ئەکسیۆس: ئیسرائیل گرنگترین بنکەی ئەتۆمی ئێرانی خاپوور کردووە

سەرچاوە: ئەکسیۆس وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز سێ بەرپرسی ئەمریکا و بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل و بەرپرسێکی پێشووی ئیسرائیل، ئاشکرایانکردووە کە ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکەیدا بۆ سەر ئێران، بنکەیەکی ئەتۆمی زۆر نهێنی ئەو وڵاتەی لە پارچین وێران کردووە. بۆچی ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج بۆ گرنگە: بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دەگوترا دوای رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ئەو بنکە ئەتۆمییە ناچاڵاک کراوە، بەڵام لە ساڵی رابردوودا کارەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم دەستپێکردبوویەوە. بەرپرسێکی پێشووی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە لە بنکەی ئەتۆمی پارچین ئامێری پێشکەوتوو بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بۆ تەقەمەنی تێدابووەو ئامێرێکیشی بۆ تەقاندنەوەی ئەتۆمی تێدا راگیراوە. ‌حکومەتی ئێران رەتیکردووەتەوە کە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆم بدات. عەباس عێڕاقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە راگەیاندراوێکدا گوتبووی:"ئێران بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆم-دا نیە." نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەو هەواڵە ئامادە نەبووە، قسە بۆ ماڵپەری ئەکسیۆس بکات. کابینەی داهاتووی ترەمپ، چەندین بەرپرسی ئەمنییەتی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لەخۆی دەگرێت کە بەرامبەر ئێران تووندن، ئەوەش دەتوانێ گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زیاد بکات. لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٥ی ئۆکتۆبەر، دامەزراوەی تاڵیقان ٢ لە پارچین کرابوویە ئامانج. ئەو بنکەیە بەشێک لە پرۆژەی چەکی ئەتۆمی ئێران بوو، کە دوای ٢٠٠٣ چاڵاکییەکانی راگرتبوو. دامەزراوەی زانستی و ئەمنیەتی نێودەوڵەتی ئاشکرایکردبوو کە پارچین بۆ تاقیکردنەوەی تەقەمەنی بۆ بەکارهێنانی لە چەکی ئەتۆمی بەکارهاتووە. هەندێک وێنەی سەتەڵایت دەریانخستبوو کە بینای تاڵیقان ٢ لە بنکەی پارچین بەتەواوی وێران بووە. بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەڵێن، ئەو چاڵاکیانەی لە دامەزراوەی تالیقان ٢ ئەنجام دراوە، بەشێکە لەو هەوڵەی ئێران بۆ ئەو توێژینەوانەی کە بۆ گەشەپێدانی چەکی ئەتۆم بەکاردەهێندرێت و یەکجار زۆر نهێنیش بووە. بەرپرسێکی ئەمریکایی دەڵێ:"ئەوان لەو بنکەیە چاڵاکی زانستیان ئەنجامداوە کە دەیتوانی زەمینە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم برەخسێنێت. ئەوە کارێکی نهێنی بووە، کە بەشێک لە بەرپرسانی ئێران لێی ئاگاداربوون، بەڵام بەشی زۆریان لێی ئاگادار نەبوون." ناوەندی زانیاری ئیسرائیل و ئەمریکا لەسەرەتای ئەمساڵ دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هەوڵەکانی ئێران لە پارچین کردبوو، بەتایبەت بەدواداچوونیان بۆ زانا ئەتۆمییەکان، پرۆگرامە کامپیۆتەرەکان، مێتادۆلۆژی و پشکنینە تەقەمەنییەکان کردووەو بۆ ئەوەی لە هەوڵەکانی ئێران دڵنیا ببنەوە. بەپێی راپۆرتێکی پێشووی ئەکسیۆس، لە مانگی ژوئەنی رابردوو، بەرپرسانی کۆشکی سپی بەشێوەی تایبەت و راستەوخۆ سەبارەت بە چاڵاکییە گومانئاوییە ئەتۆمییەکان هۆشداریان بە ئێران دابوو. بەرپرسانی ئەمریکا هیواداربوو کە ئەو هۆشدارییە ئێران لە چاڵاکییەکانی پاشگەز بکاتەوە، بەڵام لایەنی ئێران هەر بەردەوام بووە.

Teilen

Facebook X / Twitter LinkedIn Telegram WhatsApp