وتارێکی مێژوویی، مرۆیی و ئاماری
کاتێک جەستەی ژن دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ
دەستدرێژیی سێکسی وەک چەکێکی جەنگ، ئامرازێکی سەرکوت و ستراتیژییەک بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ و کۆمەڵگا؛ لە مێژووی جیهانەوە تا کوردستان
نەهیە خۆشکەلام · 18.11.2026
«بە دەستدرێژیی سێکسی، بۆمبەکان پاشەکەوت دەکرێن.»
ئەم ڕستەیە، کە لە لایەن چاوەدێرێکی شەڕی بۆسنیا بڵاو کراوەتەوە، لە ناخی خۆیدا ڕاستییەکی دڕندانە دێنێتە گۆ. ڕاستییەک کە وێنای دەکات بۆ وێرانکردنی کۆمەڵگایەک، هەمیشە پێویست بە هاژەک و بۆمب نییە؛ هەندێک جار تەنها بە شکاندنی کەرامەت و جەستە و ڕۆحی ژنان و کچانی ئەو کۆمەڵگایە، بە ترساندن و سووکایەتیپێکردنیان و بە لەناوبردنی متمانە و پەیوەندییە خێزانییەکان، دەتوانرێت ئەو کۆمەڵگەیە لە مرۆڤبوون دابماڵێت و برینێکی قووڵ کە سارێژ بوونی ئەستەمە لە ناخی کۆمەڵگادا دروست بکرێت.
جەستەی ژن دەبێتە مەیدانی شەڕ؛ شەڕێک کە تەنها نێوان دوو سوپا نییە، بەڵکو هێرشێکە بۆ سەر کەرامەتی مرۆڤ، و ژنان دەکات بە قوربانی و لە مرۆڤبوون دایان دەماڵێت و دەیانکات بە کەرەسە و ئامرازێک بۆ شکاندنی لایەنی بەرانبەر. لەو ساتەدا کە دەستدرێژیی سێکسی دەبێتە چەکی جەنگ، تاوانبار تەنها لەگەڵ جەستەی ژن ناکەوێتە شەڕەوە؛ بەڵکو لە ڕێگەی ئەو جەستەیەوە دەست دادەگرێت بە سەر یادەوەری و مێژووی میللەتێکدا و کاریگەری وێرانکەری درێژخایەنی لەسەر ئەو بنەماڵە و کۆمەڵگەیەدا دەبێت وهەر هەست بە شکۆ و شانازییەک لەو خەڵکە یان ئەو گەلە دەسێنێت و ئەو دۆخە دەکات بە کەرەسەیەک بۆ دەستبەسەرداگرتنی ڕۆحی بەرگری؛ شەرم دەبێتە ئامرازێکی بێدەنگکردن و بێدەنگی دەبێتە قۆناغێکی تر لە تاوان.
توندوتیژیی سێکسی؛ تاوانێکی هەڕەمەکی نییە
کاتێک وڵاتێک داگیر دەکرێت، جەستەی ژن چۆن دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی داگیرکاری و دەسەڵاتی سەربازی!
لە مێژووی نووسراو و نەنووسراوی مرۆڤایەتیدا، جەستەی ژن زۆرجار بۆتە خاڵی یەکلاییکردنی ملمـلانێی دەسەڵات، ئایدیۆلۆژیا و پیاوساڵاری.
توندوتیژیی دژی ژنان ڕوخساری جۆراوجۆری هەیە و لە دەستدرێژیی سێکسی، لێدان و کوشتندا کورت نابێتەوە. توندوتیژیی دەروونی، ئابووری، زمانی، یاسایی و کولتووری، سەپاندنی ئەدەبیاتی پیاوساڵار، سنووردارکردنی ئازادی و کۆنترۆڵکردنی ژیانی ژنان، هەموویان بەشێکن لە ڕووبەری فراوانی ئەو ستەمە.
بەڵام لە نێو هەموو شێوازەکانی توندوتیژیدا، دەستدرێژیی سێکسی تایبەتمەندییەکی قووڵ و وێرانکەرتری هەیە؛ چونکە ئەم تاوانە تەنها پێشێلکردنی سنووری جەستە نییە، بەڵکو بە ئامرازکردنی ژن و هەوڵێکی دڕندانەیە بۆ سەپاندنی دەسەڵات و شکاندنی سەربەخۆیی، کەرامەت و مافی بڕیاردانی ژن لەسەر جەستەی خۆی.
جەستەی مرۆڤ تەنها پێکهاتەیەکی زیندووی فیزیۆلۆژی نییە؛ بەڵکو شوێنی ناسنامە، بیرەوەری، هەست و ئازادیی تاکەکەسییە. کاتێک بە زۆر دەکرێتە ئامرازی چێژ و سەپاندنی دەسەڵات، زیانەکە تەنها لە ئاستی جەستەدا نامێنێتەوە؛ بەڵکوبە ناو ڕۆح و ڕەوانی ئەو ژنەدا شۆر دەبێتەوە؛ هەستی سەلامەتی، متمانە، پەیوەندییە مرۆییەکان و توانای ژیانکردنی ئاسایی دەگۆڕێت. و هەمیشە لە شوێنێکی ڕۆحدا خۆی جێگیر کردووە و چاوەڕێی دەرفەتێکە تا خۆی پیشان بدات.
ئاسەواری تاوانێک کە لەوانەیە تەنها چەند خولەکێک بخایەنێت، دەتوانێت برینێکی وەها قووڵ لە ناخی قوربانییەکەدا دروست بکات کە ساڵانێکی درێژ بەردەوام بێت و چارەسەرکردن و سارێژ بوونی ئەستەم دەبێت. ترس، بێدەنگی، شەرم، لەدەستدانی متمانە و بیرەوەرییە ئازاربەخشەکان، دەتوانن ببنە بەشێک لە ژیانی ئەو کەسانە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگا، لە جیاتی پشتیوانییان، هەندێک جار بە پرسیارکردنیان، بە تاوانبارکردن و حوکمدانی بێبەزەییانە جارێکی دیکە زیانیان پێ دەگەیەنێت.
