لۆقمان ڕادپی-abc.net
وەرگێران لە ئینگلیزی: فاتح خالەندی
ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وایکردووە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا هاوپەیمانی لەگەڵ ئەکتەرە دەوڵەتییە ناوچەییەکان دروست بکەن — بەڵام دانپێدانان بەو ڕۆڵەی کە لایەنە کوردییە نادەوڵەتییەکان لە داڕشتنی ئاسایشی ناوچەکەدا دەیگێڕن، لە زیادبووندایە. لە کاردانەوە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا و کوشتنی کادیرانی باڵای سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران، ئێران یەکەم هێرشی ئاسمانی ڕاستەوخۆی خۆی بۆ سەر ئیسرائیل لە ١٣ی ئاپریلی ٢٠٢٤ دەستپێکرد. فرۆکە بێ فرۆکەوانەکان و مووشەکە باڵستییەکانی ئێران بە ئامانجی سەرکوتکردنی سیستەمی بەرگری ئیسرائیل بوو. بەڵام زۆرێک لەم موشەکانە بە هاوکاری دەوڵەت و لایەنە غەیرە ئیسرائیلییەکان پێش ئەوەی بتوانن بگەنە سنووری خاکی ئیسرائیل، ڕێگرییان لێکرا و بەهۆی بەرگرییە ئاسمانی و دژە مووشەکییەکانی ئیسرائیلەوە هەر لە ئاسمان تەقێندرانەوە. ئەم ڕووداوە جەخت لەسەر پێویستی هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ ستراتیژییەکانی بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە گێژاودا دەکاتەوە. دیمەنی پەرەسەندو پێویستی بە ڕێبازێکی نوانس هەیە بۆ دەستنیشانکردنی هاوپەیمانە نوێکان و دروستکردنی هاوبەشی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشە ئەمنییەکانی داهاتوو بە شێوەیەکی کاریگەر. سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ناوچەکەدا بووە هۆی ئەوەی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەیی و دەوڵەتانی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا دروست بکەن، بە داننان بە زەروورەتی کردەوەی بەکۆمەڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە پەرەسەندووەکانی تیرۆر. بەڵام جگە لە ئەکتەرە تەقلیدییەکانی دەوڵەت، دانپێدانانێک بەو ڕۆڵە سەرەکییەی کە لایەنە کوردییە نادەوڵەتییەکان لە داڕشتنی داینامیکی ئەمنی ناوچەکەدا دەیگێڕن، گەشەی سەندووە. ئەم یەکانە، هەرچەندە بە فەرمی وەک دەوڵەتی خاوەن سەروەری لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی دانپێدانەنراون، بەڵام وەک یاریزانێکی ترسناک لەسەر زەوی دەرکەوتوون، کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە و کۆنترۆڵی خاکە ستراتیژییەکانیان کردووە. سەرەڕای ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک دەوڵەتی خاوەن سەروەر ناناسرێن، دوو قەوارەی کوردی خۆبەڕێوەبەری - ڕۆژئاوا (رۆژئاوای کوردستان لە سوریا) و حکومەتی هەرێمی کوردستان (هەرێمی کوردستان، باشووری کوردستان لە عێراق) - نموونەی ئەم دیاردەیەن. لە ڕێگەی سەرکردایەتی کاریگەر و توانا سەربازییەکانیان و هاوپەیمانییە ستراتیژییەکانیانەوە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکا، ڕۆڵێکی سەرەکییان بینیوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەقامگیرکردنی ئەو ناوچانەی کە پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئیسلامیدا بوون، کە پڕ لە ململانێ بوون. لە کاتێکدا لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتنی سەربازییان کردووە، بەڵام ئەم ڕێککەوتنانە قورسایی یاسایی پەیماننامە فەرمییەکانی نێوان دەوڵەتانی خاوەن سەروەرییان نییە، بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەی کە یاسا نێودەوڵەتییەکان سەپاندویانن. ئەم ناڕوونییە یاساییە ئەم لایەنانە بەرەوڕووی لاوازی دەکاتەوە و ئامادەیان دەکات بۆ دەستێوەردان و ئیستغلالکردنی دەرەکی لەلایەن زلهێزە ناوچەییەکانەوە. بەپێی مادەی ٥١ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان سازش کراوە، کە ڕێگە بە ئەمریکا و گەلانی دیکەی ڕۆژئاوا بدرێ کە چەک و مەشق و هاوکارییەکانی دیکە پێشکەش بکەن لە بەرامبەر مافی