Weather widget for website

وەڵام بۆ دوو پرسیاری پێچەوانە لەمەڕ#کۆمەڵەی_زەحمەتکێشانی_کوردستان

26.02.2024 09:05:18
وەڵام بۆ دوو پرسیاری پێچەوانە لەمەڕ#کۆمەڵەی_زەحمەتکێشانی_کوردستان

یەک) ئەگەر بێتوو لە ئەنجامی کۆنگرەی کۆمەڵەی زحمەتکێشان کوردستاندا وەرچەرخانێکی گوتاری بەرەو سەربەخۆییخوازی روو بدات، چی روو دەدات؟
دوو) ئەگەر بێتوو لە ئەنجامی کۆنگرەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا وەرچەرخانی گوتاری بەرەو سەربەخۆییخوازی روو نەدات، چی روو دەدات؟
هەروەک نزیک بە هەموان ئاگادارین لە ساڵی رابردوودا و لە کاتێکدا کە هێشتا شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەپاش کوژرانی ژینا بە دەستی "قاتڵی ئێرانی" هێشتا بەتەواوی پاشەکشەی نەکردبوو، لە بەربەیانێکدا، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیاندراوێکی کوتوپڕ و پڕ لە دڵەڕاوکەدا رایگەیاند کە بڕیاری یەکگرتنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا سەری نەگرتووە. رایانگەیاند بەهۆی سیاسەتە ناکوردستانییەکانی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانەوە کە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی سیاسیی حیزب و بەبێ گوێ دان بە دروشم و داخوازییەکانی شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، خەریکی ساتوسەودای سیاسییە لەگەڵ ئێرانییەکاندا، لەمەبەدوا لە پرۆسەی یەکگرتنەوەی هەردووک حیزبدا بەردەوام نابن و لەمەبەدوا هەر کام دەچنەوە ماڵی خۆیان. بەڵام لە ماوەیەک بەر لەم راگەیاندراوەوە ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرەکیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە کەشی سۆشیاڵمێدیادا لە ئەدەبیاتێکی زۆر نزیک لە دەنگی شەقام و لەناو بازنەی گوتاری سەربەخۆیی و کوردستانیبووندا سەرنجی گەلێک لە چالاکانی شەقام و هەروەها ناو سۆشیاڵمێدیا و بیریار و خوێندەواری رۆژهەڵاتی کوردستانیان بەلای خۆیاندا راکێشابوو. بەرادەیەک کە لەپاش بڕیاری کۆتاییهێنان بە پرۆسەی یەکگرتنەوە لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا، تەوژمێک لە پشتیوانییان بەلای بڕیارەکەی خۆیاندا راکێشا.
تەنانەت ئەو تەوژمە وەهای کرد کە زۆرێک لەو کەسانە تاوانی شەوی نەگریسی کوژرانی دوو پێشمەرگەیان لەو شەوەدا لە ئەستۆی کشزکا نا و کەمترین لێپرسینەوەیان لەو بارەیەوە لە کزک کرد. ئەمەش لە بنەڕەتەوە لەسەر دوو بنەما بوو. یەکەم روانگەیەکی رەخنەگرانە و تووڕەی توند لە هەڵسوکەوتەکانی سکرتێری کشزکا لە گەرمەی راپەڕینی رۆژهەڵاتی کوردستاندا و ئەوی تری پەیوەندیی بەو دروشمەوە بوو کە کزک بەر لە راگەیاندراوەکەی بۆ ماوەیەک لەناو سۆسیالمێدیادا بەرزی کردبۆوە. بە رادەیەک کە من خۆم یەک لەو کەسانە بووم کە نووسیم: ئەو فیشەکەی سینگی ئەو دوو پێشمەرگەیەی پێکا، فیشەکی ئێرانی بوو لە سینگی پێشمەرگەی کوردستانی.
