15 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

پشتیوانی لە کوردەکان، دەرفەتێکە لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران

پشتیوانی لە کوردەکان، دەرفەتێکە لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران
11 . بەفرانبار . 2724

نووسەر: دکتور لوقمان رادپەی
سەرچاوە: جروزالیم پۆست، وەرگێران بۆ کوردی: رۆژهەڵات نیوز


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەمێژساڵە لەرۆژهەڵاتی ناوەراست لەبەردەم بژاردەی دژواردایە، هەندێک کاتیش لەگەڵ ئەکتەری ناکامڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانی رێکدەکەوێت. دوایین جاریش، پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ تەحریر شام هەبوو، بۆ ئەوەی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لاواز بکات.
لەگەڵ ئەوەیکە هێشتاش ئێران لەمپەرێکی سەرەکی واشنتن لە ناوچەیە، هەربۆیە پشتیوانیکردن لە ئۆپۆزسیۆنێکی ئەو رژێمە کە تێروانینی جیاوازی هەیە، لەبەرژەوەندی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەبێت.

گروپە ئەتنیکی و نەتەوەییەکان و بەتایبەت کوردەکان رۆڵی سەرەکیان لە لاوازکردن و رەوایی سەندنەوە لە تاران هەبووە. کوردەکان کە زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەسن، لەمێژساڵە رووبەرووی هەڵاواردنی سیستماتیک، پاکتاوکردنی کەڵتووری و سەرکوتی سەربازی بوونەتەوە. هەر لە ساتەوەختی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، حیزبە کوردییەکان لەبەرامبەر سیاسەتەکانی رژێم بەرگریان کردووە و، هاوکات داوای خودموختاری، حکومەتی دیموکراتیک و مافی کەمینەکان و تەنانەت سەربەخۆیشیان کردووە کە پارتی ئازادی کوردستان پاک پشتیوانی لێدەکات. هێزەکانی ئێران بەردەوام لەرووی سەربازی و ئابووری ناوچەی کوردستان کە دەکەوێتە رۆژئاوای ئێران (رۆژهەڵاتی کوردستان) کردووەتە ئامانج.

بۆ واشنتن، ئۆپۆزسیۆنی کورد دەرخەری دەرفەتێکی تایبەتە بۆ لاوازکردنی رژێمی ئێران، هاوکات هاورێبوونە لەگەڵ ئەو ئەکتەرانەی کە باوەریان بە بنەما سەڕەکییەکانی حوکمڕانی هەیە. ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران سیکۆلارە، بنچینەیەکی رێکخراوەیی سیاسیی هەیە و باوەری بە ئامانجە دیموکراتییەکان هەیە. پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی کورد، رژێمی ئێران ناچار دەکات، سەرقاڵی ناوخۆیی بێت و تواناکانی بۆ دەستێوەردان لە سوریا، عێراق، لوبنان و یەمەن سنووردار دەکات. گروپە کوردییەکان پەیوەندیان بە ئایدیۆلۆژییە تووندڕەوەکان نیەو لەبەرامبەردا پێداگری لەسەر مافی چارەنووسێکی دیموکراتیک دەکەنەوە. جگە لەوەش، بەهێزکردنی هێزەکانی کورد لەئێران، دەتوانێ‌ تەواوکەڕی پشتیوانییەکانی ئەمریکا لە کوردەکان لە عێراق و سوریا بێت. هاوسەنگییەکی ناوچەیی بەرفراوانتر لەدژی تیرۆریزم و تووندڕەویی پێک دەهێنێت.

بودجەی ویلایەتی یەکگرتووی ئەمریکا دەتوانێ پشتیوانی لە راگەیاندنە کوردییەکان لە دیاسپۆرا و لە ناو خودی کوردستان لە ئێران بکات. جگە لەوەش، دەتوانێ پشتیوانی نهێنی لەهێزە کوردییەکان لەرێگەی هاوبەشکردنی زانیاری، تەکنەلۆژیایی چاودێری و راوێژکاری سەربازی بکات، بۆ ئەوەی کوردەکان بتوانن بەبێ بەشداری راستەوخۆی ئەمریکا، بتوانن خۆیان بپارێزن.

لەگەڵ ئەوەش، پشتیوانی لە کوردەکان لە ئێران گرفتی لۆجەستیکی دەبێت. رۆژهەڵات بەئاسانی لەبەردەستدا نیە، چوونکە رژێمی تاران لەرووی سەربازی کۆنترۆڵی تەواوی ئەو ناوچانەی لەبەردەستدایە. لەوێ بەپێچەوانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق، دەرفەت بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکان نیە، یان پێگەیەک بۆ هەبوونی ئەمریکاییەکانی لێ نیە. ئەمریکا دەتوانێ بەشێوەی نهێنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت، لەکاتێکدا دەستێوەردانی سەربازی موومکین نیە، بەڵام هاوبەشکردنی زانیاری و یارمەتی مرۆیی دەتوانێ کاریگەر بێت.

ئەزموونی سوریا سێ وانەی گرنگی تێدایە: یەکەم، دوژمنەکانی رۆژئاوا بەپێچەوانەی باس دەکرا، بەهێز نین. دووەم، لاوازکردنی رژێمە دیکتاتۆرەکان پێویستی بە مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە دژبەرەکانیان هەیە. سێیەم، بەهێزکردنی ئەکتەرە تووندڕەوەکان دەتوانێ لە درێژخایەن گرفت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکان دروست بکات.

ئەوە راستییە کە کوردەکان لە ئێران هیچ کات پشتیوانییەکی ئەوتۆیان بۆ چاکسازی بنەڕەتی لە پرۆسەیەکی دیموکراتیکیان لێ نەکراوە. ئەوان لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سەراسەری شکستخواردوو، و رۆژئاواییەکانیش پشتیوانیان لێ نەکراوە. پشتیوانی لەکوردەکان دەرخەری دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ئێران لاواز بکرێت. ئەوە بەو مانایە نیە کە کوردەکان بەتەنیایی دەتوانن رژێمی ئێران بروخێنن، یان داهاتووی ئێران بگۆرن. لەگەڵ ئەوەش، وەکوو بەشێک لە ستراتیژی بەرفراوانی ئەمریکا، پەیوەندی لەگەڵ کوردەکان جێگرەوەیەکی پراگماتیستییە، بۆ ئەوەی هیچ نەرمیی نواندنێک لەبەرامبەر تووندڕەوەکانی ناوچە نەکرێت. ئۆپۆزسیۆنی کورد، سوڵتەی هەژموونخوازی تاران تووشی لەمپەر دەکات، هاوکات دیدێکی کاریگەرو دیموکراتیک بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە نیشان دەدات. لەگەڵ گەرانەوەی ئەوپەڕی گوشارەکانی ترەمپ بۆ سەر ئێران، ئەوە دەرفەتێکەو دەبێ بیری لێ بکرێتەوە.


نووسەر یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی رۆژهەڵاتی ناوەراست و نووسەری کتێبی "بەرەو کوردستانی سەربەخۆ: مافی چارەی خۆنووسین لە یاسای نێودەوڵەتی" لەساڵی ٢٠٢٣یە.