نزیکەی نۆ مانگ لەمەوبەر، بە بەشداری هێزەکانی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هێزە ئیسرائیلییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی سەرتاسەری ئێران، ئۆپەراسیۆنی «تووڕەیی ئەفسانەیی» (Epic Fury) دەستی پێکرد. ئێرانیش لە وەڵامدا، هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی خۆی ئاراستەی وڵاتانی کەنداوی فارس، ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کرد.
ئێستا، لە کاتێکدا هێرشەکانی ئەمریکا تا ڕادەیەکی زۆر وەستاون، سوپای ئەمریکا هێشتا بەردەوامە لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لە تەنگەی هۆرمز، و وا دەردەکەوێت کە گفتوگۆکان لەنێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە بنبەست. لەم قۆناغەی نادڵنیاییەدا، داوامان لە شارەزاکان کردووە ڕێڕەوە پێشنیارکراوەکانی خۆیان بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، دیاری بکەن. لە خوارەوە وەڵامە جۆراوجۆرەکانیان دەخوێننەوە.
ماتیو کرۆنیگ توێژەری باڵا لە «ناوەندی ستراتیژی و ئاسایشی ئیسکۆکرافت»ی سەر بە «ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک»ە و پێشتر لە دامەزراوەکانی بەرگری و زانیاریی نهێنیی ئەمریکا کاریکردووە.
سێ سیناریۆ بۆ ملمەڵانێی ئەمریکا و ئێران
سێ سیناریۆ بۆ ملمەڵانێی نێوان ئەمریکا و ئێران هەن. ئەم سیناریۆیانە بە پێی ئەوەی چەند لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەگونجێن، بەم شێوەیەن:
١. ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛
٢. گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە ڕێگەی دانوساندنەوە، کە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران سنووردار بکات و ببێتە هۆی کردنەوەوەی گەڕووی هۆرمز؛
٣. پاشەکشەی ئەمریکا، کە لە ئەنجامدا ئێران کۆنتڕۆڵی گەڕووی هۆرمز بەدەستەوە دەگرێت و بەرنامەی ئەتۆمیشی بەبێ هیچ سنوورێک بەردەوام دەبێت.
من پێموایە سیناریۆیەکی چوارەمیش هەیە کە دەتوانرێت بیری لێبکرێتەوە، واتە بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا لە ڕێگەی گەمارۆ و کۆنترۆڵکردنی ئێرانەوە؛ بەڵام لە کۆتاییدا ئەم دۆخە جێگیر و بەردەوام نابێت.
سیناریۆی سێیەم قبووڵنەکراوە. بەجێهێشتنی کۆنتڕۆڵی گەڕووی هۆرمز بۆ ئێران، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی حکومەتێک کە ئەم دیدگایە بە ڕژێمێکی تیرۆریستیی دادەنێت؛ هەروەها بازاڕە جیهانییەکانی وزە دەخاتە مەترسییەوە و پێشینەیەکی مەترسیدار لەبارەی ئازادیی کەشتیوانی لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا دروست دەکات.
سیناریۆی یەکەم، واتە کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامی ئێران، یەکێک لە سیناریۆکانە. حکومەتێک کە بۆ چەندین دەیە بە کردارەکانی ناوچەکە و گەلەکەی خۆی خستووەتە ژێر ترس و هەڕەشە، لە ئەگەری ڕووخانیدا کۆتایی بە دەسەڵاتی دەهێنرێت.
سیناریۆی دووەم قبووڵکراوە؛ بەڵام سەرکردە توندڕەوەکانی ئێران تەنها ئەو کاتە ڕازی بە ڕێککەوتنێک دەبن کە تەنگەی هۆرمز بکاتەوە و بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە کۆتایی پێبهێنێت، کە هەست بکەن هەڵبژاردەی دیکەیان ڕووخانی حکومەتەکەیانە.
