25 . ڕەزبەر . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژکۆحەفتەوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

بۆچی ئەنتێگرە نابین؟

بۆچی ئەنتێگرە نابین؟
24 . ڕەزبەر . 2726

نووسین: کەریم پەرویزی - ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

لەم ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەدا قەیران لەسەر قەیران کەڵەکە بووە و هێشتا قەیرانێک دانەمرکاوەتەوە، قەیرانی دیکەی لەسەر داتەپیوەتەوە. هەر ئەم وێنا دێرینەی ئەم ناوچەیە وای کردووە کە هەرچی بیرۆکەی دونیایە تێیدا تاقی بکرێتەوە و دوای چەند سەدە، لەمڕۆکەدا دەبینین کە ڕەوتی وەها پەیدا دەبێ کە لیبراڵێکی مارکسیستییە و دژەئیمپریالیستییەکی ستایشکاری ئیمپریالیزمی نوێ دەست دەکەوێ، یان پاڵپشتی مافی نەتەوەیی فەلەستینییەکان دەبینی کە خوازیاری سەرکوتی کوردەکانە!

لەم ئاڵۆزییە سیاسییەدا کە لە ئاڵۆزیی بیر و هزر و ڕوانینەوە سەرچاوە دەگرێ، پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەروا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و لەمسەری ئەم مەنشوورەوە کە داوای کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ دەکا تا ئەو سەری کە داگیرکەرێکی دڕندەیە و کوردی پێ خاوەن ماف و بوون نییە و تەنیا کوشتار و جینۆسایدی بۆ بە ڕەوا دەزانێ، هەڵوێستی جۆربەجۆر و ڕوانینی جیاواز بۆ پرسەکە دەبینی.

سەرەڕای بیرۆکە و ڕێگە سیاسییە پێشووەکان و هی نوێ و هەڵقوڵاوی دۆخی نوێ، لەم نێوەدا باسێکی بەناو تازە بەڵام لە مێژوودا کۆن، هاتووەتە ئاراوە بە ناوی ئەنتێگراسیۆن! گوایە ئەم ڕوانینە ڕێگەی تازەی پێیە بۆ چارەسەری پرسی کورد و هەندێک جار بۆ ڕازاندنەوەی وشەکە ئاوەڵناوی دێموکراتیکیشی پێوە دەلکێنن و بە ناوی ئەنتێگراسیۆنی دێموکراتیک، گوایە دەرگایەکی جیاوازیان دۆزیوەتەوە.

باس لەسەر ئەنتێگراسیۆن تا ماوەیەک لەمەوبەر تەنیا سەبارەت بە دۆخی کورد لە تورکیە دەهاتە بەر باس و لایەنی سیاسیی ئەو بەشەی کوردستان، واتە ڕەوتی پەکەکە و لقوپۆپ و ناوە جیاوازەکانی باسیان دەکرد؛ تا ئەو کاتەی پێوەندیدار بە پرسی باکووری کوردستان بوو، نەمویستووە قسەی تێدا بکەم و پرسەکانی ئەو بەشەم بەلاوە گرنگ بووە، بەڵام لێدوان لەسەر پرسەکە و ڕێگەچارەکەیم بە ماف و ئەرکی چالاکانی ئەو بەشە زانیوە و زۆرم خۆ تێوەنەگلاندوە.

بەڵام لەم دواییەدا باس لەسەر ئەنتێگراسیۆن لە ڕێگەی هەندێک لە چالاکان و ڕەوتی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشەوە هاتووەتە بەر باس و وەکوو ڕێگەیەک بۆ پرسی نەتەوەی کورد لەم بەشەشدا پێشنیار کراوە. تا ئێرەشم بە ئاسایی زانیوە و مافی هەر کەسێکە کە ڕوانین و ڕوانگەی خۆی بۆ پرسی نەتەوەکەی بێنێتە بەر باس و بەشکوو ڕێگەیەکی تازە بۆ چارەسەری پرسی کورد بدۆزرێتەوە. بەڵام کە کار گەیشتە ئەوەی کە حیزبێکی نێو هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران باس لە ئەنتێگراسیۆن بکا و وەکوو ڕێگەیەک بۆ دواڕۆژی چارەسەری پرسی کورد پێشنیاری بکا، بە ئەرکم زانیوە کە وەکوو تاکێک ڕای خۆم لەسەر ئەو بەناو ڕێگەچارەیە دەرببڕم.