بنەماکردنی دیفاکتۆ و پشتیوانی زەمینی. بەڵام ئەم ڕێکخستنانە هیچ دڵنیایییەکی بەردەوام لە دژی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتانی دیکە نادات - وەک بەڵگەی دەستدرێژییە دووبارەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی کورد لە ساڵی ٢٠١٨ەوە، هەروەها کردەوەکانی حکومەتی عێراق دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی حکومەتی هەرێم لە ئەیلوولی ٢٠١٧. جگە لەوەش، هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر حکومەتی هەرێم لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤، کە گوایە بەهۆی بوونی نەسەلمێنراوی "بنکە نهێنییەکانی مۆساد" لەناو خاکی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمدا کرابوو دەرخەری هەڵومەرجی ناسکیانە. نموونەیەکی دیکەی توند، هێرشی ئێرانە بۆ سەر بارەگاکانی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە کاتی ڕاپەڕینی "ژینا" لە ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣، بە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک. ئەم ڕووداوانە شێوازێکی دەستدرێژیکردن درێژە پێدەدەن، جەخت لەسەر ئاستەنگە ئەمنییە بەردەوامەکان دەکەنەوە کە ڕووبەڕووی قەوارە کوردییەکان دەبنەوە لە ناوچەکەدا. گرنگی دانپێدانان بە سەروەری کورد.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٣ی نیسانی ٢٠٢٤ و دواتر کەوتنەخوارەوەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی بەسەر باشووری کوردستاندا، کورد دەتوانێت جارێکی دیکە وەک هاوبەشی متمانەپێکراو لە ڕێکخستنەوەیەکی نوێی بەرگریدا خۆی دەربخاتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هاوبەشییانە بەردەوام و کاریگەر بن، پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ بەرزکردنەوەی هاوپەیمانی پەیماننامەکان لەگەڵ دڵنیاییە ئەمنییەکانی پێویست و پاراستنی یاسایی کە لە ئاستی باڵادا هاوتای دەوڵەتە فەرمییەکان بێت.
قەوارەی کوردستانییەکان، کە گرینگن و لە پێشەنگی هاوبەشی بەرگریدا جێگیرن، نابێت لە پێناو پێشخستنی ئامانجە تایبەتەکانی ئەمریکا یان ڕۆژئاوادا ئیستغلال بکرێن. ئەمەش بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل لە دوای هێرشەکەی بۆ ناوخۆی ئێران، زۆر گرنگە. پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ هەموو هاوپەیمانەکانی لە پاراستنی خۆیان لە هێرشی چەکداری بۆ ئەمریکا سوودبەخشە. درێژکردنەوەی ئەو جۆرە پشتیوانییە هاوتەریبە لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسینی کورد.
بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، دانپێدان بە سەروەری دیفاکتۆی قەوارە کوردییەکان زۆر گرنگە. سەرەڕای نەبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتی وەک دەوڵەتی خاوەن سەروەر، حکومەتەکانیان بە شێوەیەکی کاریگەر خاک و دانیشتووانەکانیان بەڕێوەدەبەن، هەروەها توانای پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەدا نیشانداوە. جێی ئاماژەیە حکومەتی هەرێم میوانداری زیاتر لە ٤٠ نوێنەرایەتی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی دەکات، لەنێویاندا کونسوڵخانەی ئەمریکا. بە پێچەوانەوە، رۆژئاوا دانپێدانانی لەلایەن ئەمریکاوە نییە، سەرەڕای هاوبەشییە سەربازییەکان و هەوڵە بەردەوامەکان، کە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، بۆ مۆدێرنکردنی کێڵگە نەوتییەکان لەڕێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا.
بۆ ئەمەریکا بەشداری دانوستان بۆ ڕێککەوتنی بەرگری لەگەڵ کورد زۆر پێویستە. ئەم جۆرە پەیماننامانە دەتوانن هاوکاری سەربازی، ڕاهێنان، هاوبەشکردنی هەواڵگری و پشتیوانی لۆجستیکی لەخۆ بگرن. بە هەمان شێوە گرنگە پەرەپێدانی ستراتیژی درێژخایەن بۆ هاوکاریی ئەمنی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ و خواستی ناوازەی قەوارە نادەوڵەتییەکان.