یادداشتێکی تێگەیشتن کە هاوینی ڕابردوو، لە کاتێکدا تاران لەژێر فشاری کەمتر دابوو، بەدەستهات، بە هیچ شێوەیەک بە ئەندازەی پێویست پێش نەچوو. تێگەیشتنی تاران لەو ڕێککەوتنەدا، کۆنتڕۆڵی تەنگەی هۆرمزی بۆ ئێران بە ڕەسمی دەناسی و دانوساندنە ئەتۆمییەکانی بۆ داهاتوو دوا دەخست.
ئەمە واتە واشنتن و هاوپەیمانەکانی دەبێت هەموو ئامرازەکانی هێزی نیشتمانیی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی ڕووخانی حکومەتی ئێران بەدەستبهێنن، یان لانیکەم سەرکردەکانی تاران ناچار بکەن باوەڕیان بەوە بێت کە حکومەتەکەیان لەبەردەم ڕووخانێکی نزیکدایە.
ترەمپ دەبێت لە ڕێگەی پەخشی وتارێکی تەلەڤیزیۆنی لە کاتێکدا کە بینەری زۆرە، لە ئۆفیسی سەرەکی خۆی لە کۆشکی سپی، ستراتیژیی خۆی بە ڕوونی بۆ خەڵکی ئەمریکا ڕوون بکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت هاوپەیمانییەکی فراوان لە هاوپەیمان و هاوبەشەکانی واشنتن پێکبهێنێت بۆ پشتگیریکردن لەم ستراتیژییە. ئەڵمانیا دەتوانێت خاڵێکی دەستپێکی گونجاو بێت. فریدریش مێرتس، سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا، پێشتر وتوویەتی کە چاوەڕێ دەکات ئەم حکومەتە لە «ڕۆژ و هەفتەکانی کۆتایی» خۆیدا بێت.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە چەندلایەنەکان و حکومەتە هاوبەشەکان کار بکات بۆ ئامادەکردنی پلانێک بۆ بنیاتنانەوەی ئێران دوای دامەزراندنی حکومەتێکی نوێ.
پێنتاگۆن دەبێت گەمارۆی دەریاییەکە بەردەوام بکات و هێرشە سەربازییەکان دژی سەرکردەکانی ئێران، ئامانجە سەربازییەکان و پیشەسازییە پشتیوانییەکانی شەڕ، لەوانە ژێرخانی وزە، دەستپێ بکاتەوە. هەروەها دەبێت بە هاوکاریی هاوبەشە ناوچەییەکان، توانای ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لاواز بکات و خۆی لەبەرامبەر وەڵامدانەوە ئەگەرییەکانی ئەو وڵاتە بپارێزێت.
وەزارەتی دارایی ئەمریکاش دەبێت بەردەوام بێت لە توندترکردنی فشارەکانی سزاکان. هەروەها دامەزراوەکانی زانیاریی نهێنیی ئەمریکا و وڵاتە هاوپەیمانەکان دەبێت ناکۆکی و دابڕان لە ناو پێکهاتەی حکومەتی ئێراندا دروست بکەن و یارمەتی ڕێکخستنی بزوتنەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بدەن.
ترەمپ وتوویەتی کە مێژوونووسانی داهاتوو ستراتیژیی ئەویان بەرامبەر بە ئێران بە شێوەیەکی ئەرێنیتر هەڵدەسەنگێنن لەوەی دەنگدەران لە هەڵبژاردن
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ئەنجامەی کە دەتوانێت زیاتر لە هەر سیناریۆیەکی دیکە لە لاپەڕەکانی مێژوودا بدرەوشێتەوە، کۆتاییهێنانە بە حکومەتێک کە نزیکەی نیو سەدەیە ئەمریکا، جیهان و خەڵکی خۆی خستووەتە بەردەم هەڕەشەوە.
گەمارۆی دەریاییەکە بپارێزن و یەک یان دوو مانگی دیکە چاوەڕێ بکەن
ترەمپ دەبێت بەردەوام بێت لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا. ئێران ئەو کاتە دەچێتە ناو دانوساندنی جددییەوە کە ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی سەرچاوە داراییەکانی ببێتەوە. بۆ نموونە، ئێران دوای ئەوەی کۆنگرەی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٠ سزای گشتگیریان بەسەریدا سەپاند و لە ساڵی ٢٠١٢ سزایەکی وێرانکەر بەسەر کەرتی بانکیی ئێراندا جێبەجێ کرا، زیاتر ڕووی لە دانوساندنی جددی کرد.