دیارە لە کاتی جەنگدا، ئەم تاوانە ڕەهەندێکی دیکە وەردەگرێت و نابێت وەک ڕووداوێکی لاوەکی یان بەرهەمی لەدەستدانی کۆنترۆڵی سەربازان لێک بدرێتەوە. لە زۆرێک لە ناکۆکییە چەکدارییەکاندا، جەستەی ژن وەک ستراتیژیەک دەکرێت بە گۆڕەپانی جەنگ. لێرەدا دەستدرێژیی سێکسی چیتر تەنها تاوانێک دژی تاک نییە، بەڵکو تاوانێکە بە ئامانجی داڕوخانی کومەڵگەیەک.
لەوەش خەمبارتر ئەوەیە کە زۆرجار دوای خامۆشبوونی چەکەکان و واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان و دەستپێکردنی هەلهەلە و شادی لەبەردەم کامێراکاندا، ژنانی قوربانی هەر لە ناو شەڕەکەدا دەمێننەوە؛ بەڵام ئەمجارە لەگەڵ شەڕێکی ناوەکیدا بەرەوڕوون: شەڕێک کە لە بیرەوەرییاندا بەردەوامە، لە خەونەکانیاندا دووبارە دەستپێدەکات و لە بێدەنگییەکاندا خۆی حەشار داوە و هەناسە دەدات.
دواجارشەڕ بە واژۆکردنی پەیماننامەیەکی ئاشتی هەر کۆتایی پێدێت، بەڵام ئازاری ژنێک، مناڵێک، پیاوێک کە کەرامەت و مافی لەسەر جەستەی خۆی پێشێل کراوە، بە واژۆیەک کۆتایی نایەت. و ئەم تاوانانە چەندین هێندە دڵتەزێنتر دەبن کاتێک کە دوای کۆتاییهاتن بە جەنگ، تازە جەنگی قوربانی دەستپێدەکات و ئەوە کە ناچارە بە تەنیا لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ئەو جەنگە بژی.
جەنگی جیهانیی دووەم؛ ملیۆنان برین و دەیان ساڵ بێدەنگی، ژنانی پشتی مێژووی سەرکەوتنەکان
مێژوویەک کە ژنان تیایدا دەنگیان نەبێت، مێژوییەکی ناتەواوە.
کاتێک باس لە مێژووی جەنگی جیهانیی دووەم دەکرێت، زۆرجار سەرنج دەخرێتە سەر سەرکەوتن و شکستی سوپاکان، گرتنەوە و داگیرکردنی شارەکان و کۆتاییهاتنی ڕژێمە فاشیستییەکان. بەڵام بەشێکی گرنگی ئەو مێژووە بێدەنگی لێدەکرێت: ئەوەی کە لەو جەنگەدا چی بەسەر جەستەی ژنان و کچاندا هات.
لە بەرلین، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی کە لەسەر بنەمای خەمڵاندن و داتای دیمۆگرافییەوە ئەنجام دراوە، ژمارەی ژنانێک کە دەستدرێژی کراوەتە سەریان لە نێوان ٩٤,٤٥٠ تا ١٣١,٠٠٠ کەس دانراوە. مێژوونووس میرێم گێبهارتی Miriam Gebhardt بۆ ماوەی ساڵانی ١٩٤٤/١٩٤٥ تا ١٩٥٥، ژمارەیەکی نزیکەی ٨٦٠,٠٠٠ قوربانی خەمڵاندووە. (دیاره بەڵام ئەم خەمڵاندنه بەهۆی بنەمای داتاکان و شێوازی هەژمارکردنەکەیەوە لە نێوان توێژەراندا مشتومڕی لەسەرە [٥، ٦].)
شوێن و ماوە | ژمارەی خەملێنراو |
|---|---|
بەرلین، ساڵی ١٩٤٥ | ٩٥,٠٠٠ تا ١٣٠,٠٠٠ ژن |
هەموو ئەڵمانیا، ١٩٤٤–١٩٤٥ | تا ١.٩ ملیۆن؛ خەمڵاندنێکی مشتومڕلێکراو، نەک ئاماری پشتڕاستکراو |
ژنانی ئەڵمانیا لە ژێر داگیرکاریی هاوپەیمانان، ١٩٤٤/١٩٤٥–١٩٥٥ | نزیکەی ٨٦٠,٠٠٠؛ خەمڵاندنی Miriam Gebhardt |
لە کتێبی «جەنگ هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نییە»ی سڤێتلانا ئەلێکسییڤیچ( Swetlana Alexijewitsch) ژنان و پیاوانی بەشدار لە جەنگدا، دوای جەنگ بیرەوەرییە دڵتەزێنەکانی خۆیان دەگێڕنەوە:
«ئێمە ئەفسەرێکمان هەبوو، عاشقی کچێکی ئەڵمانی بووبوو…
لە بەڕێوەبەرایەتییەوە بانگ کرا… دواتردەرکرا و ڕەوانەی شوێنێکی ترییان کرد. بەڵام ئەگەر ئەو ئەفسەرە لەبری ئەوە لاقەی کچەکەی بکرایە، ئەوا… بێگومان ئەوە ڕووی نەدەدا… لای ئێمە کەم جار لەسەر ئەمە دەنووسرێت، دیارە ئەمە یاسای جەنگە.
پیاوەکان ماوەیەک بوو بێ ژن بوون، دیارە ئەمەش دەخرایەوە قالبی ڕقەوە. کاتێک شارێک یان گوندێکی بچووکمان دەگرت، تاوەکو سێیەمین ڕۆژ سەرەتا خۆیان بە تاڵانەوە خەریک دەکرد و… بێگومان هیچ کەسێک بە ئاشکرا و کراوەیی باسی لەمە نەدەکرد… تێدەگەیت… بەڵام ئەوەی دوای ئەو سێ ڕۆژە هەر بەردەوام بوایە، ئەوە دەخرایە بەر دەم دادگای جەنگ، کۆتایی پێدەهات.
لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا کەسکیان لە هەموو شتێک دەدا و… ئەمەی من باسی دەکەم، پەیوەندی بە عەشقەوە هەیە. ئەفسەرەکەش لەبەردەم ئاسایشدا خۆی دانی بەوەدا نابوو کە پەیوەندیی ئەو لەگەڵ کچەکەدا پەیوەندییەکی عاشقانەیە. بێگومان ئەوەش خیانەت بوو… عاشقی کچێکی ئەڵمانی بیت ـ عاشقی کچ یان ژنی دوژمن، خیانەت بوو!
ئەو کاتە… هەروەها…، بە کورتی بیبڕمەوە، بێگومان…
وێنەکانی کچەکە و ناونیشانەکەیان لە ئەفسەرەکە سەندەوە.
من ژنێکی لاقەکراوی ئەڵمانیم… بیرە، بە ڕووتی ڕاکشابوو، نارنجۆکێکیش خرابووە نێوان ڕانەکانییەوە… من ئێستا شەرم دەکەم، بەڵام ئەو کاتە هەستم بە هیچ حەیاچوونێک نەدەکرد؛ بێگومان هەستەکان گۆڕاون.
یەکێکیتر ئەگێڕێتەوە:
« ئێمە لە پێشڕەویدا بووین… گەشتبووینە یەکەم دێی ئەڵمانیەکان… گەنج بووین. بەهێزبووین. چوار ساڵ بوو بێ ئافرەت بووین. لە ژێرزەمینەکاندا شەراب هەبوو. سووکە پێنخوڕیش. کچە ئەڵمانیەکانمان بە دیل گرت… دە پیاو بەیەکەوە لاقەی کچێکیان ئەکرد… ئەوەندە ژن زۆر نەبوون بەشی هەمووان بکات. خەڵکی دیکە لە ترسی سوپای سۆڤیەت هەڵهاتبوون. ئەوانەمان ئەگرت کە گەنج بوون. کچی بچووک… دوازدە، سێزدە ساڵان… ئەگەر بگریانایە لێمان ئەدا، شتێکمان ئەئاخنیە دەمیەوە. کچەکە ئازاری ئەچێشت، بەڵام ئێمە پێمان وابوو خوشە. ئێستا تێناگەم من چۆن توانیم وا بکەم… لە کاتێکدا کوڕی مالێکی خوێندەواریش بووم… کەچی کردیشم…»
ژنان لەبەردەم چاوی منداڵەکانیاندا دەستدرێژییان دەکرایە سەر. هەندێکیان بەردەوام لەلایەن چەند سەربازێکەوە بە زۆر ڕاپێچران. هەندێکیان بە جۆرێکی توند بریندار بوون و هەندێکیان لەو کاتەدا کە بە کۆمەڵ لاقە دەکران گیانیان ئەسپارد.
سڤێتلانا ئەلێکسییڤیچ لە وتاری وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتدا، لە «On the Battle Lost» ـدا، بەم ڕستەیە گرنگی دەنگی ئەو شایەتیانە دەخاتە ڕوو:
«من مێژووم لە ڕێگەی دەنگی ئەو شایەت و بەشداربووانەوە تۆمار کردووە کە پشتگوێ خراون؛ ئەو کەسانەی کە هەرگیز پرسیاریان لێ نەکراوە.»
لە وڵاتانی ئاسیاش.
چین، نانجینگ، ١٩٣٧–١٩٣٨: لە ماوەی کوشتارە بەکۆمەڵەکەی نانجینگدا، هەندێک خەمڵاندنی مێژوویی ژمارەی ئەو ژنانە کە درستدرێژی جنسیان کرایە سەر نزیکەی ٢٠,٠٠٠ دەخەمڵێنن. [١٢].
کۆریا و ناوچەکانی تری ژێر داگیرکاریی ژاپۆن: ژنان بە زۆر خرانە ناو سیستەمی دامەزراوەکانی سێکسیی سەربازیی ژاپۆن، کە بە ناوی «ژنانی ئاسوودەیی» (Comfort Women) ناسراوە. ژمارەی گشتیی ئەو ژنانە بە دڵنیایی دیاری نەکراوە؛ خەمڵاندنی ١٠٠,٠٠٠ تا ٢٠٠,٠٠٠ لە ئەدەبیاتی مێژوویی و سیاسییدا هاتووە، بەڵام ژمارەی ٢٠٠,٠٠٠ بەڵگەی ئەرشیفیی یەکلاکەرەوەی نییە [١١].
ئەم ژنانە بە زۆر دەستبەسەر دەکران و دەستدرێژییان دەکرایە سەر. زۆرێکیان دوای جەنگیش بەهۆی ترس، هەست بە شەرمەزاری و نەبوونی دادپەروەری ساڵانێک بێدەنگ مانەوە؛ نەک لەبەر ئەوەی ڕووداوەکەیان لەبیر کردبوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی کۆمەڵگا شوێنێکی ئەمنی بۆ گێڕانەوەی ڕاستییەکانیان جێنەهێشتبوو. مێژووی جەنگ تەنها مێژووی ژەنەڕاڵ و چەک و سەرکەوتن نییە؛ مێژووی جەنگ، گەلێک جار مێژووی ڕمبازێن لەسەر جەستەی ئەو مرۆڤانەیە کە یادەوەرییەکانیان بە بارمتە دەگیردرێت.
ڕواندا، سیرالیۆن و کۆنگۆ: کاتێک جەستە دەبێتە ئامرازی جینۆساید و سەرکوت
لە جینۆسایدی ڕواندا لە ساڵی ١٩٩٤دا، توندوتیژیی سێکسی بە شێوەیەکی فراوان دژی ژنان و کچانی توتسی بەکارهێنرا. نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی ئەو ژنانەی کە لە ماوەی سێ مانگی جینۆسایدەکەدا دەستدرێژییان کرایە سەر، لە نێوان ١٠٠,٠٠٠ تا ٢٥٠,٠٠٠ کەس خەمڵاندووە. ئەمە خەمڵاندنێکی نێودەوڵەتییە، نەک ژمارەیەکی تۆمارکراوی تەواو [٨].
