە دەرەوەی خودی بابەتەکەوە لای منی خوێنەر دروست ناکات. جیاوازییە بنچینەییەکە ئەوەیە کە لە توێژینەوەی توێژەری ڕاستەقینەدا کە بێگومان حەقیقەتدۆستە و هاوکات وەفاداریشە بە بنەماکانی زانستێک تێیدا شارەزایی هەیە، دینامیکی توێژینەوەکە بە شێوەیەکی ناونشین لە هەناوی گشتێتیی خودی بابەتی ڕەخنەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە شتی لاوەکیی دیکە یان بڕگەیەک لە بڕگەکانی جەمسەرێکی ئەو بابەتەوە. گرفتێکی دیکەی نامیلکە بەکتێبکراوەکەی کاک کەمال، بەتاڵبوونە لە ڕوونکردنەوەی تیۆریک و هاوکاتیش نزمبوونی ئارگیۆمێنتەکان بۆ ڕەتکردنەوەی بۆچوون و تیۆرییەکانی بەڕێز ئۆجەلان. گەرچی لە هەندێ شوێنی ئەو نووسینەدا وردەئاماژەی سەرپێیی بە هەندێ تیۆری کراوە، بەڵام لە هیچ شوێنێکدا ڕوونکردنەوەی پێویست و میتۆدیک بۆ تیۆرییەکان نەکراوە. هەروەها لەو بڕگانەشدا کە دەیهەوێت بۆچوونێک ڕەت بکاتەوە، بەڵگاندنی ئێجگار نزم و ژۆرناڵیستی بە کار دەهێنێت کە زۆرجار لە بیچمی بانگەوازێکی سیاسیی ڕۆژانەدا خۆی دەبینێتەوە. بۆ وێنە لە شوێنێکدا زۆر سەرپێیی ئاماژە بە تیۆریی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت لە لای مارکس و بیرمەندانی پێش مارکس دەدات، بەڵام هێندە سەرپێیی بە سەریدا تێدەپەڕێت کە خوێنەر ناتوانێ لە کاکڵەی تیۆرییەکە بگات. هاوکات لە چەند دێڕێک خوارتردا و وەک بەڵگاندنێک بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو تیۆرییە، لەپڕ دەچێتە سەر وێنای زەینیی خۆی کە «قەت لە تەسەورمدا ناگونجێ کابرایەکی خەڵکی دێیەکەم کە هەوەسی کرد بچێت لە پەنا کۆشکی ئیلیزە لە پاریس ماڵێک بگرێت»! زۆربەی هەرەزۆری ئارگیۆمێنتەکانی کاک کەمال بۆ ڕەتکردنەوەی تیۆرییەکەی بەڕێز ئۆجەلان بەم ئاستە نزم و نازانستییە. کەچی هەر لەم نموونە دیاریکراوەدا و سەرباری ئەوەی دەشێت کاکڵەی ڕەخنەکەی دروست بێت و پارادۆکسی دەوڵەت گرفتێکی ناو تیۆرییەکە بێت، هێندە کاڵوکرچ و سەرپێیی ئاوڕی لێ داوەتەوە و خۆی لە لێکۆڵینەوەی بواردووە کە گومانێک لای خوێنەر دەوروژێنێت: ڕەنگ بێ ڕەخنەکە بەرهەمی بیرکردنەوەی خۆی نەبێت و لە شوێنێکی تر و کەسێکی ترەوە وەری گرتبێت، شوێن/کەسێک کە ڕێفرێنسی پێ نادات. ئاشکرایە ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیبی زانستییە. ئەڵبەت دەشێت ئەم شیمانەیە ڕاست نەبێت، بەڵام ئەو لێکدژییەی نێوان /تیۆری/ڕەخنە/بەڵگاندن کە لە کتێبەکەدا بە زۆری دەبینرێت، پێویستی بە ڕاڤەیەکی قەناعەتپێکەرە کە لانیکەم من نەمدۆزیوەتەوە. بۆ سەلماندنی نازانستیبوون و نائەکادیمیکبوونی نامیلکەکتێبێک تەنها ئەم خاڵانە بەسە، چونکوو تەنانەت ئەگەر هەڵگری هەندێ لە مەرجەکانی تری میتۆدۆلۆژیای زانستییش بێت، دیسان ئەم گرفتە قووڵانە لە بازنەی توێژینەوەی زانستی دەیخاتە دەرەوە و لە باشترین حاڵەتدا دەکرێ حسێبی دەمەتەقێیەکی ژۆرناڵیستیی بۆ بکرێت. شانتاژی میدیایی وەک ڕێگای هەڵاتن دیسان بە هەموو ئەوانەیشەوە دەکرا مرۆڤ چاو لە کەموکورتییەکانی نامیلکەکەی بەڕێزیان ببوێرێت و بەشێک لە