ئەنتێگراسیۆن چییە؟

پێش ئەوەی قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین و هەڵوێستی لەسەر دەرببڕین، پێویستە لە پێشدا بزانین ئەوانەی لە کوردستان باسی ئەنتێگراسیۆن وەکوو ڕێگەچارە دەکەن مەبەستیان چییە و چییان پێیە بۆ خەڵک؟

لەم ڕۆژانەدا وتەبێژی ڕەسمیی پژاک باسی لەوە کردووە کە پێشنیاری ڕێگەچارەیەکی ستراتیژیکیان بۆ ئێرانییەکان هەیە و لەو ڕێگەیەوە ئێران دێموکراتیک دەبێتەوە. لەوێدا ڕێوار ئاودانان باس لە ئەنتێگراسیۆنی دێموکراتیک دەکا. دەقی قسەکەی لەم بارەوە ئاوایە:
"تێکەڵبوونی دێموکراتیک (Democratic Integration)؛ ئەم بنەمایە بە تەواوی کۆتایی بە سیاسەتی تواندنەوەی زۆرەملێ (ئاسمیلاسیۆن – Assimilation) دەهێنێت کە بریتییە لە سڕینەوە و لەنێوبردنی کولتوور و زمانی ناسنامە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا، تێکەڵبوونی دێموکراتیک سەرلەنوێ پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەت و پەیوەندیی نێوان سەرجەم پێکهاتە نیشتەجێبووەکانی نێو وڵات دادەڕێژێتەوە و لە ڕێگەی داڕشتنی دەستوورێکی دێموکراتیکەوە، سەرجەم ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانیان بە یاسا گەرەنتی دەکات."

ئەوەی لێرەدا لەسەر ئەنتێگراسیۆنی ڕازاوە بە دێموکراسی دەیڵێ، هەرچەند هەندێک کۆدی دیار لەخۆ دەگرێت کە باس لە پێوەندیی دەوڵەت و کۆمەڵگە و هەروەها پێکهاتەکانی وڵات دەکا و ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانیان لە یاسادا جێگیر دەکا و ئەمە دەمانباتە سەر سەرچاوەی تێڕوانینەکە؛ بەڵام لەبەر لێڵی و ناڕوونیی باسەکەی، ویستم بزانم خودی تێگەیشتنی کەسانی سەر بە ڕەوتی لایەنگری ئەنتێگراسیۆن چییە و دواتر بتوانین لەسەر قسەی ڕوونی خۆیان بدوێین. بۆیە سەردانێکی ماڵپەڕی فورات نیوزی سەر بە تەڤگەری ئاپۆییم کرد و لەوێدا بابەتێکی مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٥م بینی کە گوایە ئەنتێگراسیۆنی دێموکراتیک شی دەکاتەوە.

لە وتارەکەدا بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵگە و لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی پێداگری لەسەر جۆری ڕوانینی تەڤگەری ئاپۆیی بۆ کۆمەڵگە بکاتەوە، نموونە لە قسەکانی ژان ژاک ڕۆسۆ دێنێتەوە و دەڵێ بە ڕوانینی ڕۆسۆ مرۆڤ سەرەتا وەک تاک دەژیا و دواتر بۆ پاراستنی خۆی، بە دەوری یەک کۆ بوونەوە و کۆمەڵگەیان پێک هێنا و، کۆمەڵگەش جیاوازیی تێدا هەیە و دەبێ جیاوازییەکان پارێزراو بن!

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا ئاوا دەڵێ:
"بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ئەنتێگرەبوون پێویستە شرۆڤەی دوو جۆری سیاسەت بکەین:
١. سیاسەت لەسەر بنەمای ناسنامە (ئێتنیک و ڕەگەز و ئایین)، ئەمە دەکرێت دەمارگرژیی لێ بکەوێتەوە و کۆمەڵگە دابەشی سەر (ئێمە و ئەوان) بکات. جا ئەو تاقمەی دەسەڵاتی لەدەستە، بە ئامانجی پاراستنی سیستەمەکەی خۆی گرووپەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەتوێنێتەوە.
٢. سیاسەت بە پێودانگی کۆمەڵگە، ئەویش بەپێی پاراستنی جیاوازییەکان، لەم شێوازەدا گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە گۆڕەپانی سیاسیی جیاوازدا دەجووڵێنەوە و دەبنە خاوەنی چەندین ناسنامەی جیاواز."

لە درێژەی وتارەکەدا ئاماژە بە سەرچاوەی فیکریی ئاپۆ و ڕەوتی ئاپۆیی دەکا و ناوی ئاکسێل هۆنێت، بیرمەندی ئاڵمانی دێنێ و دەڵێ:
"ئەنتێگراسیۆن بەو چەشنەی ئاکسێل هۆنتی فەیلەسووفی ئاڵمانی پێناسەی دەکات بە واتای دەرفەتی پێکهێنانی ئازادیی کۆمەڵایەتی دێت."

ئاکسێل هۆنێت، لە بیرمەندانی درێژەدەری مەکتەبی فرانکفۆرتە و باس لە فرەکولتووریی کۆمەڵگە دەکا. ئاکسێل هۆنێت پێی وایە کە بەپێچەوانەی تیۆرییەکانی تێکئاڵاندنی کولتووری و "تیۆریی مەنجەڵی کوڵاندن" کە دەیانەوێ کولتوورێکی گشتی کە هەموو بەشە گرنگەکانی کولتوورە جیاوازەکانی تێدایە پێک بێنن، یەکدەستکردنی کولتووری بە ئاکام نەگەیشتووە و تەنیا ئاسمیلاسیۆن و سڕینەوەی بەرهەم هێناوە.

