دوای هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند کە ئەوە شەڕی خەڵکی ئێران نیە، رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیست هەردوولای شەڕەکەی بە شەڕخواز ناوبرد و ئەندامێکی رێبەری حدکاش پێیوایە هێرشەکەی ئێران دەریخست کە هۆکاری ئاڵۆزییەکانی ناوچە ئەو رژێمەیەو دەبێ کۆتایی پێبهێندرێت.
دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەدان درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کاردانەوەی زۆری ناوچەیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. ئێران بە پاساوی تۆڵەکردنەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کونسوڵگەری وڵاتەکەی لە دیمەشق ئەو هێرشەی کردووە. وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە کە سیستەمی دژە مووشەکی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ٩٩ لەسەدی درۆن و مووشەکەکانی ئێرانیان لە ئاسمان تەقاندووەتەوەو تەنیا منداڵێک بڕیندار بووە، بەڵام لایەنی ئێرانی دەڵێ ئەوەی ویستوویانە پێی گەیشتوونەو دوو بنکەی سەربازیان پێکاوە.
ئەو هێرشەی ئێران لەخاکی خۆیەوە بۆ سەر ئیسرائیل دۆخی ناوچەکەی ئاڵۆز کردووەو تەنانەت بەشی زۆری نوێنەرانی وڵاتانی جیهان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هۆشداری ئەوەیاندا کە رۆژهەڵاتی ناوەراست لە لێواری تەقینەوە دایە، چوونکە کابینەی شەڕو دەوڵەتی ئیسرائیل بڕیاریداوە کە تۆڵەی ئەو هێرشە لە ئێران دەکەنەوەو ئێرانیش هۆشداری داوە کە هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر خاکەکەی بەشێوەی زۆر تووندتر لە هێرشەکەی پێشوو وەڵام دەدەنەوە، ئەوەش وایکردووە کە ئەگەری شەڕ و ئاڵۆزی لەناوخۆی ئێران لەهەموو کات بەهێزتر بێت.
لەگەڵ کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان، هەتا رادەیەک حزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بێدەنگییەکیان پێوەدیارە، تەنیا رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و راهی کارگەر راگەیاندراوێکی فەرمیان هەبووەو هەندێک بەرپرسی حزبیش نووسینی کورتیان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و ئەگەرەکانی دواتری نووسیوە.
لە یەکەم کاردانەوەدا عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بەمشێوەیە بۆچوونی خۆی بەزمانی فارسی دەربڕی:" هێرشی موشەکی و درۆنی شەوی رابردوو لە خاکی ئێرانەوە بۆ سەر ئیسرائیل قۆناغێکی نوێ لە کاری تیرۆرو دەسترێژییەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی بە جیهان نیشان دا. ئەو کردەوە شەڕانگێزیانە، پەڕەسەندنی مەترسیداری سیاسەتی چل و پێنج ساڵی رابردوو لە دژە یەهوود بوون و دووپاتکردنەوەی سیاسەتی فەرمی لەناوبردنی ئیسرائیل لەلایەن ئەو رژێمەیە.
نە ئەو شەڕەو نە سیاسەتێک کە ئەو شەڕە درێژەدەری ئەوە، هی ئێمە نیە. ئەو شەڕە، شەڕی خەڵکی ئێران نیە. ئەوە شەڕێکە کە ئەو حکومەتە بەسەر هەردووکمان، ئێمە و دراوسێکاندا سەپاندووە. دوژمنی ئێمە لێرەیە.
مووشەکەکان دەتوانن هێزی حکومەتەکان نیشان بدەن یان بەپێچەوانە تووشی کێشەی بکەن. بەڵام لەکۆتاییدا ئەوە خەڵکن کە دەتوانن و دەبێ چارەنووسی حکومەتی خۆیان دیاری بکەن. دەبێ خەڵکی ئێران ئەو رژێمە کۆتایی پێ بهێنن. روو بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رایدەگەیەنم کە بەچاوی خۆیان بیبینن کە رژێمی کۆماری ئیسلامی پێچەوانەی ئاشتی و ئارامی و پێشکەوتنی ناوچەیەو لەگەڵی هەڵناکات. کاتی ئەوە هاتووە کە سیاسەتی مامەڵەکردن و نەرمینواندن بەرامبەر کۆماری ئیسلامی بەزوویی وەڵا بنرێت و، جیهان پشتگیری لەهەوڵی خەڵکی ئێران بۆ گۆرینی ئەو رژێمەو کردنەوەی ئاسۆی دیموکراسی و دادپەروەری لەو وڵاتە بکات. چیتریش پاساوێک بۆ دانەنانی سوپای پاسداران لەلیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا نەماوە."
رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش لە پەیامێکدا کە وەکوو وتەی رۆژ لە میدیاکانیاندا بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەی راپۆرتێکیان لە ناکۆکی ئێران و ئیسرائیل باسکردووە، بەمشێوەیە هەڵوێستیان دەربڕیوە:
"بێ گومان کردەوە شەڕخوازییەکانی هەردوولای ئەم ململانێیە، کۆنەپەرستانە و دژ بە خەڵکن. ئەگەرچی ئێستا ئاگری مووشەک و دڕۆنەکان بەشێوەیەکی کاتی خامۆش بووە، بەڵام وڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەم چەشنە کردەوە و دژکردەوانەی هەردوولا، تا ئاستی هەڵگیرسانی شەڕێکی بەتەواو مانا بەرەوپێش دەچێت یان نا؟ تا ئێستا ڕوون نییە، بەڵام هێشتا ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکانی هەردوولا لەدژی یەکتر لە ئارادایە و بە زۆر هۆکاری بابەتیی پێویستە سێبەری مەترسی شەڕ لەسەر دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جیددی وەربگیرێت. لە لایەکەوە دەوڵەتی ئیسرائیل دوای تێپەڕبوونی ٦ مانگ و کوشتاری زیاتر لە ٣٣ هەزار فەڵەستینی، نەیتوانیوە بە ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆی بگات. لە هەمان کاتدا ئەم دەوڵەتە لەلایەن ڕای گشتی جیهانی و تەنانەت هەندێک لە دەوڵەتە هاوپەیمانەکانییەوە بە مەبەستی قبوڵکردنی ئاگربەست لە غەززە لەژێر گوشاردایە. لە ڕوانگەی نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیری ڕاست و توندڕەوی ئیسرائیل و کابینەکەیەوە، قبوڵکردنی ئاگربەست بە واتای قبوڵکردنی شکست دێت لە بەرامبەر حەماسدا. پەرەسەندنی شەڕ لە ئاستی ناوچەکەدا، لەڕوانگەی دەستە ڕاستییە توندڕەوەکانی ناو کابینەی ئیسرائیلەوە، وەک ڕێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لەو بنبەستەی ئێستایان دادەنرێت. هەوڵی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و بناژۆخوازی ئیسرائیل ئەوەیە کە بە پەلکێشکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ ناو شەڕەکە و تێوەگلانی ئەمریکا و بە ناوچەیی کردنی ئەم شەڕە، شکستە گەورەکانی شەش مانگی ڕابردووی خۆی پەردەپۆش بکات و قەیرانە ناوخۆییەکانی کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندندایە، کۆنترۆڵ بکات. لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانێکی سیاسی و ئابووریی قووڵ بەرەوڕووە کە هیچ ڕێگایەکی بۆ چارەسەرکردنیان لەبەردەمدا نییە. لە هەمان کاتدا ناڕەزایی و نەفرەت و بێزاری زۆربەی هەرەزۆری خەڵک بەرامبەر بەم ڕژیمە گەیشتووەتە لوتکە و ڕژیم نیگەرانی ئەگەری سەرهەڵدانی تۆفانێکی بەرینی کۆمەڵایەتییە."
لەلایەکی دیکەوە ئیسماعیل شەڕەفی ئەندامی رێبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شرۆڤەیەکدا بۆ میدیای فەرمی حزبەکەی رایگەیاند کە هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و هەوڵە شەرانگێزییەکانی دەریخست کەهۆکاری سەرەکیی ئەم ئاڵۆزییانە و هەرچەشنە ئالۆزییەکی دیکەی ناوچەکە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێننەوە و لەو باوەڕەدان تەنیا ڕێگای ڕزگاریی ئێران و ناوچەکە لە شەڕ و قەیران و ناسەقامگیری نەمانی ئەم ڕێژیمەیە.
شەرەفی لە شرۆڤەکەیدا بەمشێوەیە باسیکردووە:"کۆماری ئیسلامی بەم هێرشکردنەی بۆ سەر ئیسرائیل پێویستە لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە جۆرێکی دیکە لێی بڕواندرێ و هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ. ئەم ڕێژیمە نیشانی دا و سەلماندی کە لە شکاندنی هەر جۆرە سنوورێکی یاسایی و مرۆییدا دیاردەیەکی ناوازە و دوور لە پێبەندبوون بە هەر ڕێوشوێنێکی ددانپێدانراو و دیاریکراوە. ئەو وڵاتانەی بە دەیان ساڵە بە ڕەپێشگرتنی سیاسەتی دیالۆگی ڕەخنەگرانە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ڕێفۆرم لەم نیزامەدان، دەبێ ئێستا باش بزانن و بۆیان دەرکەوتبێ کە لەگەڵ چ ڕێژیمێک بەرەوڕوون. دەبێ ئەم خەسڵەت و ڕەفتارانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پرسیار لە خۆی بکات کە مانەوەی ئەم ڕێژیمە و دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی، دەتوانێ دنیا تووشی چ بەڵا و کارەساتێک بکات. دەبێ گەلانی جیهان بۆیان دەرکەوتبێ خەڵکی ئێران زیاتر لە ٤٥ ساڵە دەسەڵاتی سەرکوتگەری چ ڕێژێمیکیان بەسەردا سەپاوە و لەدژی چ نیزامێکدا خەریکی خەبات و تیکۆشانن و لەبەرچییە کە دەیانهەوێ لێی رزگار بن و ئاسەواری نەهێڵن؟"