20 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

چەند خاڵێک سەبارەت بە وڵامەکەی د. عەبباس وەلی بۆ محمەدڕەزا نیکفەر

چەند خاڵێک سەبارەت بە وڵامەکەی د. عەبباس وەلی بۆ محمەدڕەزا نیکفەر
29 . خەزەڵوەر . 2724

''مێتافیزکی ئەحمەقانە'' یان کۆڵۆنیالیزم؟
چەند خاڵێک سەبارەت بە وڵامەکەی د. عەبباس وەلی بۆ محمەدڕەزا نیکفەر

نووسین: دکتور کەماڵ سلێمانی
چەند هەفتە لەمەوبەر، نووسراوەیەکی بەڕێز د. عەبباسی وەلی، وەکوو وڵام بۆ نیکفەر، لە ژێر سەردێڕی ''متافیزیک ابژە و سرنوشت تلخ سوژەهای غیرطبقاتی'' لە ژورناڵی نقد اقتصاد سیاسیدا، بڵاو بۆوە کە برادەرێک بۆی ناردم.
ئەو وتارەی د. وەلی، بەتایبەت بە هۆی هەڵوێستی جۆراوجۆر و دژبەیەکی بەڕێزیان لە چەند ساڵی ڕابردوودا، زۆر شایەنی شیکردنەوەیەکی وردە. بەڵام بەهۆی سەرقاڵیی زۆر لێرە تەنیا چەند خاڵێکی لەسەر دەنووسم.
دەبێ پێشەکی بڵێم بەڕاستی لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری ڕەخنەکانی د. وەلی لە نیکفەر هەم و زۆریان بەجێن. بە کورتی د. وەلی دەیسەلمێنێت کە نیکفەر فارسێکی ناسیۆنالیستە ولایەنگری سیستەمی کۆڵۆنیالیستیی زاڵ لە ئێرانە. بەڵام نیکفەر، بە گوێرەی ڕەخنەکانی د. وەلی، ئەو لایەنگرییەی دەچەپێنێت و شایەدیش بەبێ ئەوەی بۆخۆی بزانێ لایەنگرییەکەی لە پێگەی فاشیزمی فارس، لە ژارگۆن و زمانی چەپدا دەشارێتەوە. لە ڕوانگەی منەوە -بە مەرجێک بەرهەمهێنانەوە یان هاوبەشیی زمانی ناسیونالیزمی ئێرانی (فارسی) لە نووسینەکەی بەڕێزی لەبەر چاو نەگرین- ئەو بەشەی باسەکەی د. وەلی زۆر کەم جێگای ڕەخنەیە. هەر وەکوو کوتم -بە مەرجی گوێ نەدان بە دەرونیکردنی ناسیونالیزمی میتدۆلۆژیکی ئێرانی لە نووسینەکەی د. وەلیدا- تا ڕادەیەکی زۆریش لەگەڵ ڕەخنەکانی بەڕێزیان هاوڕام.
یەکێک لە ڕەخنە بنەڕەتییەکانی د. وەلی لە نیکفەر ئەوەیە کە نیکفەر لە زاراوە یان ژارگۆنێکی مارکسیستی و چەپدا ناسیونالیزمی فارس بەرهەم دەهێنێتەوە یان بە جۆرێک نیکفەر تەسەووری بەدیهی‌بوون و کێشەهەڵنەگری یەک-نەتەوەی ئێرانی بە قسەهەڵنەگر دەخەمڵێنێ. هەر
بۆیە د. وەلی زۆر بەجێ سەبارەت بە نیکفەر دەڵێت: '' اغراق نخواهد بود اگر بگوییم آنچه که به نام واقعیت در این شتابزده عرضه میشود، بیشتر ناشی از کاربرد مجموعەای از مفاهیم تئوریک برگرفته از تعبیر خاصی از مارکسیسم است که پس از عبور از فیلتر حقوقی-سیاسی دولت ملی، هویت ملیگرایانه به خود گرفته است'' (بڕوانە لاپەڕەی ٣ و ٤).
دیارە، د. وەلی بەو ئاماژەیەی دەری دەخات کە نیکفەر لە چوارچێوەی مارکسیزمدا، ناسیۆنالیزمی ئێرانی یان فارس بەرهەم دەهێنێتەوە. کە ئەو بەرهەمهێنانەوەیە ئاکامی جۆرێک لە ناسیۆنالیزمی میتۆدۆلۆژێکە. لە وەها ناسیۆنالیزمێکدا، ڵێکۆڵەر یان قسەکەر، هێندێک چەمکی بنەماییی ناسیۆنالیستی کە بە هۆی باو بوونیان بە ئاشکرا وەکوو خاوەنی بار و لایەنی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک نابینرێن، بەبێ شێکردنەوە و هێنانە بەرباس و پرسی کێشەهەڵگرییان، وەکوو ڕاستییەکی بنەماییی ڵێکۆڵینەوەکەی بە کاریان دێنێت. سەرەڕای جیددی بوونی ڕەخنەکانی د. وەلی، بەڕێزی بۆ خۆشی دەکەوێتە هەر ئەو داوەی ناسیۆنالیزمی میتدۆلۆژیکی ئێرانی و هێندێک لە چەمکی جیددیی ناسیۆنالیزمی فارس وەکوو بەدیهی و کێشەهەڵنەگر بەکار دێنێت و بە جۆرێک یەک-نەتەوەیی و یەک -کۆمەڵگایی و یەک-خەڵکبوونی ئێران، بەرهەم دەهێنێتەوە. یانی لە نووسینی د. وەلیشدا، ئەو دەروونی کردنەی ناسیۆنالیزمی میتدۆلۆژیکی فارس، بەڕوونی و لە دوو ئاراستەدا دەردەکەوێت:
١- لە بەدیهی دیتنی یەک ''جامعەی مدنی''، دیتنی هەموو بەرهەڵستییەک لە ئێران وەکوو "ئۆپۆزیسیۆنی" ئێرانی یان ''واقعیات یک جامعەی ایران"؛ وەکوو دەنوسێ: "اما از نظر من پذیرفتنی نیست. من اولویت گفتمانی طبقه‌ای کارگر و مفاهیم تئوریک برساخته‌شده از آن را در تحلیل شرایط بحران سیستمی که گریبانگیر جامعه‌ی کنونی ایران است، نمی‌پذیرم و اشکال گوناگون آن را متافیزیکی، برخاسته از