لە شەڕی ناوخۆیی سیرالیۆندا، ژنان و کچان ڕفێندران، دەستدرێژییان کرایە سەر و هەندێکیان ناچار کران لە ژێر کۆیلایەتیی سێکسیدا بژین.
لە باکووری ئۆگاندا، گرووپی چەکداری LRA هەزاران کچ و ژنی ڕفاند و بە زۆر ئەوانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. هەندێک لەو کچانە ناچار کران بە هاوسەرگیریی زۆرەملێ و دووگیانبوون.
لە کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆش، ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ توندوتیژیی سێکسییان لە ناوچە ناکۆکییەکاندا وەک ئامرازێکی ترساندن، سەرکوت و هەندێک جار ئاوارەکردنی دانیشتووان بەڵگەدار کردووە. لە هەموو ئەم نموونانەدا، ژمارەکان تەنها بەشێک لە ڕاستییەکە دەخەنە ڕوو؛ چونکە ترس، نەبوونی ئەمنیەت، نەبوونی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری و شەرمەزارکردنی ئەو کەسانە لە لایەن کۆمەڵگەوە بۆتە هۆکار کە زۆرێک لە قوربانییان خۆیان لە تۆمارکردنی تاوانەکە بپارێزن.
توندوتیژیی سێکسی دژی ژنان لە جەنگی بۆسنیا (١٩٩٢–١٩٩٥)
جەنگی بۆسنیا (١٩٩٢–١٩٩٥) یەکێکە لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی ئەورووپایە؛ جەنگێک کە تەنها بە کوشتار، وێرانکردنی شار و ئاوارەکردنی ملیۆنان کەس نەناسراوە، بەڵکو بە بەکارهێنانی توندوتیژیی سێکسی وەک ئامرازێکی ترسناک بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ و لەناوبردنی ناسنامەی کۆمەڵگەکانیش ناسرا.
لە ماوەی ئەم جەنگەدا، هەزاران ژن و کچ بوونە قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی، ئەشکەنجە و زیندانیکردن. خەمڵاندنی باو وەک ٢٠,٠٠٠ قوربانی لە هەندێک سەرچاوەدا هاتووە، بەڵام ژمارەیەکی یەکگرتوو و پشتڕاستکراوی فەرمی نییە؛ هەندێک خەمڵاندنی مێژوویی ژمارەیەکی زۆر بەرزتریان پێشنیار کردووە. بەهۆی نەبوونی تۆمارێکی تەواو و ئاشکرا نەکردنی زۆرێک لە تاوانەکان، ژمارەی ڕاستەقینە نادیارە.
(هەندێک خەمڵاندنی مێژووییش ژمارەکە تا ٥٠ هەزار کەس دەباتە سەرەوە.)
یەکێک لە نموونە هەرە ئاشکرا و بەڵگەدارەکانی ئەم جینایەتانە، شاری فۆچا (Foča) بوو. لەو شارەدا ژنان و کچانی بۆسنیایی لە قوتابخانە، هۆتێل، زیندان و شوێنەکانی دیکەدا بەند کران و بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەردەوام دەستدرێژییان کرایە سەر. هەندێکیان بۆ ماوەیەکی درێژ لە شوێنەکانی بەندکردندا ڕاگیران و چەندین جار لەلایەن تاوانبارانەوە بە تاک و بە کۆمەڵ تووشی دەستدرێژیی سێکسی بوونەوە.
دۆسیەی فۆچا لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی یۆگسلاڤیای پێشوو (ICTY) بووە بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی دادپەروەریی نێودەوڵەتی. دادگا بەڵگەی تاوانەکانی دەستدرێژیی سێکسی و کۆیلایەتیی سێکسی لێکۆڵییەوە و لە ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠٠٢دا حوکمی چەند تاوانبارێکی دەرکرد. ئەم حوکمانە ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەهێزکردنی ناساندنی توندوتیژیی سێکسی وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی گێڕا.
کۆتاییهاتنی جەنگ لە ساڵی ١٩٩٥دا واتای کۆتاییهاتنی ئازاری قوربانیان نەبوو. ژنانی ڕزگاربوو ساڵانێکی درێژ لەگەڵ تڕاوما، خەمۆکی، ترس، خەونە ناخۆش و برینە قووڵە دەروونییەکاندا ژیاون. هەندێکیان لەبری ئەوەی لە کۆمەڵگەکانیاندا پشتگیرییان بکرێت، ڕووبەڕووی شەرمەزارکردن، جیاکاری بوون و بێدەنگ کران.
لە نێوان ئەو هەموو برینە مێژووییانەدا، چارەنووسی منداڵانی لەدایکبووی ئەنجامی دەستدرێژیی سێکسیش بابەتێکی زۆرپڕ ئازار و هەستیارە. ئەو منداڵانە لە هەندێک حاڵەتدا بەهۆی نەزانینی ڕاستیی ڕەچەڵەک، جیاکاری و نەبوونی پشتیوانیی یاسایی و کۆمەڵایەتی، ڕووبەڕووی ئاستەنگی قووڵ و بێ ناسنامەیی بوونەتەوە.
شەڕی بۆسنیا نیشانی دا کە جەستەی ژن دەتوانێت لە جەنگدا بکرێتە ئامرازی چەوساندنەوە، ترساندن و وێرانکردنی کۆمەڵگە. لەوێدا دەستدرێژیی سێکسی تەنها تاوانێک دژی تاک نەبوو، بەڵکو لە چوارچێوەی هەندێک ستراتیژیی سەرکوت و هەندێک لە ڕاپۆرتەکان و بڕیارە دادگاییەکاندا وەک ئامرازێکی ترساندن و دەرکردنی دانیشتووان لێکدراوەتەوە. ئەمە پێویستی بەوە دەکات کە ئەم جینایەتانە نەک وەک ڕووداوێکی لاوەکیی جەنگ، بەڵکو وەک بەشێک لە مێژووی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بخوێندرێنەوە.
