نووسین: ڕەزا باگردانی
پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە هەڵوێستی سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە خەباتی ڕۆژهەڵات
مێژووی دوو سەدەی ڕابردووی کوردستان، مێژووی خەباتێکی پڕ لە قوربانی، ئازار، هیوای شکستخواردوو و هەستانەوەی بەردەوامە. لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، نەوە دوای نەوە هەوڵی داوە مافی ژیان، ئازادی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بەدەست بهێنێت. بەڵام لە پاڵ ئەو هەموو قوربانییەدا، یەکێک لە تاڵترین لاپەڕەکانی مێژووی کورد ئەوە بووە کە هەندێک جار، لە کاتی پێویستی بە هاوپشتی و یەکگرتوویی، بەرژەوەندییە حیزبی و دەسەڵاتییەکان سەرووی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کەوتوون.
هەڵوێستە تازەکانی نێچیروان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی هێزەکانیان بۆ ناوخۆی ئێران، جارێکی دیکە ئەو پرسیارە مێژووییە دەخاتە بەردەممان: ئایا پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات دەبێت بە مانای پشتکردنە خەباتی بەشێکی دیکەی کوردستان؟
هیچ کەسێکی خاوەن هەستی بەرپرسیاریی ناتوانێت مافی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و ژیانی هاووڵاتییەکانی بخاتە ژێر پرسیار. حکومەتێک بەرپرسیارە لە بەرامبەر ئەمنیەتی خەڵکەکەیدا و مافی ئەوەی هەیە کە ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ ململانێی چەکداری بکات.
بەڵام جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان پاراستنی ئاسایشی هەرێم و بەکارهێنانی ئەو زمانە سیاسییەی کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک سەرچاوەی هەڕەشەی ئەمنیەتی دەناسێنێت.
کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە بە شێوەیەک دەدوێت کە گوایە بوونیان یان جووڵەی سیاسی و سەربازییان سەرچاوەی مەترسییە بۆ باشووری کوردستان، ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە ئایا ئەو ئەدەبیاتە چەندە لە ئەدەبیاتی ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران جیاوازە؟
دەسەڵاتی تاران دەیان ساڵە خەباتی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵات بە هەڕەشەی ئەمنیەتی ناو دەبات. ئەگەر سەرکردەکانی باشووریش هەمان چوارچێوە بۆ ناساندنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەکار بهێنن، ئەوە تەنیا کێشەیەکی زمانی نییە؛ بەڵکو دەتوانێت کاریگەرییەکی سیاسیی قووڵ لەسەر ڕەوایی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات دابنێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە خۆیان ساڵانێکی دوورودرێژ لە دەرەوەی سنوورە سیاسییەکانی عێراق خەباتیان کردووە، باشتر لە هەر کەسێک دەزانن کە سنوورە دەستکردەکان نەیانتوانیوە پەیوەندیی مێژوویی و نەتەوەیی ئەحزاب و خەڵک لە کوردستان ببڕن.
بۆیە چاوەڕوانیی ئەوە لە سەرکردەکانی باشوور دەکرێت کە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ڕۆژهەڵاتدا، لەگەڵ پاراستنی ئاسایشی هەرێم، هەستیارێتییە نەتەوەیی و مێژووییەکانیش لەبەرچاو بگرن.
لێرەدا پێویستە لاپەڕەیەک لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەیی کورد بخەینەوە بەرچاو؛ لاپەڕەیەک کە لە سەردەمی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوودا نووسراوە و ئەمڕۆش پەیامێکی گرینگی بۆ سیاسەتمەدارانی کورد هەیە.
کریس کۆچێرا، ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەری ناسراوی پرسی کورد، لە نووسینە مێژووییەکانیدا -خەباتخوازی کورد- ئاماژە بە ڕووداوێکی گرنگ لە ساڵی ١٩٧٤ دەکات.
لەو ساڵەدا، کاتێک حکومەتی بەعسی عێراق لە ململانێیەکی توند لەگەڵ شۆڕشی کوردستانی عێراقدا بوو، سەددام حوسێن داوای لە دوکتور قاسملوو کرد کە لە ڕۆژنامەی «کوردستان»، ئۆرگانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، شۆڕشی کورد لە کوردستانی عێڕاقدا مەحکووم بکات.
دوکتور قاسملوو ئەو داواکارییەی ڕەت کردەوە.
ئەو ئامادە نەبوو بۆ ڕازیکردنی دەسەڵاتی بەعس، هەڵوێستێک دژی شۆڕشی باشووری کوردستان و سەرکردەکەی بگرێت. بەدوای ئەو ڕەتکردنەوەیەدا، حکومەتی بەعس بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستانی قەدەغە کرد و قاسملوو عێراقی بەجێهێشت و گەڕایەوە پراگ.
ئەو ڕووداوە تەنیا بەسەرهاتێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو وانەیەکی گەورەی ئەخلاقی و نەتەوەییە.