بنیادگرایی تخیلی و توهمی ساده‌لوحانه می‌دانم. این گفته نیازمند توضیح است" (بڕوانە لاپەڕەی ٦ و ٧). ئەو جۆرە ئاماژانە (indices) خۆیان دەربڕی زمانی ناسیۆنالیزمی میتۆدۆلۆژێکن. هەر بەکارهێنانی وشەی "جامعە" بۆخۆی وەکوو کۆمەڵگایەکی یەکدەست و ڕوون و ناسراو، زۆر کێشەی لەسەرە و دەتوانێ وەکوو جۆرێک لە ئیرجاعی ناسیۆنالیستیی ببینرێت. تەنانەت، جۆرێک لە خۆئاماژەکاری و "خودارجاعی ناسیۆنالیستی" (nationalist self-referentiality) تێیدا دیارە؛ بەتایبەت ئەو کاتەی کە جامعە یان کۆمەڵگا بەبێ ئامرازی دیاریکەری تایبەت (وەکوو ئەو، یەک یان فڵان کۆمەڵگا، زۆرتر وەکوو کۆمەڵگای خۆمان؛ بەڵام، بەبێ وشەی خۆمان بێتە بەرباس). بۆ نموونە کوردێکی خاوەنی هۆشیاریی نەتەوەیی، بۆ نەتەوە جۆارجۆرەکان لە ئێران، وشەی یەکینەکەری جامعە یا کۆمەڵگا بەکار ناهنێت. تەنانەت، لە پەنا ئێرانیش ئەو وشەیە -بڵێین وەکوو جامعەی ئێرانی-ش بەکار ناهێنیت. چونکە، بەشاراوەیی هەڵگری بیری نکۆڵی لە کۆمەڵگای کوردییە، چ دەگا بەوەی نێوێک و ئاماژەیەکی ئاوا، کە ئاماژەیەکی ناسیۆنالیستیە و بۆ کۆیەکی یەکگرتوو بە مانای لێکدانەبڕاوی کورد و ئەویدیکەی کورد بە کار بهێنێت. جامعە لەو بەستێنەدا وەکوو وڵات و کیشوەرە. هیچ کوردێکی خاوەن هۆشیاریی نەتەوەیی بە ئاسانی و بەبێ مەودا سازکردن لە گەڵ ئێران، وشەی کشور و وڵاتیش بۆ ئێران بە کار ناهێنت. کاتێک کە دەگوترێ جامعەی ئێران وەکوو ئەوەیە کە کۆمەڵگای کوردستان، وەکوو کۆمەڵگایەکی جیاواز بوونی نەبێت کە ئەوە ڕێک زمانی ناسیۆنالیستی فارسە کە باوەڕی بە یەکینەبوونی کۆمەڵایەتیی ئێران هەیە. بۆیە وڵات و کۆمەڵگا لە کۆمەڵگای گوتاری کوردیدا (Kurdish Speech Community ) وشەی قۆرخکراون بۆ کوردستان و بۆ کورد. کوردێک کە کێشەی لەگەڵ ئیدیعای یەک-نەتەوەییی ئێران هەیە، خۆی لە ئێرجاعێکی ئاوا دەپارێزێت. چونکە ئەو ئیرجاعە، گریمانەی ناسیۆنالیستی فارس سەبارەت بە یەک-نەتەوەبوونی ئێران بەبێ کێشە
و قسەهەڵنەگر وەردەگرێت.
٢-بەکار هێنانی وەها چەمکگەلێک لەلایەن کوردێکەوە بۆ ئێران --کە وەکوو لە ئینگلیسیدا دەڵێن وێنەی ناو ئاوێنەی دەوڵەت-نەتەوەیە (a mirror image of the nation-state)-- زۆر کێشەهەڵگرە. ئانتۆنی گیدنز دەڵێ وشەی کۆمەڵگا وەکوو ئەمرێکی بەدیهی و بێ تێفکرینەوە قبووڵ کراوە (1987, p. 25) و مایکڵ بێلیگیش ئەو وتەیەی گیدنز قەبووڵ دەکات ( 1995, P. 56). ئەمانویل وارڵستاین دەڵێ هیچ وشەیەک هێندەی کۆمەڵگا بە بێموبالاتی بە کار نەهێنراوە (1987, p. 315). مایکڵ مەن دەڵێ ئەگەر بۆم کرابا ئەو وشەیەم بە تەواوی لەنێو دەبرد (1986). لە ڵێکۆڵینەوەی کورداندا، د، کامران مەتینیش لە وتاری دوو-دیمەنی ناسیۆنالیزمی نوێدا، کێشەی ئەو جۆرە چەمکانەی ناسیۆنالیزمی میتۆدۆلۆژیک باس دەکات و من و د. محمەدپوریش لە وتاری قبیلەگەراییدا کێشەی ئەو چەمکانە بەگشتی دەخەینە بەرباس.
لە وانە کە بگوزەرێین و ئەگەر بەکارهێنانی چەمکی نادەقیق و وەکوو ناچارییەکیش چاو لێ بکەین، یەکینە گرتنی کوردستان و ئێران لە چوارچێوەی کۆمەڵگای ئێرانیدا ناچاری نییە. بەڵکوو بە شێوەی هەستیار یان ناهەستیار بەرهەمهێنانەوەی بەدیهی-دیتن و قبوڵی ناتێگەیی (unthought and taken for grantedness ) ناسیۆنالیزمی ئێرانییە. بەتایبەت، لە کۆدەق و کانتێکستی ڕاپەڕینی ژینادا. لە ڕاپەرینی ژینادا بوو کە بۆ یەکەمجار کوردی ئاکتیڤ زۆر بە ڕاشکاوی و لە ناوخۆدا، پرسی خۆ-جیاوازی لە فارسی گەیاندە ئاستی خۆ-ڕزگاریی گوتاری (discursive self-emancipation) . یانی بۆ یەکەمجار کورد لە ژێر دەسەڵاتی ئەویدیکەدا ڕایگەیاند کە بوونی ئەویدیکەی کورد لە کوردستان بەبێ ئیزن و لە دەرەوەی سەرەوەری و یاسای کورد، داگیرکارییە. هەر بۆیە دروشمی "داگیرکەری ئێرانی- قاتڵی ژینامانی"ی، بەرز کردەوە. کوردستانی وەکوو گۆڕستانی فاشیستان ناساند و ڕاڤەی خۆشی لە فاشیزم بە ناساندنی دەسەڵاتی ئەویدیکە لە کوردستان، ڕوون کردەوە. ناساندنی دەسەڵاتی
ئێرانی وەکوو فاشیست، وەکوو هێمای داگیرکەری ئەویدیکەی کورد و وەکوو هێمای بێدەوڵەتیی کورد لە دروشمی "هەتا دەوڵەتمان نەبێ-ئەوە هەر حاڵمان دەبێ"، بە ئاشکرا دەردەکەوێت. بۆیە هاویشتنی ڕاپەڕینی ژینا بۆ ناو شتێکی ناڕوون و کێشەهەڵگر وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، خۆی بەڵگەی دەروونی کردنی تێگەیشتنی ناسیۆنالیزمی فارسە لە پێناسەکردنی دژایەتی لە جوگرافیایی ئێراندا.