مێژووی بۆسنیا لە ڕووی ئەم تاوانانەوە، جیاواز لە مێژووی ژنانی کورد، ئێزیدی و ئەفغانستان نییە؛ هەرچەندە هەر یەک لەم جینایەتانە لە بارودۆخی سیاسی و جوگڕافیا و مێژوویی جیاوازدا ڕوویان داوە. خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە کە بنەمای زۆر شت هێشتا نەگۆڕدراوە و لە مێژووی هاوچەرخیشدا ژن و کچان بەهۆی ڕەگەز و ئائین وناسنامەی کۆمەڵایەتییانەوە دەبنە ئامانجی توندوتیژییەک کە مەبەستی تەنها ئازاردانی تاک نییە، بەڵکو شکاندنی بنەماکانی کۆمەڵگەشە وکاریگەریی تاوانی جەنگ سنووری ژیانی قوربانیی ڕاستەوخۆ تێدەپەڕێنێت و دەتوانێت بۆ نەوەکانی دواتریش ڕابگوازرێتەوە.
جەنگ دەوەستێت، بەڵام برینەکانی ژنان هەمیشە لەگەڵ تەواو بوونی جەنگ کۆتاییان پێنایەت بگرە ڕێک لەو کاتانەدا ئەوان دەکەونە ناوجەنگێکی تاقەتپڕوکین . بۆیە گێڕانەوەی چیرۆکی ژنانی قوربانی، تەنها گەڕانەوەیەک بۆ ڕابردوو نییە؛ بەڵکو داواکارییەکە بۆ دادپەروەری، ناساندنی تاوان و بەرگری لە مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ. «بێدەنگی پاراستن نییە؛ بەڵکو دەببێتە هۆی بەردەوامبوونی ستەم و نادادپەروەری. »
. ئەودری لۆرد – Audre Lorde وتەیەکی بە ناوبانگی هەیە کە دەڵێت:
«بێدەنگییەکانم نەیانتوانی من بپارێزن؛ بێدەنگیی تۆش تۆ ناپارێزێت.»
کوردستان: لە ئەنفالەوە تا شەنگاڵ و عەفرین و دەستدرێژیی سێکسی لە بەندیخانەکانی ئێران و تورکیا
مێژووی ژنانی کورد پڕە لە ئەزموونی ئاوارەیی، سەرکوت، لەدەستدانی خێزان و توندوتیژیی دەوڵەتی. لە زۆر قۆناغی مێژووی کوردستاندا، جەستەی ژن بۆتە شوێنی سەپاندنی دەسەڵات و ترس. بە داخەوە، لە کوردستان، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سیستەمێکی سەربەخۆ و شەفافی ئامارگیری نییە کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک تاوانەکانی توندوتیژیی سێکسی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان، بە تایبەتی لە کاتی جەنگ و سەرکوتدا، تۆمار و پۆلێن بکات؛ بۆیە بەشێکی زۆری ئەم تاوانانە لە بێدەنگیدا دەمێننەوە.
لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی ڕژێمی بەعس لە ساڵانی ١٩٨٧–١٩٨٩دا، هەزاران گوند وێران کران، خەڵک ڕفێندران، خێزانەکان لێکدابڕان و ناوچەیەکی بەرفراوان چۆڵ کرا. ژنان و منداڵان لە کەمپ و شوێنەکانی بەندکردندا لە بارودۆخێکی دژواردا ژیان. لە گێڕانەوەی ڕزگاربوواندا باس لە ئەشکەنجە و توندوتیژیی سێکسی لە ماوەی بەندکردندا کراوە؛ بەڵام ئامارێکی گشتگیر و پشتڕاستکراو لەبارەی ژمارەی ئەو ژنانەی کە لەو قۆناغەدا دەستدرێژییان کرایە سەر لەبەردەستدا نییە. ئەم بۆشاییە نابێت ببێتە هۆی گومانکردن لە شاهیدیی ڕزگاربووان؛ بەڵکو پێویستە ببێتە هۆی لێکۆڵینەوەی زیاتر و پاراستنی بەڵگە مێژووییەکان.
لە تورکیا و ناوچەکانی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی بەندکردن، ئەشکەنجە و ناکۆکییە چەکدارییەکاندا حاڵەتەکانی توندوتیژیی سێکسی دژی ژنان و کچانی کوردیان ڕاپۆرت کردووە. لە عەفرین، ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە ڕفاندن، ئەشکەنجە و هێرشە سێکسییەکان دەکەن [١٣، ١٤]. لە ئێرانیش، لە ماوەی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، ئەمنەستی ئینتەرناشناڵ حاڵەتەکانی دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسیی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەڵگەدار کردووە [١٥]. بەڵام بۆ هیچ یەک لەم ناوچانە ئامارێکی گشتگیر و هاوتای جیهانی لەبارەی قوربانییە کوردەکان بەردەست نییە.
لە پشت ئەم بۆشاییە ئامارییەدا پرسیارێکی قووڵ هەیە: بڵێی چیها ژنێکی کورد هەرگیز دەرفەتی ئەوەیان نەبووبێت چیرۆکی خۆیان بگێڕنەوە؟ چیها یادەوەری و چیرۆکی چەندین ژن هێشتا لە ناو دیوارەکانی زیندان و کەمپ و بنەماڵەکاندا قەتیس مابێتەوە …؟
بۆشاییەک بە درێژایی مێژوو!
شنگال؛ لە داگیرکردنی جەستەوە تا لەناوبردنی ناسنامە
سێی ئابی ٢٠١٤ ڕۆژێکی تاریکە لە یادەوەریی کوردان و بە تایبەتی کوردانی ئێزیدی. داعش هێرشی کردە سەر ناوچەی شنگال؛ پیاوان و کوڕانی زۆر کوژران و ژنان و کچان ڕفێندران، فرۆشران و بە زۆر کران بەکۆیلەی سێکسی. هەزاران ژن و کچ و منداڵ لە خێزانەکانیان جیاکرانەوە .