ئێران لە بنەڕەتدا داوای ئەوەی کردووە کە لابردنی سزاکان بە کردنەوەوەی تەنگەی هۆرمزەوە ببەسترێتەوە، نەک بە پێشکەشکردنی ئیمتیاز لە پەڕگەی ئەتۆمیدا؛ هەروەها داوای ڕاگرتنی ئاگر لە لوبنان و ناوچەکانی دیکەی کردووە. ئەم ڕێبازە سیاسەتی سێ دەیەی ڕابردووی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران پێچەوانە دەکاتەوە. بۆیە واشنتن دەبێت لێکۆڵینەوە بکات کە ئایا دەکرێت بە ڕێککەوتنێکی باشتر بگەن یان نا.
لە ئێستادا، سەرۆککۆماری ئەمریکا تا ڕادەیەکی زۆر تێچووی سیاسیی شەڕی دژی ئێرانی داوە. هەڵبژاردنە ناوەڕاستییەکان تەواو بوون و ماوەیەکی نزیکەی چوار بۆ شەش مانگ هەیە کە لەو ماوەیەدا فشارەکانی هەڵاوسان کاریگەرییەکی سیاسیی دەستبەجێ و ڕاستەوخۆیان نابێت.
بەڵام تا هاوینی داهاتوو، بارودۆخ بە تەواوی دەگۆڕێت؛ پێشبڕکێکانی پێشهەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بە شێوەیەکی جددی دەست پێدەکەن و پاڵێوراوەکان کێشە ئابووری یان سەربازییە ماوەکان بەکاردەهێنن بۆ پێشخستنی پێشبڕکێی هەڵبژاردنی خۆیان.
لەبەر ئەمە، باشە واشنتن یەک یان دوو مانگی دیکە چاوەڕێ بکات و بپشکنێت کە ئایا ئێران لە هەڵوێستی خۆیدا لە دانوساندنەکاندا نەرمتر دەبێتەوە یان نا.
پێش ئەوەی ئێران تووشی کەمبوونی سەرچاوەکان و ڕووخانی ئابووری ببێت، ئەگەری زۆرە ئاستی گرژییەکان بەرز بکاتەوە. تەنانەت ئەگەری هەیە بۆ بەرزکردنەوەی تێچووی شەڕ بۆ واشنتن، دەست بە پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان یان وڵاتە دراوسێکانی ناوچەکە بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرزکردنەوەی گرژییەکان لەم قۆناغەدا بۆ ئێرانیش تێچووی ڕاستەقینە و بەرچاوی لێدەکەوێتەوە.
هەڵبژاردەکانی دیکە هێشتا لەسەر مێزەکەن
دوو هەڵبژاردەی دیکە، واتە پاشەکشەی ئەمریکا لە ملمڵانێکە یان توندترکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، هێشتا لەبەردەمدان و لە داهاتووشدا لە بەرنامەی کاردا دەمێننەوە.
پاشەکشەی ئەمریکا یان قبووڵکردنی ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا لەسەر مێزە، لەوانەیە لانیکەم لە ماوەیەکی کورتدا یارمەتی کەمبوونەوەی زیاتر لە فشارەکانی هەڵاوسان لە ئابووریی ئەمریکا بدات.
بەڵام لە ماوەی مامناوەند و درێژخایەندا، ئەگەری زۆرە ئێران هەوڵ بدات جۆرێک لە میکانیزمی وەرگرتنی باج یان کرێ بۆ تێپەڕبوون لە تەنگەی هۆرمز دابمەزرێنێت؛ ئەم کارەش تێچووی زیادە بەسەر فرۆشتن و گواستنەوەی وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەسەپێنێت.
سەرەڕای ئەوەش، ئەم ڕێککەوتنە پێشینەیەکی مەترسیدار دروست دەکات؛ بەو مانایەی کە ئێران دەتوانێت لە وەڵامی هەر هەنگاوێکی ناوچەیی کە دژ بە بەرژەوەندییەکانی بێت، تەنگەی هۆرمز بێ ئەوەی تێچوویەکی سیاسی بدات، دابخات.