کوردی نەتەوەخواز، ناتوانێ ئاڵتەرناتیڤ و ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتێکی ئێرانی بێتە هەژمار. تەنانەت، ئەوە شتێکە کە د. وەلی لە نەوەدەکاندا بۆ خۆشی کێشەی لەگەڵی هەبووە. بۆ نموونە لە لاپەرەی ٨٣ی ''کورد و ئەوانی دیکەی'' بە ڕاشکاوی دەڵێ: بزووتنەوەی خودموختایخوازی [کورد] بە لێک هەڵاواردنی ناسێنەی نەتەوەیی و ئیتنیکی بە جیددی سنوورەکانی ئیتنیستە و سیاسەتی نەتەوەییی کورد لێل دەکات (,the autonomist movements seriously obscure the political and cultural boundaries separating ethnic and national identities ). چونکە بە سازکردنی دوانەی ناسێنەی ئیتنیستە و نەتەوە، خۆی دەکات بە کەمینەی ئەویدیکەی خۆی و پرسە نەتەوەییەکەی لەبار دەبات. بەداخەوە، دابەزاندانی پرسی کورد و گونجاندنی پرسی کورد لە نێو گرووپە ئۆپۆزیسیونەکانی ئێرانی و دژایەتی لەگەڵ جۆری حکوومەتی ئێرانی، هەر ئەو لێڵی و ناڕوونییە ساز دەکات کە لە نەوەدەکاندا، بەڕێز وەڵی وکوو جۆرێک دژایەتی لەگەڵ ناسێنەی نەتەوەیی (national identity) نێوی دەبرد. دیارە، وەکوو مامۆستای تیۆریی سیاسی، د. وەلی قووڵایی و پانتاییی ماناییی ئەو چەمکانە بە وردی دەزانێت؛ بەڵام بەداخەوە، هەر وەکوو لە نیزیکی لەگەڵ هەڵبەز-دابەزی عەبەی موهتەدی لە کاتی گەمەی جۆرجتاوندا دەرکەوت، د. وەلی تا ئاستی ئینکاری زەروورەتی مافی دیاریکردنی چارەنووس ڕۆیشت و گوتی داواکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کاتێکە کە دەسەڵات هەبێت.
کە بێینەوە سەر باسی ئۆپوزیسیۆن لە ئێران، ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەیەکی
سروشتی فارسی یان ئێرانییە. چەمکی ئۆپۆزیسیۆن بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە سەر مەعریفەی تەک-نەتەوە بوونی ئێران دامەزراوە و سەرەوریی ڕەهای فارس، بنەمای حاشاهەڵنەگری ئەو مەعریفەیەیە؛ هەر وەکوو لە جێگایەکی دیکەدا نووسیومە:
لە زەینی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا، غەیرەفارس تراژیدییەکانیشی یان شایەنی باس نین یان تەنیا کاتێک و بە جۆرێک دەبێ بێنە بەر باس کە لایەنی نەتەوەییی تراژیدییەکە بەتەواوی بشاردرێتەوە. تراژدییەکی غەیرەفارسەکان شایەنی باسە کە لە کاتی باس کردنیدا نکۆڵی لە زوڵمی نەتەوەیی و بوونی جیاوازیی نەتەوەیی لە ئێراندا نەخاتەڕوو. بۆیە، ئۆپۆزیسیۆن لە ئێران یان بە ڕاشکاوی لایەنگری لە ستراتێژیی کۆماری ئیسلامی دژ بە غەیرەفارس دەکات، یان ئەگەر ئەوەش نەکات، نکۆڵیی تەواو لە کێشەی نەتەوەیی و هۆکارەکانی زۆڵمی سیستەماتیک و سیستەمیک لە ئێران، سەرەکیترین ستراتیژیەتی، یان هەر دووکیان پێکەوە. بەڵام هەر ئەوەش خاڵی کێشەی ئۆپۆزیسیۆنی فارس و غەیرەفارسە لە ئێران. زۆربەی زۆری سیاسەتی غەیرەفارس، بە سیاسەتی هێزی کوردییەکانەوە، سیاسەتی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە حکوومەتە، نەک دژ بە سیستەمی حاکمییەتی ئێرانی. هەر بۆیەش، زۆربەی ئۆپوزیسیونی غەیرەفارس (وەکوو حیزبە کوردییەکان) تێدەمێنن چۆن باس لە کێشەکانی حکوومەتی ئێستای ئێران و پەیوەندیی ئەو کێشانە بە فەلسەفەی حاکمییەت لە ئێراندا بکەن. بە هۆی ئەو ناڕوونییە گوتارییەش، ئۆپۆزیسیۆنی فارس، گوتاری سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی غەیرەفارس بۆ پرسی حاکمییەت لە ئێراندا بە هەڕەشە دەبینێت و بە جوداییخواز تۆمەتباری دەکات.
دیارە، ئەو ڕەخنە و نیگرانییەی ئۆپۆزیسیۆنی فارس لە غەیرەفارس، زۆریش بێجێ نین. کاتێک کە ئێرانییەت بە مانای یەک-نەتەوەیی بوونە، بەڵام کوردە دەڵێ بۆ کورد عەیبە بڵێ ئێرانی نیم، لە باشترین حاڵەتدا نە کوردە لە خۆی تێگەیشتووە و نە فارسیش لێی تێدەگات. فارس
دەپرسێ چۆن تۆ ئێرانی، بەڵام حیزبەکەت داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس دەکات؟ ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئێرانییەت یانی باوەڕ بە یان بەرگری لە یەک-نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا. جا لێرەدا کێشە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی غەیرەفارس لە بەر ئەوە نییە کە ناوبراو جوداییخوازە. نا، لەبەر ئەوەیە کە ئەساسی ئێرانیبوون دەگەڕێتەوە بۆ سەر باوەڕ بە یەک -نەتەوەبوونی ئێران: پرسێک کە ئۆپۆ زیسیۆنی غەیرەفارس هیچ کێشەیەکی جیددیی تیۆریکی بۆ ساز نەکردووە.