هۆنێت دەڵێ کە کولتووری جیاواز لە کۆمەڵگەدا هەیە و ئەو گرووپە کولتوورییانە دەبێ پارێزراو بن و، پێکەوەژیان لە کۆمەڵگەدا پێویستی بەوەیە کە ناسنامەی ئەو گرووپانە بە ڕەسمی دانی پێدا بنرێت.

بەو پێیە ڕەوتی ئەنتێگراسیۆن کە دەگەڕێتەوە بۆ سەر وتەکانی سەرچاوەکەیان واتە ئاکسێل هۆنێت، بریتییە لەوەی کە بۆ ئەوەی ئاسمیلاسیۆن ڕوو نەدا، گرووپە کولتوورییەکان بە ڕەسمی بناسرێن و ماف و ئازادییان ڕەچاو بکرێ و بەتایبەت زمانیان بە ڕەسمی بناسرێ و مافی زمانیان پێ بدرێ.

ئەنتێگراسیۆنی تەڤگەری ئاپۆییش کە بە دێموکراسی ڕازاوەتەوە، لە کۆتاییدا هەر ئەوە دەڵێ کە گرووپی کولتووریی جیاواز بە ڕەسمی بناسرێ و ڕێگری لە ئاسمیلاسیۆن بکرێ و مافی زمانیان پارێزراو بێ و، مافی بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان پێ بدرێ.

گرفتەکانی ئەنتێگراسیۆن چین؟

لە چەند سەدەی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە لە شۆڕشی فەڕانسەدا، مافی مرۆڤی هەڵقوڵاو لە کولتووری فەڕانسەیی بوو بە بنەمای هزری سیاسی و دەسەڵاتداری لە زۆر شوێن. لەسەر بنەمای ڕوانینی ژان ژاک ڕۆسۆ، کۆمەڵگە بریتییە لە پێکەوەبوونی تاکەکان بەدەوری یەکەوە کە ڕۆحێکی نەتەوەیی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دروست دەکەن. ئەم ڕوانینە بووە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتە تازەکان کە چاویان لە فەڕانسە دەکرد، لە هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی و یەکدەستکردنی کۆمەڵگەدا بن. لائیسیتەی فەڕانسەیی بیاڤی گشتی و بیاڤی تایبەتی لێک جیا دەکردەوە و هەر جۆرە ڕەنگ و بۆیەکی ئایینی و کولتووریی لە بیاڤی گشتی دەسڕییەوە و پێی وابوو کە دەوڵەت بێلایەنە و نابێ ڕێگە بدا کولتوور بێتە نێو بیاڤی گشتی، با تەنیا لە بواری تایبەت و تاکەکەسیدا بمێنێتەوە.

ئەمە بوو بە هۆی پەراوێزخستنی کولتوورە جیاوازەکان و لە هەندێک وڵاتیشدا ئاسمیلاسیۆنی پێک دەهێنا. لە شوێنێکی وەکوو ئەمریکاش بە تیۆریی مەنجەڵی کوڵاو، دەیانگوت ئەو بیانییانەی دێنە نێو ئەمریکا لە نێو مەنجەڵی کولتووری ئەمریکاییدا دەکوڵێندرێن و بەرهەمەکە دەبێتە بەرهەمی هەموو کولتوورەکان!

ئاکسێل هۆنێت لە نەوەی سێیەمی مەکتەبی فرانکفۆرت دەیگوت کە ئەمە تەنیا و تەنیا ئاسمیلاسیۆنی لێ کەوتووەتەوە و هەڵاواردن دژی کولتوورەکانی دی بەڕێوەچووە و کۆمەڵگە پڕە لە کێشە. بەتایبەتی لە ئاڵمان کە حەشیمەتێکی زۆری کۆچبەری تورکی لێیە، ئەو کۆمەڵگە تورکەی نێو ئاڵمان نەک نەسڕدراوەتەوە، بەڵکوو لە ژێر هەڵاواردندا ماونەتەوە و هۆنێت باسی لە کۆمەڵگەی فرەکولتووری دەکرد.