هەروەها ئەگەری زۆرە ئێران بە ڕاگەیاندنی سەرکەوتن و بە فەخرەوە پیشاندانی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییەدا، فشارە سیاسییەکان بەسەر حکومەتی ترەمپدا زیاد بکات.
توندترکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان؛ هەڵبژاردەیەک بە تێچووی زیادبوو
توندترکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیش هێشتا یەکێکە لە هەڵبژاردەکانی بەردەمی ئەمریکا.
ئامانجگرتنی زیاتر لە سەرکردەکان و ژێرخانی ئێران، لەوانە تۆڕی وزە و دامەزراوە گرنگەکانی ئەم وڵاتە، لەوانەیە هەڵوێستی تاران لە دانوساندنەکاندا بگۆڕێت و تەنانەت هاوکێشەکانی هێز لە پێکهاتەی سەرکردایەتیی ئێرانیشدا بگۆڕێت.
ئەم هەنگاوە هەروەها ڕێگە بە ئەمریکا دەدات بانگەشەی سەرکەوتنی سەربازی بکات و بە گەیاندنی زیانێکی بەرچاوتر بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، لە ملمڵانێکە دەربچێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، بێگومان ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوە دەکاتە سەر دامەزراوەکانی وزە لە عەرەبستانی سعودی و وڵاتانی دیکەی کەناری کەنداوی فارس؛ ئەمەش دەتوانێت فشارەکانی هەڵاوسان زیاد بکات.
لە لایەکی دیکەوە، هەرچەندە کات زیاتر تێبپەڕێت و ئەمریکا نزیکتر ببێتەوە لە هەڵبژاردنە پێشەکییەکانی سەرۆککۆماری، تێچووی سیاسیی ئەم هەڵبژاردەیە بۆ حکومەتی ترەمپیش زیاتر دەبێت.
تێبینی: ئەم دەقە وەرگێڕان و دووبارەنووسینەوەیەکی وەفادارانەی دیدگای نووسەری دەقی ئینگلیزیی سەرچاوەکەیە. شیکاری و پێشبینییەکانی ناوی تێدا هاتوون، بۆچوونی نووسەرن و نابێت وەک ڕاستییە کۆتایی و دڵنیاییەکان سەیر بکرێن.
بەرپرسیاریەتی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی قەیرانەکە بسپێرنە دەستی حکومەتی داهاتووی ئەمریکا
لەو دوو هەفتەیەی بەسەر وەڵامدانەوەی نەرێنی دەنگدەران بە شەڕی ئێران لە هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە، دۆناڵد ترەمپ گۆڕانکاری و گۆڕینی هەڵوێستی چاوەڕواننەکراوی خۆی دەربارەی هەنگاوەکانی داهاتوو زیاتر کردووە. ئەو نزیکەی لە هەمان کاتدا، هەم هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێی کردووە، هەم ئەگەری پاشەکشەکردن لە شەڕەکەی خستووەتە ڕوو، هەمیش لە ئامادەیی خۆی بۆ دانوساندن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن دواوە.
جێی داخە کە ترەمپ لە بەهاری ساڵی ڕابردوودا هەڵبژاردەی دواهەم، واتە دانوساندنی، نەخستە پێشینە؛ لە کاتێکدا حکومەتەکەی بە بەراورد لەگەڵ حکومەتەکانی پێشووی ئەمریکا، ئامادەییەکی دەگمەن و بێوێنەی هەبوو بۆ پێشکەشکردنی ئەو ئیمتیازە ئابووری و سیاسییانەی کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی جێگیر پێویست بوون؛ ڕێککەوتنێک کە حکومەتی ئێرانیش ئامادەی قبووڵکردنی بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا و دوای تێپەڕبوونی نۆ مانگ، متمانە لەنێوان هەردوو لاوە بە شێوەیەکی نزیک لە تەواوی لەناوچووە. بە شێوەیەکی تێگەیشتنپێکراو، چیتر هیچ کام لە دوو لایەنەکە دڵنیانین کە لایەنی بەرامبەر پابەند دەبێت بە پابەندبوونەکانی ڕێککەوتنێکی درێژخایەن.