ڕەخنەکانی کە ڕێژەیەک لە دروستبوونیان تێدایە، بە هەند وەربگرێت، تا ئەم شوێنەیش هیچ لارییەکم لە قبووڵکردنی ڕەخنەکانیدا نەدەبوو. بەڵام ئەو هەڵڵا و شانتاژە میدیاییەی ناویەتەوە بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەوە نابێت واز لە کورتهێنان و کەماسیی نووسینەکانی بهێنین. بەو مانایە کە تەنانەت ئەگەر کتێبەکەیشی بە هەموو ناتەواوییەکانیەوە بنێینە لاوە و وەک هەوڵێکی ڕەخنەگرانەی قبووڵکراو وەری بگرین، دیسان ناتوانین بەدگومان نەبین بەرانبەر بەو شەڕە پۆلیمیکە بێمانایەی لە سۆشیاڵ میدیادا خستوویەتە گەڕ و بە چەشنی تازەلاوێکی پێنەگەیشتوو سکرین شاتی پچڕپچڕ بڵاو دەکاتەوە و دەرئەنجامی گەورەگەورەی لێ هەڵدەهێنجێت! یاخود ڕستەیەکی سادەی ناو یادداشتێکی ناوێکی خوازراو لە سایتێکدا دەگۆڕێت بۆ هەڕەشەی حیزبێک و لایەنە ئەمنییەکانی ئامریکای لێ ئاگادار دەکاتەوە کە لە کوێن هاکا پەکەکە کوشتمی! ڕستەکە ئەمەیە کە کاک کەمال کردوویەتە کراسەکەی عوسمان: "ئەو سەردەمە گوزەشت تۆ بە مەیلومەرامی خۆت بنووسیت و لێپرسینەوەت لێ نەکرێت. بێگومان ڕۆژێک گەل و ویژدانی بێداری گەنجان بە باشی لێپرسینەوەتان لێ ئەکەن". ئینجا چاوەڕوانیشە ئێمەمانان لەبەر ئەو ڕستەیە کە یەکەم جار لە بەشی یەکەمی وەڵامەکەی خۆیدا بینیم، پۆتەیشنی پاڵپشتیی بۆ واژۆ بکەین و داوا لە دەوڵەتانی دونیا بکەین ئەو حیزبە تیرۆریستە کوردە سزا بدەن و گیانی کاک کەمالی ستەملێکراوی هەڕەشەلێکراو بپارێزن!! هەر بە جیدی ئەم سلووکەی کاک کەمال بە هیچ ڕبەیەک ناپێورێت، تەنانەت شۆومەنە ئێرانییەکانیش بە دەگمەن پەنا بۆ ئەم چەشنە لە شانتاژ و خۆمەزڵوومکردن و خۆڵکردنە چاوی خەڵک دەبەن. خۆ ئەگەر هەر ڕستەیەکی تەفسیرهەڵگری ناو ئەم دونیا بەرینەی ئینتەرنێت بەڵگەی حەتمی و سەلمێنراوی هەڕەشەی کوشتن بێت، یەکەیەکەی ئەوانەی پۆستێکی دوودێڕیی سیاسییان لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا بڵاو کردووەتەوە، بەر ئەو جۆرە ڕستانە کەوتوون. خۆ ئەگەر بە میتۆدەکەی کاک کەمالی دەرسخوێندووی زانکۆی جیهانیی کۆلۆمبیا بێت، ئەوا هەر تاکێکی خاوەن پەیجێکی پەڕپووتیش دەبێ سکاڵای یاسایی تۆمار بکات و لایەنە ئەمنییەکانی لێ ئاگادار بکاتەوە کە بگەنە فریام هەڕەشەی کوشتنم لێ کراوە! کاک کەمال دەبێ چ کارێکی تر بکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت تا سەر ئێسقان دوژمنی خوێنینی پەکەکەیە و ئامادەیە هەر شتێک بکات بۆ زەبردان لەو حیزب و تەیارە؟! بەڵام با بەڕێزیان بێخەم و خۆشحاڵ و ئەرخەیان بن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و پۆلیس و دەزگای ئەمنیی ئەو وڵاتە و گەلێ وڵاتی ڕۆژئاوایی دیکەیش، دەمێک ساڵە پەکەکەیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە و ئەم ڕاپۆرتەی جەنابیشیان بە هەموو ئەو بەڵگانە زیاد دەکەن کە ساڵانە بۆ بڕیاردان لەسەر مانەوە و نەمانەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا بە کاریان دەهێنن. هەروەها دەکرێ ئەو سەدان فیلسووف و ڕووناکبیر و ئەکادیمیسیەنە