ئەم ڕوانینەی ئاکسێل هۆنێت و بیری ئەنتێگراسیۆن هەرچەند هەڵوێست دەگرێ بەرامبەر بە ئاسمیلاسیۆن و دەیەوێ کۆمەڵگە لە هەڵاواردن دوور بخاتەوە، بەڵام چەند کێشەی بنەمایی هەیە و ڕەخنەی لێ گیراوە:

یەکەم: لە ڕوانینی هۆنێتدا، چەمکێک هەیە بە ناوی بەڕەسمی ناسین، یانی گرووپی کولتووریی جیاواز لەلایەن کولتووری دەسەڵاتدارەوە بە ڕەسمی بناسرێ.
ئەم ڕوانگەیە هەرچەند بە شتێکی ئەرێنیی دژ بە ئاسمیلاسیۆن دەناسرێ، بەڵام لە خۆیدا گرووپی کولتووریی جیاواز بە پلە دوو دادەنێ کە پێویستیان بە دانپێدانان لەلایەن کولتووری دەسەڵاتبەدەستەوەیە! لە ڕاستیدا لە چەمک و بنەمای هزریدا هێشتا کۆمەڵگەی سەردەست و کۆمەڵگەی پەراوێزخراوی داواکاری ڕەسمییەت، دەهێڵێتەوە.
ئەم ڕوانینەی هۆنێت گەر بۆ وڵاتێکی وەکوو ئاڵمان ڕەچاو بکەین ڕەنگە وەڵامدەر بێ، چونکە لەوێدا نەتەوەی ئاڵمانی خاوەن دەسەڵاتن و کۆمەڵگەی وەکوو تورک یان کورد یان ئەفریقی یا هەر گرووپێکی تر، کۆچبەرن و پەنایان هێناوەتە بەر ئەو وڵاتە و ڕەنگە لەوێدا ئاسایی بێ کە ئەو گرووپانە داوای بەڕەسمیناسینی کولتووریان بکەن. بەڵام لەو وڵاتانەی کە لە ڕەگ و ڕەسەنایەتیدا فرەکولتوورین، ئیدی ئەو کولتوورەی کە دەسەڵاتی بەدەستە، ڕەسەنایەتیی زیاتری نییە تاکوو داوای ڕەسمییەتپێدان و دانپێدانانی لێ بکرێ.

دووەم: کێشەیەکی گرنگتری تیۆریی ئەنتێگراسیۆنی هۆنێت، ئەوەیە کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو گرووپە کولتوورییانەی کە لە نێو شارە جیاوازەکانی وڵاتێکدا بڵاو بوونەتەوە لەگەڵ ئەو گرووپانەی کە خاوەنی ژینگەیەکی لێکگرێدراون و خەڵکی ڕەسەن و خاوەن بوونێکی مێژوویی لە ناوچەی خۆیانن دانانێ و لێکیان جیا ناکاتەوە و هەموویان بە گرووپی کولتووری دەناسێنێ.
بۆ وێنە ئیسپانینەژادەکان یان ئەفریقینەژادەکانی نێو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ژینگەیەکی جوغرافیایی لێکگرێدراویان نییە و لە شارەکانی ئەمریکادا بڵاو بوونەتەوە، بە گرووپی کولتووری ئەژمار دەکرێن و، شوێنێکی وەکوو هەرێمی باسکی ئیسپانیا لە نێو وڵاتی ئیسپانیادا هەر بە گرووپی کولتووری دەبینرێ.
ئەوانەی کە لە وڵاتێکەوە کۆچیان کردووە و ڕۆیشتوونە وڵاتێکی دیکە، بۆ وێنە تورکەکان لە ئاڵمان هەر بە گرووپی کولتووری دەبینرێن و، نەتەوەیەک وەکوو ئەرمەنی کە خاکەکەیان داگیر کراوە و وەکوو کەمینەیەک لە نێو وڵاتی ئازەربایجان دەورە دراون، هەر بە گرووپی کولتووری دەبینێ!

سێیەم: ئەنتێگراسیۆن ڕەنگە لە وڵاتێکدا کە کولتووری بەهێزی ئەزموونی دێموکراتیکی هەیە و گرووپی کولتووریی دیکە هاتوونەتە وڵاتەکەیەوە بە چاوی ڕێزەوە لێیان بڕوانێ، بەڵام ئەو گرفتە سەرەکییەشی تەنانەت لە وڵاتانی دێموکراتیک و خاوەن ئەزموونی سەرکەوتووشدا هەیە کە دەسەڵاتی زاڵ بە ڕێگەی شاراوە هەوڵی جۆرێکی تر لە ئەنتێگرەکردنیان دەدات! مێکانیزمەکانی دەسەڵات و ئابووری و دەرفەتی باشتری خوێندن و ژیانی کۆمەڵایەتی و هەروەها شتێک بە ناوی پرستیژی کۆمەڵایەتی، کولتوورە پەراوێزخراوەکانی خوازیاری بەڕەسمیناسین، بەرەو توانەوەی خۆبەخۆ دەبات!
کەم نین ئەو بنەماڵانەی لە وڵاتانی دێموکراتیکیش دەژین و نەوەی دواتریان بەرەو کولتووری زاڵ ڕادەکێشرێن و لە پڕۆسەیەکی چەند دەیەییدا دەتوێندرێنەوە.
جا ئەمە بیهێنە نێو وڵاتێکی خاوەن ئەزموونی شۆڤێنیستی کە لە بنەڕەتدا نەتەوەی دەسەڵاتدار خۆی بە گەورەتر لە هەموو مرۆڤەکان دەزانێ و خۆی بە خاوەنی خوێنی پاکی ئاریایی دەناسێنێ! چۆنی لەگەڵدا ئەنتێگرە دەبی و مێکانیزمەکانی دەسەڵات و ئابووری و پرستیژی کۆمەڵایەتی و دەرفەتە قۆرخکراوەکان دوای چەند سەدەی دیکە وردەوردە دەکرێنەوە بە ڕووی نەتەوەکانی خوازیاری بەڕەسمیناسیندا؟

