27 . ڕەزبەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

پاڵنان بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ لە سەردەمی دووای ٧ی ئۆکتۆبر

پاڵنان بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ لە سەردەمی دووای ٧ی ئۆکتۆبر
18 . ڕەزبەر . 2724

نووسین: لوقمان رادپێی 

سەرچاوە: Middle East Forum

وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز

ساڵێک دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، هێڵەکانی ئایدیۆلۆژی روون کردەوە. ئیسرائیل تەنیا دیموکراسی لیبراڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەراستە و بەتەنیایی لەبەرامبەر هێزە دواکەوتووەکان وەستاوەتەوە. ناوچە پێویستی بە گۆرانکارییەکی ستراتیژیک هەیە، بۆ ئەوەی پەرە بە سەقامگیری بدات، بەها دیموکراتییەکان پەرەپێبدات و رێگریش لە پەرەسەندنی دیکتاتۆری بکات. کوردەکان بە زەینێکی لیبراڵ و پابەندبوونیان بە بنەماکانی دیموکراسی، کلیلی چارەسەرێکی هەمیشەین.

ژیۆپۆلۆتیکی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەقووڵیی گرێدراوی ئەو رێککەوتنانەیە کە زیاتر لە یەک سەدە پێشتر واژۆ کراون. رێککەوتنامەی سایکس-پیکۆ-سازانۆف لەساڵی ١٩١٦، پەیمانی سوور لە ساڵی ١٩٢٠، پەیمانی لۆزان لەساڵی ١٩٢٣ و نیزامی قەیموومی کۆمەڵەی گەڵان کە سەرجەمیان مافی کوردەکانی لەبەرچاو نەگرت. ئەو رێککەوتنامانە جگە لە پەیمانی سیڤەر، مافی خەڵکی کوردستان بۆ هەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە فەرمی نەناسی. کوردەکان کە لە مافی چارەنووسی خۆیان لەلایەن رژێمەکان بێ بەش کراون، بە بەردەوامی لە راپەریندا بوونە، بۆ ئەوەی کوردستانی سەربەخۆیی خۆیان هەبێت. بڕیاری ستالین لە ساڵی ١٩٣٠ بۆ هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سوور و تێکەڵکردنی بە ئازەربایجان و دەرکردنی کوردەکان، قۆناغێکی دیکەی لە مێژووی سەرکوت و جێگۆرکێ پێکردنیان بوو. هەر بە هەمان شێوە، رژێمی پەهلەوی لە ئێران و لەساڵی ١٩٦٤ کۆماری کوردستان لە مەهابادی بەتووندی سەرکوت کرد و رێبەرەکانی لەسێدارە دا.

خۆبوواردنی سیستماتیک لە بەفەرمی ناسینی مافی چارەنووسی کوردەکان، ناسەقامگیری و تووندوتیژی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست زۆر کردووە. گوشاری سەر کوردەکان پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ بووەو ئاڵۆزییەکانی زۆرتر و ئاشتی لە ناوچەی لاواز کردووە. ئێران، سوریە، عێراق و تورکیە لەسەر سنوورەکانی خۆیان سوورن، بەبێ ئەوەی ئاور لە تێچووە مرۆییەکانی بدەنەوەو هاوکات بۆ پاساوهێنانەوەش‌دەگەرێنەوە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان لەسەر یەکپارچەیی وڵاتان. بەکارهێنانی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەویش‌لەلایەن ئەو وڵاتانەی بەردەوام پێشێڵی دەکەن، دەرخەری پێداگریان لەسەر سەرکوتکردنی ئاواتی کوردەکانە. 

وڵاتانی خانەخوێ و جیرانەکانیان بە بەردەوامی باس لەوە دەکەن کە فراوانخوازی کوردەکان ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات، ئەوان بە درۆ دەڵێن کە کوردستانێک بۆ خۆی دەبێتە ئیسرائیلێکی دووهەم. ئەو بەراوردە بەلارێدابەرە، چوونکە ئیسرائیل لەدەرەوەی سنوورەکانی پەرەی بە ئایدیۆلۆژییەکەی نەداوەو تەنانەت پشتیوانی لە گروپە چەکدارەکان لە وڵاتانی دیکەدا نەکردووە. کوردستانیش‌ بەهەمان شێوە، وڵاتێک دەبێ‌ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانەو بازرگانی دەبێت. دەوڵەتی کوردستان خواستی ئیمپریالیستی و تووندڕەوی مەزهەبی نابێت. دەوڵەتی کوردستان نموونەیەک لە حوکمڕانی لیبراڵ، کێبەرکێی ئابووری و هاوکاری دەبێت، نەک شوێنێک بۆ پەروەردەی دابەشکاری و تووندڕەوی.

 پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا سەربەخۆیی کوردستان هەڕەشە لە ئەمنییەت و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات یان بەپێچەوانە، یان نەبوونی کوردستانی سەربەخۆ، ناوچە تووشی ناسەقامگیری دەکات؟

ناوچەیەک کە پێناسەی خۆی لە دیکتاتۆری و دژایەتی لیبرالیزم و باوەرە ئاینییەکان وەرگرتووە، کوردستانی مۆدێرن و سەربەخۆ تەنیا ئاواتی کوردەکان نیە، بەڵکوو زەروورەتێکی ستراتیژیی بۆ ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەیە. کوردەکان بەهای خۆیان وەکوو هێزێکی دروستکەری سەقامگیری سەڵماندووە، ئەوان شکستیان بە داعش‌ هێنا و لەبەرامبەر ئایدیۆلۆژییە تووندئاژۆکان وەستانەوە. ئەوان لەریزی پێشەوەی شۆرشی ژینا و خۆپێشاندانەکانی ژن ژیان ئازادی لە ئێران بوون، کە دژی دیکتاتۆری و سەرکوتی ئێرانییەکان سەریهەڵدابوو. 

لەکاتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەراست لەسەر لێواری شەڕی زۆرترە، کوردستانێکی سەربەخۆ دەتوانێ وەکوو قەڵای لیبرالیزم و مۆدێرنیتە بێت، ئەویش‌ لەناوچەیەک کە لە چنگی تائیفەگەری و دیکتاتۆرییدایە. هەر دوو بەشی خودموختاری کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق و رۆژئاوا لە سوریە، پێشوەختە توانای خۆیان بۆ بەدیهێنانی داهاتووییەکی لەم جۆرەیان نیشان داوە. ئەوان لە چاوەروانی ئەوەدان لە ئێران و تورکیەش تێکەڵ بە کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ بن. لەجێگەی قبووڵکردنی ریکلامی دیکتاتۆرەکان، رەنگە سیاسەتمەدارانی رۆژئاوایی دەبێ‌ لەخۆیان بپرسن: ئایا رۆژهەڵاتی ناوەراست بەبێ هێزێکی لەم چەشنە پێشڕەو دەتوانێ لەژیان بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی داهاتووەکەی بەرەو ئاشتی و سەقامگیری ببات؟