بە گشتی ئەو خەڵکانەی کە چاودێریی دۆخی حیزبەکانی رۆژهەڵات دەکەن، چاوەڕوانن لە ماوەیەکی نزیکدا کزک کۆنگرەی خۆی ببات بەڕێوە و لەوێوە کۆتایی بە سیاسەتی ئێرانی بهێنێ و بە بەرزکردنەوەی گوتاری سەربەخۆیی وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە گوتار، روانگە، سیاسەت، تاکتیک و ستراتێژیی خۆیدا بەدی بهێنێت. بەڵام ئایا ئەوە روو دەدات؟ ئەگەر روو بدات چی دەبێ؟ ئەی ئەگەر روو نەدات چی دەبێ؟
زۆر روون و راشکاو، بە بۆچوونی من ئەگەر بێتو ئەو وەرچەرخانە روو نەدات، کزک ئەو کەشە هێمنەی دەوری خۆی دەشڵەقێنێت. بە شێوەیەک کە دەتوانێ تەنانەت بەرەو توونا بوونی ببات. بەدڵنیایی بەر لە خودی حیزبەکە ژمارەیەک لە بەرپرسان و کادیرە بەرزەکانی ئەو حیزبە لە ژێر مەترسیی کەوتنی یەکجارەکیی متمانەدا دەبن. بۆچی؟
یەک) یەکەم تاوان کە ئەستۆیان دەگرێتەوە ئەوەیە کە دەسەلمێت هەموو چیرۆکی سەربەخۆییخوازی و وتاردان لەناو گوتاری کوردستانی دا، جیا لەوەی سوار بوونی شەپۆلی شەقامی سەربەخۆییخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە، تەنیا قەڵغانێک بووە بۆ خۆپاراستن لە بەرانبەر ئەو رەخنە و گازندانەی کە رەنگ بوو لەپاش پاشگەزبوونەوە لە درێژەدان بە پرۆسەی یەکگرتنەوەی ئەو دوو لایەنەی کۆمەڵە رووبەڕوویان ببێتەوە.
دووهەم) بەرپرسانی سەرەکیی کزک بەبێ ئەملاوئەولا لەبەرانبەر خوێنی ئەو دوو پێشمەرگەیەی لەو رووداوەدا گیانیان لێ سەندرایەوە تاوانبار دەبن. هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە ئەگەر ئامانج گۆڕینی گوتار نەبوو، یان ئەگەر ئامانج بێزراوی لە سیاسەتی ئێرانی نەبوو، چی هۆکارێکی تر دەیتوانی ئەوەندە گەورە بێت کە گیانی دوو پێشمەرگەی لەپێناودا تێدا بچێت؟
سێهەم) هەروەها تاوانی هەڵوەشانەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە خەڵکێکی زۆر لە کوردستان بە بەجێ یان نابەجێ هیوایەکی زۆریان لەسەری هەڵچنیبوو.
چوارەم) تاوانی رەنگ کردنی پێگەپەرەستی و تاقم و دەستەبازی بە رەنگی گوتار و جیاوازی لە جیهانبینی و روانینی سیاسیدا.
تاوانی پێنجەم) هەڵخەڵەتاندنی کەسانێک کە لە بنەڕەتەوە بەهۆی ناتەبایی لە روانگەی سیاسیدا، لە سەرەتاکانی دەستپێکردنی پرۆسەی یەکگرتنی کزک و کشزکا وازیان لەو حیزبە هێنابوو، بەڵام بە هۆی ئەو شەپۆلە سۆسیالمێدیاییەوە کە لەو قۆناغەدا دروستیان کردبوو کەوتنە ژێر کاریگەرییەوە و گەڕانەوە بۆ ناو کزک.
تاوانی شەشەم) و لەهەموان گەورەتر، وەستانەوەیە بەرانبەر شەقامی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی راپەڕینی ژینادا.
بەڵام لە پرسیاری دووهەمدا سەبارەت بەوە کە ئەگەر بێت و لە ئەنجامی ئەم کۆنگرەیەدا وەرسووڕانێکی قووڵەی گوتاری روو بدات ودروشم و ستراتێژیی ئەو حیزبە بە ئاراستەی سەربەخۆییخوازیدا بچێت، ئەوا ئەو حیزبە دەبێ بزانێت کە رووبەڕووی چ دۆخێک دەبێتەوە و چۆن دەتوانێ هەم درێژە بە ژیانی خۆی بدات و هەم بتوانێت سەرکەوتوو بێت.
یەکەم) پێگەی جەماوەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە پێگەیەکی نۆستالژیک، سۆزدارانە و خوێنییەوە دەگۆڕێت بۆ پێگەیەکی گوتاری، سیاسی و ئایدیۆلۆژیک و هەر ئەمانە دەتوانن کاریگەر بن لەسەر فراوانبوونەوەی پێگەی ئۆرگانیکی ئەو حیزبە لە ئاستی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کە بەتایبەتی لە راپەڕینی ژینادا پەیوەندیی کردەیی خۆی لەگەڵ گوتاری نەتەوەییدا روون کردەوە.