داعش جەستەی ژنانی ئێزیدی کردە کاڵای بازرگانی؛ دەستاودەست کردن و کڕین و فرۆشتنی بە ژنان و کچانی کوردی ئێزیدی دەکرد و دڕندانە مامەڵەیان لە گەڵ دەکرا. تاوان و جێنۆسایدێکی سیستەماتیکی ئامانجدار و ڕێکخراو بوو بە مەبەستی شکاندنی ناسنامەی ئایینی و کۆمەڵایەتیی ئێزیدییەکان.
نادیا موراد، ژنێکی ئێزیدیی خەڵکی گوندی کۆچۆ، یەکێک بوو لەو قوربانییانە. دایک و شەش براکەی لەدەست دا و خۆیشی ڕفێندرا و بەردەوام تووشی دەستدرێژیی سێکسی بوو. ئەو بە هەڵبڕینی دەنگی خۆی، دەنگی هەزاران ژن و کچی بێدەنگکراوی گەیاندە جیهان. لە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵی پێ بەخشرا و لە کتێبی خۆیدا «The Last Girl» چیرۆکی ڕفاندن، کۆیلایەتیی سێکسی، ڕزگاربوون و خەباتی گێڕایەوە.
منداڵانی دەرئەنجامی دەستدرێژی جنسی
ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی دەستدرێژیی سێکسیی جەنگ لەدایک بوون، لە جیهاندا بە شێوەیەکی تەواو تۆمار نەکراوە. لە بۆسنیاش ژمارەی فەرمی و یەکگرتوو نییە و خەمڵاندنە ئەکادیمییەکان جیاوازن [٩].
ئەم منداڵانە لە ئەدەبیاتی نێودەوڵەتیدا بە ناوی Children Born of Wartime Rape یان Children Born of Conflict-Related Sexual Violence ناسراون.
ئاماری منداڵانی لەدایکبوو لە ئەنجامی دەستدرێژیی جەنگ
وڵات و جەنگ | ژمارەی خەمڵێنراو |
|---|---|
ڕواندا – جینۆسایدی ١٩٩٤ | ٢,٠٠٠–٥,٠٠٠ (خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان) |
سێرا لیۆن – شەڕی ناوخۆ | نزیکەی ٢٠,٠٠٠ (خەمڵاندن) |
باکووری ئۆگاندە – شەڕی LRA | نزیکەی ٨,٠٠٠ (خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان) |
بنگلادێش – جەنگی ١٩٧١ | لانیکەم ٢٥,٠٠٠؛ بەڵگەی بەردەست بۆ پشتڕاستکردنەوەی ژمارەکە سنووردارە |
بۆسنیا – جەنگی ١٩٩٢–١٩٩٥ | ژمارەی فەرمی نییە؛ هەندێک خەمڵاندنی ٢,٠٠٠–٤,٠٠٠ هەیە، بەڵام ناپشتڕاستکراوە |
لە بۆسنیا و هەرزەگۆڤین، چیرۆکی ئەلەین موهیچ (Alen Muhić) نموونەیەکی ڕاستەقینەیە. ئەلەین لە ساڵی ١٩٩٣ لەدایک بوو؛ دایکی دوای لەدایکبوونی لە نەخۆشخانە جێی هێشت و کارمەندێکی نەخۆشخانە و هاوسەرەکەی بەخێویان کرد. ئەلەین لە منداڵییەوە نەیدەزانی چیرۆکی لەدایکبوونی چییە. کاتێک لە قوتابخانەدا بەهۆی ڕەچەڵەکی گاڵتەی پێکرا، ڕاستییەکەی زانی: ئەو لە ئەنجامی دەستدرێژیی سێکسیی جەنگدا لەدایک بووە. دواتر لەبارەی ناسنامە و ڕەچەڵەکە پرسیاری زۆری بۆ دروست بوو، بەڵام خێزانی بەخێوکەرییەکەی بە هەموو جۆرێک پشتیوانیان کرد . [١٠].
لە توێژینەوەکانی ئۆگاندا، دەنگی منداڵێک تۆمار کراوە کە لەبارەی جیاوازیی مامەڵەی خێزانەکەی لەگەڵی گوتوویەتی: «دایک و باوکم خۆشیان ناوێم؛ پارەی خوێندنی خوشک و براکانم دەدەن، بەڵام پارەی خوێندنی من نا. کاتێک نەخۆش دەبم، نامبەن بۆ نەخۆشخانە.» ئەم منداڵە لە ئەنجامی ڕفاندن و دەستدرێژیی سێکسیی بەرامبەر بە دایکی لەدایک بووە.
ئەم منداڵانە چەندین جار زیان دەبینن: جارێک لە ئەنجامی تاوانی سەرەتایی کە بەرامبەر دایکەکانیان کراوە، و جارێکی دیکە کاتێک کۆمەڵگا بەهۆی شێوازی لەدایکبوونیانەوە ڕەتیان دەکاتەوە. هەندێکیان بە ناوی «منداڵی دوژمن» ناسێنراون، لە خوێندن و چاودێریی تەندروستی بێبەش کراون یان لەلایەن خێزان و کۆمەڵگاوە پەراوێز خراون. دایکەکانیانیشیان لەبری ئەوە پشتیوانی بکرێن، هەندێک جار ڕووبەڕووی حوکمدان و تاوانبارکردن لە لایەن کۆمەڵگاوە دەبنەوە.
ئامارەکان چی دەڵێن؟ ئەودیوی پشت ژمارەکان چمان پێدەڵێن؟
بەپێی نوێترین خەمڵاندنی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، نزیکەی ٨٤٠ ملیۆن ژن، واتە نزیکەی یەک لە هەر سێ ژنێک، لە ماوەی ژیانی خۆیدا توندوتیژیی جەستەیی و/یان سێکسی لەلایەن هاوسەر یان توندوتیژیی سێکسی لەلایەن کەسانی دەرەوەی پەیوەندیی هاوسەرییەوە ئەزموون کردووە. ئەم ژمارەیە تەنها دەستدرێژیی سێکسی ناگرێتەوە؛ بەڵکو چەند جۆرێکی توندوتیژی لەخۆدەگرێت و پێویستە بە وردی لێک بدرێتەوە [١].