هێنانەگۆڕ یان ئاماژەکردن بە کێشەی نەتەوەیی لە ئێران بە نەخوازراویش بێت بێوەفاییە بە ناسێنەی ئێرانییەت و چوونەدەرە لە سنووری ڕەسمی و مێژووییی پێناسەی ئێرانییەت. وەها گوتارێک کە لەڕاستیدا، ئۆپۆزیسیۆنی فارس و غەیرەفارس لێک دادەبڕێ و مانایەکی پارادۆکسیکاڵ بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی غەیرەفارس دەدات کە بە نەخوازراوی و بە ڵێڵی کێشە بۆ پێناسەی ئێرانییەت ساز دەکات. لە ڕاستیدا ئەو پێناسەیە لە ئێران، بنەمای ئەخلاقیی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە کە هەوێن و هەویر و قاڵبەکەی فارسییە و لە بنەڕەتدا گریمانەی بوونی نەتەوە غەیرەفارسەکان لە ئێران ڕەت دەکاتەوە.
ئۆپۆزیسیۆنی غەیرەفارس کە خۆی بە ئێرانی دەناسێنێت، بە نەخوازراوی و بە کردەوە لەگەڵ گوتاری ئێرانی و ئێرانییەت تووشی بێوەفایی دەبێت. بەڵام لە کردوەشدا، ئۆپۆزیسیۆنی غەیرەفارس تەنیا ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی مەوجوودە. دیسانیش ئاخێز و کۆدەقی غەیرەفارسییەکەی ناچاری دەکات کە کێشەی ئیتنیکی-زمانیی لە ئێران بە جۆرێک زەق بکاتەوە و لە پەنا فارسیدا داوای جێگایەکی بۆ بکات. بۆیە د. وەلی نەوەدەکان گوتەنی: ''بە شێوەیەکی سروشتی دەبن بە خاوەنی گوتارێکی ناڕوون و ئەوە وایان لێ دەکات کە بە بەردەوامی لە نێوان ناسیۆنالیزم و ئیتنیکگەراییدا، بێن و بچن و بە دوای بەرژەوەندیی کاتی و ناوچەییەوە بن( '' They characteristically have an ambiguous identity, vacillating between nationalism and ethnicism, often
changing form and direction in pursuit of parochial interests and “immediate” political objectives ) (لاپەرەی ٨٣ کورد و ئەوانی دیکەی، نووسینی عەبباس وەلی)؛ ڕێک وەکوو حیزبەکانی ئێستا. بەڵام، ئەو پارادۆکس و ڵێڵیە وا دەکات کە بەتەواویش لەگەڵ پێناسەی ئێرانیشدا نەگونجێن؛ لەبەر ئەوەی باس لە ستەمی نەتەوایەتی لە ژێر حاکمیەتی ئێرانیدا، بە شێوەیەکی نەخوازراو کێشە بۆگوتاری ناسیۆنالیزمی ڕەسمی کە لە سەر بنەمای یەک-نەتەوەی ئێران بنیات نراوە، ساز دەکات. بۆیە فارسیش ناتوانێ بە جیاییخوازی نەزانێ. ئەو کێشە سیاسی-گوتارییە، تەنیا کێشەی فارس لەگەڵ غەیرەفارس نییە، کێشەی غەیرەفارس (بە تایبەت کورد) لەگەڵ خۆشیەتی. لەبەر ئەوەی حیزبی غەیرەفارسیش توانا و بوێریی ئەوەی نەبووە و نییە کە بەڕاشکاوی سەرچاوەی کێشەکەی لەگەڵ خودی پێناسەی ئێرانییەتدا نیشان بدات. کە ئەو پێناسەیە ئەساسەکەی هەوێنی یەک-نەتەوەیی و نەتەوە-کوژانەیە بۆ غەیرەفارس. هەر بۆیە گوتاری غەیرەفارس بە بەردەوامی گوتارێکی ئێکلێکتیک و تێکەڵاوە؛ نە ئەمەیە و نە ئەوی تریان. گوتاری سیاسیی غەیرەفارس، هەوڵی ئەوەیە کە وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی فارس لە ئێران بدوێت. بەڵام، لە هەمان کاتیشدا، لە نێو خۆیدا دەم لە جیاوازیی ناسێنەیی و نەتەوەیی دەدا و دەڵێ لەبەر ئەو جیاوازییەشە کە لەگەڵ حکوومەتی ئێستای ئێرانی کێشەم هەیە.
ئەو پێناسە و تێگەیشتنە لە ئێرانییەت، بە شێوەیەکی گشتی ناتوانێ هیچ ئاڵتەرناتڤێک و یان گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی فارسی بۆ حکوومەتی ئێرانی ساز بکات کە شۆڤێنیست و ڕاسیست نەبێت. لەبەر ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی فارس بۆ ئەوەی لە بازنەی شۆڤێنیزم و ڕاسیزم بێتەدەر، دەبێ دەست لە نکۆڵیکردن لە بوونی نەتەوەکان هەڵبگرێت. ئەوەش بۆ فارس، پێویستیی بە خۆ ڕزگار کردن لە باوەڕ بە یەک-زمانی و یەک-نەتەوە بوونی ئێران، دەکات بە پرسێکی وجوودی. بۆیە ئۆپۆزیسیۆنی فارس تا ئەو کاتە کە چەند دێمۆسیی ئێران قبوڵ دەکات ماهییتەن
شۆڤێنیست و ڕاسیستە. بۆ غەیرەفارسیش -خۆ بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی زانین- تا لەدایکبوونی ئۆپۆزیسیۆنی فارسی باوەڕمەند بە پرسی چەند نەتەوەییی ئێران، بە مانای پارادۆکسی گوتاری کرمینەیەکی ئێرانییە کە کێشەی سیاسی تەنیا لەگەڵ حکوومەت لە ئێرانە نەک لەگەڵ حاکمییەتی ئێرانی.