دووهەم) کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە کردەوە دەبێ خۆی لە بازنەی سیاسیی پێشووی خۆی وەک حیزبێکی ئێرانی دەرباز بکات و بەردەنگی راستەوخۆی خۆی لە کۆمەڵگەی ئێران، کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییەوە بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەشەکانی دیکەی کوردستان، دەوڵەتی ئێرانی و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی. واتە لە قاڵبی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییەوە بگۆڕێت بۆ دوژمنی دەوڵەتی ئێرانی و لەم رێگەیەدا هاوکات کە لەگەڵ کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەدوێ و گوتاری خۆی روون دەکاتەوە، تاکتیکی سیاسیی خۆی لە گۆڕینی سەرنجی ئێرانییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئیڕانییەوە بگۆڕێت بۆ بەرژەوەندیسازی لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەرژەوەند لەگەڵ ئێران و هاوبەرژەوەند لەگەڵ کوردستانێکی دابڕاو لە ئێران و سەربەخۆ و خۆسەروەردا.
سێهەم) پێویستە خۆ لەو نەریتە تەشکیلاتییەی کە دەیان ساڵە لەسەر بنەمای نابەرپرسیارێتی لەبەرانبەر پرسی نەتەوە و بەرپرسیارێتیی تاک رەهەندی لەبەرانبەر چوارچێوە و بەرژەوەندییە حیزبییەکاندا کار دەکات خۆی دەرباز بکات کە ئەوەش پێویستیی بە گۆڕێنی بنەڕەتیی مۆدێل و فۆرمی حیزبی هەیە. بەو مانایە کە ئەم پێکهاتەیەی کە تا ئەمڕۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وەک حیزب کاری پێکردووە نە لە رووی فۆرمەوە، نە لە رووی ناوەرۆکەوە و نە لە رووی ماتەوزەی کردەییەوە توانای هەڵگرتن و رایی کردنی پرسی نەتەوەیی و بەتایبەتی گوتاری سەربەخۆیی نییە. بۆیە دەبێتە مەرج بە سەریەوە کە خۆی لە دۆرمی حیزبییەوە بگۆڕێت بۆ فۆرمێکی ناحیزبی بەڵام بزاڤی.
چوارەم) ئەوەی کە هەتا ئەمڕۆ وەک بەرنامەی سیاسیی حیزبی هەبووە لە ئارادا و بەرهەمی کۆنگرە حیزبییەکان بووە هیچ نرخ و زەروورەتێکی نامێنێ، بەڵکوو لەوە بەدوا ئەوەیکە بزوێنەری کردەی سیاسی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەبێت، مانیفێستێکی رزگاریخوازانەی نەتەوەییە کە تەنیا لەسەر ئەرکە رزگاریدەرانەکانی خۆی و ئەندامەکانی لەبەرانبەر نەتەوە، ماف و پرسەکانیدا دەدوێ.
پێنجەم) پێویستە بزانێت کە دەشێ بە قۆناغێکی رەنگە درێژی پەڕاوێز کەوتن لەنێو حیزبە ئێرانییەکانی دیکەی کوردستاندا تێپەڕ بێت. واتە ناتوانێ هاوکات هەم لەگەڵ داهاتووی نەتەوەیی کوردستاندا هاوبەرژەوەند بێت و هەم لەگەڵ حیزبگەلێکی ئێرانیدا کە مافی سیاسی و نەتەوەیی کوردستانیان بە مانەوە و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی، سیاسی، ئابووری و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانەوە گرێ داوە. بۆیە دەبێ میکانیزمی نوێ بۆ بە دەرفەت کردنی ئەو قەیرانە چاوەڕوانکراوەی پەڕاوێز کەوتن بدۆزێتەوە.
شەشەم) کۆمەڵيی زەحمەتکێشانی کوردستان ئیتر ناتوانێ لەژێر گوشاری هیچ لایەنێکی دۆست و دوژمندا خۆ لە چەک بشارێتەوە، بەلکوو بە کردەوە دەبێ خۆی بۆ دەستپێکردنی خەباتێکی چەکدارانەی رزگاریدەری کوردستانی، نەک بەرگریی سەرکزانەی چەکدارانەی لە گیانی خۆی و ئەندامەکانی، ئامادە بکات و لەو بارەوە بە راستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەسەکانی دیکەی کوردستاندا بدوێت.