بیانییەیش کە چەندین ساڵە داوای لابردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا دەکەن، هەر بەو سکاڵانەمەیەی کاک کەمالی گەورە ئەکادیمیسیەنی کورد دەمبەست بکرێن و هەموو هەوڵەکانیان پووچەڵ بکرێتەوە. هەر لەم ڕۆژانەدا مامۆستایەکی زانکۆی خەڵکی باشوور کە لە زانکۆیەکی ئامریکا وانە دەڵێتەوە و وا دیارە دەمێکە چاودێریی هەڵوێست و هەڵسوکەوتی کاک کەمال و هاوڕێیانی لە ئەنیستیتۆی زەهرا دەکات، لە پۆستێکی کاتیدا ئاوای نووسیبوو: " لێرە کاکێکی کۆنە ئیسلامیی سیاسی دەبینم کە ئێستایش ئەندامی ڕێکخراوێکی ئیسلامیی سیاسییە و نامەوێ ناویان ببەم بە هۆی ئەخلاقی زانستییەوە. چونکو چەند نووسینێکی ئەوانەم هاتۆتە بەردەست و هەموویم ڕەت کردۆتەوە لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون ناوی باکووری کوردستان بە کوردستان بێنن و بە ئینگلیزی نووسیبوویان کوردانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا. هەروەها باش ئاگادارم کە ڕێکخراوەکەیان بە پارەی فەتحوڵڵا گولەن بەڕێوە دەچێت. ئەوانە هیچی سەرسامم ناکەن، چونکە وەکوو گوتراوە کە چەم بێ چەقەڵ نابێت. بەڵام سەرسامم بەوەی کە چەند برادەرێکی ڕۆژهەڵات (لە ئاگاییانەوە بێت یان نائاگایی) دەستخۆشیی نووسینەکانیان لێ دەکەن کە دژی بەڕێز ئۆجەلان دەینووسن. لەوانەیە ئەوان پێیان وا بێت کە هەموو نووسینێک دژی شۆڕشگێڕانی باکوور لە هەمان کاتدا دژایەتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیشە (پەژاک). من لام ئاساییە برادەرانی کۆمەڵە و دیموکرات بیانەوێت لە پەژاک باشتر بن، بەڵام نابێت ئەو کێشمەکێشمە بیانخاتە کۆشی دوژمنانی کوردەوە. من ئەو نووسینەم بۆ برادەرانی ڕۆژهەڵاتە کە دەبێت بەئاگاتر بن بەتایبەت سەبارەت بەو شتانەی کە تایبەتن بە باکوور. ئەگەر نا لە ناکاوێک دەکەونە باوەشی گرووپی لە نموونەی فەتحوڵڵا گولەن یان هوداپار و ئەکەپە…". بەم پێیە بێت، کەسانێک کە ئەو مامۆستایە ئاماژەیان پێ دەدات، جیا لە گرێدراویی کرداری و فیکری بە بەرەیەکی ئیسلامیی دژەکوردەوە، لە نووسینی کوردی و ئینگلیزییشدا دوو جۆر دەربڕینی سیاسیی جیاواز و بگرە دژبەیەک پێڕەو دەکەن؛ لە کوردییەکەدا بە کەمتر لە سەربەخۆیی کوردستان ڕازی نابن بەڵام لە نووسین بە زمانەکانی تردا ئامادە نین ناوی کوردستانیش وەک خۆی بهێنن. قسەهەڵبەستن و حەقیقەتسازی بەشێکی تر لە گرفتەکانی وەڵامەکانی کاک کەمال دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبەستنی قسەی ناڕاست بە دەمی ڕەخنەگرانیەوە، دیارە ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ ئەو میتۆدەی کە «قسەیەکی ناڕاست هێندە دووپات بکەرەوە کە لای خوێنەر ببێتە حەقیقەتی ڕوون.» مخابن کە فەزای سۆشیاڵ میدیایش هێندە شڵەژاوە کە ئاوا حەقیقەتسازییەک دەشێت هەندێ جار سەرکەوتوو بێت. بۆ وێنە وتوویەتی گوایە من تۆمەتبارم کردووە بە زماننەزانین و وەرگێڕان بە گووگڵ ترانسلەیت، ڕستەکە ئەمەیە: "گرتنەبەری شێوە ئاژیتاسیۆنێکی ڕووکەش و سۆشیاڵ میدیایی بە میتۆدۆلۆژیای گووگڵ ترانسلەیت! دەبوو لە خاوەن بەڵگەنامەی ئەکادیمیک و مامۆستای زانکۆ نەوەشێتەوە" ڕێک بە پێچەوانەی وتەی جەنابیان، لێرەدا وتراوە مامۆستایەکی زانکۆ کە بێگومان دەبێ زمانزان بێت، چۆنە کە بە «میتۆدی گووگڵ» نەک «لە ڕێگای گووگڵ»ـەوە کار دەکات؟ ئەگەر دوکتۆرێکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک بۆ دەرمانکردنی نەخۆشێک پەنا بباتە بەر دۆعا و جادوو، ئایا بە مانای ئەوەیە کە لە زانستی پزیشکی هیچ نازانێت؟! لە ئاوا ئەگەرێکدا ئەو دوکتۆرە تۆمەتبار دەکرێ کە پێچەوانەی شارەزایی، بەڵێن و ئەخلاقی زانستیی خۆی پەنای بۆ میتۆدێکی نامۆ و بگرە دژ بە بواری پسپۆڕییەکەی خۆی بردووە. لەوەی بەڕێز سلێمانییشدا ڕەخنەکە لەسەر زماننەزانین نەبووە، بەڵکوو چەواشەکردنی بەئەنقەست بووە کە تۆمەتێکی زۆر قورسترە لە تۆمەتی ناشارەزایی. هەر لە میانەی ئەم زنجیرە شانتاژە میدیاییەدا، کاک سەلاح بایەزیدی کە هەموان کۆکن لەسەر زاڵبوونی بەسەر زمانی تورکیدا، لە ژێر پۆستێکی کاک کەمالدا ئاوای نووسیوە: «لە وەرگێڕانی ڕستەکاندا چەواشەکارییەکی بچووک دەکەی، وەک ئەوەی کۆمەڵناسان دەیکەن و خەڵکی پێ دەترسێنن، یان وەک چۆن حیزبە ڕاستڕەوەکان لە هەڵبژاردنەکاندا پەنای بۆ دەبەن». ئەستەمە کاک کەمال لە مانای ئەو ڕەخنەیە تێنەگەشتبێت، بەڵکوو لەسەر هەمان ڕێچکەی سوێندلێخواردووی خۆی دەیهەوێ ئەو ڕەخنەیەش بە ئاقارێکی ناڕاستدا بەرێت. ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: بە ئاستی یەکەم خۆی باش دەزانێ ڕێک ئەو چەواشەکارییە زمانییەی کردووە و بۆ بەرگریلێکردن نابێت، بە ئاستی دووهەمیش دەتوانێ بە وەسفکردنی توانای زمانیی خۆی بەردەنگ/موریدی زیاتر کۆ بکاتەوە. واتە هاوکات هەم لە گێژاوی تۆمەتی چەواشەکردنی بەئەنقەست هەڵدێت و هەم ئیمکانێک بۆ هەڵدان بە باڵای خۆیدا و نیشاندانی ئاستی وانەخوێندن و مێژووی وانەوتنەوەی خۆی دەڕەخسێنێت. بەڵام خۆ «زانایی» و «بەڵگەنامەی ئەکادیمیک» لە جەوهەری خۆیاندا هەڵگری هیچ «فەزیلەت»ێک نین و دەشێت ئاقاری «ڕەزیلەت»یش وەربگرن، ئەم تایبەتمەندییانە تەنها ئەو کاتە دەبنە فەزیلەت کە بکەونە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەرگریکارانەوە لەگەڵ «حەقیقەت»دا و خزمەت بە «خێری گشتی» بکەن. بەدەر لەم تێبینییە، ڕەنگە کاک کەمال بیری لەوەش نەکردبێتەوە کە ئەم بازدان و ئێگۆییزمە هاوکاتە نەتەنها لەو گێژاوە ڕزگاری ناکات، بەڵکوو وا لە بەردەنگی دەکات گومانێکی دیکەیشی بخاتە سەر کە ونبوونی «خاکەساری یان تەوازوعی زانستی»یە، پرەنسیبێک کە لە سوکراتەوە تا ئێستا ماکی جیانەکراوەی ئەندێشە و بیرکردنەوەیە. بهشی دووههم وەڵامی عەدنان حەسەنپوور نموونەیەکیش لە شوبهاندنی ناڕاست کە هەر لە هەمان چاوگی چەواشەکردنەوە سەرچاوە دەگرێت: کاک کەمال ئاماژەی بەو ڕەخنانە داوە کە لە کاک عەبدوڵڵا موهتەدیم گرتووە و دەپرسێ بۆچی ڕەوایە من لە کاک عەبدوڵڵا ڕەخنە بگرم و ئەو بۆی نییە لە بەڕێز ئۆجەلانی بگرێت. ئەمەیش دیسان هەڵبەستنی قسەیەکی تەواو ناڕاستە و کەس باسی ڕەخنەی نەکردووە، بەڵکوو باسی