لە زەینی شوڤێنیزمی فارسیشدا، خراپترین بژاردە بۆ ئێران، سیستەمێکە کە هەڕەشە بێت بۆ سەر هەژموونی ڕەهای فارس. بۆ ئەوان هەر بژاردەیەک کە هەژموونیی تاقانەی فارس گەرەنتی بکات -جا چ سەڵتەنەت بێت و چ کۆماری ئیسلامی- باشترە لە هەر سیستەمێک کە کێشە بۆ پێناسەی فارس-ناەوەندی ئێران وەکوو وڵاتێکی یەک-نەتەوە و یەک-زمان، ساز بکات. بە گشتی ئۆپۆزیسیونی فارس پێی وایە ئێران تەنیا تا ئەو کاتە کە لە ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی ڕەهای فارسدایە بوونی هەیە، کە ڕاست وایە. یانی ئێران تا ئەو کاتە هەیە کە سیستەمی سیاسییەکەی، توانای داسەپاندنی گوتاری یەک-زمانی و یەک-نەتەوەیی ئێرانی/فارسیی هەیە. لەوە بەدەر هەر سیستەم و حاکمییەتێکی ئالترناتیڤ، بۆ ئەوان بە مانای نەمانی ئێرانی سازکراو لە سەد ساڵی ڕابردوودایە. ئەو سەفا و مەروەی بەردەوامی فارس لە نێوان کۆماری ئیسلامی و سەڵتەنەتیشدا، هەر ئاکامی ئەو باوەڕەیە. یان ئەوەی کە حکوومەتی ئێستای ئێران هیچ ئۆپۆزیسیۆنێکی جیددیی نییە، هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە. فارس، غەیرەفارسی -موعتەریف بە غەیرەفارس- تەنانەت ئەگەر موهتەدییش بێت بە جیاییخواز دەناسێ و لە دەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ئێرانییەت پێناسەی دەکات. هەر ئەو ڕاستییەش دەری دەخات کە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی جیددی، جگە لە هەلومەرجی کۆڵۆنیاڵ، بۆ بوونی غەیرەفارس لە ئێران ناکرێت. هەر بۆیەش د. وەلی سەرەڕای بە مەتافیزیکی ئەحمەقانە ناساندنی تێزی کۆلۆنیالیزم، خۆی ناچارە ئێعتراف بە هەلومەرجی کۆڵونیاڵی غەیرەفارس لە ئێران بکات؛ کە ئەوە دەمانباتە سەر باسی دووهەمی بابەتەکە.
ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە کە سەڕەرای دژایەتیی چەندین ساڵەی د. وەلی لەگەڵ تێزی کۆڵۆنیالیزم و نکۆڵیی بە ڕاشکاویی ئەو بەڕێزە، ئێستا خۆی ناچار بەدانپێدانان بەم ڕاستییە دادێنێ. چەند ساڵ پێش ئێستا، لە وتووێژێکی لەگەڵ کاک محەمەدی خاکیدا، د. وەلی بە چەند جار نێوهێنانی من، زیندووکردنەوەی باسی هەلومەرجی کوڵۆنیکرانی کوردستان --لەلایەن کەسانی وەکوو منی-- بە مێتافیزیکی ئەحمەقانە نێو دەهێنا و ئەو باسانەی بە مەترسیدار دەزانین. تەنانەت، هەر لە وتووێژ لەگەڵ کاک محەمەدی خاکیشدا د. وەلی ڕایگەیاند ئەگەر لە وڵاتەکانی دیکەش کورد کوڵۆنی کرابێ، ئەو تێزە ناکرێ بۆ ئێران بەکار بهێنرێت. دیارە ئەو وتەی دواییی د. وەلی، لەوەی پێشووتریشی سەرسوڕهێنەرتر بوو. چونکە، هەم بە ئاشکرا نەگونجاوە لەگەڵ ئەو باسانەی کە بە وتەی خۆی تا پێش ساڵی ٢٠٠٥ سەبارەت بە مافی سەروەری و سەربەخۆییی کورد دەیکردن؛ هەمیش بەڕاشکاوی بۆنی تێزی ئاریاگەریاییی لێ دەهات و وەکوو درێژەی گوتاری ئاریایی بوونی کوردی مەردووخ و ژیاندنەوەی تێزی ''پیوستگی نژادی و تاریخی كرد'' رەشیدی یاسمی دەچوو! کەس بەبێ پەنابردن بۆ بەڕواڵەت لێکدانەبڕاویی نەژادی و مێژووییی کورد و ئێرانی ناتوانێ بڵێ کە بۆ پرسی کورد لە ئێران جیاوازییەکی ماهوی و زاتیی هەیە لەگەڵ جوگرافیا سیاسییەکانی دیکەی وەکوو تورکیا و عێراق .
دیارە، لە وتووێژێکی دیکەیدا هەر لەگەڵ کاک محەمەدی خاکی، دوکتور وەلی دەڵێ تا ٢٠٠٥ هەوڵی تیۆریزەکردنی سەربەخۆییی کوردی هەبووە، بەڵام کە بۆی تیۆریزە نەکراوە و دەستی لێ هەڵگرت. دیارە ئەوەی کە بۆ هاوکات لەگەڵ دەرکەوتنی کەجەکە، د. وەلی هیوای بۆ تیۆریزە کردنی سەربەخۆییی کورد لە دەست دەدات، زۆر جێگای پرسیارە؟ بۆ دەبێ زانایەکی سیاسی کە لە هەموو ڕێبەر و کادر و لایەنگرانی پەکەکە تیۆریی سیاسەت زۆرتر دەزانێ، هاوکات لەگەڵ پەکەکە بەو ئاکامە بگات؟ زۆر سەرنجڕاکێشە، بەڵکوو سەرچاوەکەی بگەڕێتەوە بۆ ئیمانی قایمی د.
وەلی بە پەکەکە لە نەوەدەکاندا. د. وەلی پێی وابوو کە پەکەکە بەڕاستی هەوڵ بۆ سەربەخۆییی کورد دەدات و لە ساڵی ١٩٩٨دا بەڕاشکاوی دەنووسێ پەکەکە ''تەنیا ڕێکخراوی گرینگی سیاسیی کوردە کە کەمپەینەکەی بە ستراتیژییەکی ڕوونی داوای سەربەخۆیی بۆ کوردستان دەست پێ کرد (It is the only significant modem Kurdish political organization which started its campaign with a clear nationalist strategy demanding independence for Kurdistan) '' ( کورد و ئەوانی دیکەی، لاپەڕەی ٩٣).