دوکتور قاسملوو لەو سەردەمەدا دەیزانی کە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەتوانێت بۆ حیزبەکەی گرینگ بێت، بەڵام ئامادە نەبوو ئەو پەیوەندییە بە نرخی مەحکوومکردنی خەباتی بەشێکی دیکەی کوردستان بپارێزێت.
ئەوە جیاوازیی نێوان سیاسەتکردن بۆ بەرژەوەندیی کاتی و سیاسەتکردن لەسەر بنەمای پرەنسیپی نەتەوەییە.
ئەوڕۆ، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر ئەو ڕووداوەدا، پرسیارێکی تاڵ دێتە ئاراوە:
ئەگەر دوکتور قاسملوو لە ساڵی ١٩٧٤دا ئامادە نەبوو بۆ ڕازیکردنی سەددام حوسێن شۆڕشی بارزانی مەحکووم بکات، ئایا ئەمڕۆ سەرکردەکانی باشووری کوردستان ناتوانن لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەمان هەستیارێتیی نەتەوەیی بەرامبەر بە خەباتی ڕۆژهەڵات نیشان بدەن؟
ئەو پرسیارە نایهەوێت کە باشوور خۆی بخاتە ناو شەڕێکی دیکە؛ بەڵکو داواکاریی ئەوەیە کە خەباتی ڕۆژهەڵات نەبێتە قوربانیی مامەڵە و هاوکێشە سیاسییەکان.
مێژووی پڕ لە برینی پەیوەندییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات
پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە پەیوەندییەکی ئاسان و بێکێشە نەبووە.
لە مێژووی ئەو پەیوەندییانەدا، لە پاڵ هاوکاری و هاوپشتییە گرینگەکان، ڕووداوی تاڵ و ناکۆکیی خوێناویش تۆمار کراون.
ناوی کەسایەتی وەک شەهید سلێمان موعینی، هەروەها ئەو تۆمەت و گێڕانەوە مێژووییانەی کە سەبارەت بە کوشتنی ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات یان ڕادەستکردنی پەنابەرانی سیاسی بە دەسەڵاتەکانی ئێران هەن، هێشتا لە بیرەوەری سیاسیی بەشێک لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتدا ماونەتەوە.
بێگومان، هەر یەک لەو ڕووداو و خیانەتانە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی مێژوویی، بەڵگەی سەربەخۆ و دادپەروەرابە هەیە. نابێت بەرپرسیاریەتی تاک یان حیزبێک بەسەر تەواوی خەڵکی باشووری کوردستاندا بسەپێنرێت، بەڵام لە هاوکاتیش نابێت ئەو برینانە بە بێدەنگی لەبیر بکرێن.
ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە درێژایی دەیان ساڵ بەسەر خەباتکاران و بنەماڵەکانیان هاتووە، بەشێکە لە بیرەوەریی پڕ ئێش و ئازاری نەتەوەی کورد؛ بیرەوەرییەک کە پێویستە ببێتە هۆی فێربوون، نەک دووبارەکردنەوەی هەڵەکان.
ئایا ڕێگریکردن لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئاسایشی باشوور دەپارێزێت؟
یەکێک لە پاساوە سەرەکییەکانی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم، پاراستنی ئاسایشی باشووری کوردستانە لە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەو نیگەرانییە بە تەواوی جێگەی تێگەیشتنە. خەڵکی باشووری کوردستان نابێت قوربانیی شەڕ و ململانێی دەوڵەتانی ناوچەکە ببن. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەگەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هیچ جووڵەیەکی سەربازی نەکەن، کۆماری ئیسلامی دەست لە هێرشکردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان هەڵدەگرێت؟
ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو وەڵامێکی ئەوتۆمان ناداتەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین جار خاکی هەرێمی کوردستانی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج. هەندێک لەو هێرشانە بە بیانووی بوونی حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان بوون، بەڵام لە هێرشەکانی دیکەدا، تاران پاساوی بوونی بنکەی هەواڵگریی ئیسرائیلی یان هەڕەشەی ئەمنیەتیی دیکەی هێناوەتەوە. لە هەندێک لەو هێرشانەدا هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە،
ئەو ڕاستییە نیشان دەدات کە سەرچاوەی هەڕەشەکانی تاران بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا بە جووڵەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات سنووردار نییە، کۆماری ئیسلامی لە نەفسی خۆیدا دژی هەبونی هەر چەشنە دەتەڵات و سەروەرییەکی کوردییە.
بۆیە، ئەگەر پاراستنی ئاسایشی باشوور ئامانجی سەرەکی بێت، پێویستە ستراتیژییەکی فراوانتر لە ڕێگریکردن لە جووڵەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەبێت؛ ستراتیژییەک کە لەسەر بنەمای دیپلۆماسی، یاسای نێودەوڵەتی، پاراستنی هاووڵاتییان و پەیوەندییە هاوسەنگەکانی هەرێم دامەزرابێت.