چوارەم: لە بیرۆکەی ئەنتێگراسیۆندا و لە تەڤگەری ئاپۆیی و لە قسەکانی وتەبێژی پژاکیشدا، چەمکی خۆبەڕێوەبەری دێ.
ئەم چەمکە بە وشەی دێموکراتیکیش دەڕازێنرێتەوە و دەڵێ ئەم خاڵە جێبەجێکردنی حوکمڕانیی خۆماڵی لە سەرجەم ناوچە و هەرێمە جیاوازەکاندا مسۆگەر دەکات؛ واتە بۆ ئیدارەکردن و حوکمڕانی لە ناوچە و هەرێمە جیاوازەکان وشەی خۆبەڕێوەبەری بەکار دێنن.
دوو چەمکی جیاواز بۆ ئیدارەدانی خۆ لە ناوچەیەک هەیە: یەکێکیان خۆبەڕێوەبەرییە (Self-Administration) و ئەوی دیکەیان حکوومەتی خۆجێیی و خۆحوکمکردنە (Self-Governance)؛ ئەم دوو چەمکە بە ڕواڵەت نزیک لە یەکن، بەڵام لە بنەمای ڕوانیندا کە لە چییەوە سەرچاوە دەگرن زۆر جیاوازن.
خۆبەڕێوەبەریی ئیداری (Self-Administration)، یانی ئیدارەدانی کاروبار لەلایەن خۆتەوە؛ ئەم چەمکە لە وڵاتێکدا کە ئیدارەکردن ئاڵۆز بووە و دەسەڵاتی دەوڵەتی ناتوانێ لە هەموو شتدا دەستێوەردان بکا، هەندێ لە ئەرکە ئیدارییەکان بە دەست ئیدارە ناوچەییەکان دەسپێرێ؛ جا لە حاڵەتی کۆمۆنەکانی گەڕەک و گوند و شارەکانی نۆروێژەوە بگرە تا دەسەڵاتی خۆجێیی شارەکانی ئەمریکا و تا دەگاتە ئەنجومەنی شار و گوند لە ئێران. ئەمانە لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوە دەگرن کە حکوومەت و سەروەری هی دەوڵەتە کە نوێنەری نەتەوەیە و ڕەوایی لە کۆمەڵگەوە وەردەگرێ، بەڵام کاروباری ناوچەیی و گوند و گەڕەک و هەر یەکەیەکی ئیداری کە دەوڵەت بە ڕەوای بزانێ، بە خۆیان دەسپێرێ کە خۆیان کاروباری ئەو شوێنە وەکوو ڕێگەوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و خزمەتگوزارییەکان ئیدارە بکەن، بەڵام ئەوان مافی دەستێوەردان لە پرسی سەروەرییان نییە و لە حاڵەتی تایبەتدا کە دەوڵەت بە پێویستی بزانێ هێزی دەوڵەتی دەتوانێ تەنانەت ئەو دەسەڵاتە ئیدارییەشیان لێ بستێنێتەوە.
نموونەی هەرە زیندووی بۆ کورد، ئەو ئەنتێگراسیۆنەیە کە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە سووریە خەریکە بەڕێوە دەبرێ!
لەکاتێکدا چەمکی خۆحوکمکردن (خودموختاری ) لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوە دەگرێ کە ڕەوایی دەسەڵات و حوکمکردن تەنیا هی دەوڵەتی ناوەندی نییە و نەتەوەی خاوەنی ژینگەی لێکگرێدراو ئەو مافە سروشتییەی سەروەریی بەسەر خۆی و ناوچەکەیدا هەیە و لە ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا لە چوارچێوەی یاسای گشتیدا بوونی دوو دەسەڵات (فیدراڵ و خودموختار) بە ڕەسمی ناسراوە.

پێنجەم: ئەنتێگراسیۆنی دێموکراتیک، پرسەکە تەنیا بە پرسێکی کولتووری دەبینێ و کێشە سەرەکییە مێژووییەکانی دیکەی وەکوو چەوساندنەوەی ئابووری و هێزی نیزامیی سەرکوتکەر و سیاسەتە ئەمنییەکان فەرامۆش دەکا و لە بیری دەچێ کە ئەوانە ڕەوتێک و پرۆسەیەکی مێژوویین و داهاتوو تەنیا بە بەڕەسمیناسینی کولتووری جیاواز لەو ڕابردووە خوێناوی و تاوانبارییە نابێ.