د. وەلی لە نەوەدەکاندا هەر جۆرە سیاسەتێکی کوردی کە بۆ سەربەخۆیی نەبوایە بە هەڵپەرەستی دەزانی، بەڵکوو پێی جۆرێک لە بەکرێگیراوی و کڵایەنتالیزم (clientelism) بوو کە لە دژی ناسێنەی نەتەوەی کوردیدایە. یان وەکوو بۆ خۆی دەڵێ: نۆکەری ''ئەربابەتی دەرەوە و کڵایەنتالیزمی نێۆخۆیی کە عونسۆری بنەماییی خودموختاریخوازی کوردن، هەر دووکیان دژی ناسێنەی نەتەوەییی کوردن (Foreign patronage and internal clientelism, the two fundamental elements of Kurdish autonomist movements, are both opposed to Kurdish national identity )'' ( لاپەڕەی ٨٣). بەڵام، ئایا تیۆریزە نەکرانی سەربەخۆیی، سروشتی ''هەلپەرستانە و نۆکەرانەی'' ناسەربەخۆییخوازی دەگۆڕێ؟ بۆچی بەڕێزی تەنانەت ڕاینەگەیاند کە ئەگەر سەربەخۆیی تیۆریزەش نەکرێت، خۆ لایەنی ئەخلاقیی دەست هەڵگرتن لە سەربەخۆیی -کە یان دەبێ بە نۆکەری دەرەوە و یان بە کڵایەنتاڵیزمی نێۆخۆیی- هەر لە سەر جێی خۆی دەمێنێ یان نامێنێ؟ ئایا تیۆریزە نەکرانی سەربەخۆییی کورد، ڕەوایی دەدات بە دەستهەڵگرتن لە سەربەخۆیی یان لایەنگری لە ''پرۆکیالیزم و هەڵپەرەستیی ناوچەیی و ئەربابخوازی''ی کوردی ناسەربەخۆییخواز؟
کە بێینەوە سەر باسی کۆڵۆنیالیزم، لە وتارەکەی د. وەلی لە وڵامی نیکفەردا، بەڕێزی لانیکەم چەند جار ئیعتراف بە هەلومەرجی کۆڵۆنیی
غەیرەفارس دەکات. بۆ نموونە لە لاپەڕەی ٧دا دەنووسێ: نیکفەر ''این خیزش انقلابی [ژینا] را سیاستی هویتی میداند که فاقد دینامیسم امر اجتماعی، یعنی امر طبقاتی است. این فروکاهش امر اجتماعی به امر طبقاتی، بزرگترین ضربەای است که میتوان به مفهوم جامعەی مدنی و رابطەی استراتژیک آن با هویت چندوجهی-چندصدایی و تقاطعی ژینا در فرایند خیزش دموکراتیک زد. همین هویت دموکراتیک بود که برای نخستین بار دینامیسم رابطەی استعماری و استثماری بین مرکز- پیرامون مستقر در ساختار حاکمیت دولتی را تغییر داد و به عامل اصلی سراسری شدن جنبش تبدیل شد. نیکفر اما از این پدیدەی منحصر به فرد در تاریخ ایران میگذرد و آن را شایان بررسی تئوریک و مفهوم پردازی نمیداند، و به دنبال کلی بافی دربارەی امر جمهوری با هویتی تک وجهی و تک صدایی و پلورالیسمی منجمد و تکیده است.'' لێرەدادەبینن کە د. وەلی هەم ئینکاری دروشمی کوردستانی ''داگیرکەری ئێرانی- قاتڵی ژینامانی" دەکات و هەم ڕاپەڕینی ژینا لە کوردستان و بەرهەڵستی مەهسا لە عەجەمستان دەکات بە یەک بەرهەڵست و هەم وا دەگەیەنێ کە بوونی هاوئاهەنگی لە ناو کورد و ئەویدیکەی کورددا بە مانای لە نێوچوونی کۆڵۆنیالیزمە، لانیکەم لە ئاستی گوتاری دا. کە لە ڕاستیدا، ئەوەش هەر خوێندنەوەیەکی هەڵەیە. هەڵەیە، لەبەر ئەوەی بەرهەڵستی مەهسا کە هێماکەی لە پێناسەی فارساندانی ناسیۆنالیسی ژن، ژیان، ئازادی و نێوئاخن کردنی بوو بە مرد، میهن، آبادی بوو، جیاوازییەکی بنەڕەتیی لەگەڵ ڕاپەڕینی ژینا هەبوو. هەمیش ناوەندگەراییی ئێرانی و ''جانم فدای ئێران''، قەت لە تێگە و ڕوانگەی هەستانەوەی مەهسا دوور نەکەوتەوە. بەڵکوو نێوئاخنی سەرەکی بوو و میهەن لە ڕاستیدا، هەمان میهەنی تاقانە-نێڕانەی فارس و پیاوی فەرەئیزەدی و ئێرانی پڕ لە گەوهەری ئاریایی بوو کە تا ئیسقان ڕاسیستی و کۆنەپەرەستانەیە. ئەو ڕوانگە نەژادییە قەت ناتوانێ ژیان بۆ هەمووان و یەکسانیی ژیان بۆ ژن و پیاوان و ئازادیی هەمووان لە
کۆنەپەرەستیی ئاریایی و ئێرانی بەدی بهێنێت. ئەوەش ڕێک بە پێچەوانەی ئەو شتە بوو کە لە کوردستان ڕووی دا و پاڵی بە گوتاری کوردایەتییەوە نا بەرەو ئاقاری خۆ-ڕزگاری لە نێرسالاری و ئێرانسالاری بڕوات. نە لە تارانیش بەرهەڵستی مەهسا، نێوەڕۆکی چەند نەتەوەیی پەیدا کرد و نە لە شەقامی کوردییشدا ڕاپەڕینی ژینا، سەرەڕای یەکسانیخوازییەکەی، گوتار و نێۆڕۆکە کوردایەتییەکەی، بە قازانجی ئێران وەلا نا. ڕێک بە پێچەوانەی سیاتی حیزبەکان. بۆیەش، گەرچی ئیعترافی د. وەلی بە پرسی کۆڵۆنیالیزم لە ئێران بەجێیە، بەڵام ئیدیعای نەمانی گوتاری کۆڵۆنیالیستیی فارس لە کاتی ڕاپەڕینی ژینا لە کوردستان و بەرهەڵستی مەهسا لە ئێراندا، خوێندنەوەیەکی ساکار و هەڵەیە. دیارە لە ئیعترافەکەشیدا جۆرێک لە کورت کردنەوە و بەرتەسک کردنەوەی مانای ئیستعمار بە ئاشکرا دەردەکەوێت و لە هەموو ئاماژەکانیشدا ئیستعمار و ئیستسماری وەکوو هاومانا هێناوە و تەنانەت لە ئاماژەی دووهەمدا ئیستسماری وە پێش ئیستعمار داوە و بە جۆرێک عەجەم کوتەنی چەمکەکەی تەلتیف کردووە. لەو چەند نموونەی خوارەوەدا دەبینن کە د. وەلی باسی پرسی کۆڵۆنیالیزم کە بە شێوەیەکی کەمڕەنگ دێنێتە گۆڕ و ئەو چەمکە بنەمایییە کە پەیوەندیی تەواوی بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەییەوە هەیە دەخاتە ئاستی هەڵاواردن و ئیستسمار. دیارە ئیستسمار و چەوساندنەوە بەشێکە لە کۆنیالیزم نەک هەمووی. بەڵام د. وەلی دەنووسێ:
