27 . ڕەزبەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

حەمید نووری چۆن گیرا و چۆن ئازاد کرا؟

حەمید نووری چۆن گیرا و چۆن ئازاد کرا؟
26 . جۆزەردان . 2724


ئێران و سوئێد بە نێوەنجیگەری وڵاتی عۆممان، ئاڵوگۆری بەندکراوەکانیان هەردوولایان کرد، لەو ئاڵوگۆرەدا حەمید نووری دادیاری پێشووی زیندانی گۆهەردەشت و یەکێک لە تاوانبارەکانی کوشتاری ١٣٦٧ ئازاد کرا.


دوا نیوەرۆی ئەمرۆ شەممە ٢٧ی جۆزەردان راگەیاندنە فەرمییەکانی وڵاتی عۆممان لەسەر زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە رایگەیاند کە ئاڵوگۆری بەندکراوان لەنێوان ئێران و عۆممان بە نێوانگیری ئەوان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و بەندکراوەکانی هەردوولا لەرێگەی گەرانەوە بۆ وڵاتی خۆیانن.


دوای ئەوە کازم غەریب ئابادی جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی رایگەیاند کە حەمید نوری لە بەرامبەر دوو هاووڵاتی سوئیدی ئازاد کراوەو لەرێگەی گەرانەوە بۆ تارانە.



سەبارەت بە وردەکارییەکان ئۆلاف کریسترسۆن سەرۆکوەزیرانی سوئێدیش رایگەیاند کە یۆهان فلودرۆس و سەعید عەزیزی دوو هاووڵاتی سوئێدی کە لە ئێران بەندکرابوون، ئازاد کراون و لەرێگەی گەرانەوە بۆ وڵاتن. بەمشێوەیە دەرکەوت کە ئێران لەبەرامبەر ئازاد کردنی حەمید نوری، ئەو دوو هاووڵاتییە سوئێدییەی ئازاد کردووە.



حەمید نوری تەمەنی ٦٢ ساڵە، ساڵی ١٣٩٨ لەسەر سکاڵای چالاکانی مافی مرۆڤ و ژمارەیەک چالاکوانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن پۆلیسی وڵاتی سوئێد دەستبەسەرکرابوو. دواتر داواکاری گشتی سوئێدیش لەسەر بنەمای ژمارەیەک دیکۆمێنتی تاوانکاربوونی سکالای لەسەر تۆمار کرد، بەپێی سکالاکان حەمید نوری راستەوخۆ لە کوشتاری هاوینی ساڵی ١٣٦٧ لە زیندانەکانی ئێران بەشدار بووە.


لەکاتی لەسێدارەدانەکانی ساڵی ١٣٦٧ حەمید نوری بە نازناوی حەمید عەباسی، دادیاری زیندانی گۆهەردەشت بووە. داواکاری گشتی لەسەر بنەمای ئەو ئەسلەی یاسای نێودەوڵەتی سکالای لەسەر تۆمار کردبوو، کە دەتوانرێ لە تاوانبارەکان لەدەرەوەی سنووری ئەنجامدانی تاوانەکەش بپسرێتەوە. 



دۆسییەی حەمید نوری یەکێک لە بەناوبانگترین دۆسییەکانی چەند ساڵی رابردوو بوو، زیاتر لە ٦٠ شایەتحاڵ لە دادگا ئامادەبوون و تاوانەکانی ئەویان پشتراست کردەوە، لەکۆتایی پرۆسەیەکی درێژی دادگاییکردن لەکۆتاییدا لە هاوینی ١٤٠١ دادگای سوئێد حەمید نوری بە تاوانی ئەنجامدانی تاوانی و کوشتن بە زیندانی هەتا هەتایی مەحکوم کرد.