ئیسرائیل چی بەسەر ئێران هێناوە؟ لەروانگەی بی بی سی جیهانی

ئیسرائیل چی بەسەر ئێران هێناوە؟ لەروانگەی بی بی سی جیهانی
سەرچاوە: BBC WORLD کەناڵی بی بی سی جیهانی بەدواداچوونی بۆ راستی و دروستی وێنەکانی سەتەڵایت لەسەر جۆر و چەندایەتی زیانەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کردووە. بەپێی بەدواداچوونەکان هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل زیانی گەورەی لە ژمارەیەک ناوەندی سەربازی و هەندێک بنکە داوە کە پێشتر بۆ پرۆژە ئەتۆمییەکان بەکار هاتووە. بەدواداچوونی بی بی سی جیهانی بۆ وێنەکان دەریدەخات کە زیانی جیدی لە بنکەیەکی بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی چەک لە پارچین دراوە، بنکەی پارچین لە ٣٠ کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی تارانە. کارناسەکانی بی بی سی دەڵێن شوێنەکە پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی موشەک هەبووە. یەکێکی دیکە لەبیناکان کە ئیسرائیل بوردوومانی کردووە، ناوی تاڵەقان ٢یە، ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پێشتر رایگەیاندبوو کە تاڵەقان ٢ پەیوەندی بە چاڵاکییە ئەتۆمییەکان هەبووە. ساڵی ٢٠١٦ ئەژانسەکە هەندێک گردیلەی یۆرانیۆمی لەو بنکەیە دۆزیەوەو ئەوکات کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. بنکەیەکی دیکە کە ئیسرائیل لێیداوە، لە ناوچەی خۆنجیرە، ئەو شوێنە لە ٢٠ کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی رۆژئاوای پارچین هەڵکەوتووە. فابیان هینز توێژەری ناوەندی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان بە بی بی سی جیهانی گوتووە، لە خۆنجیر کار لەسەر ژێرخانی مووشەکی باڵستیکی کراوە. وێنەکان دەریدەخەن کە لانیکەم دوو بینا لەو شوێنەش رووخاون. بی بی سی لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە بنکەیەکی سەربازیش لە شاهرود زیانی بەرکەوتووە. ئەو بنکەیە لە ٣٥٠ کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی تاران هەڵکەوتووە. فابیان هینز پێیوایە کە ئەو شوێنە زۆر گرنگ و ستراتیژی بووەو لە بەرهەم هێنانی مووشەکی درێژمەودا چاڵاکی کردووە. لە نزیک شاهرود بنکەیەکی هەوا فەزای لێیە، کە لەکۆنترۆڵی سوپای پاسداران دایەو ساڵی ٢٠٢٠ لەوێوە سەتەڵایتێک رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. بی بی سی دەستی بە وێنەیەکی دیکەی سەتەڵایت راگەیشتووە، کە دەریدەخات ئیسرائیل زیانی لە چەندین رادار و سیستەمی بەرگری ئاسمانی داوە. کارناسانی بی بی دەڵێن شوێنەکە لە تەنیشت شاخی نەخجیری پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە. جرێمی بینی کارناسێکی دیکە بەو کەناڵەی گوتووە کە ئەو پێدەچێ ئەو شوێنە سیستەمی بەرگری ئاسمانی لێبووبێت. لەراپۆرتەکەی بی بی سی جیهانیدا هاتووە کە ئیسرائیل بنکەیەکی پاڵاوگەی نەوتی لە ئابادانیش کردووەتە ئامانج. لەگەڵ ئەوەش راپۆرتەکە دڵنیا نیە کە بەشێک لەو زیانانە بەهۆی مووشەک و فرۆکەکانی ئیسرائیل بووە یان بەهۆی ناکارامەیی سیستەمی دژە مووشەکی ئێران خۆی بووە. لەگەڵ ئەوەش پێشتر رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ئاشکرایکردبوو کە لە هێرشەکانی ئیسرائیل پاڵاوگەیەکی نەوتی لە ئابادان زیانی بەرکەوتووە. بەرپرسانی ئێڕانیش ئەوەیان راگەیاندبوو کە ئیسرائیل ئامانجێکی لە پارێزگای خوزستان پێکاوە. لەراپۆرتەکەی بی بی سی دا ئاماژە بەوەش دراوە کە پێگەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمیرئەلمۆئمنین کراوەتە ئامانج و دووکەڵێکی زۆریش لە ئاسمانی شوێنەکە بینراوە.

Teilen

Facebook X / Twitter LinkedIn Telegram WhatsApp