''ملیتهای فرودست در گفتمان نیکفر موقعیتی پارادوکسیکال و متناقض دارند. نیکفر نمیتواند نقش کلیدی آنها، بەویژه کوردها و بلوچها را در خیزش انقلابی زن، زندگی آزادی انکار کند. تاریخ خیزشهای ضدسلطه در چند دهەی اخیر به وضوح نشان داده است که ملتهای فرودست از نیروهای اساسی جامعەی مدنی و سوژەهای فعال در عرصەی سیاست مخالف و برانداز در جمهوری اسلامی محسوب میشوند. ازاینرو مجبور است حضور فعال آنها را در مرکز
ثقل و نقطەی تلاقی ساختارهای تبعیض، استثمار و استعمار بپذیرد'' (لاپەرەی ١٦). هەروەها دەبینن کە نەتەوەکان بە بەشێکی دانەبڕاو لە جامعەی مەدەنیی ئێران و بەشێک لە تاریخی "ضد سلطە" لە ئێران دادەنرێن. لە حاڵێکدا دیتمان کورد بەشێک لە بزووتنەوەی سەوز نەبوو. تورکیش نە بەشێک لە ڕاپەڕینی ژینا بوو و نە بەشێکیش لە بەرهەڵستی مەهسا. هەموو ئەوانەش جۆرێک لە هەڵوێستی نەتەوەییی ئەو نەتەوانەن و دەگەڕێنەوە سەر ئەوە کە نەهێڵن هەڵوێستی نەتەوەییان خوێندنەوەی جۆرێک لە هاوستراتیژی بوونی لەگەڵ ئەویدیکەی خۆیان لێ بکرێت. دیارە تورک نەیویست بەگشتی هاوهەڵوێست لەگەڵ کورد ببینرێت و بەداخەوە تورک تا ڕادەیەکی زۆر کورد بە ئەویدیکەی خۆی دەزانێ. بەشێک لە سیاسیی تورک، خۆی لە نێو دووانەی گورگەبۆر و حیزبووڵڵاهی گونجاندووە و لە دژی کورد گورگە بۆرە و لەگەڵ کۆماری ئیسلامییش حیزبووڵڵاهییە (کە ئەوە باسێکی جیاوازە بەڵام لە ڕادەبەر گرینگە).
د. وەلی گەرچی جاروبار بە نەتەوەکان دەڵێ "ملت"، بەڵام زۆربەی جارەکان بە وشەی شەرمێونانەی ملیت -کە حیزبە کوردییەکان کردوویانەتە باو بۆ ئەوەی دڵی کەس نەهێشێنن- ئاماژە بە نەتەوەکان دەکات و دەڵێت: "اینجاست که رویکرد متناقض او به نقش ملیتهای فرودست، به صورت تضادی عمیق در ساختار تئوریک امر جمهوریخواهی دموکراتیک در گفتمان ایشان ظاهر میشود و ماهیت دموکراتیک آن را زیر سؤال برده و نفی میکند. چون به گفتەی نیکفر، اقوام/ملتهای فرودست به علت تبعیض، استثمار و استعمار در مرکز ثقل امر جمهوری قرار دارند و ازاینرو جزو نیروهای دموکراتیک محسوب میشوند" (لاپەڕەی ١٨).
لە ساڵی١٩٩٨ دا، د. وەلی سیاسەتی خودموختاریخوازیی بە سیاسەتێکی گیرۆدەی پەرچەکرداری و حاسێبوون لە نێوان ناوەند و پەڕاوێزدا دەنرخاند کە لە ڕوانگەی بەڕێزیانەوە دەریدەخست کە ئەو جۆرە
ستراتێژییانە بۆ ٢ سەدە ڕۆحی سیاسەتی کوردیان بەنەگۆڕی هێشتۆوەتەوە و بە جۆرێک ئاغایەتیی کۆنی فارس و تورک بەسەر کوردا بەرهەم دەهێنێتەوە. (They are strictly in line with the “reactive” nature and “external” dynamics of the “center-periphery’’ politics which defined the relationship between the Kurdish principalities and their Persian and Ottoman overlords. In this sense, therefore, the fundamental ethos and characteristic features of Kurdish politics have hardly changed for nearly two centuries) (کورد و ئەوانی دیکەی ، لاپەڕەی ٨). بەڵام، ئایا کورد و فارس وەکوو بەشێک لە "یەک جامعەی مەدنی" دیتن، خۆی بەشێک لە هەمان جۆر بەرهەمهێنانەوەی گوتاری نییە؟ ئایا بەڕاستی مەترۆپۆل و پەرواێز یان کۆمەڵگای کۆڵۆنیکار و کۆڵۆنیکراو، دەکرێ یەک جۆر بکەری و فاعیلییەتیان هەبێ و ئەندامی یەک کۆمەڵگای مەدەنی بن؟ ئایا دەکرێ کۆمەڵگایەکی مەدەنیی هاوبەش لە دوو نەتەوەی سەروەر و بندەست پێک بێت؟ لە حاڵێکدا بە ستانداردی لینینیستیش بێت پەیوەندیی کۆڵۆنیال جگە لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و دابڕان لە نەتەوەی کۆڵۆنیکار، هیچ چارەسەرێکی دیکەی نییە ( Consequently, if we want to learn the meaning of self- determination of nations not by juggling with legal definitions, or "inventing" abstract definition, but by examining the historical and economic conditions of the national movement, we shall inevitably reach the conclusion that self-determination of nations means the political separation of the nations from alien national bodies , the formation of an independent national state) ( Vladimir Ilyich Lenin، The Right of Nations to Self-Determination
لاپەڕەی، 11).