مافی بەرگری لەخۆی بۆ کورد
هەروەها دانپێدانان بریتییە لە داکۆکیکردن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ مافی بەرگریکردنی دامەزراوەکە. ئەمەش پێویستی بە لۆبیکردنە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە نیگەرانی ئەمنی هاوشێوەیان هەیە و پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ داننان بە پێداویستییە ئەمنییەکانی قەوارە کوردییەکان. دروستکردنی هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ دەوڵەتە هاوبیرەکان یان ئەو لایەنانەی کە ئامانجە ئەمنییەکانی هاوبەشیان هەیە، شتێکی بنەڕەتییە. بەکارهێنانی سەرچاوە و توانا بەکۆمەڵەکان دەتوانێت چارەسەری ئاستەنگە ئەمنییەکانی هاوبەش بکات، تواناکانی بەرگری بەرز بکاتەوە و پشتگیری زیاتر لە کاتی پێویستدا پێشکەش بکات.
هەروەها وەبەرهێنان لە بنیاتنانی تواناکانی بەرگریی ئەو دامەزراوەیە لە پێش هەموو شتێکەوەیە. ئەمەش دەبێت بەرنامەی ڕاهێنانی گشتگیر، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و پەرەپێدانی ژێرخانی لەخۆبگرێت. لە کاتێکدا ئەمریکا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی لەم بوارەدا بەدەستهێناوە، بەڵام کەلێنێک لە بەرگری ئاسمانیدا بۆ هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی رۆژئاوا ماوەتەوە. هەبوونی رێکخستنێکی تایبەت کە بەپێی هەڕەشەو بارودۆخی ئەمنی تایبەت خۆی بگونجێنێ و بە ئاسانی و خێرایی وەڵام بداتەوە، زۆر گرنگە.
لە کۆتاییدا ستراتیژی بەرگری درێژخایەنی گشتگیر پێویستە. ئەم ستراتیژیانە دەبێت ژینگەی ئەمنی ناوازە، هەڕەشە و لاوازییەکانی دامەزراوەکە بخەنە ڕوو لە هەمان کاتدا لەگەڵ چوارچێوەی ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زۆرتر هاوتەریب بن.
لە کاتێکدا هەردوو دەوڵەتی دیفاکتۆی حکومەتی هەرێم و رۆژئاوا سەلماندوویانە کە هاوبەشی پشتبەستووترن بۆ ئەمریکا بە بەراورد بە تورکیا، ئەم دووەمیان وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و ئەندامی ناتۆ،سەرەرۆیی زۆر دەکات و، هەوڵێکی زۆری لۆبیکردن دەدات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کوردستان پتەو نەکرێن. لەگەڵ ئەوەش سەرەرای هەبوونی چەندین هاوپەیمانی، بەڵام قەوارە کوردییەکان بەرەورووی ئیستغلالکردن دەبنەوە، هەوڵەکانی لۆبیکردن بۆ ڕێگریکردن لە قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کوردستان. سەرەڕای هەبوونی هاوپەیمان لە چوارچێوەی پێکهاتە سەرەکییەکانی حکومەتی ئەمریکادا، بەڵام قەوارە کوردییەکان هەروا بەرەوڕووی ئیستغلالکردن دەبنەوە، کە دڵنیایی درێژخایەنیان نییە، لەبەرامبەردا هاوپەیمانەکانی ناتۆ ئەو دڵنیایەیان هەیە.
لەژێر رۆشنایی ئەو ئاڵۆزییانەدا، هەر جۆرە رێکخستنەوەیەک لە بواری بەرگریدا، ئەگەر تەنیا مامەڵەیەکی کردارەکی بێت و پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی پابەندکاری لەگەڵ نەبێت، زیانی زۆرتر لە ناوبانگی ئەمریکا دەدات و متمانەپێکردن بەو وڵاتە لە ئاستی جیهان کەم دەکاتەوە. لەکاتێکدا میوانداریکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی کوردستان، رەنگە سوودی تاکتیکی بۆ رێگریکردن لە هەڕەشەکانی سەر سەقامگیری ناوچەکە و رێگریکردن لەو هێرشانەی ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن، هەبێت. ئەوەش پرسێکی بنەڕەستی بۆ گەشەپێدانی ئەو متمانەیەو دروستکردنی متمانەیەکی بەردەوامی دیپلۆماسی و ئەمنی لەنێوانیان.