ئەمریکا و رۆژهەڵاتی کوردستان، لەسمکۆوە هەتا نیکی هەیلی

ئەمریکا و رۆژهەڵاتی کوردستان، لەسمکۆوە هەتا نیکی هەیلی
ئامادەکردن: رۆژهەڵات نیوز ئەمریکا لەکۆتاییەکانی شەری جیهانی یەکەم وەکوو زڵهێزێکی تازەیی جیهانی پێی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست کرایەوە، ئەگەرچی هەتا دوایی شەری دووەمیش و دەستپێکی شەڕی سارد هەر وەکوو چاودێر و تەماشاکەر مایەوە، بەڵام راپۆرتەکان لەسەر ناوچە دەگەیشتنە کۆشکی سپی. جگە لە کونسوڵگەرییەکان و راپۆرتی بەریتانییەکان و دیدی ئێرانی و تورک و عەرەبەکان، گەڕیدەو بانگەشەکەرە مەسیحییەکانیش سەرچاوەی گەیشتنی زانیاری لەسەر کوردەکان بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بوون. لەگەڵ ئەوەش لەسەردەمی راپەرینی سمائیل ئاغای سمکۆ ئەمریکاییەکان بەفەرمی لەناوچە هەبوون و زۆر بە وردیش بەدواداچوونیان بۆ جوڵەکانی سمکۆ دەکرد. بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٢٦ سەرکونسوڵی ئەمریکا لە تەورێز نامەیەک لەسەر سمائیل ئاغای سمکۆ بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەنێرێت و دەقی نامەکە ئاوا نووسراوە:"ئەوە یازدە ساڵە کەسێک بەناوی سمکۆ پیرو گەنجی ئەو ناوچەیە رادەچڵەکێنێ. سمکۆ سەرۆکی عەشیرەتی شکاکە. دەگوترێ کوردەکان ٣ ملیۆن کەس دەبن. ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزاریان لە تورکیا و ئەرمەنستانن و ٥٠٠ هەزار کەسیشیان لە ئێران. بەڵام تاکوو ئێستا کەس لە ژمارەی کوردەکانی عێراق ئاگادار نیە. سمکۆ دوای کوژرانی بڕاکەی بەڵێنی تۆڵەکردنەوەیدا و بەکوشتنی سەدان ئێرانی، بەڵێنەکەشی جێبەجێ کرد. بەشی زۆری ناوچەی ورمێ لەبەردەستی ئەودایە، بەبێ ئەوەی تاج و کورسی هەبێ، پاشایەتی بەسەر ناوچەکەدا دەکات. حکومەتی ئێرانیش نازناوی "سەرداری نوسەرتی" پێبەخشیوەو دەسەڵاتەکەی لەو ناوچەیە بەفەرمی ناسیوە. هاوکات وایت لە ٢٧ی فێبرواری ١٩١٩ لەراپۆرتێکدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەڵێ دۆخی تەورێز زۆر ئاڵۆزە، پێشبینی ئاڵۆزی بۆ ورمێ و سەڵماسیش دەکرێ. کۆنترۆڵی ناوچەی ورمێ لەدەستی سەرکردەیەکی کورد بەناوی سمکۆ دایە، کە مارشەمعون رێبەری ئایینی ئاشوورییەکانی کوشتووە، حکومەت ئێرانیش لەبەرامبەر ئەو هێزە دەستەوەستاوە." کۆمۆسیۆنی ئاسایشی ئەمریکاش لە نامەیەکدا باس لە هەوڵی تیرۆرکردنی سمائیل ئاغای سمکۆ دەکات و دەڵێ ئەگەرچی خۆی نەکوژراوە، بەڵام بڕایەک و ژمارەیەک چەکداری کوژراون، ئەوەش سمکۆی تووڕە کردووەو داوای چەککردنی هێزەکانی حکومەتی ناوەندی لەناوچە کردووە." ئاگۆستین ڤیلیام فڕین سەرکونسوڵگەری ئەمریکا لە تەورێز لە نامەیەکی بەناوبانگدا لە ٢٧ی ئەڤریلی ١٩٢٧ دەڵێ کوردەکان بە چەکەوە لەدایک دەبن، هەر بەچەکیشەوە دەمرن، بەگوتەی فرین ئەستەمە بەبێ خوێن رشتن چەک لە کوردەکان وەربگیردرێتەوە. ئەمریکا لەو سەردەمدا بۆ بزاڤە ناسیۆنالیستە رزگاریخوازەکان سەرنجراکێش بوو، چوونکە ویڵسن سەرۆکی ئەو وڵاتە ١٤ خاڵی بۆ داهاتووی دوای شەڕی جیهانی بڵاوکردبوویەوەو لە خاڵێکدا داوای مافی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەکانی کردبوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەوکاتەی کۆماری کوردستان لەمەهاباد دامەزرا، ئەمریکا پشتیوانی تەواوی لە حکومەتی ناوەندی دەکرد، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەرایەوە کە شەڕی ساردی دوو بڵۆک دەستیپێکردبوو. ئەمریکا هەم دەیەویست بەرژەوەندییە ئابووریەکانی بپارێزێت و لەوەش گرنگتر کۆمۆنیزم هەڕەشەی هاوبەش بۆ ئەمریکا و محەمەدرەزا شا بوو. لەگەڵ ئەوەش سیاسەتی کۆماری کوردستان و بەتایبەت شەخسی پێشەوا قازی محەمەد راگرتنی هاوسەنگی باسکردنی پرسی کوردستان بۆ هەموو لایەنەکان بوو، بۆ نموونە لە ژمارە ١١ی رۆژنامەی کوردستان داوا لە ئەمریکا دەکرێت کە لەسەر بنەمای رێککەوتنامەی سەنفرانسیسکۆ و ئەتڵانتیک مامەڵە لەگەڵ نەتەوە بچووکەکان و لەنێویشیاندا کورد بکرێت. لەچەند ژمارەی دیکەشدا حکومەتی کۆماری کوردستان هەر داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنفرانسی پاریس، مۆسکۆ و ئەتڵانتیک دەکات، لایەکی سەرەکیش هەمووشیان هەر ئەمریکا بووە. لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ئەمریکاییەکانیش زۆر هەستیار دەبن و بە وردییەوە لە هەوڵەکانی پێشەوا قازی محەمەد دەروانن. رۆسۆ جێگری سەرکونسوڵگەری ئەمریکا لە تەورێز لە راپۆرتێکدا دەنووسێ:"کۆماری میللی دیموکراتیکی کوردستان ناوکێکە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستان لە عێراق، تورکیا و سوریە. ئەو ناوچەیە هەتا ئەسکەندەروونەی سەر دەریای ناوەراست درێژ دەبێتەوە." رۆسۆ پێیوایە کە ئەو هەوڵەی کوردەکان لە بەرژەوەندی شۆرەوی دایە. چوونکە بەپێی لێکدانەوەی رۆسۆ ئەگەر ئازەربایجان ببێتە پردێک کە شۆرەوی پێیدا بپەرێتەوە ناو خاکی ئێران، ئەوا زەمینەیەکیش بۆ خەونەکەی قازی محەمەد بۆ پەڵهاویشتن بۆ کوردستانەکانی دیکەش دەرەخسێنێت و ئەگەریش شۆرەوی پشتیوانیان بێت، پێی ئەوانیش‌ بۆ ناوچە نەوتییەکانی عێراق و تورکیە دەکاتەوە. کۆمیتەی هەماهەنگی کەشتیوانی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا پێداگری لەسەر گرنگی جیوسیاسی خاکی کوردستان بۆ رێگریکردن لە نفوزی کۆمۆنیزم و یەکێتی شورەوی کرد. بەو ئەنجامەش گەیشت باشترین رێگە بۆ ئەمریکا ئەوەیە پشتیوانی تەواو لە حکومەتی ناوەندی لەتاران بکات، چوونکە پێیانوابوو کە لاوازبوونی حکومەتە ناوەندییەکان دەرگا بۆ بڵاوبوونەوەی کۆمۆنیزم لەناوچە دەکاتەوەو ئەگەر دەوڵەتی کوردستان بە پشتیوانی شۆرەوی دابمەزرێت، ئاوا رێگە بۆ تەشەنەکردنی کۆمۆنیزم بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەی راپۆرتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا سەبارەت بە کۆماری کوردستان ئەرێنی نەبوو، بە هەوڵێکی شۆرەوی بۆ پەرەپێدانی کۆمۆنیزمیان دەزانی، بەڵام پێشەوا قازی محەمەد نە خۆی بە گرێدراوی شۆرەوی دەزانی و نە هیچ بزاڤێکی کۆمۆنیستی لەناو کوردستان هەبوو. بەپێی توێژینەوەکانی کریس کوچرا و ئیگڵتن قازی محەمەد هەموو هەوڵێکی دەدا سەرنجی ئەمریکا و بەریتانیا رابکێشێت. پێشەوا قازی محەمەد لە ساڵی ١٩٤٦ چاوی بە دۆهەر جێگری سەرکونسوڵگەری ئەوکاتی ئەمریکا لە تەورێز کەوت، پێشەوا دەیهەویست بزانێ‌ کە ئەمریکا چۆن لە پرسی کورد دەروانێت، تەنانەت سەرۆککۆماری کوردستان داوا لە نوێنەری ئەمریکا دەکات کە حکومەتی میللی کوردستان و حکومەتی ئەمریکا هاوکاری دۆستانەیان لەبواری پیشەسازی و کشتوکاڵ و رۆشنەبیریدا هەبێت. بەڵام دۆهەر لەوەڵامدا دەڵێ ئەوان دەست لە کاروباری ناوخۆی ئێران وەرنادەن. هەر لەهەمان ساڵدا رۆزڤێڵت یاریدەدەرێکی سەربازی بالیۆزخانەی ئەمریکا سەردانی مەهاباد دەکات و چاوی