وردەکاری هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ لەلایەن ئێران لەراپۆرتی نیۆیۆرک تایمزدا

وردەکاری هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ لەلایەن ئێران لەراپۆرتی نیۆیۆرک تایمزدا
راپۆرت: نیۆیۆرک تایمز وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز رۆژی هەینی داواکاری گشتی فیدراڵی ئەمریکا لە مەنهەتەن قسەیان لەسەر پیلانگێرییەکی ئێران کردووە، کە بەرنامەیان بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ دارشتووە. داواکاری گشتی ئەمریکا کۆمەڵێک بەڵگەی لەبەردەستدایە کە دەریدەخات کە لە کۆتایی هاوتنی ئەمساڵ سوپای پاسداران لەرێگەی بەکرێگرتنی کەسێک هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکای داوە. بەپێی بەڵگەکانی بەردەستی داواکاری گشتی فیدراڵی هاووڵاتییەکی ئێرانی کە هەر لەسەرەتاوە کاری بۆ سوپای پاسداران کردووە، لەلایەن سوپای پاسداران ئاگادار کراوەتەوە کە واز لە بەرنامەکانی پێشووی بهێنێت و سەرقاڵی چاودێریکردنی دۆناڵد ترەمپ و لەکۆتاییدا تیرۆری بکات. لە سکاڵاکەدا هاتووە کە بەکرێگیراوەکەی سوپای پاسداران، وتوویەتی کە بەرنامەی تیرۆری ترەمپ پارەیەکی زۆری پێویستە. بەرپرسی راستەوخۆی ئەو کەسەش پێی وتووە کە پێشتر پارەیەکی زۆرمان بۆ ئەو کارە تەرخانکردووەو دڵنیایی کردووەتەوە کە کێشەی دابینکردنی پارەی نابێت. زانیارییە نوێکان سەبارەت بە هەوڵی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ، نیگەرانییەکی ئەمنییەتی زۆری لە ناوخۆی ئەمریکا دروستکردووە. ئەو نیگەرانیانە لە هاوینی ئەمساڵ زۆر زیاتر بووە، چوونکە زانیاری و بەڵگەی زۆر کەوتووەتە بەردەست دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییە ناوخۆییەکانی ئەمریکا کە ئێران هەوڵی دروستکردنی ئاڵۆزی لەناوخۆی ئەمریکا دەدات. لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئێران، ئەمساڵ هاککەرەکانی ئەو وڵاتە هەوڵی چوونە ناو کەمپەینی دۆناڵد ترەمپیان دا و زانیاری ناراستیان لەسەر کەمپەینی ترەمپ بڵاوکردەوە. کریستۆفەر رای بەرێوەبەری پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا ئێف بی ئای رایگەیاند: سکاڵاکەی داواکاری گشتی، لەدرێژەی هەوڵە قێزەونەکانی ئێران بۆ کردنە ئامانجی هاووڵاتییە ئەمریکاییەکانە. لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی وڵات. بەشێک لەو زانیاریانە کاتێک ئاشکرابوون، کە وردبوونەوە لە سکاڵایەکی دیکە بۆ هەوڵی تیرۆرکردنی مەسیح عەلینژاد چالاکوانی ئێرانی و هاووڵاتی ئەمریکی کراوە، سەرەداوەکانی هەوڵەکەی دیکەی سوپای پاسداران بۆ تیرۆری دۆناڵد ترەمپ لە دۆسییەکەی مەسیح عەلینژاد دیتراوە. بەپێی سکاڵاکەی ئێف بی ئای کە لەداواکاری گشتی فیدراڵە، ئەو کەسەی ویستوویەتی دۆناڵد ترەمپ و مەسیح عەلینژاد تیرۆر بکات، کەسێکە بەناوی فەرهاد شاکەری و تەمەنی ٥١ ساڵە. شاکەری پێشتر لەسەر دزیکردن سزای ١٤ ساڵ بەندکرانی لە ئەمریکا بۆ بڕابوویەوە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨ ئازاد دەکرێت. فەرهاد شاکەری هاووڵاتییەکی ئەفغانییە کە لە ئێران ژیاوەو هەر بە منداڵی لەگەڵ بنەماڵەکەی دەچێتە ئەمریکا. بەپێی زانیارییەکانی داواکاری گشتی پێدەچێ فەرهاد شاکەری ئێستا لە ئەمریکا بێت و بەدواداچوون بۆ کەیسەکەی بەبێ ئامادەبوونی خۆی دەکرێت. دوو کەسی دیکەش هەر لەسەر ئەو دۆسییەیە تۆمەتبارن و ئێستا لە نیۆیۆرک دەستبەسەر کراون. ئەوانیش ناویان کارڵایڵ ریورا تەمەن ٤٩ ساڵ لە برۆکڵین و جاناتان لوادهۆڵت تەمەن ٣٦ ساڵ لە ئیستاتن ئایڵەندن. ئەو دوو کەسە لەگەڵ فەرهاد شاکەری هاوکاریان کردووە، ئێستا بە تۆمەتی وەرگرتنی پارە بۆ تیرۆرکردن و سپی کردنی پارە لەژێر لێکۆڵینەوەدان. هاوکات دوو دۆسییەی دیکەی هاوکاریکردنی سوپای پاسداران و هەوڵ بۆ بێکاریگەرکردنی گەمارۆکانیش لەسەر ئەو گروپەیە هەیە. لە بەڵگەکاندا هاتووە کە لە هاوینی ئەمساڵ فەرهاد شاکەری لە تارانەوە لەسەر داوای خۆی بە تەلەفوون قسەی لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا ئێف بی ئای کردووە. ئەوان پێنج جار گفتوگۆیان کردووەو هۆکاری قبووڵکردنی ئەو گفتوگۆیەش لەلایەن فەرهاد شاکەری بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە داوای کەمکردنی سزای یەکێک لە هاورێکانی کردووە کە ئێستا لە ئەمریکا لە زیندان دایە. فەرهاد شاکەری لە پەیوەندییە تەلەفوونییەکەی بە نوێنەرانی ئێف بی ئای گوتووە کە دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری سەرناکەوێت و ئەوکات تیرۆرکردنی زۆر ئاسانتر دەبێت. دامیان ویڵیامز داواکاری گشتی ئەمریکا لە باشووری نیۆیۆرک رایگەیاند:"ئەو دۆسییەیە پێمان دەڵێ کە هەوڵی قێزەونی زۆر هەن، هەر بۆیە لەهەر شوێنێک بێت، ئێمە بەدوای کەسە تێکدەرەکاندا دەگەرێین و دەیاندۆزینەوە."

Teilen

Facebook X / Twitter LinkedIn Telegram WhatsApp