لە بارودۆخی ئێستادا، باشترین هەنگاو بۆ ترەمپ ئەوەیە کە ژینگەی پێویست بۆ دامەزراندنی ئاگربەستێکی جێگیر بڕەخسێنێت؛ ئاگربەستێک کە بتوانێت پێشەکییەکانی دانوساندنی حکومەتی داهاتووی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر ئامادە بکات و لە هەمان کاتدا یارمەتی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بنیاتنانەوەی لانیکەمی متمانە لەنێوان هەردوو لایەندا بدات.
ڕێککەوتنی ئەگەری چ تایبەتمەندییەکی دەبێت؟
لە کۆتاییدا، ناچارە ئەم جۆرە ڕێککەوتنە هاوشێوەییەکی زۆری لەگەڵ ئاگربەستی پێشوو هەبێت. خاڵە سەرەکییەکانی دەتوانن ئەمانە بگرنەوە:
هەڵوەشاندنەوەی دوولایەنەی گەمارۆی دەریایی و سنووردارکردنەکانی پەیوەست بە تێپەڕبوونی بارەکان لە گەڕووی هۆرمز؛
پێشکەشکردنی بەشێک لە ئیمتیازەکان لە بواری لابردنی سزاکاندا؛
ئازادکردنی هەنگاو بەهەنگاوی ئەو سامانە بلۆککراوانەی ئێران؛
قبووڵکردنی ئیمتیازە سنووردارەکان لەلایەن ئێرانەوە لە بەرنامەی ئەتۆمیدا؛
پابەندبوونێکی جیاواز بۆ ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی مووشەکەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت هیچ گومانێکمان هەبێت کە ئەم جۆرە ڕێککەوتنە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی بێسنوور جێگیر بمێنێتەوە و ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانی گرژییەکان و دەستپێکردنەوەی پێکدادانی سەربازی لە داهاتوودا زۆرە.
بەڵام سەرەڕای ئەمە، ئەم جۆرە ڕێککەوتنە دەتوانێت دەرفەتێک بۆ هەردوو لا دروست بکات تا لەم قۆناغەدا خۆیان لەم قەیرانە دەرباز بکەن، لە توندترین فشارە ئابوورییەکانی بەهۆی شەڕەکەوە کەم بکەنەوە و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە ئاڵۆز و بنەڕەتییانە بخەنە ئەستۆی حکومەتی داهاتووی ئەمریکا.
ترسا گنوو بەڕێوەبەری باڵای بەرنامە و ئۆپەراسیۆنەکان و توێژەری باڵای «ناوەندی ستراتیژی و ئاسایشی ئیسکۆکرافت» لە «ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک»ە.
چاورێی کۆنگرێسی نوێ بن، کە بڕیارەکان دەگرێتە دەست
بەبێ ئەوەی دانوساندنەکان لەگەڵ ئێران بگەنە کوێ، شەڕ واقیعێکی حاشاهەڵنەگری هەیە کە دۆناڵد ترەمپ ناتوانێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵیان خۆی بدزێتەوە. گرنگترینیان ئەوەیە کە کۆنگرەی سەد و بیستەمی ئەمریکا، بە زۆرینەی دیموکراتەکان، لە سەرەتای ساڵی نوێدا دەست بە کار دەکات و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و سنووردارکردنی توانای ترەمپ بۆ دابینکردنی بودجەی ئەو شەڕە دەکات.
ئەگەری زۆرە دیموکراتەکان دەستبەجێ هەوڵ بدەن بڕیارنامەیەکی هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە پەسەند بکەن. هەندێک لە دیموکراتەکان پێیانوایە پەسەندکردنی یاسای دەسەڵاتەکانی بەرگریی نیشتمانی نابێت وەک شتێکی پیرۆز و نەگۆڕ سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک ئامرازێک بەکاربهێنرێت بۆ ناچارکردنی ترەمپ بە کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاسایی پێداچوونەوە بە بودجەدا، حکومەتی ترەمپ ناچار دەبێت وەڵامی پرسیارە سەختەکان بداتەوە دەربارەی ئەو ملیاردەها دۆلارەی تا ئێستا بۆ شەڕەکە خەرج کراون. هەروەها دەبێت ڕوون بکاتەوە کە تەنانەت ئەگەر ملمڵانێکە چارەسەر نەکرێت، بنکە سەربازییەکان، کەرەستەکان، چەک و تەقەمەنی و ژێرخانی دیکەی گرنگی ئەمریکا بە چ شێوەیەک و لە ڕێگەی چ میکانیزمێکەوە دەتوانرێت چاک بکرێنەوە یان جێگۆڕکێیان پێ بکرێت.