ئەمە راستییەکە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان نها لەنێوان دوو بەرداشی بەو رادەیە قورسدا وەستاوە، بڕیار لەنیو ئەو دوو بژاردەیەدا لەراستیدا بڕیارە لەسەر چارەنووسی ئێستا بەدوای ئەو حیزبە. ئەو حیزبە دەبێ لەنیوان بەکوردستانیبوون و بەئێرانی مانەوەدا یكێکیان بە راشکاوی هەڵبژێرێت و خۆی بۆ بەرئەنجامەکانی هەرکام لەو هەڵبژاردانەدا ئامادە بکات.
نیشانەکانی ئەم ماوە کورتەی رابردوو پێمان دەڵێ لەو حیزبەدا پەلەقاژەیەکی زۆر هەیە بۆ بەئێرانی مانەوە و "پەڕاوێز نەکەوتن"، بەڵام هاوکات هەوڵدان بۆ دۆخینەوەی رێگایەکی سێهەم کە بتوانێت لەو دوو بەرداشە رزگاریان بکات.
ئەوەی کە دیارە، هەوڵێک لەناو ئەو حیزبەدا هەیە کە بە بەرزکردنەوەی "دروشمی" (مافی چارەی خۆنووسین) هەم درێژە بە ژیانی "خەباتی دیموکراسیخوازانە" لەناو ئێران و لەگەڵ ئێرانییەکاندا درێژە پێ بدەن و هەم وەها لە کۆمەڵگەی رۆهەڵاتی کوردستان تێبگەیەنن کە گوایە دەستیان بە تەوەرێکی گرینگی نەتەوەییەوە گرتووە. هۆکاری ئەمەش رێک دەگەڕێتەوە بۆ بێ ئاگاهی و نەناسینی چەمکی مافی چارەی خۆنووسین.
خۆبڕیاردەری
مافی زاتیی هەموو تاک و خەڵک و نەتەوەیەکە. واتە مافێک نییە کە ببەخشرێ، پێ بدرێ یان بەدەست بهێنرێ، بەڵکوو هەیە بەبێ دەستتێوەردانی خودی تاک، خەڵک و نەتەوەکان. ئەوەیکە گرنگ و کاریگەرە چۆنیەتیی پراکتیس کردنی ئەو مافەیە. لەڕاستیدا خۆبەکۆیلە کردن، خۆگێل کردن لە کۆیلەتی، ئاسایی کردنەوەی بندەستیش ڕێک هەمان پراکتیس کردنی مافی خۆبریاردەرییە. کەواتە ئەوە بەردە زێڕی ئەخلاق وەک بنەمای خێر و بەختەوەریی گشتییە کە دیاری دەکات چلۆن و بە چ بارێکدا ئەم مافە پراکتیس بکرێت. کەواتە ئەگەر هەر تاک، گرووپ، حیزب، خەڵک، نەتەوە وتی من باوەڕم بە مافی چارەی خۆ نووسین هەیە بزانە یان گەمژەیە یان بەرانبەرەکەی پێ گەمژەیە لەبەر ئەوەی ئەو مافە پەیوەستە بە "بەشەر" بوونی کەسێکەوە نەک بە باوەڕی کەسەکەوە. بەڵام دەکرێ لەسەر بنەمای راسیزم، فاشیزم، شۆڤێنیزم، نارسیسیزم و هەر نەخۆشییەکی تری سیاسی، دەروونی و کۆمەلایەتی کەسێک لەو بڕوایەدا بێت خەلکانێک شیاوی خۆبریاردەری نین، یان بەتاڵن لە مافی خۆبریاردەری بۆیە "من" خەبات دەکەم بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە بۆیان. ئەم روانینە بەر لە هەموو شت گومان دەخاتە سەر "بەشەر" بوونی ئەو تاک، گرووپ، خەڵک یان نەتەوەیەی کە کەسی "خەباتکار" مەبەستیەتی و ئەمە لە بنەڕەتەوە "دژە ئەخلاق"ە.



1

ئیسرائیل دەبێ جۆن بجوڵێتەوە، عەقڵانییەت لەسیاسەتی نێودەوڵەتییدا
گرفتەکانی هێزی سیاسی و بژاردەی کوردستانی لە ڕوانگەی "سێ ئایندە"
عمیق‌تر از شادی و عظیم‌تر از غم
داستان این دو شهر (نگاهی بە وضعیت هستی شناسانە کوردها در انتخابات اخیر اورمیە)
ئایا تورکیا و ئێران لەسەر ئازەربایجانی رۆژئاوا بەرەو پێکدادان دەچن؟
دین و نیشتمان لە ڕوانگەی بابا سەرهەنگ و حاجی وە