بە گوێرەی خەملاندنەکانی هەمان ڕاپۆرت نزیکەی ٢٦٣ ملیۆن ژن لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە توندوتیژیی سێکسییان لەلایەن کەسانی دەرەوەی پەیوەندیی هاوسەرییەوە ئەزموون کردووە. WHO ئاگاداری دەدات کە ژمارەی ڕاستەقینە زۆر لەم ژومارە زیاترە. [١].
بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێف کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ بڵاوکرایەوە، زیاتر لە ٣٧٠ ملیۆن ژن و کچ، واتە نزیکەی یەک لە هەر هەشت کەس، پێش تەمەنی ١٨ ساڵی تووشی دەستدرێژی یان هێرشی سێکسیی جەستەیی بوونەتەوە. ئەگەر شێوەکانی تری توندوتیژیی سێکسیی بێ بەرکەوتنی جەستەیییش لەبەرچاو بگیرێن، ژمارەی گشتی دەگاتە نزیکەی ٦٥٠ ملیۆن، واتە یەک لە هەر پێنج ژن و کچێک. یونیسێف جیاوازیی نێوان ٣٧٠ ملیۆن کەسی کە توندوتیژیی سێکسیی جەستەیی بەرامبەر کراوە و ٢٨٠ ملیۆن کەس کە بێ بەرکەوتنی جەستە بەڕەوروی توندوتیژی بۆتەوە، ڕوون دەکاتەوە [٢].
لە بواری جەنگ و ناکۆکییە چەکدارییەکاندا، ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماوەی ژانویە تا دێسەمبەری ٢٠٢٤، ٤,٦١٧ حاڵەتی توندوتیژیی سێکسیی پەیوەست بە ناکۆکییە چەکدارییەکان لە ٢١ بارودۆخی جیاوازدا بەڵگەدار کردووە. لەوانە، زیاتر لە ٤,٢٣٩ حاڵەت، واتە ٩٢٪، ژنان و کچانیان گرتووەتەوە. ژمارەی حاڵەتە بەڵگەدارکراوەکان بە بەراورد بە ساڵی پێشوو ٢٥٪ زیاد بووە [٣، ٤].
ئەم ٤,٦١٧ حاڵەتە ژمارەی تەواوی تاوانەکان نییە؛ تەنها ئەو حاڵەتانەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان توانیویەتی پشتڕاستیان بکاتەوە. ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕوونی دەڵێت ئەم ئامارانە وێنەی تەواوی قەبارەی جیهانیی تاوانەکان نییە؛ نەبوونی ئەمنیەت، نەبوونی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری و ڕێگایەکی سەلامەت بۆ ڕاپۆرتکردن، ترس و شەرمەزارکردن هەموو ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی زۆرێک لە قوربانییان ڕووداوەکە تۆمار نەکەن [٤]. بۆیە نەبوونی ئامار بە مانای نەبوونی تاوان نییە.
ئامارەکان ژمارەی قوربانییەکان دەژمێرن بەڵام لە پشت هەر ژمارەیەک ژنێک هەیە، منداڵێک هەیە کە هیچ ژومارویەکی قەبە ناتوانێت قەبارەی ئەو ئازارو دەرئەنجامی ئەو جەنگە ڕانەگەیەندراوە وێنا بکات .لە پشت هەر ژمارەیەک ژنێک هەیە کە ئەستەمە بتوانێت ئاسایی بژیت، منداڵێک هەیە کە لە کۆمەڵگادا هیچ کاتێک جێگەی خۆی نادۆزێتەوە و زامێک هەیە کە بۆ ناوبوێر کردنی مرۆڤ وشەی لێدەبڕێت.
«جەستە هەرگیز ئەوەی بەسەری هاتووە لەبیر ناکات»
کتێبی «The Body Keeps the Score»، پزیشکی دەروونناس بێسڵ ڤان دێر کۆڵک باس لەوە دەکات کە تروما تەنها یادەوەرییەکی ناخۆش نییە؛ ئەزموونێکی قووڵە کە دەتوانێت سیستەمی عەسەبی، هەستی سەلامەتی، خەو و پەیوەندییەکانی مرۆڤ بگۆڕێت. بۆ ژنێک کە لە جەنگدا تووشی دەستدرێژیی سێکسی بووە، دەنگێک، بۆنێک یان بەرکەوتنێکی جەستەیی دەتوانێت یادەوەریی ئەو ساتە ترسناکە زیندوو بکاتەوە.
لەوانەیە ژنێک ئێستا لە وڵاتێکی ئاساییدا بژی، منداڵەکانی گەورە بکات و کار بکات؛ بەڵام لە ناخیدا هێشتا هەست بە مەترسی بکات. ئەمە یەکێکە لە کاریگەرییە قووڵەکانی تروما: جەستە لەوانەیە لە مەترسییەکە ڕزگاری بێت، بەڵام دەروون هێشتا لەگەڵ ترس و بیرەوەرییەکاندا بژی. بۆیە چارەسەری تروما پێویستی بە کات، خزمەتگوزاریی تەندروستی، پشتیوانیی دەروونی و ژینگەیەکی ئەمن هەیە؛ نابێت لە ڕزگاربووەکان چاوەڕوانی ئەوە بکرێت بە تەنها و بە خێرایی «لەبیر بکەن».
دادپەروەری و بەرپرسیارکردن
دوای هەر جەنگێک ڕێککەوتننامەی ئاشتی واژۆ دەکرێت، پەیکەر دادەنرێت و ناوی سەرکردە و ژەنەڕاڵەکان لە کتێبە مێژووییەکاندا تۆمار دەکرێت. بەڵام بە گشتی لە زۆربەی جەنگەکاندا بە پاڵ ئاسەواری ئەو جەنگە لەسەر جەستە و ڕۆحی ژنان بە بێدەنگی تێدەپەڕن.