شەیتانسازی کراوە. بە پێچەوانەی نووسینەکانی بەڕێزیان، لە هیچ کوێی ڕەخنەکانی مندا کۆی خەبات و دەسکەوتەکانی کۆمەڵە و خودی کاک عەبدوڵڵا موهتەدییش نەتەنها ڕەت نەکراوەتەوە، بەڵکوو نیگەرانییش دەربڕراوە کە ئەو ڕێڕەوە ئێرانچی و سێلێبێریتگەرایانەیە، هاوکات کە پێچەوانەی ناواخنی ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازانەی شۆڕشی ژینایە، لە هەمان کاتدا دژ بەو نەریتەیشە کە لە کۆنەوە ڕێڕەوی گشتیی چالاکیی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی نەخشەکێش کردووە و کۆمەڵەیش خۆی ئافرێنەرێکی گرنگ و کاریگەری بووە. لەو زنجیرە ڕەخنەیەدا کە ئاڕاستەی کاک عەبدوڵڵام کردووە، بەڕێزیانم نەکردووەتە شەیتانێک کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات یان دەوڵەتانی هەرێمییەوە ڕاسپێردرابێت بۆ لەخشتەبردنی خەباتی کوردستان، بەڵکوو بە ڕوونی وتراوە کە بەڕێزیان تووشی هەڵەیەکی مەعریفی و سیاسیی قورس بووە کە پێی وایە یاریکردنێکی لەو چەشنە (نەک هەرجۆرە یاریکردنێک) لە ناو هاوکێشەی هەرێمیدا و هاوپەیمانبوون لەگەڵ کۆمەڵە تاکێکی بێناوەرۆکدا کە هەڵگری هیچکام لە تایبەتمەندییەکانی «ئۆپۆزیسیۆن» و «دیمۆکراسیخوازی» نین، لەخشتەبەری کارنامەی سیاسیی خودی خۆیانە و زەبر بە خەباتی کۆمەڵە و کوردستانیش دەگەیەنێت. تەنانەت خۆم بواردووە لەوەی خۆی و حیزبەکەی بە یەکسان لە قەڵەم بدەم و هێڵێکی سوور بەسەر کۆی بزووتنەوەیەکدا بکێشم کە کۆمەڵە بە هەموو فراکسیۆن و لقەکانیەوە نوێنەرایەتیی دەکات. پاش ئەوەیش کە پێشبینییەکانی ئێمەمانان لەمەڕ شکستهێنانی خێرای ئەو هەوڵە نەزۆکە هاتە دی، نەتەنها شمشێری لۆمە و توانجم بۆ کاک عەبدوڵلا هەڵنەگرت، بەڵکوو لە دووتوێی وتارێکی ڕەخنەگرانەدا هەوڵم دا ئاسۆیەک لە بەردەم گەڕاندنەوەی قورساییدا بۆ بزاڤی ژینا بکەمەوە، لینکی وتارەکە. تەنانەت کاتێکیش بارەگا بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چۆڵ کرا (لەوانە بە کۆمەڵەکەی کاک عەبدوڵلا) واتە کاتێک کە بانگەشەی ئاشبەتاڵی هەندێ کەس و لەوانە کەسانی نزیک لە پەکەکە بەرز ببوویەوە، لە یادداشتێکدا ئاشبەتاڵبوونی ئەو ڕووداوەم ڕەت کردەوە و تێگەیشتنێکی دیکەم خستە بەردەست، لینکی یادداشتەکە. ئەو نەفەس و هەوایەی لە ڕێیەوە ڕەخنەم لە کاک عەبدوڵلا گرتووە، زەوی تا ئاسمان دوورە لەو نەفەس و هەوایەی کاک کەمال کۆی مێژووی جووڵانەوەی باکووری پێ ڕەش و ڕەت دەکاتەوە. ڕەخنەی من و بەڕێزیان لەو دوو سەرکردەیەی کوردستان، هەروەها کۆی دەستێوەردان و تێڕوانینی پێشووتری سیاسیی هەردووکمان بۆ مەیدانی سیاسەتی حیزبی و چالاکیی مەدەنی لە کوردستاندا، بە هیچ لێکدانەوەیەک پێکدی ناشوبهێنرێن. هەر لەم نموونانەوە دەتوانین لەو ڕێچکەیە بگەین کە بە ئاقاری قسەهەڵبەستن و گۆڕینی ناوەرۆکی مەبەستی کەسانی تردا دەگەڕێت و بووەتە لایەنێکی جیانەکراوەی سەرجەم شانتاژەکان. دەرئەنجام: ڕەخنە، لێکهەڵپژان و ئازادیی ڕادەربڕین با بە نموونەیەک ڕوونی بکەینەوە کە ئەوەی کاک کەمال و کەسانێکی دیکەیش دەیکەن بۆچی