کێشە سەرەکییەکانمان چین؟

ئەوەی کە باسمان کرد، خوێندنەوەی ئەنتێگراسیۆنی بەناو دێموکراتیک و هەندێ ڕەخنە گشتییەکان بوون کە لەو ڕوانینە بە شێوەی گشتی دەگیرێن کە دەتوانێ لە ئاستی هەموو وڵاتانی جیهانیدا ببینرێن، بەڵام لێرەدا باسەکەمان ئۆبژێکتیڤتر دەکەین و دەچینە سەر پرسی کوردستان و کورد لە ئێراندا و بزانین دەتوانێ ئەنتێگرە ببێ یان نە؟

لە ئێران و سەبارەت بە کوردستان چەند خاڵی سەرەکیمان هەیە کە دەبێ بیانبینین:

یەکەم- لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەرچەند کولتوورمان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و بەتایبەت لەگەڵ نەتەوەی باڵادەستی فارس، جیاوازە، بەڵام پرسەکەمان تەنیا پرسی کولتووری جیاواز نییە.
ئێمەی کورد وەکوو بانگەشەی هەندێ شۆڤێنیست و چەواشەکار کە مێژووی دەستکرد دەنووسنەوە، میوان و گرووپێکی کۆچبەر یا خێڵ و عەشایری کۆچبەر نین کە لەبەر قاتوقڕی، لە شوێنێکی نادیارەوە کۆچمان کردبێتە نێو ئێران و لەوێدا چاوەڕێی خێر و خێرات بین و داوای بەڕەسمیناسین بکەین.
کوردستان بوونێکی جوغرافیایی دیار و خاوەن مێژووە و لەم جوغرافیایەدا بە سەدان ساڵ دەسەڵاتی جۆربەجۆری کوردی لەسەر حوکم بوون و لە بڕگەیەکی مێژووییدا بە شەڕی دوو ئیمپراتۆری، بەشێک لەم خاکە کەوتووەتە ژێر دەستی حاکمانی ئێسفەهان و تاران.
لەم خاکەدا خەڵکێک دەژین کە سەدان ساڵ ئەزموونی هێرشکردنەسەر و تاڵانکران و کاولکردنی شار و دەسەڵاتەکانیان لەلایەن هێرشبەرە جۆربەجۆرەکانەوە کردووە و ئەمە پێناسە و بوونێکی مێژوویی بە ناوی نەتەوەی خۆڕاگری کوردیان پێ بەخشیوە. خاک و خەڵکێکی جیاواز کە بە ڕێککەوتنە ئیمپراتۆرییەکان ژێردەستە کراون. لێرەدا ئیدی تەنیا باسی جیاوازیی کولتووری نییە، بەڵکوو باسی نەتەوەیەکە کە بە زۆر بە ئیمپراتۆرییەتێکەوە لکێندراوە و تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، وەکوو نەتەوەیەک ماوەتەوە و نەسڕاوەتەوە.

دووەم- پرسی خاک و خەڵکی کوردستان و کورد، دەمانگەیەنێ بە پرسێکی سیاسی بە ناوی ئیرادەی سیاسیی نەتەوەیەک کە نەک نەتەوەیەکی نەحاواوە و ئاژاوەگێڕ و گرفتی ئەمنی نییە، بەڵکوو نەتەوەیەکە کە مافی دیاریکردنی چارەنووسی لێ زەوت کراوە و دەسەڵاتە ملهوڕەکان ئەو مافەیان لێ زەوت کردووە و وەکوو مێژوویەکی تێکۆشان، دەیان ساڵە بۆ سەلماندنی ئیرادەی سیاسیی خۆی خەبات دەکا. بۆیە پرسی کوردستان تەنیا پرسێکی کولتووری نییە، بەڵکوو هەم پرسی خاک و هەم پرسی ئیرادەی سیاسییە.

سێیەم- لە ئێراندا، لانیکەم لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی قاجاڕەوە تاوەکوو ئێستاش بیری شۆڤێنیستی زاڵە و ڕۆژانە لە دەیان هەزار تریبۆنی جیاوازەوە ئەو گوتارە شۆڤێنیستییە بەرهەم دەهێنرێتەوە، بۆیە تەنیا ئەنتێگراسیۆن چارەسەر نییە و مێکانیزمە قۆرخکراوەکان، دووبارە و سەدبارە هەوڵی سڕینەوەی کولتووری بەقەولی خۆیان "ئەقوامی دواکەوتوو" دەدەن!

