نووسەر: د.مەحموود مووبارەکشاهی بێ گۆمان شەهیدبوون لە ڕێگای نیشتمان،گەورەترین شەرەف وشانازییە کە دەبخشرێتە بە مرۆڤە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرەکان. نیشتمانپەروەری ڕۆتێکی هەڵقۆڵاو لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ئێنسان و سرۆشتە. خۆشەویستی بۆ "شوێن" و شوێنگەی لە دایکبوون کە لە ئەدەبیاتی جۆگرافیایی لە ژێرناوی "هەستی مەکانی ومێهری مەکانی"پێناسە دەکرێ؛ یەکەم حەڵقەی چەکەرەی بیری نەتەوەیی لە هەرتاکێکی دەروەست وبەرپرسیارە. پەیوەندیی ئێکۆلۆژیکی "مرۆڤ" و" سرۆشت" لە ڕێڕەوەی زەمەن، خۆڵقێنەری هەست و خۆشەویستی بە نێسبەتی هەموو جومکەکانی جۆگرافیای هەروڵاتێکە؛ئەم پەیوەندییە کە بناغەی لە سەر ئەساسی سڕۆشتی دانراوە، هەڵگری مافی دەستێوەردان و بەشداری لە پاراستن و بەڕێوەبرایەتی وڵات بۆ دانیشتوان و شاروومەندانیەتی. لە ساڵی 1960بەم لاوە،گرینگایەتی ژینگەی زەوی و ئاڵ و گۆڕی کەش وهەوا، وەک تایتێڵی چالاکی زۆربەی ڕێکخراوە ژینگەیەکانی جیهانی لێی هاتووە و کۆمەڵێکی زۆر لە لایەنگرانی ژینگە، خۆیان لە چوارچێوەی حێزب و ڕێکخراوی ژینگەیی ڕێکخستووە. هەرچەندە چالاکیی ژینگەیی، هیچ جۆرە سنوورێکی جۆگرافیایی ناناسێت و چالاکییەکان بازنەیێکی جیهانی دەپێوێ؛ بەڵام لە کوردستانی ئێمەدا،ژینگە پارێزان و ڕێکخراوە ژینگەییەکان، ئاستی چالاکییان شێوازێکی سیستێماتیکی هەیە و هەموو جومکەکانی پێکهێنەری ژینگەی سرۆشتی،کۆمەڵایەتی،فەرهەنگی و ئابووری گرتوەتەوە. لە کوردستانی ئێمەدا تاکی ژینگەپارێز لە پاڵ گرینگیدانی تایبەت بە هەموو لاقەکانی سرۆشت وەک دارستان و لێرەوار،سەرچاوەئاوییەکان،کەش وهەوا،خاک و.... لە هەمانکاتدا، پارێزەری شۆناسی نەتەوایەتی و کلتووری نەتەوەییە. کلتوری وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەریی پێوەرێکی بەرچاو لە کار وچالاکی ژینگەپارێزانی کوردستانە.ڕۆحیەتی نیشتمانی کە لە ماوەی چەندین ساڵ کاروچالاکی تاکی و ڕێکخراوەیی ژینگەپارێزانی کوردستانی چەکەرەی کردووە؛ هاندەرێکی قووڵ و عەقڵانییە کە وا لە ژینگە پارێزی کوردستانی بکات کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرجۆرە پەلامارێکی ژینگەیی، خۆنەویستانە ڕووبەڕووی هەموو کەند و کۆسپەکان ببێتەوە و لەم ڕێگەیدا بەنرخترین سەرمایەی ژیانی کە گیانی ئازیزیەتی قوربانی پاراستنی نیشتمان بکات. گیانفیدایی لە ڕێگای نیشتمان و پاراستنی ژینگەی کوردستان پەیامێکی زۆر ڕوون و ئاشکرایە بۆ هەموو ناحەزان، کە ئەم وڵاتە خاوەن و دڵسۆزی خۆی هەیە کە بۆ پاراستنی هیچ جۆرە هێڵێک دیاری ناکات. هەرچەندە لە ئێستادا، کەسانێکی هەلپەرەست لە سێبەری نەبوونی یاسا و بەڕێوەبەرایەتی دڵسۆز،بە ڕۆژی ڕووناک و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان، ژینگەی کوردستان تووشی وێرانی و کاولکاریی دەکەن و ڕووبەڕووی لێی پرسینەوە نابنەوە؛ بەڵام دڵنیا بن ڕۆژێک دەبێ لە بەرانبەری خەڵکی ئەم نیشتمانە و خوێن شەهیدانی سەربەرزی ژینگەی کوردستان، وڵام دەری کردەوە دژە نیشتمانییەکان ببن.