ریچارد نێفیو، کارناسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و یەکێک لە دارێژەرانی گەمارۆکان لەدژی ئێران رایگەیاندووە کە دۆناڵد ترەمپ دەبێ دەرفەتێکی دیکەی دیپلۆماسی بەئێران بدات، بەڵام هاوکات خۆی بۆ نیشاندانی توانای سەربازی لەدژی ئێران ئامادە بکات. نێفیو، لەوتارێکدا کە بۆ رۆژنامەی فارن ئەفێرزی نووسیوە، باسی لەوە کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەردەمی ترەمپدا دەبێ دوا هەوڵی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران بدات، بۆ ئەوەی پرۆژە ئەتۆمییەکانی تاران راوەستن. لەگەڵ ئەوەش بەرای ئەو کارناسەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، ترەمپ دەبێ لەئێستاوە پلانێکی پتەو بۆ کاردانەوەی سەربازی لەدژی ئێران دەستپێبکات و ئامادەکارییەکانیش بەشێوەیەک بن کە ئێران بەتەواوەتی هەست بەو مەترسییە بکات. ریچارد نێفیو پێیوایە کە لەناوبردنی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز و پێگەکانی دیکە کۆتایی بەکێشەکە ناهێنێت، هەروەکوو چۆن کوشتنی موحسین فەخریزادە لە ساڵی ٢٠٢٠ و هێرش بۆ پێگەکانی بەرهەمهێنانی سانتەرفیوژ لە ساڵی ٢٠٢١ کۆتایی بە کێشەکە نەهێنا. نێفیو کە لەکاتی سەرۆککۆماری باراک ئۆباما بەرپرسی مێزی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بوو، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە :"ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەنگە ناچار بێت بۆ سەرکوتکردنی خەونە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەردەوام هێرش بکاتە سەر ئەو وڵاتە یان تەنانەت هێرشێکی گەورەتر ئەنجام بدات و کۆی رژێم بکاتە ئامانج." لەگەڵ ئەوەش ئەو کارناسە ئەمریکییە پێیوایە ئەگەر ئەو هێرشە ئەنجام بدرێت، ئێران وا بە ئاسانی نایەتە سەر مێزی دیپلۆماسی، بەڵام ئەگەر رژێم بگۆرێت، باسەکەش بە تەواوەتی دەگۆرێت.