چوارەم: لە ئێراندا بە دامەزرانی سوپای پەهلەوی و دەسەڵاتی ساواک، تاوەکوو ئێستا کە ئەرتەش و سوپا و سوپای قودس و بەسیج و ئیتلاعات و دەیان دەزگای داپڵۆسێنەری دیکە هەیە، سەرجەم ئامرازی کوشتار و ملکەچکردن بوون و لە بەرامبەریشدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەکوو چەمکێک کە دەرخەری ئیرادەی سیاسیی نەتەوەیەک بۆ مانەوە و حوکمکردن لەسەر بنەمای سەروەریی خۆی بووە دامەزراوە.
سوپای نیزامی بە هەموو لقەکانییەوە، ئامرازی شۆڤێنیزم و کوشتار و ئاسمیلاسیۆن بوون و پێشمەرگە باسکی بەهێزی مانەوەی نەتەوەیەک و بونیاتنانی نیشتمان.
بۆیە تەنیا ئەنتێگراسیۆنی کولتووری وەڵامدەر نییە و دەبێ ئەو سوپایە هەڵبوەشێندرێتەوە و سوپای داهاتوو لەسەر بنەمای سڕینەوەی بیری شۆڤێنیستی و یەکسانیی هەموو نەتەوەکان لە ئێران دابمەزرێتەوە.

پێنجەم- لانیکەم لە ڕەزاخان بەملاوە، لە ئێراندا کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی بەڕێوەچووە و لەو پێناوەدا سەرچاوەی سروشتی و ماددیی نەتەوەکان و بەتایبەت کوردستان تاڵان کراوە و ناوەندی ئێرانی پێ ئاوەدان کراوەتەوە و چەکوچۆڵی پێ کڕدراوە و کوردستانی پێ وێران کراوە.
ئەو کۆلۆنیالیزمە نێوخۆییە، تەنیا بە دوو ڕستەی ئەنتێگراسیۆنی کولتووری قەرەبوو ناکرێتەوە. وشەی یەکسانیی تاک لەباری ئابوورییەوە زۆر لێڵتر لەوەیە کە وەڵامی بۆ ئەو کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییەی سەدەی ڕابردوو پێ بێ.

شەشەم- گرنگتر لە هەمووی، ئێمە لە ئێراندا بە چاوەڕوانیی بەڕەسمیناسینەوە ناژین. وەکوو چەندین نەتەوەی جیاواز خاوەنی مافی دیاریکردنی چارەنووسین کە لە سەروەریی سیاسیدا مانا دەکرێتەوە. ئەو سەروەرییە سیاسییەی هەموو نەتەوەکان لە ئێران، تەنیا لە خودموختاری و خۆحوکمکردن لە نیشتمانی خۆیان و سەروەریی هاوبەش و هاوتا لە ئیدارەی گشتیی ئێراندا دەتوانێ مانا بکرێتەوە. دەتوانین بۆ هەموو یاساکانیش وشە و ئاوەڵناوی دێموکراتیکی پێوە گرێ بدەین تاکوو لە داهاتوودا هیچ دەسەڵاتێک بەرەو ملهوڕی و خۆسەپێنی نەچێ.

حەوتەم- لە بیری ئەنتێگراسیۆنی کولتووریدا، ئەو مافە بە شێوەیەکی شاراوە بۆ نەتەوەی باڵادەست بە ڕەسمی ناسراوە کە دەوڵەتی نەتەوەیی هەبێ و دەوڵەت و سەروەریی نەتەوەیی لە جوغرافیایەکدا کە زۆربەی لە ئاکامی شەڕ و شکست و داگیرکاری و ئەوانەدا سنوورەکانی پێکهاتووە بە ڕەسمی و دانپێدانراو دەزانێ. بەڵام هەر جۆرە کردەوەیەکی سیاسیی نەتەوەکانی نێو وڵات بە ئەمنییەتی و جیاوازیخوازی و تازەییش بە ناوی هەژموونخوازییەوە لەلایەن ڕەوتی ئەنتێگراسیۆنەوە ڕەت دەکرێتەوە.
ئەو مافە ئەزەلییە چییە کە بە نەتەوەی سەردەست دراوە کە دەوڵەتی خۆی هەبێ و کولتوورەکەی بە کولتووری زاڵ ببینرێ و ئەو خاوەنی ئەو مافە بێ کە کولتووری دیکە بە ڕەسمی بناسێ یان نە؟ بەڵام هیچ گرووپێکی کۆمەڵایەتیی دیکە و هیچ نەتەوە و ئێتنیکێکی دیکە خاوەنی ئەو مافەش نەبێ کە تەنانەت باس لە ئاوات و مافە سیاسییەکانی بکا؟ ئایا تەنیا و تەنیا لەبەر ئەوەی کە نەتەوەی سەردەست لە بڕگەیەکی مێژوویدا هێزی هەبووە و دەوڵەتی خۆی پێکهێناوە، ئیدی بەپێی لۆژیکی هێز، ئەو خاوەنی مافی دەوڵەتە و نەتەوە بندەستەکان چونکە هێزیان نەبووە، بە لۆژیکی هێز ئیدی خاوەنی ئەو مافە نین؟ خۆ تەڤگەری ئەنتێگراسیۆن بانگەشەی ئەوە دەکا دژی لۆژیکی هێز و هەژموونییە! ئەی بۆ کە دێتە سەر باسی مافە سیاسییەکانی نەتەوەی کورد، ئیدی بەپێی لۆژیکی هێز ئەو مافەشی پێ ڕەوا نابینرێ!؟
ڕەنگە کەسێک یا نەتەوەیەک لاواز بێ و نەتوانێ خۆی بسەپێنێ، بەڵام لاوازبوون لە خاوەن ماف بوونی ناسڕێتەوە.