ئەو بە پاڵیدا تێپەڕ بوون و بە ئاسایی دیتنی ئەو دیاردە قێزەونە، لاقەکردن لە جەنگدا دەکات بە بابەتێکی لاوەکی. بۆیە لە بەر ئەوە کە ڕێگری بکرێت لەو دیاردە کارەساتبارە پێویستە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێژوویی، یاسایی و سیاسیی جەنگدا توێژینەوە و بە دواداچونەوە بکرێت. ئەم تاوانانە پێویستیان بە بەڵگەنامەسازی، پاراستنی شاهیدیی ڕزگاربووان، چاودێریی تەندروستی، پشتگیریی دەروونی، دادپەروەری و بەرپرسیارکردنی تاوانباران هەیە.
جەستەی ژن خاک نییە کە بتوانرێت داگیری بکرێت. جەستەی ژن هی خۆیەتی؛ نە هی دەوڵەت، نە هی سوپا ونە هی ئایین، نە هی بنەماڵە و نە هی هیچ پیاوێک. هیچ ئامانجێکی نەتەوەیی، هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی و هیچ ستراتیژیایەکی سەربازی ناتوانێت پاساو بۆ دەستدرێژیی سێکسی بهێنێتەوە.
کۆتایی: جەنگ لەو کاتەوە کۆتایی پێدێت کە دادپەروەری دەستپێ بکات
مێژوو تەنها ئەوە نییە کە کێ جەنگی بردەوە؛ ئەوەی کە کێ لەو جەنگەدا هەموو شتێکی لەدەستداو و کێ هەرگیز نەیتوانی دەنگی خۆی بگەیەنێتە جیهان، بەشێکی گرینگ و دانەبڕاو لەو میژوویەیە.
جەنگ لەو کاتەوە کۆتایی پێدێت کە دادپەروەری دەستپێ دەکات!
سەرچاوە و بەڵگەنامەکان:
[١] World Health Organization (WHO), Violence against women prevalence estimates, 2023: Global, regional and national prevalence estimates, 19 November 2025. https://www.who.int/publications/i/item/9789240116962
[٢] UNICEF, When Numbers Demand Action: Confronting the Global Scale of Sexual Violence Against Children, October 2024. https://data.unicef.org/resources/when-numbers-demand-action/
[٣] United Nations Secretary-General, Conflict-related sexual violence, Report S/2025/389, 15 July 2025. https://digitallibrary.un.org/record/4086814
[٤] UN Office of the Special Representative of the Secretary-General on Sexual Violence in Conflict, “Help Us Live With Dignity, Not Just Survive”, press release and factsheet on the 2024 reporting period, 14 August 2025. https://www.un.org/sexualviolenceinconflict/
[٥] Deutscher Bundestag, Wissenschaftliche Dienste, WD 1-023/21, Schätzungen zu Vergewaltigungen am Ende des Zweiten Weltkriegs. https://www.bundestag.de/resource/blob/872014/6f0f8229e73376473c576aa0aba143b2/WD-1-023-21-pdf.pdf
[٦] Miriam Gebhardt, Als die Soldaten kamen: Die Vergewaltigung deutscher Frauen am Ende des Zweiten Weltkriegs, Deutsche Verlags-Anstalt, 2015; review: American Historical Review, “Miriam Gebhardt. Crimes Unspoken”, 2019. https://academic.oup.com/ahr/article-abstract/124/2/769/5426285
[٧] Svetlana Alexievich, “On the Battle Lost”, Nobel Lecture, 7 December 2015. https://www.nobelprize.org/prizes/literature/2015/alexievich/lecture/
[٨] United Nations, Outreach Programme on the Rwanda Genocide, “Supporting Survivors” and “Historical Background”. https://www.un.org/en/preventgenocide/rwanda/supporting-survivors.shtml
[٩] UN Office of the Special Representative on Sexual Violence in Conflict, Remarks for CSW69: The Forgotten Victims, 13 March 2025. https://www.un.org/sexualviolenceinconflict/statement/remarks-for-csw69-side-event-the-forgotten-victims-addressing-crsv-and-children-born-of-wartime-rape-new-york-13-march-2025/
[١٠] PBS NewsHour, “Children of Bosnian wartime rape victims seek justice”, 2018. https://www.pbs.org/newshour/show/adults-born-from-wartime-assault-in-bosnia-search-for-paths-to-justice
[١١] Ministry of Foreign Affairs of Japan, “Japan’s Efforts on the Issue of Comfort Women”; official position and acknowledged limits of available records. https://www.mofa.go.jp/policy/postwar/page22e_000883.html
[١٢] Q. Edward Wang, “Eightieth anniversary of the Nanjing Massacre: Editor’s introduction”, Chinese Studies in History, 2017/2018. https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/00094633.2017.1435074
[١٣] Human Rights Watch, “Everything is by the Power of the Weapon”: Abuses and Impunity in Turkish-Occupied Northern Syria, 29 February 2024. https://www.hrw.org/report/2024/02/29/everything-power-weapon/abuses-and-impunity-turkish-occupied-northern-syria
[١٤] UN Commission of Inquiry on Syria, report A/HRC/46/55, 2021; documentation of rape and sexual violence against Kurdish women in Afrin. https://www.ecoi.net/en/file/local/2046935/A_HRC_46_55_E.pdf
[١٥] Amnesty International, “Iran: Security forces used rape and other sexual violence to crush ‘Woman Life Freedom’ uprising with impunity”, 6 December 2023. https://www.amnesty.org/en/latest/news/2023/12/iran-security-forces-used-rape-and-other-sexual-violence-to-crush-woman-life-freedom-uprising-with-impunity/
[١٦] Bessel van der Kolk, The Body Keeps the Score: Brain, Mind, and Body in the Healing of Trauma, 2014.
[١٧] Audre Lorde, “The Transformation of Silence into Language and Action”, in Sister Outsider, 1984 (essay first delivered in 1977).