مەترسییەکە لەسەر ژینگەی سیاسیی کوردستان: بە درێژایی دوو دەیەی پێشوو هەردوو حیزبی دیمۆکرات و پەژاک بە زمانێکی زبر و نەشیاو لەسەر یەکتر قسەیان کردووە، دیمۆکرات (هەروەها کۆمەڵەیش) پەژاکی بە دروستکراوی سوپای پاسداران لە قەڵەم دەدا و پەژاکیش حیزبی دیمۆکراتی بە حیزبی کلاسیک و ناسیۆنالیستی سەرەتایی پێناسە دەکرد. ساڵانی کۆن چالاکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ هاوڕێیانی حیزبیی خۆیان و سەرکردەکانی ئەو دوو حیزبە (و کۆمەڵەکانیش)دا کۆدەبوونەوە و هەوڵیان دەدا بە پشتبەستن هەم بە تیۆری و هەم بە ئەزموونی باشوور و تەنانەت دەیەی شەستی خودی ڕۆژهەڵاتیش، قەناعەتیان پێ بکەن واز لەو زمان و دەربڕینە نەگونجاوە بهێنن و بوونی یەکتر قبووڵ بکەن. ڕەنگە کاک کەمال بە هۆی دووربوونی هەمیشەییەوە لە مەیدانی چالاکیی ڕۆژهەڵات قەت ئاگای لەو فەزا و باسوخواسانە نەبووبێت، بەڵام ئەم مژارە بۆ ساڵەهای ساڵ کەڵکەڵەیەکی گەورەی بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی کوردستان بووە. ئێستە چەند ماوەیەکە هەردووک حیزب بە قەناعەتێکی جیاواز گەیشتوون و نەتەنها بوونی یەکتریان قبووڵ کردووە بەڵکوو لەگەڵ یەک دادەنیشن و بەیاننامەی هاوبەشیش دەردەکەن. بەڵام هاوکات هەردووکیان دووچاری کێشەیەکی جیدی لە ناوخۆی ڕیزەکانی حیزبەکانیاندا بوون؛ ئەندامانی دیمۆکرات دەڵێن خۆ ئەو هەموو ساڵە بە ئێمەتان دەوت پەژاک سازکراوی سوپایە، ئەی چۆنە ئێستە لەگەڵیان دادەنیشن و هاوکارییشیان دەکەن. لەولاوە ئەندامانی پەژاکیش دەڵێن خۆ ئێمە خۆمان پێ پێشڕەو و پرۆگرێسیڤ و ئەوانیشمان پێ کۆیلە و دواکەوتوو و مایەی شکستی کوردستان بوو، دەی بە چ ئەقڵێک ئێستە ئەو دواکەوتووانە قبووڵ بکەین. سەرکردایەتیی هەردوولا ڕووبەڕووی ئەم کێشە ناوخۆییە بوونەتەوە و ڕەنگە تەنانەت هەر ئەمەش وا بکات دواجار نەتوانن وەک پێویست لێکدی نزیک ببنەوە. سەرباری ئەو لێکنزیکبوونەوانە، ئێستایشی لەگەڵ بێ، هیچ فەزایەکی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان لایەنگران و ئەندامانی ئەو حیزبانەدا دروست نەبووە و زمانە زبرەکەی پێشوو هێشتایش برەوی هەیە. ئەم فەزایە بەرهەمی چەندەها ساڵ بەشەیتانکردنی یەکترە کە هەم خودی پێکهاتە حیزبییەکان خۆیان و هەم کەسانی وەک کاک کەمال لە خولقاندن و پەرەپێدانیدا دەوریان گێڕاوە. ئەگەر کاک کەمال سەرنجی دابێت کە بێگومان زۆر هۆشیارانە لێی ورد بووەتەوە، لە هەموو ئەو هەوڵانەیدا دژ بە پەکەکە، زیاترین پشتگیری و لایکی لە لایەن برادەرانی حیزبی دیمۆکراتەوە وەرگرتووە. ڕەنگە ئەگەر هەمان کاری دژ بە دیمۆکرات کردبا دیسان زیاترین پشتگیریی لە هەڤاڵانی پەژاک و پەکەکەوە وەربگرتایەت. ئەمە دەرئەنجامی سروشتیی ژەهراویکردنی ژینگەی سیاسییە کە بە درێژایی ساڵان ڕووی داوە و بەم ئاسانییەش کۆتایی پێ نایەت. بەتایبەت کە کاک کەمالەکان شانیان لێ شل کردووە و هێندەی تر ئاگرەکەی دەگەشێننەوە! ئاوڕدانەوەیەک لەو زەمینە گوفتاری و کردارییانەی باشووری پێدا تێپەڕی و لە هەشتاکان و نەوەدەکانی زایینیدا