دیموکراتەکان هەروەها داوای بەدەستهێنانی گەرەنتی لە پێنتاگۆن دەکەن دەربارەی دۆخی خۆشگوزەرانی و تەندروستیی هێزە سەربازییەکان دوای ماوە درێژەکانی نیشتەجێکردنیان لە ناوچەی ئۆپەراسیۆندا. هەروەها پرسیار دەکەن دەربارەی ئەوەی پێنتاگۆن چۆن پێشینەیی بە ئەرکە جۆراوجۆرەکان و پابەندبوونە سەربازییە فراوانترەکانی ئەمریکا لە ئاستی جیهانیدا دەدات.
هەروەها لێکۆڵینەوە دەربارەی قوربانییە مەدەنییەکان دەکرێت، لەوانەش هێرشی ٢٨ی شوباتی سەر قوتابخانەیەک لە شاری مینابی ئێران.
هەروەها ترەمپ دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکات کە بەهۆی شەڕەکەوە، پرۆسەی پەسەندکردنی هەندێک لە پاڵێوراوەکانی بۆ پۆستە حکومییەکان لە ئەنجومەنی پیران (سێنات) تووشی بەربەست ببێت.
تیمی سەرۆککۆمار دەبێت مامەڵە لەگەڵ پرسیاری ئیرادەی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات؛ ئەمەش لە کاتێکدا تۆڕی هێزە نیابەتییەکانی ئێران لە ئاستی جیهانیدا لاواز بوون، بەڵام بە تەواوی لەناونەچوون.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، داواکاری گشتی فیدراڵیی لە نیویۆرک، ئەو کەسانەی کە وەک ئەندامانی تۆڕی ئێران ناسێنراون، تۆمەتبار کرد بەوەی پلانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشە تیرۆریستییەکان لە ناو خاکی ئەمریکادا داڕشتووە.
لە مانگی ئۆکتۆبەریشدا، بەرپرسانی فەڕەنسا سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانیان تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی هێرشە سایبەرییەکان کە زیانیان بە سیستەمەکانی بەستن و ساردخانەکان لە فەڕەنسا گەیاندبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، وا دیارە ستراتیژییەکی گشتگیر و هاوئاهەنگ لە ئاستی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی حکومەتی ئەمریکادا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموولایەنە لەگەڵ ئەم هەڕەشەیە بوونی نییە.
لە کۆتاییدا، لەوانەیە فشارەکان بەسەر ترەمپدا زیاد ببن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و ئێران. ئەو چەندین جار نیگەرانییەکانی دەربارەی ڕاپۆرتەکانی زانیاریی نهێنی ڕەتکردووەتەوە کە ئاماژە بە هاوکاریی ڕووسیا و ئێران دەکەن لە بواری دیاریکردنی شوێنی جێگیرکردنی هێزە ئەمریکییەکان، بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش دژی ئەوان.
ترەمپ دەڵێت باوەڕی بە نکۆڵییەکانی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیا، هەیە.
بە نزیکبوونەوەی وەرزی هەڵبژاردنە پێشەکییەکانی سەرۆککۆماری و چوونە ناو قۆناغی کۆتایی سەرۆکایەتیی ترەمپ، هەردوو حیزبی دیموکرات و کۆماریخواز بەدوای دیاریکردنی هێڵێکی سووری ڕووندا دەگەڕێن: ڕووسیا و ئێران لەگەڵ یەکتر هەڕەشەیەکی جددی دروست دەکەن؛ هەڕەشەیەک کە ترەمپ هێشتا نکۆڵیی لێ دەکات.