بەڵام د. وەلی بە ئاسایی دەبینێ کە کورد هەم کۆڵۆنیکراو بێت و
هەمیش بەشێک لە کۆمەڵگای مەدەنیی ئێرانی بێت. بەداخەوە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا، د. وەلی زیگزاگی زۆری کردووە. لە حالێکدا، سەرتاسەر لە چوارچێوەی گوتاری مارکسیستیدا وڵامی نیکفەر دەداتەوە، بەڵام کەمترین ئاماژەی بە مافی دیاریکردنی چارەنووس وەکوو پرەنسیپێکی بەرچاو لە گوتاری لینینسیتیدا ناکات. تەنانەت دوو ساڵ پێش، لە کاتی نیزیک بوونەوەی لە موهتەدی، پرسی مافی دیاریکردنی چارەنووس پێش گەیشتن بە دەسەڵاتی ڕەت کردوە ( کە ڕوون نییە یانی چی). ئەوە لە حاڵێکدایە بەقەولی خۆی پێش بێهیوابوونەکەی لە تیۆریزەکردنی سەربەخۆییی کورد، یانی پێش ساڵی ٢٠٠٥، خودموختاریخوازیی وەکوو نوکەریی بێگانە و دژایەتی لەگەڵ ناسێنەی کورد دەناساند. لەو وتارەشدا، لە حالێکدا بە شێوەیەکی سەقەت باسی کۆڵۆنیالیزم لە ئێران دەکات و بە شێوەیەکی شاراوەش چارەی نەمانی هەلومەرجی کۆڵۆنیالیزم وەکوو پلۆڕالیزم و شارۆمەندیی دێموکراتیک دەناسێنی کە وەکوو کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیکی ئۆجەلان دەچێت کە نە کۆنفیدرالیزمە و نە دێموکراتیک. ٣ ساڵ پێش ئێستاش، د. وەلی باس لە کۆڵۆنیالیزمی وەکوو مێتافیزیکی ئەحمەقانە و باسێکی مەترسیدار دەناساند کە گوایە لەو ڕێگەیەوە کەسانی وەکوو من گەنجەکانیان بەرەو مەترسی دەبرد. بەڵام هەر بۆخۆشی لە ساڵی ٢٠١٨شدا لە باسێک لەگەڵ کاک جانی دیلاندا ڕایگەیاند کە هێندێک لەلایەنی پرسی کورد بە باس لە کۆڵۆنیالیزم ڕوون ناکرێنەوە. هەر بۆیە، بەو بیرەوەرییە ئەو باسە دوایی پێ دێنم:
لە ساڵی ٢٠١٨ دا د. وەلی و من وەکوو ئاکادیمیسیەن و کاک مستەفا هیجری و عەبدوڵڵای موهتەدییش وەکوو سیاسی لە لایەن کانسڵ ئان فۆرێن ڕیلەیشن ( The Council on Foreign Relations, CFR ) بۆ باس لە سەر هەلومەرجی کوردی ڕۆژهەڵات بانگ کرابووین بۆ واشنگتن. دوای تەواو بوونی کونفرانسەکە، موهتەدی د. وەلی و منی دەعوەت کرد کە لە ڕیستۆرانێک پێکەوە نان بخۆین. لەو نانخواردنە کە سەلاحی بایەزیدی و چەند کەسێکی دیکەی کۆمەڵەش بەشدار بوون، لە کاتی
نانخواردنەکەدا موهتەدی لە د. وەلی پرسی ڕات سەبارەت بە باسی کۆڵۆنیالیزم چییە؟ د. وەلی باسەکەی بردە سەر ئیدوارد سەعید و ڕەخنە لە سەعید. منیش کوتم زۆر لەو ڕەخنانەم لە سەعید قبووڵە و تەنانەت وەکوو ئیعتراز بە هەڵوێستی سەعید سەبارەت بە پرسی کورد، نە لە تێزی دۆکتۆراکەمدا و نە لەو کتێبەدا کە لە سەر بنەمای دۆکتۆراکەم نووسیومە، ئیرجاعم بە سەعید نەداوە. بەڵام، ئۆریانتالیزم خۆی باسێکە و بەشێکە لە خوێندنەوەی پۆست-کۆلۆنیالیستی و کۆنیالیزم و دژە-کۆڵۆنیالیزم تا ڕادەیەکی زۆر باسێکی دیکەیە. هەروەها، کوتم من پێموایە کە پرسی کورد بەبێ کۆڵۆنیالیزم ڕوون ناکرێتەوە. بۆ ڕۆژی دوایی د. وەلی لە وتووێژی لەگەڵ کاک جانی دیلان و لە وڵامی پرسیارێکی ئەو بەڕێزەدا، ناچار بوو کە بڵێ ستراتیژیی ئەویدیکەی کورد سەبارەت بە کورد کۆڵۆنیالیستییەم (ئەوەش لینکەکەی
https://www.facebook.com/VOAKurdish/videos/10155349908250876)
لەو لینکەی سەرەوەدا دەبینرێ کە د. وەلی ئیعتراف بە هەڵسوکەوتی کۆڵۆنیالیستی لەگەڵ کورد دەکات. دوو ساڵ دواتر و دوای هاتنەدەری وتاری ئێمە سەبارەت بە کۆڵبەری، لە وتووێژ لەگەڵ کاک محەمەدی خاکی، بەڕێزی گاڵتەی بە دیتنی کۆڵبەری وکوو دیاردەی ''ژیان و کار لە لێواری کۆنیاڵیزم''دا دەکرد. تەنانەت، هێندە بە ڕقەوە باسی ئەو بابەتەی دەکرد کە ئامادە بوو بەشێک لە بەرپرسیارەتیی بوونی دیاردەی کۆڵبەری بخاتە پاڵی بەناو ''سەرمایەداری سەربەخۆی'' کورد. لە جوگرافیایەکدا کە تەنانەت ئەنجومەنی خەیرییەی ئێمام عەلییش ناتوانێ سەربەخۆ بێت و هەوڵی سەربەخۆیی سەری دەخوات، سەرمایەداری سەربەخۆ و خاوەن ئێرادەی کورد، فارس کوتەنی "چە محلی از اعراب دارد؟" بەڵام، ئێستا دوای ٤ ساڵ، بەڕێز وەلی لە چەمکی کۆڵونیالیزم بۆ ڕوونکردنەوەی پرسی نەتەوەکان لە ئێران کەڵک وەردەگرێت. بەڕای من ئەو هەڵسوکەوتانە،
پێش ئەوەی هەڵسوکەوتی ئاکادیمیک لەگەڵ دیاردەیەکی سیاسی-کۆمەڵاتی بن، جۆرێک لە هەڵوێستی سیاسیین کە بە بەردەوامی لە گۆڕاندان.
سەرچاوەکان:
عباس ولی. ''متافیزیک ابژە و سرنوشت تلخ سوژەهای غیرطبقاتی'' نقد اقتصاد سیاسی. ابان ١٤٠٣.
Vali, A. (1998). The Kurds and Their “Others”: Fragmented Identity and Fragmented Politics. Comparative Studies of South Asia, Africa and the Middle East, 18(2), 82–95.
Giddens, A. (1985). The Nation-State and Violence. Cambridge: Polity Press.
Billig. M. (1995) Banal Nationalism. London: Sage Publication.
Wallerstein, I. (1987). World-systems analysis. In 1.H. Turner and A. Giddens (eds), Social Theory Today. Cambridge: Polity Press.
Mann, M. (1986). The Sources of Social Power, vol. I. Cambridge: Cambridge University Press.
Lenin, V. I. (2004). Revolutionary Intercommunalism and the Right of Nations to Self-Determination. Wales, UK: Superscript.
بۆ وتوێژەکانی د. وەلی لەگەڵ کاک محەممەدی خاکی بڕاونە: https://www.facebook.com/mohammad.khaki.7