بە پێشەوا قازی محەمەد دەکەوێت، پێشەوا بەوردی ئامانجی میللی و دیموکراتی و مرۆڤانەی کۆماری کوردستانی بۆ رۆزڤێڵت رووندەکاتەوە. لەکۆتاییدا پێشەوا پێی رادەگەیەنێت:" ئەگەریش ئەمریکا پشتیوانی لە کۆمارەکەمان ناکات، لانیکەم با دژایەتیمان دەکات." ئەگەرچی کۆماری کوردستان لەواقیعدا سیاسەتی بێڵایەنی گرتبووەبەر، بەڵام ئەمریکاییەکان ستراتیژیی خۆیان هەبوو، ئەوان بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی کۆمۆنیزم پشتیوانی تەواویان لە حکومەتی ناوەندی ئێران دەکرد. هەوڵی کوردەکانیشیان بە پیلانی یەکێتی شۆرەوی دەزانی، لەگەڵ ئەوەی پێشەوا قازی محەمەد هەوڵی زۆری لەگەڵ ئەمریکاییەکان دا، بەڵام ئەوان کۆماری کوردستانیان بە پرۆژەی شۆرەوی دەزانی و بەهێزبوونی کوردستانیشیان بە لاوازبوونی حکومەتی ناوەندی لێکدەدایەوە، هەربۆیە لەکۆتاییدا ئۆلتیماتۆمیان بە شۆرەوی دا کە دەبێ پاشەکشێ بە هێزەکانی لەناو خاکی ئێران بکات. دوای کۆماری کوردستان، ئەگەرچی باڵێکی راست و تەنانەت دژە چەپ و شۆرەوی لەناو رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو، تەنانەت کۆنگرەی دووەم حیزبی دیموکراتی کوردستان سیاسەتی بێلایەنی لەنێوان هەردوو بڵۆکی ئەمریکا و شۆرەوی گرتەبەر، بەڵام دوای ئەو بەهۆکارگەڵی جیاواز حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لانیکەم لەسەر کاغەزو پەسەندکراوەکانی کۆنگرەیدا خۆی بە بەرەی سوسیالیستی دژە ئیمپریالیزمی رۆژئاوا ناو دەبرد. هەربۆیە ئەمریکا تەواو لە سیاسەتی بزاڤی رۆژهەڵاتی کوردستاندا نەما. پاساوەکان زۆر بوون، یەکەم نوخبەیەک لە ئوروپای رۆژهەڵات خوێندبووی و پەیوەندیان بەحیزبی توودەوە کردبوو. دووەم ئەمریکا لەرابردوودا و ئەوکاتیش پشتیوانی لە حکومەتی ناوەندیی دەکرد و تەنانەت لەپاساوی رێگریکردن لەکۆمۆنیزم لەبەرامبەر کوردەکاندا هاوکاری تەواوی محەمەد رەزا شای دەکرد. هاوکات نزیکبوونی جوگرافی کوردستان لەگەڵ شۆرەویش هۆکارێکی دیکەی ئەو بڕیارەی پشتیوانیکردن لە بەرەی شۆرەوی بوو. لە سەردەمی سەرۆکایەتی جان ئێف کنێدی-دا یەکێک لە پاساوەکانی کورد بۆ خۆدوورگرتن لەئەمریکا کەم رەنگتر دەبێ. پەیوەندی ئەمریکای سەردەمی کنێدی لەگەڵ محەمەدرەزا شا زۆر سارد دەبێت، تەنانەت کار دەگاتە ئەوەی بیر لە لابردنی بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەش ترسی لاوازبوونی ناوەند و تەشەنەکردنی کۆمۆنیزمیان هەر مابوو، هەربۆیە شایەکی سیمبولی و بێ دەسەڵاتیان دەویست و پشتیوانیان لە سەرۆکوەزیران عەلی ئەمینی دەکرد. هەر ئەو ساردبوونەوەی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی ئێران وایکرد کە محەمەدرەزا شا سەردانی مۆسکۆ بکات و چەندین رێکەوتنی پیشەسازی و کڕینی چەکیش لەگەڵ شۆرەوی بکات. دوورکەوتنەوەی محەمەد رەزا شا لە ئەمریکا وەکوو کەسی یەکەمی حکومەتی داگیرکەری رۆژهەڵاتی کوردستان و نزیکبوونەوەی لە شۆرەوی نەبووە هۆی ئەوەی بزاڤی کوردی کە ئەوکات حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نوێنەرایەتی دەکرد، لە ئەمریکا نزیک ببێتەوە یان لانیکەم ئەدەبیاتی دژە ئیمپریالیستییەکەی بگۆرێت. بەهەرحاڵ لەگەڵ شۆرشی گەڵانی ئێران لەساڵی ١٩٧٩-دا جارێکیتر باسوخواست لەسەر باشی و خراپی ئەمریکا هاتەوە نێو گۆرەپانی سیاسیی ئێران و کوردستانیش. بزاڤی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوکاتیش هەر دژی ئەمریکا بوو، دکتور عەبدوڵرەحمان قاسملوو لەساڵی ١٩٧٩ لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئیتڵاعات دەڵێ ئەوان ٣٥ ساڵە دژی ئیمپریالیزم و بەتایبەت ئیمپریالیزمی ئەمریکان. هەڵبەت ئەوکات لەگەرمەی شۆرشی گەڵانی ئێران کەشەکە خۆی دژی ئەمریکا بوو، هەم بەرەی ئیسلامی و بەتایبەت خومەینی، هەم میللی مەزهەبییەکان، هەم جیبهەی ئازادی و هەمیش چەپەکان کە پشتیوانی شۆڕشەکە بوون، هەموویان دروشمیان لەدژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەدایەوە. هەوڵی بزاڤی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نزیکبوونەوە لە ئەمریکا لەدوای نامیلکەی کورتەباسی دکتور عەبدوڵرەحمان قاسملوو دەستیپێکرد، لەو نامیلکەیەدا ئەگەرچی هێشتا رەخنە لە ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەگیرا، بەڵام چیتر پەیوەندیکردنی دیپلۆماسی بە بەرەی شۆرەوی کورت نەکرابوویەوە. عەزیز مامڵێ نوێنەری ئەوکاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێ، خودی دکتور قاسملوو داوای لێکردووە، لەمەو بەدوا هەوڵ بۆ پەیوەندیگرتن بەهەموو وڵاتان لەهەردوو بلۆکەکە بدات. دوای ئەوەش لەساڵی ١٩٨٤ دکتور قاسملوو ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەوەی سەردانی ئەمریکا بکات. پێشتر بەهۆی ئەوەی کە دکتور قاسملوو لە لیستی ئەو کەسانەدا بوو کە ڤیزای ئەمریکایان پێ نەدەدرا، بەڵام هەوڵەکان سەریگرت و لەلایەن رێکخراوەیەکی نزیک لە دیموکراتەکانی ئەمریکا ڤیزایەک بۆ ئامادە کرا، بڕیار بوو دکتور قاسملوو لە واشنتن لەگەڵ سیناتۆر تێد کنێدی و سیناتۆر پێڵ کۆببێتەوە. بەڵام بەداخەوە بەر لەوەی سەفەرەکەی بکات، لە ڤیەننا لەلایەن دیپلۆمات تیرۆریستەکانی ئێران تیرۆر کرا. دوای ئەوە ئەگەرچی لە دێکیۆمێنتە فەرمییەکانی حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژایەتیکردنی ئەمریکا و ئیمپریالیزم بەگشتی نەما، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆ لەنێوان بزاڤی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا درووست نەکرا. ئەگەرچی بەهۆی هەرێمی کوردستان و دواتر لەشەڕی دژی داعش رۆژئاوای کوردستان چووە سەر مێزی بڕیاردەرانی ئەمریکا، بەڵام بزاڤی کورد لەرۆژهەڵات بۆ ئەمریکاییەکان هەر بە نەناسی مایەوە، هەتا ئەو کاتەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە لەساڵی ٢٠١٧ هێرشی کردە سەر قەڵای حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کردە ئامانج. دوای ئەو رووداوە نیکی هەیلی نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش راستەوخۆ باسی لەوە کرد کە سوپای پاسدارانی ئێران کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی کردووەتە ئامانج و مەحکوومی کرد. ئەوە بە یەکەم دێکیۆمێنتی فەرمی دەناسرێت کە ئەمریکا باسی لە حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان کردبێت. دوای ئەوەش ئەگەرچی ئێران دوژمنی هاوبەشی بزاڤی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەمریکا بووە، هاوکات تەنانەت لە شۆرشی ژیناشدا کە جیهان و لەنێویاندا ئەمریکا بە بەردەوامی باسیان دەکرد، بەڵام دیسان کوردەکان لەسەر مێزی ئەمریکا و کۆروکۆبوونەوە فەرمییەکانی ئەمریکا هەر غائیب بوون و تاکوو ئێستاش هەر وایە.

Teilen

Facebook X / Twitter LinkedIn Telegram WhatsApp