نابێت بەرپرسیاریی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر شانی ئەوانە دابنرێت کە خۆیان لە دەیان ساڵی ڕابردوودا قوربانیی سیاسەتەکانی ئەو دەسەڵاتە بوون.
لە سیاسەتی ناوچەییدا، دەوڵەتان و دەسەڵاتەکان زۆرجار بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەسەر بنەمای هاوکێشەی هێز و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ڕێک دەخەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا دەژی و ناچارە لەگەڵ بەغدا، تاران، ئانکارا و هێزە نێودەوڵەتییەکاندا مامەڵە بکات. بەڵام ئەو پێویستییە سیاسییە نابێت ببێتە پاساوێک بۆ ئەوەی چارەنووسی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وەک کارتێکی دانوستاندن بەکار بهێنرێت. ئەگەر ڕێگریکردن لە جووڵەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەشێک بێت لە ڕێککەوتنێکی ئەمنیەتیی نێوان هەرێم و تاران، ئەوە پێویستە سنوور و مەبەستی ئەو ڕێککەوتنانە بە ڕوونی بخرێنە بەردەم ڕای گشتی.
ڕەخنەی سیاسیی بەهێز پێویستی بە تۆمەتبارکردنی بێبەڵگە نییە. هەڵوێستە ئاشکراکان، قسە فەرمییەکان و ئەنجامە سیاسییەکانیان خۆیان بەسەن بۆ ئەوەی پرسیاری جدییان لەبارەوە بکرێت:
ئایا سەرکردەکانی باشوور دەتوانن لە هەمان کاتدا کە ئاسایشی هەرێم دەپارێزن، ڕێزیش لە مافی سیاسی و نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵات بگرن؟
بەشێکی گرینگی ئەو هەڵوێستە نانیشتمانییانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ڕاست بەرەی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە نێچیروان بارزانی یان بۆی دەرنەکەوتووە یان نازانێت کە لە ساتە چارەنووسسازەکاندا، مێژوو بڕیارەکان تۆمار دەکات.
ناوچەکە لە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵوگۆڕ و نادڵنیاییدا دەژی. ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لەگەڵ گوشارە ناوخۆییەکانی سەر دەسەڵاتی تاران، داهاتوویەکی پڕ لە پرسیاریی مان و نەمانی بۆ کۆماری ئیسلامی دروست کردووە.
کە ئەو ئاڵوگۆڕانە بەرەو کوێ دەڕۆن، یان چارەنووسی کۆماری ئیسلامی کەنگێ و لە چ خاڵێکدا توشی شکەستی ئاخرین و نەمان دێت. بەڵام لە ساتە مێژووییە ئاڵۆزەکاندا، بڕیارە سیاسییەکان کاریگەرییەکی درێژخایەنیان هەیە.سەرکردەکانی باشووری کوردستان پێویستە لەبەرچاو بگرن کە هەڵوێستی ئەمڕۆیان تەنیا لەلایەن تاران و بەغدادەوە هەڵناسەنگێنرێت؛ بەڵکو لەلایەن خەڵکی کوردستان، هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان و نەوەکانی داهاتووشەوە هەڵدەسەنگێنرێت. ئەگەر هەڵوێستەکانیان بە شێوەیەک لێک بدرێنەوە کە گوایە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی تاران بەسەر مافەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا پێش دەخەن، ئەوە دەتوانێت زیان بە متمانەی نێوان بەشەکانی کوردستان بگەیەنێت. لەهەمان کاتدا، بێ شک چاودێرانی سیاسی زلهێزەکان، وەک ئێمەی بینەر و بیسەر هەڵوێستەکانی سەرکردایەتی باشور دەبینن و دەبیسن و ئەو ڕەقس و سەمایەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم - کە لە ڕواڵەتی پرۆکسییەکی سەرلەپێناوی کۆماری ئیسلامی هەڵسوکەوت دەکەن- بۆ سەرچاوەکانی بڕیار لە ئامریکا و وڵاتانی زلهێز ڕادەگوێزن.
لە کۆتاییدا پێم خۆشە ڕاشکاوانە بڵێم کە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئیزن و ویستی کەس و لایەنێکی تایبەت دەستی پێ نەکردووە، بە فەرمانی کەس و لایەنی تایبەتیش درێژە نادات و بە بڕیاری کەسیش کۆتایی پێ نایەت.
ئەو خەباتە بەشێکە لە مێژووی نەتەوەیەک کە هیچ کات سنورەکان نەیانتوانیوە، ناسنامە و هیوای ئازادیی لە دڵیدا بسڕنەوە.
مێژوو تەنیا ئەوانە وەبیر ناهێنێتەوە کە بڕیاریان داوە؛ بەڵکو وێنە و ناوی ئەوانەش لەبیر ناکات کە لە ساتە چارەنووسسازەکاندا، لە نێوان بەرژەوەندیی کاتی و پرەنسیپی نەتەوەییدا، هەڵبژاردنیان کردووە.