کورت و پوخت:

گەر باسی ئەنتێگراسیۆنی دێموکراتیک تەنیا باسێکی ئەکادیمی و لە نێوان خاوەن ڕایان و پسپۆڕاندا بوایە، پێویستی بە هەڵوێستگرتن نەدەبوو؛ بەڵام کاتێک دەهێنرێتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی لە کوردستانی رۆژهەڵات و بەتایبەت لایەنێکی سیاسی دەیەوێ لەگەڵ ئێرانییەکان لەسەری ڕێک بکەوێ، ئیدی ئەوە پێوەندیی بە مافی گشتیی سیاسیی نەتەوەیەکەوە هەیە و بۆ هەموو تاکێکە کە بەرامبەری قسە بکات.

زانایەکی وەکوو ژان ژاک ڕۆسۆ دێ نەتەوەی فەڕانسەیی بە مێژوویی و هەتاهەتایی دەزانێ و بە بیرۆکەی ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی بەرژەوەندییەکانی فەڕانسە دابین دەکا کە لە ئێران، تورکیە، عێراق و سووریەدا ئەو بیرۆکەیە ئاسمیلاسیۆنی لێ دەکەوێتەوە. یان ئاکسێل هۆنێتی ئاڵمانی، باسی فرەکولتووری و ئەنتێگراسیۆن دەکا تاکوو گرفتی نەتەوەی ئاڵمان لەگەڵ کۆچبەراندا چارەسەر بکا و هەندێ مافی مرۆیی و کۆمەڵایەتییان پێ بدرێ.

بەڵام ئەو بیرۆکانە کاتێک ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ملهوڕدا باسیان بکەین، لە ڕاستیدا خۆمان بە دەستی سەرکوتی ئەوانەوە داوە.

ڕەنگە باسکردن لە ئەنتێگراسیۆن وەکوو ڕێگەچارە، بۆ نەتەوەی فارس بەکەڵکیان بێ تاکوو سەروەری و دەسەڵات و هەژموونیی خۆیان بەسەر نەتەوەکانی دی لە ئێراندا درێژە بدەن و هەندێ وردە مافیشیان بۆ دابین بکەن، بەڵام ئەسڵی سەروەری و باڵادەستییەکەیان لە جێی خۆی دەبێ تا دوایی لە دەرفەتێکی تردا ئەوەش کە داویانە بستێننەوە!

بەڵام ئەوە ڕێگەچارە نییە کە ئێمەی نەتەوەی خاوەن خاک و نیشتمان و ئیرادەی سیاسی، بەو جۆرە مافە کولتووری و هەروەها ئیدارەکردنی خزمەتگوزاریی شار و گوندەکانمان پێی قایل بین و وەکوو سەنەدی وتووێژ بیبەینە سەر مێزی دەسەڵاتداری خۆسەپێن. من نوێنەری نەتەوەی باڵادەست بم لەو مێزە فەرزییەدا، بابەتی ئەنتێگراسیۆن وەکوو هەلێکی زێڕین دەقۆزمەوە بۆ سڕینەوە و داماڵینی نەتەوەکان و بەتایبەت نەتەوەی کورد لە هەرچی مافی سیاسی و نەتەوەییە و، هەندێ مافی کولتووری و خۆبەڕێوەبەریی گوند و شارەوانییەکانی بۆ دابین دەکەم!

ئێمەی کورد گەر کەسێکی خاوەن ڕا و بیرمەندی وەکوو دوکتور قاسملوو ناکەین بە بنەما کە دەیگوت لە ئێراندا سێ ستەمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی هەیە و دەبێ ڕێگەچارە بۆ ئەو سێ ستەمە بدۆزرێتەوە و گرنگ ئەوەیە کە خەڵکی کورد لە نیشتمانی خۆیدا هەست بە بڕیاردەربوون لەسەر چارەنووسی خۆی بکا و، بیرەکوردیەکەمان پێ هەو نەبێ وهەر حەزمان لێ بێ کەسانی بیانی بدۆزینەوە و قسەکانیان وەربگرین، با بگەڕێین بە دوای ئەو نموونانەی کە هاوشێوەی کوردستانن. لانیکەم دەتوانین جەیمز تالی، بیرمەندی کەنەدایی بخوێنینەوە کە لە کەنەداش شوێنی وەکوو کێبێک هەیە و جەیمز تالی باس لەو ڕێگەچارانە دەکا و بیری "سەروەریی هاوبەش" دێنێتە ئاراوە کە ڕەنگە بە قازانجی نەتەوەکان لە ئێراندا بێ.