شەڕی خوێناویی ناوخۆی لێ کەوتەوە، دەتوانێت لە پێشبینیکردنی داهاتووی ڕۆژهەڵات لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم فەزا ژەهراوییەدا یارمەتیدەر بێت. یەکێتی و پارتی پێش و پاش ڕاپەڕین وێنایەکی هێندە شەیتانییان لە یەکتر نەخشەکێش کردبوو کە لایەنگر و ئەندامەکانیان پێیان وا بوو تاکەڕێگای ڕزگاریی کورد لەناوبردنی لایەنی بەرانبەرە. یان هەر ئێستا ئەگەر سەیرێکی ئەدەبیاتی مامەڵەکردنی هەردوو باڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەگەڵ یەکدا بکەین، بە ئاسانی دەتوانین پێشبینی بکەین کە دەشێت لە داهاتوودا دیسان ڕووداوی هاوشێوەی کوشتنی ئەو دوو پێشمەرگەیە لە ئاستێکی زۆر بەربڵاوتردا ڕوو بداتەوە. هیچکام لە حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، کە پەکەکەیش یەک لە کاریگەرترینەکانیان بووە، لە دروستکردنی کەشی بەشەیتانکردندا پاک و بێگەرد نین، کەشێک کە ئێستە لە باشووردا قەوارەی هەرێمی کوردستانی خستووەتە بەردەم مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکییەوە. هەر بۆیە ئەرکی هەر چالاکێک، لە هەر بوارێکدا، ڕەچاوکردنی پرەنسیبەکانی کاری سیاسیی تەندروست و پاراستنی ژینگەی سیاسییە لە شەڕانگێزی و لێکهەڵپژان. ئەمەیش بە گەڕانەوە بۆ پێوەندیی دوولایەنەی نێوان «ماف» و «بەرپرسیارێتی»؛ هەر مافێک هەڵگری بەرپرسیارێتییەکە. ڕوونکردنەوەی ئەم «بەدیهییات»ـە بۆ «مامۆستایەکی سیاسەت» نەدەبوو پێویست بوایەت، ئەو لە هەمان یەکەم وانەکان و لە بەشی هۆبزدا دەبوو فێری ئەم شتە سەرەتاییە ببوایەت. ئەم داواکارییە ڕوونە تۆسقاڵێکیش چییە پێوەندیی بە سەرکوتکردن یان بەکارهێنانی ئازادیی ڕادەربڕینەوە نییە. ئەڵبەت ئاساییە کە ئاوا کەسێک بە ڕابردوویەکی لێڵ و ئێستایەکی، خۆی وتەنی، ئەکادیمیکی ڕووتەوە، هیچ لە هەستیارییەکانی کردە و وتەی سیاسی لە کوردستاندا نەزانێت. مرۆڤی ئەکادیمیک یان دەبێ هەر لەو بەستێنە توێژینەوەییە ئەکادیمەکەی خۆیدا بمێنێتەوە، یان کاتێک کە دەستێوەردانی بەستێنی گشتی دەکات و دەیەوێ ڕۆڵی ڕۆشنبیریش بگێڕێت، بە مێژوو، پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی کار لە کۆنتێکستی مەبەستدا ئاشنایی و گرێدراویی کرداریی تەواوی هەبێت. دیسان بە وەرگرتنی گریمانەی ڕابردووی باسلێکراویەوە، لە سەردەمێکدا کە بەڕێزی سەرقاڵی جیهادی ئیسلامی بوو، چالاکان و ڕووناکبیرانی کوردستان لە ئەنجومەن و ڕێکخراوە و چاپەمەنییەکاندا خەریکی بەرزکردنەوەی ئاستی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بوون و بە دەیان ڕێکخراوە و گۆڤار و کۆڕ و کۆنگرەیان ڕێک دەخست. بەڵام نەک بەو مەبەستەی هەرکەس لە ئیسلامیزمەوە پارادایم-شیفت (ی واقیعی یان مەسڵەحەتی)ی کرد و بەرگێکی ئەکادیمییانەی لەبەر کرد، لەسەر تەختێکی شاهانە و پرسیارلێنەکراو دابنیشێت و هەرچەشنە ڕەتکردنەوەیەک بۆ شێوەفتواکانی خۆی وەکوو دوژمنایەتیی ئازادیی ڕادەربڕین ناوزەد بکات و هاواری وا موسیبەتا هەڵبدات. ئەو تۆمەتانەی ئەو ئاڕاستەی لایەنگران و خودی ئۆجەلانی دەکات، دەقاودەق دەبێ ڕووبەڕووی خۆی بکرێتەوە؛ بەڵگەنامەی دوکتورا و ١٧ وتارە زانستییەکەی لە ژۆرناڵەکانی جیهاندا کە خەڵکی ڕۆژئاوایی ئاواتیانە وتارێکیان بڵاو بکەنەوە!