ئابراهام حەمادی بۆ رۆژهەڵات نیوز: ترەمپ دەیەوێ کۆتایی بەشەڕەکان بهێنێت

ئابراهام حەمادی بە ئابێ حەمادی ناسراوە، گەنجێکی جوان چاکە کە ناوچەی هەشتی ویلایەتی ئاریزۆنای ئەمریکای تووشی شۆک کردووە. وتاربێژێکی قائیم و ترامپیستێکی سەرسەختە. زۆر سەیر نیە، کۆمارییەک لە ئەریزۆنا بووەتە کۆنگرێسمەن، بەڵام سەیر لەوەدایە کە ئەریزۆنا دەنگی بە پەنابەرێکی نیوە کورد داوەو سەیرتریش رەنگە ئەوە بێت کە حەمادی ترەمپیستێکی (لایەنگری سەرسەختی دۆناڵد ترەمپ)-ە. ئێوارەی رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەمریکا و لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە، رۆژهەڵات نیوز وەکوو یەکەم و تاکە میدیایی کوردستانی بڵاویکردەوە کە ئابراهام حەمادی کوردەو لەهەڵبژاردنی بەشی هەشتی ویلایەتی ئەریزۆنا سەرکەوتووەو بووەتە کۆنگرێسمەن. میدیایی عەرەبی و ئیسرائیلی و بگرە بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکاش ناوی ئابێ حەمادیان وەکوو عەرەب-ئەمریکایی ناودەبرد، هەربۆیە رۆژهەڵات نیوز هەوڵێکی زۆریدا پەیوەندی بە ئابراهام حەمادی بگرێت، بۆ ئەوەی هەم زانیارییەکانی پشتراست بکاتەوەو هەمیش‌ وەڵامی هەندێک پرسیاری دیکەی لێوەربگرێت. ئابێ حەمادی کۆنگرێسمەنی ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکا، وەڵامی پرسیارەکانی رۆژهەڵات نیوزی دایەوەو لەگەڵ زانیاری لەسەر بنەماڵەکەی، وەڵامی دوو پرسیاری دیکەی رۆژهەڵات نیوزیشی دایەوە. حەمادی سەبارەت بە بنەماڵەکەی بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، کە یەک لەسەر چواری کوردە. ئەو یەک لەسەر چوارەش ئاوا شیدەکاتەوەو دەڵێ:" باوکی دایکم کوردە." ئەوەی کە بۆچی یەکسەر باس لەوە ناکات کە دایکم کوردە، ئابێ حەمادی ئاوا شیدەکاتەوە کە باپیرەی واتە باوکی دایکی لە کوردستانی سوریە (رۆژئاوای کوردستان) لەدایکبووەو هاتووەتە ئەمریکا، بەڵام دایکی لە ئەمریکا لەدایک دەبێت. باوکی ئابراهام حەمادیش درووزییە، خۆشی لە ئەمریکا و هەر لە ئەریزۆنا لەدایکبووە. سەرەتا دەچێتە ناو سوپای ئەمریکا و دواتر بڕیاری چوونە ناو سیاسەت دەدات و هەر لەزانکۆی ئەریزۆناش دەخوێنێت. لەسەر سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ و ئەو سوپرایزەی کە ترەمپ بەتایبەت و کۆمارییەکان لەهەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی سینات بەدەستیانهێناوە، ئابراهام حەمادی دەڵێ دۆناڵد ترەمپ هیوایەکی گەورەو تاکە هیوایە بۆ گەرانەوە بۆ ئەمریکا بەهێزەکە، هەربۆیە سەرەتا ئەمریکا و ئەمریکا لەپێش هەمووشتێکی کردە دروشمی خۆی. حەمادی بەهێزکردنەوەی ئەمریکا، کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، باشکردنی دۆخی ئابووری خەڵکی ئەمریکا، بەهاناوەچوونی کرێکارو بەساڵاچووان ئەو داخوازیانەن کە خەڵک هەیەتی و ئەوان بۆ جێبەجێکردنی کار دەکەن. سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و بەتایبەت روو بە ئێران، ئابراهام حەمادی بە رۆژهەڵات نیوزی نووسیوە:" دۆناڵد ترەمپ دەیەوێ ئیسرائیل پارێزراو بێت، ترەمپ رێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم رابگات و هاوکات ترەمپ ئەولەویەتی یەکەمی ئەوەیە کۆتایی بە شەڕەکان بهێنێت."

Teilen

Facebook X / Twitter LinkedIn Telegram WhatsApp