14 . خەزەڵوەر . 2725
مالەوەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techفرۆشگەسەبەتە 0

جیاوازیی نێوان حیزبی ئایدۆلۆژیک و حیزبی مۆدێڕن

جیاوازیی نێوان حیزبی ئایدۆلۆژیک و حیزبی مۆدێڕن
13 . خەزەڵوەر . 2725

نیکۆلاس چکۆل
سامپێ و گۆسینی وەرگێرانی هیوا شەمسی بورهان
Preis: 7,71 €
Verfügbar: 1,00

نووسین: د.ئاڵان هەردی

حیزبی ئایدۆلۆژیک: لە دەوری ئایدۆلۆژیایەکی چەقبەستوو دادەمەزرێ. ئەو حیزبە هی سەدەکانی پێشوویە و لە سەدەی بیست و یەکەمدا بەرەوە نەمان یان داڕمانی هزری دەچێ، چونکە ناتوانێ خۆی بگونجێنێ. ئەو جۆرە حیزبە زیاتر لە دین دەچێ کە ڕێبەر، سەرۆک یان دامەزرێنەرێکی کاریزماتیک وەکوو پێغەمبەرێک لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. تەنانەت وتە ئاساییەکانیشی پیرۆز دەکرێن و دەبن بە ئایەت و فەرموودە. ئامانجی حیزبی ئایدۆلۆژیک، زیاتر لە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات، گۆڕینی مێشکی تاکەکانی کۆمەڵگایە بە پێی ئایدۆلۆژیای حیزب. ئەو جۆرە حیزبە سنووری نەتەوەیی ناناسێ و جیهانگیرە، واتە دەیهەوێ جیهان بگۆڕێ. سیستەمی ڕێکخستن لەو حیزبەدا بوونی نییە، واتە تاک بە پێی تواناکانی ناتوانێ پلەکان ببڕێ و بچێتە سەرەوە، بەڵکوو یەک سەرۆک لەسەرەوە هەیە کە فەتوا دەردەکا و ئەوانیتر هەموو شوێنکەوتوو و جێبەجێکار و ئامرازی دەستی سەرۆکن. شێوازی ئەندام گرتن تێیدا، بەشێوەی هەڕەمەکییە، واتە تاک و ناسنامە و ڕابردوویەکەی گرنگ نییە، بەڵکوو وەکوو چالاکێک یان یەک ژمارە گرنگە کە بە ژمارەی شوێنکەوتووان و جێبەجێکارەکان زیاد دەبێ. حیزبی ئایدۆلۆژیک بە دوای ساز کردنی جەماوەرەوەیە، واتە لەشکرێک لە مرۆڤە تەنیاکان، کە توانای بیر کردنەوەیان لاوازە و لە هەموو هەست و سۆزێک دادەبڕێندرێن و تەنیا فەرمان جێبەجێ دەکەن.

حیزبی مۆدێڕن: بەرهەمی سیاسەتی مۆدێڕنە، کە لە جیاتی ئایدۆلۆژیا، لە دەوری پڕۆژەیەکی سیاسی یان نەتەوەیی دادەمەزرێ. ئەو حیزبە خاوەنی ڕێبەر نییە کە لەسەرەوە فەرمان بدا، بەڵکوو کەسێکی هەڵبژێردراوی هەیە وەکوو سکرتێر کە بڕیارەکانی خوارەوەی خۆی جێبەجێ دەکا و خۆی ناتوانێ بە تەنیا بڕیار بدا. ئامانجی ئەو حیزبە سیاسەت کردن و حکوومەت کردنە. سیستەمی ڕێکخستنی حیزبی مۆدێڕن بە شێوەی پلەبەندییە. حیزبی مۆدێڕن، لە نێو دەوڵەتێکی نەتەوەییدا کار دەکا. ئەو حیزبە پڕۆژەکانی لەگەڵ هەلومەرجی سیاسی ڕێک دەخا و خۆی لە بابەتی یۆتۆپیا و خەیاڵی بە دوور دەگرێ. گۆڕانکاریی تێیدا بە ئاسانی ڕوو دەدا. سیستەمی ئەندامگیری، بە شێوەی پڕۆفێشناڵە، واتە سەرەتا تاک وەکوو لایەنگر پەیوەست بە حیزب دەبێ و بە هۆی چالاکی، خوێندەواری و زەحمەتی خۆی پلەکانی لە نێو ڕێکخستندا بەرز دەکاتەوە و دەتوانێ تا ئاستی نوخبەی حیزبی بڕوا و بە شێوەی هەڵبژاردن، ڕکابەریی کەسی یەکەمی حیزبەکە بکا. حیزبی مۆدێڕن هەر کەسێک، بە هەر ناسنامە و ڕابردوویەک وەکوو ئەندام پەسند ناکا، بەڵکوو تاک دەبێ، بۆ ئەندامبوون بە هەندێک فیلتەردا تێپەڕێ، بە تایبەت لە باری ئەخلاقیەوە. چونکە حیزبی مۆدێڕن بە دوای ساز کردنی جەماوەر و شوێنکەوتە و خۆکوژ و زۆری و بۆریدا نییە.