، بەڵگەیە بۆ ڕێگەگرتن لە ڕەتکردنەوەی بۆچوونە پڕهەڵە و شەڕانگێزەکانی، بەڵام کەس بۆی نییە داوا بکات لە دەیان ساڵ مێژوو، هەزاران شەهید و زیندانیی سیاسی و هێزێکی ئامادەی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان، شەیتان دروست نەکرێت! بریا ئەو دۆستانەی نامەی دڵسۆزانە بۆ ڕەخنەگرانی کاک کەمال دەنووسن ئاوڕێکی سەرپێیی لە نا-میتۆدی نابەرپرسیارانەی ئەم دوکتۆرە نامۆیە بە ژینگەی سیاسیی کوردستان بدەنەوە و نەکەونە ژێر کاریگەریی شانتاژە میدیاییەکانیەوە. ئەو دەیهەوێت بە ڕاکێشانی سەرنج و وزەی دڵسۆزانەی ئەوانیدی، چەشنێک لە گەلەکۆمە ڕێک بخات و فەزاکە بە ڕووی ڕەخنەگردا هێندە تەسک بکاتەوە کە چیدی کەس نەوێرێ خۆی لە قەرەی فەرمایشە ئاسمانییەکانی بەڕێزیان بدات. ئەم تەفەرعونە ئەکادیمیکەیش نەریتێکە لە تیۆریسیەنی ئێرانشارییەکانەوە، جەواد تەباتەبایی، فێری بووە، تەفەرعونێک کە هاوکات خۆی یەکێکە لە هۆکارەکانی ئێرانشاریگەری و شەئنی حەزرەتی مامۆستایش ئەجەل لە سەرڕووتانی نەخوێنەوار دەزانێت! گەرچی بەڕێزیان خۆی وەک دوژمنی ئەو ڕەوتە بە بەردەنگی کورد دەنوێنێتەوە، بەڵام لە میتۆد و سلووکی خۆیدا دەقاودەق ئیقتیدا بەوان دەکات، تاکە جیاوازییەکەی ئەوەیە کە نە بەقەد جەواد تەباتەبایی خوێنەواریی تیۆریکی هەیە و نە وەک ئەو زاڵە بەسەر زمانێکدا کە خاوەنداریی لێ دەکات. لە ڕاستیدا ئەم وەڵامە نەک بۆ کاک کەمال بەڵکوو بۆ بەردەنگەکانیەتی، چونکوو بەڕێزی هێندە سوورە لەسەر شانتاژی ناکۆتا و نەبڕاوە، کە پێم وا نییە ئەوەی دەیکات و دەیڵێت بەرهەمی توێژینەوە و هەڵێنجانی فیکری بێت؛ بەڵکوو بەخشینەوەی ڕقێکی کۆنینەی بیرلێکراوەیە و ئەمەیش بە دیالۆگ و ڕەخنە چارەسەر نابێت. بەڵام بە سەرنجدان بەو پێگەیەی لێوەی قسە دەکات و ڕەوایەتی بە نا-ڕەخنەکانی دەدات، دەبێ نیگەران بین لە کوشتنی چەمکی ڕەخنە لە ڕێگای ئالوودەکردنیەوە بە ڤایرۆسی فرۆشتنی کاڵای ساختە بە ناوی کاڵای ئۆرژیناڵەوە، ئەمەش مانای مەترسیی ناخگیرکردن و زاڵکردنی کردە و وتەی ڕووکەشی کەمبەها لەباتیی باڵادەستبوونی کردەی ڕەخنەگرانەی ڕادیکاڵ و حەقیقی. هەروەها دەبێ نیگەران بین لە پاوانکردنی «کوردایەتی» و بەتاڵکردنەوەی بزووتنەوەی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کوردستان لە هەرچەشنە چەمک و ماکێکی پێشکەوتنخوازانە و ڕادیکاڵ لەژێر ناوی ناسۆنالیزم و سەروەریی سیاسیدا. مەیلێک کە ئێستە ئیتر بۆ خۆیان پەردەیان لەسەر لاداوە و وردەوردە خەریکن هاوشێوەی پاشاییخوازەکانی ئێران دەکەونە دوژمنایەتیکردنی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی. هەرچەند دەبێ لەم کارەیان پێشوازی بکەین: با هەرکەسە بە دروشمێکەوە پێ بنێتە ناو بەستێنی گشتییەوە کە شیاوی بیرکردنەوەی خۆیەتی و چیدی کەس خۆی لە پشت دروشمی نامۆ بە باکگراوندی مەعریفیی خۆیەوە نەشارێتەوە.